له خۆ گۆڕان و به‌دگۆڕان له دوو چیرۆکی کوردی‌دا
February 27, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(1)جیاوازیی نێوان خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان شه‌پۆله‌کانی زه‌ریا ده‌بینێت، وه‌لێ دووه‌میان وه‌ک شه‌پۆله‌کان دێڕه‌شیعر بن، ده‌یانخوێنێته‌وه و له ڕێیانه‌وه له خه‌می زه‌ریا تێده‌گات. وه‌ک چۆن کۆمه‌ڵناس سوود له به‌لزاک و ده‌روونناس که‌ڵک له ده‌ستۆیفسکی ده‌بینێت، ڕه‌خنه‌گری ڕاسته‌قینه‌یش، له هه‌موو بوارێک‌دا، پێویستی به زانیاری ده‌بێت و ئه‌و زانیارییانه به باسه‌کانییه‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه، وه‌لێ ڕه‌خنه‌گری مارانه، له‌بری ئه‌وه‌ی بچێت ئاستی ڕۆشنبیریی خۆی به‌رز بکاته‌وه، ڕه‌خنه‌گره ڕاسته‌قینه‌که، به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات، که گرێی نمایش‌کردنی زانیاریی هه‌یه.(1)
(گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ،) چیرۆکێکی زۆر کورتی (مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح)ه،(2) تێیدا چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان و شاکه‌س، هه‌مان کاره‌کته‌رن، شوێن شاری سلێمانییه، زه‌مان هه‌ر شه‌و و ڕۆژێکه، چیرۆکه‌که له ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌کانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و هه‌ر زوو خوێنه‌ر ده‌رک به چۆنیه‌تیی کۆتایی پێ هێنانی چیرۆکه‌که ده‌کات، وه‌لێ ئه‌وه لایه‌نێکی لاوازی چیرۆکه‌که نییه، ئاخر نووسه‌ر خۆی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بووه و به هۆشیارییه‌وه زه‌وینه‌ی بۆ ئه‌و کاره‌ی خۆش کردووه.
ئه‌گه‌ر ئامانج له چیرۆکنووسین له دوو لایه‌ندا چڕ بکه‌ینه‌وه، یه‌که‌میان: به‌خشینی چێژ و دووه‌میان: گه‌یاندنی په‌یام، ئه‌وا خوێنه‌ر هه‌م چێژ له چیرۆکی(گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ)ی (مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح) ده‌بینێت و هه‌م په‌یامێکی ئینساندۆستانهیشی پێ ده‌گات. هه‌ندێک بابه‌ت هه‌ن، له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێکدا جێی بایه‌خی ئینسانن، وه‌ک: ئه‌وین، ناپاکی، ته‌نیایی و به‌دگومانی، نووسه‌ر باس له شتێکی وه‌ها ده‌کات، ئه‌ویش به‌خشینی متمانه‌یه به که‌سێک که شیاوی ئه‌وه نییه و نائومێدت ده‌کات.
چی له‌وه ناخۆشتره، ئومێدی ته‌واومان به که‌سێک هه‌بێت و نائومێدمان بکات، که‌سێک متمانه‌ی پێ بکه‌ین و دواتر بۆمان ئاشکرا ببێت که نه‌ده‌بوو هێنده خۆشباوه‌ڕ بین. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌می دڵساف، یان ئه‌وی دڵپاک فریو بدات، کاره‌ساتی لێ نه‌که‌وێته‌وه، وه‌لێ کاره‌سات ئه‌وه‌یه، میلله‌تێک هه‌موو ئاوات و ئومێدی خۆی به سه‌رکرده‌یه‌ک، حیزبێک یان شۆڕشێکه‌وه گرێ بدات و هێدی هێدی له‌وه دڵنیا ببێت که ساڵانێکی دوور و درێژ فریو دراوه و هه‌موو ڕه‌نج و خه‌باتی به‌فیڕۆ چووه.
مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح له گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ، یان هه‌ق وایه بڵێم هونه‌ری، له ڕێی هه‌ندێک ڕه‌مزه‌وه به‌سه‌رهاتی نائومێدکردنی میلله‌تێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، میلله‌تێک هه‌ر چی شک بردووه، به‌خشیویه‌تی، به‌ڵام هیچی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ته‌وه، میلله‌تێک گوڵ ده‌ڕوێنێت، وه‌لێ دڕک ده‌دوورێته‌وه، میلله‌تێک له پێناوی هه‌واری ئازادی‌دا گیانی به‌خت کردووه، که‌چی گه‌ییشتووه‌ته جه‌نگه‌ڵی سته‌مکاری. ڕه‌مزه‌کان نه هێنده ڕوونن که ده‌ستبه‌جێ خوێنه‌ر ده‌رک به مه‌به‌سته‌کانیان بکات، نه هێنده‌یش ته‌مومژاوین که ئه‌ودیویان دیار نه‌بێت.
ئه‌وی ئه‌لفوبێیه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم بزانێت، ئه‌وه‌ی ژنه‌فتووه که هه‌ڵوێست زاده‌ی جێپێی چینایه‌تییه، ئه‌گه‌ر جێپێی چینایه‌تیمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، له‌گه‌ڵیدا فیکر و ڕهوتاریشمان ده‌گۆڕێن. شاکه‌سی چیرۆکه زۆر کورته‌که، هێنده بڕوای به کابرای چاوشینی مووزه‌ردی خاکی له به‌ر هه‌یه، هه‌ر چی شک ده‌بات، پێی ده‌به‌خشێت، که‌چی ئه‌و له پێناوی به‌رژه‌وندی خۆیدا، پشتی تێ ده‌کات و ده‌روازه‌ی کۆشکه بڵنده‌که‌ی لێ ناکاته‌وه و هه‌ر چی داوی پێوه‌ندیی خۆی هه‌یه بهوانهوهی هاوڕێی ته‌نگانه و هاوخه‌باتی بوون، ده‌پسێنێت، ئاخر که‌سێک که جێپێی چینایه‌تیی ده‌گۆڕێت، فیکری، هه‌ڵوێستی، ڕه‌وتاری، ئاکاری، چێژی، نه‌ریتی، کولتووری و هاوڕێیه‌کانیشی ده‌گۆڕێن. ئه‌و له خۆ گۆڕانه، شتێکه وه‌ک به‌دگۆڕان، چونکه لای ئه‌وانه، (ئیدی دڵ، نه هه‌واری ئه‌وینه، نه هێڵانه‌ی ناڵه، به‌ڵکوو ده‌بێته ترومپایه‌ک خوێنی خاوێن و هه‌وای پاکژ بۆ جه‌سته ده‌نێڕێت و هیچی تر.)
کورته‌چیرۆک ئاوڕ له ژیانی ئه‌وانه ده‌داته‌وه که په‌راوێز خراون، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه پشتگوێی خستوون و وا هه‌ست ده‌که‌ن وه‌ک پێویست ڕێزیان لێ نه‌گیراوه. نووسه‌ر له گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، ژیانی که‌سانی په‌راوێزخراوی داوه‌ته به ڕووناکی و ئه‌مه‌یش هه‌ر کاری چیرۆک‌نووس نییه و به‌س، به‌ڵکوو ئیشی ئه‌و ڕۆشنبیرانهیشه که گوتنی حه‌قیقه‌ت به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن. واتا نووسه‌ر له‌م چیرۆکه‌یدا، هه‌م ڕۆڵی چیرۆک‌نووسی بینیوه، هه‌م هی ڕۆشنبیریش. هارۆکی مووراکامی ده‌ڵێت: (من وه‌ک چیرۆکنووسێک وام پێ خۆشه، ئه‌گه‌ر شتێکم لێ داوا کرا، پێچه‌وانه‌که‌ی بکه‌م.) مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاحیش هه‌ر وای کردووه.
تێزێک هه‌یه ده‌ڵێت: بایه‌خی چیرۆک له په‌یامه‌که‌یدا چڕ ده‌بێته‌وه، نه‌ک له شێوه‌ی گوتنیدا، ئاخر شێوه ده‌که‌ینه به‌ر (بیر)ه‌کانمان، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، ئاخر زێده‌ڕۆییکردن له بایهخداندا به گه‌مه‌ی داهێنانی شێوه‌ی نوێ، زاده‌ی نه‌بوونی په‌یامێکه که خه‌می ئینسان به هێند هه‌ڵده‌گرێت. چیرۆک هونه‌ری گێرانه‌وه‌ی بیرێک یان په‌یامێکه، ئه‌گه‌ر هیچ شک نه‌به‌ین، ئه‌گه‌ر هیچ له گۆڕێ‌دا نه‌بێت، له گێڕانه‌وه‌ی چیدا، هونه‌ر بنوێنین؟ ماریۆ ڤارگاس یۆسا ده‌ڵێت: (ئه‌ده‌ب گه‌مه‌یه‌ک نییه له (فۆرم)دا، ڕووناکییه‌که یارمه‌تیمان ده‌دات له تونێله تاریکه‌که ده‌رباز ببین، پارچهتهختهیهکه له نوقمبوون ڕزگارمان ده‌کات، (شێوه)یه‌که له شێوه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میحنه‌ت، جۆرێکه له ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و ته‌نانه‌ت شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیش.) مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح هانا بۆ ته‌کنیکگه‌لی ئاڵۆز نابات، کێشه‌ی نمایش‌کردنی شێوه‌ی نوێی نییه، هه‌وڵ ده‌دات به شێوه‌یه‌کی ڕوون و ئاسانی گونجاو په‌یامی خۆی پێشکه‌ش بکات و له‌م ههوڵهیشیدا سه‌رکه‌وتووه.
بیر له چیرۆکدا دژ به دوگمایه، وه‌ک ژیان بزۆزه و مینا واقیع له گۆڕاندایه. په‌یام له چیرۆکدا به‌ره‌و دوورگه‌ی سه‌رسامیمان ده‌بات، نه‌ک هه‌واری یه‌قین. زمان له‌چیرۆکدا، زمانێکی ئه‌ده‌بیی ڕووت و تاکمه‌ودا نییه، زمانێکه هه‌ڵگری په‌یامێکی ئینساندۆستانه. که ده‌ڵێین فڵان چیرۆک ده‌قێکه کراوه، ئه‌وه په‌یام و فیکره که لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن، نه‌ک ئه‌م یان ئه‌و ته‌کنیک. من له چیرۆکی گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، هه‌ستم به‌وه کرد، مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح، هونه‌رمه‌ندانه هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زه گرنگانه‌ی هونه‌ری چیرۆکنووسینی وه‌گه‌ڕ خستووه.
(2)
له چیرۆکدا هه‌ر ژیانی ئه‌م یان ئه‌و که‌س نا، ژیان به هه‌موو مه‌وداکانییه‌وه چڕ ده‌کرێته‌وه، چیرۆک هه‌ر بایه‌خ به ژیان نادات، مه‌رگیش به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ئاخر چیرۆک ده‌شێت سه‌فه‌رێک بێت له نێوان هه‌بوون و عه‌ده‌م، یان ژیان و مردن‌دا. چیرۆک چه‌کێک نییه ته‌نیایی پێ بکوژین، چرایه‌که کونجه تاریکه‌کانی ژیانمان بۆ ڕۆشن ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر وردبین نه‌بین، توانای نووسینی کورتهچیرۆکمان نابێت، ئه‌گه‌ر دووربین نه‌بین، ڕۆمانمان پێ نانووسرێت. ئه‌گه‌ر بڕوامان به دێمۆکراسی نه‌بێت، هه‌ق نییه چیرۆک بنووسین، ئاخر نه دێمۆکراسی بێ چیرۆک ده‌بێت و نه چیرۆک بێ پێره‌وکردنی دێمۆکراسی ده‌نووسرێت، دێمۆکراتبوون له چیرۆکنووسیندا، ڕه‌خساندنی بواره، بۆ هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان، وه‌ک ده‌خوازن قسه‌ی دڵی خۆیان بکه‌ن و وه‌ک ده‌یانه‌وێت ڕه‌وتار بکه‌ن.
(له شیعری (شه‌پۆلی نوێ)ی فارسی‌دا که دوای شۆڕشه شیعرییه‌که‌ی نیما یوشیج و شیعره سپییه‌کانی ئه‌حمه‌د شاملوو سه‌ری هه‌ڵدا، وێنه‌ی شیعری زاڵه و ئه‌و شته ڕۆژانهیییانه ده‌درێنه به‌ر ڕووناکی که لای خودی شاعیر بایه‌خیان هه‌یه. شاعیرانی شه‌پۆلی نوێ، به وردبینییه‌کی ته‌واوه‌وه ده‌یانووسی، حه‌رفێکیان له‌جێیه‌کدا دانه‌ده‌نا که جێی خۆی نه‌بێت و نوقتهیهکیان له بیر نه‌ده‌کرد.)(3) ئه‌گه‌ر له‌و چه‌ند دێڕه‌دا شیعر و شاعیر بکه‌ینه چیرۆک و چیرۆک‌نووس، بیرۆکه‌که هه‌مان بایه‌خی ده‌بێت. کورته‌چیرۆکی (دۆنادۆن)ی ڕه‌ئووف بێگه‌رد، هه‌ر ده‌ڵێیت شیعرێکی درێژه که به هۆی وێنه‌ی شیعرییه‌وه، وردبینانه خه‌مه ڕۆژانیییهکان به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه.
وه‌ک بارت ده‌ستنیشانی کردووه، ده‌قی چێژبه‌خش، (ده‌قێکه له ڕۆشنبیرییه‌کی قووڵه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، پێی قایل ده‌بین، ڕۆحمان تێر ده‌کات، هێورمان ده‌کاته‌وه، خۆشیمان پێ ده‌به‌خشێت) و ژێیه‌کانی دڵمان ده‌بزوێنێت. لای لاڤۆنتین چێژ له تێکستێک وه‌رده‌گرین که (هه‌م به‌شداری له بڵندکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیریماندا بکات و هه‌م پێشی سه‌رسام بین.) دۆناودۆن ده‌قێکه هاوزه‌مان شتی لێوه فێر ده‌بین و چێژیشی لی وه‌رده‌گرین.
له (دۆنادۆن)دا که هه‌ڵگری په‌یامێکی هێنده ئینسانییه، به‌شداریی له پاکژکردنهوهماندا ده‌کات، که زۆربه‌مان که‌م تا زۆر، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، خۆمانی تێدا ده‌بینینه‌وه، چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان، له ڕێگه‌ی گه‌شتێکی کورتخایه‌نه‌وه، به‌سه‌رهاتی پێوه‌ندیی خۆشه‌ویستیی نێوان شه‌وبۆ و هیوا ده‌گێڕێته‌وه. له‌م چیرۆکه‌دا که زاده‌ی خه‌یاڵه و واقیع ده‌نووسێته‌وه، دیالۆگه‌کان ڕۆڵێکی گرنگ وازی ده‌که‌ن و هێنده واقیعین، هه‌ر له قسه‌ی نێوان دوو کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که ده‌چن و هیچ پێ ناچێت، ده‌ستتێوه‌ردانی نووسه‌ریان پێوه دیار بێت.
فرانسیسکۆ دی کیڤیدۆ (1580 _ 1645) ده‌ڵێت: (دۆزه‌خ ئه‌گه‌ر هه‌بێت، ژنه که هه‌میشه له‌گه‌ڵماندایه.) به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شاعیره ئیسپانیایییهوه، ڕه‌ئووف بێگه‌رد، باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌کات که ئه‌وه پیاوه، ژیانی له ژن کردووه به دۆزه‌خێکی ڕاسته‌قینه و شکسته‌کانی له ڕێی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنه‌وه، قه‌ره‌بوو ده‌کاته‌وه. نووسه‌ر وه‌ک چۆن لێزانانه وه‌سفی شوێنی کردووه، هه‌ر وایش سه‌رکه‌وتووانه دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌به‌ر ڕووناکی داوه.
نووسینی ژنان لای ئێمه، ساڵانێکی دوورودرێژ پاشکۆی نووسینی پیاوان بوو، هه‌ر ده‌تگوت ژن بۆ نووسین، قه‌ڵه‌م له پیاو قه‌رز ده‌کات، له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، دابڕانێکی ڕاسته‌قینه له نێوان نووسینی ژنانه و هی پیاواندا سه‌ری هه‌ڵدا. لایه‌نێکی ههرهگهشی چیرۆکی دۆنادۆنی ڕه‌ئووف بێگه‌رد ئه‌وه‌یه، شه‌وبۆ وه‌ک ژنێکی هۆشیار بیر ده‌کاته‌وه، وه‌ک ژنێکی بیرڕووناک ده‌په‌یڤێت و له کۆتاییشدا وه‌ک ژنێکی له بابسالاری یاخیبوو ڕه‌وتار ده‌کات.
ئه‌وه زۆر گرنگه که چیرۆک‌نووس، خوێنه‌ر هاوزه‌مان سه‌رسام و قایل بکات، پێویسته هانا بۆ پاساوی جێی بڕوا ببات و به ئه‌نجامێک بگات عه‌قڵ بیگرێت، ناڵێم به‌ڵگه‌کانی زانستی، یان له‌و به‌ڵگانه بن، دادوه‌ر پشتیان پێ ده‌به‌ستێت، لێ ده‌بێت ماقووڵ بن. پاش و پێش خستنی ڕووداوه‌کان، ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م گۆشه و له تاریکیدا هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌ن، گوتنی فڵان شت و بێده‌نگبوون له فیسار شت، دووباره‌کردنه‌وه‌ی دیمه‌نێک و شاردنه‌وه‌ی یه‌کێکی دیکه، ڕه‌ئووف بێگه‌رد هه‌موو ئه‌و ته‌کنیکانه، به هۆشیارییه‌وه به‌گه‌ڕ ده‌خات.
هیچ شتێک له ژیانماندا جێگیر نییه، جێگۆڕکێ نه‌بێت، ئاخر له هیچ جێیه‌ک ئۆقره ناگرین. ئه‌وه ئاسایییه که نۆستالژیامان بۆ ئه‌و شوێنه هه‌بێت که له ڕابردوودا لێی ژیاوین، ئاخر شوێن هه‌ر جوگرافیا نییه و گه‌لێک مه‌ودای ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی، دیرۆکی هه‌یه و ته‌نانه‌ت ده‌شێت پێوه‌ندیی به بیروباوه‌ڕیشه‌وه هه‌بێت، وه‌ک چیا له سه‌روه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تیدا، ئاخر ئه‌وه بیروباوه‌ڕه وا ده‌کات، له شاره‌وه ڕوو بکه‌ینه شاخ. وه‌ک چۆن ئینسان کاریگه‌ریه‌تیی له‌سه‌ر شوێن جێ ده‌هێڵێت، شوێنیش به قووڵیی کار له که‌سه‌کان ده‌کات و زۆر جار ده‌بێته ڕه‌گه‌زێکی گرنگی گێڕانه‌وه. شوێن جێی بایه‌خی (دۆنادۆن)ی ڕه‌ئووف بێگه‌رده و لای که‌م هێنده‌ی یه‌کێک له دوو کاره‌کته‌ره‌که، ڕۆڵی له به‌ره‌و لوتکه بردنی درامای چیرۆکه‌که‌دا هه‌یه.
له‌مێژه خه‌ڵکی دنیا به ده‌ست نه‌ته‌وه و ئایینه‌وه دۆش داماون، ئه‌و دوو فاکته‌ره هه‌وێنی گه‌لێک له‌و جه‌نگانه بوون که ژیانی خه‌ڵكێکی زۆریان دروێنه کردووه، به مه‌رجێک ئه‌وه ته‌نیا ڕێکه‌وته و هیچی دیکه که وای کردووه، ئێمه سه‌ر به فڵان ئایین یان فیسار نه‌ته‌وه بین. ده‌شێت به پاساوی ئه‌وه‌ی سه‌ر به دوو ئایینزای جیاوازی هه‌مان ئایین بین، یان وابه‌سته‌ی دوو حیزبی جیاوازی سه‌ر به هه‌مان نه‌ته‌وه بین و قه‌سابخانه بۆ یه‌کدی ساز بکه‌ین. ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێمه ساڵانێک به ده‌ستییه‌وه ده‌مانناڵاند، ناومان نابوو براکوژی و لوتکه‌ی بێهووده‌یی بوو، جێی بایه‌خی چیرۆکه‌که‌ی ڕه‌ئووف بێگه‌رده. (ئه‌و شۆڕشه‌ی پارێزگاریی له به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان نه‌کات، ئه‌و شۆڕشه‌ی پێتان بڵێت، تا خه‌ڵکی زۆرتر بکوژن، زیاتر شۆڕشگێڕن، ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌یش که وه‌ک تۆ له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا بوون و بۆچوونی جیاوازیان هه‌بووه، ئه‌وه چ شۆڕشێکه؟)(4)
به‌دگۆڕان (مه‌سخ) ده‌شێت ببێته بابه‌تی چیرۆک، لێ چونکه گه‌له‌ک جاران له ده‌رگای ئه‌و بابه‌ته دراوه، ڕه‌نگه وه‌ک پێویست خوێنه‌ر سه‌رسام نه‌کات، ئیللا مه‌گه‌ر نووسه‌رێکی بلیمه‌ت وزه‌ی نوێ له‌و بابه‌ته‌دا ببینێته‌وه، ئه‌وه‌یش ئیشێکی دژواره، به تایبه‌تی که پێشتر نووسه‌ره‌یلی مه‌زنی له چه‌شنی گۆگۆڵ، فرانز کافکا و سادق هیدایه‌ت، له شاکارهیلی (پاڵتۆ،) (بهدگۆران) و (کونده‌په‌پووی کوێر)دا کاریان له‌سه‌ر ئه‌و تێمه‌یه کردووه. ڕه‌ئووف بێگه‌رد که له چیرۆکی دۆنادۆندا، ئیشی له‌سه‌ر به‌دگۆڕان کردووه، له ڕوانگه‌ی منه‌وه له‌و هه‌وڵه‌یدا سه‌رکه‌وتوو بووه.
(3)
له چیرۆکی گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح باس له (گۆڕان)ی باری کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و تێکۆشه‌ره دێرینانه ده‌کات که له ئه‌نجامی تێوه گلان له گه‌نده‌ڵییه‌وه، هێنده ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به خه‌ڵکی ئاسایییه‌وه نامێنێت. ڕه‌ئووف بێگه‌ردیش له چیرۆکی دۆنادۆندا، له هه‌مان ده‌رگه ده‌دات و له‌وه‌یشی تێده‌په‌ڕێنێت، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی شۆڕشگێڕێکی دێرینی چه‌پڕۆی تازه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندبوو، به جۆرێک پشت ده‌کاته، ئه‌و به‌ها باڵایانه‌ی، جاران باوه‌ڕی پێیان هه‌بووه و خه‌باتی له پێناویان‌دا کردووه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له ڕوانگه‌ی کچه هاوڕێیه‌که‌یه‌وه، تووشی (به‌دگۆڕان) دێت و له ئینسانه‌وه ده‌بێت به جانه‌وه‌ر.
هه‌ردوو چیرۆکه‌که بایه‌خ به پرسی هه‌بوون ده‌ده‌ن، ئه‌و دووله‌تبوون و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێیانه به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه که تووشی ئینسانی ئه‌م سه‌روه‌خته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هاتوون و ده‌رگای جیاواز به ڕووی پرسیاره سه‌ره‌کیی و قووڵه‌کانی مرۆڤی کوردی دوای ڕابوون‌دا ده‌خه‌نه سه‌ر پشت. هه‌ردوو چیرۆکه‌که ژیان وه‌ک خه‌ون و خه‌ون وه‌ک ژیان نیشان ده‌ده‌ن، به‌و واقیعه قایل نین که هه‌یه، خه‌ون به واقیعێکی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و دادپه‌روه‌رانه‌تره‌وه ده‌بینن، بۆ یاخیبوون و به‌ره‌نگاربوونه‌وه هانمان ده‌ده‌ن و فێرمان ده‌که‌ن، بڕوا به بیانووی ساخته و پاساوی درۆینه‌ی تێکۆشه‌ره دێرینه‌کان نه‌که‌ین.
کارڵ مارکس پێی وابوو: (ئایین به‌ختیارییه‌کی وه‌همیمان بۆ دابین ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئایین ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت داوای به‌ختیارییه‌کی ڕاسته‌قینه بکه‌ین.) له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئه‌وانه‌ی بازرگانی به ئایینه‌وه ده‌که‌ن، وایان پێ باشه، چه‌وساوه‌کان گوێ نه‌ده‌نه عه‌زابی ئه‌م دنیا، چونکه له‌و دنیا له به‌هه‌شتی به‌ریندا ده‌حه‌وێنه‌وه. خاڵێکی دیکه‌ی هاوبه‌شی نێوان دوو چیرۆکه‌که ئه‌وه‌یه، ئه‌و به‌ختیارییه وه‌همییه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه که شۆڕش بۆ چه‌وساوه‌کان و ژنانی دابین کردووه و بۆ خه‌بات له ڕێی به‌ختیاریی ڕاسته‌قینه‌دا هانیان ده‌ده‌ن.
02. 02. 2011
هه‌ولێر
(1) خیری منصور، القارێ شریکا للمؤلف 17/ 12/ 2010 القدس العربي.
(2) مه‌حه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح، گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ، ئاینده ژماره 94 ل50 ده‌زگای ئاراس 2011 هه‌ولێر.
(3) حمزة کوتی و أحمد الحیدري، مقدمة للشعر الإیرانی المعاصر.
(4) ڕه‌ئووف بێگه‌رد، دۆناودۆن، ئاینده ژماره 94 ل16 ده‌زگای ئاراس 2011 هه‌ولێر.
(*) ڕه‌ئووف بێگه‌رد له په‌راوێزدا، مانای دۆنادۆنی به به‌دگۆڕان (مه‌سخ) لێک داوه‌ته‌وه، لێ ئه‌ز پێم وایه دۆنادۆن به مانای (تناسخ الأرواح) دێت که ده‌کاته ئه‌وه‌ی، ئینسان که مرد، ڕۆحی ده‌چێته جه‌سته‌ی ئینسانێک یان زینده‌وه‌رێکی دیکه‌وه، به‌ڵام له به‌دگۆڕاندا، ئینسان به زیندوویی ده‌بێت به جانه‌وه‌ر. له (به‌دگۆڕان)ی کافکادا، که 1915 نووسیویه‌تی و 1945 چاپ کراوه و ناودارترین نۆڤلێته، به‌یانییه‌ک که گرێگۆر سامسا له خه‌و ڕاده‌بێت، وا هه‌ست ده‌کات بووه به مێروو ( قالۆنچه)یه‌کی گه‌وره.