په‌ری سه‌رقاڵی ڕاوی ئه‌ستێره‌یه
February 12, 2011
فیکر و فەلسەفە
وه‌رگێڕ : حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
مرواریی ته‌مه‌نم ده‌دزی،بۆ کێی ده‌که‌ی به ملوانکه؟
کێ وه‌کوو من
کلی جه‌سته‌ی سووتاوی خۆی،
نم نم ده‌کاته چاوانت؟
په‌ری شێخ ساڵح
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و پێشه‌کییه‌دا که بۆ کۆشێعری: (که ته‌مه‌نم ئه‌بێ به با)ی (په‌ری شێخ ساڵح)ی نووسیوه، ده‌ڵێت: (په‌ری به خۆڕسک شاعیره، ده‌زانێت چۆن به وشه تابلۆگه‌لێکی شیعریی بکێشێت. زمانه شیعرییه‌که‌ی، گه‌رموگوڕه، ڕوون و ڕه‌وانه، زمانی منداڵییه‌تی شیعره و بوار بۆ ناوه‌ڕۆک ده‌ڕه‌خسێنێت، شێواز بۆ خۆی دیاری بکات.)(1)
د. عارف حیتۆ که خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌روونی و جڤاکی بۆ هۆنراوه‌ی (ئاسمان دووره)ی په‌ری شێخ ساڵح کردووه، بایه‌خی به‌و دووانه هاودژانه داوه که به‌ردی بناغه‌ی ته‌لاری شیعره‌که پێک ده‌هێنن، وه‌ک: سه‌ره‌تا و کۆتایی، هه‌بوون و نه‌بوون، یان: خودی شاعیر و جڤاک. ئه‌وه‌یشی به لاوه گرنگ بووه، ڕه‌مزه‌کان لێک بداته‌وه و باسی له‌و بێهووده‌یی و بێزارییه‌یش کردووه که به ئه‌تمۆسفێری شیعره‌که‌وه دیارن.(2)
مانگ منداڵێکه ناتوانێ گۆرانی بڵێ،
ئێمه ناگه‌ینه ماڵی مانگ.
من حه‌ز ده‌که‌م تێکه‌ڵت بم،
خه‌ونه‌کانم پارچه پارچه هه‌ڵواسراون
به ته‌نافی سه‌رسوڕماندا.
تێزه‌که‌ی فۆکۆ یاما که باس له به کۆتایی گه‌ییشتنی دیرۆک ده‌کات، مشتومڕێکی زۆری لێ که‌وته‌وه، ڕه‌نگه ناودێرکردنی په‌خشانه‌شیعریش به کۆتاییی شیعر و بانگه‌شه‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی شیعر فۆرمی دیکه به خۆیه‌وه نابینێت، گوتوبێژێکی زۆری به دوادا بێت، هیچ نه‌بێت له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه که (په‌خشانه‌شیعر زێتر گومان ده‌ورووژێنێت وه‌ک له‌وه‌ی له هه‌وڵی جێگیرکردنی یه‌قیندا بێت و زاده‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێیه و کۆششێکه بۆ ڕامان، ئه‌زموونگه‌ری و یاخیبوون هانمان ده‌دات،)(3) بۆیه ڕه‌نگه شیعریش، که پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی به فه‌لسه‌فه‌وه هه‌یه، نه سه‌ره‌تای هه‌بێت، نه کۆتایی. (په‌ری شێخ ساڵح)یش که ئه‌م باسه ته‌رخانه بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری له کن ئه‌و، ده‌ڵێت:
هیچ شتێک سه‌ره‌تای نییه،
هیچ شتێک کۆتایی نییه.
ئه‌وه گه‌ڕانه به دووی فۆرم و ته‌کنیکی تازه‌دا، توانای ئه‌وه‌مان پێ ده‌به‌خشێت تا ڕه‌خنه له خۆمان بگرین، خۆمان جێ بهێڵین و گه‌شه بکه‌ین. بڕواهێنان به‌وه‌ی واقیع به‌رده‌وام له گۆراندایه، به‌ره‌و نووسینی ده‌قێکمان ده‌بات که کۆتایییه‌که‌ی به ڕووی چه‌ندان لێکدانه‌وه‌دا کراوه بێت. شیعری قووڵ زاده‌ی ته‌مومژ نییه، به‌رهه‌می کورت‌بڕی، زمانی چڕ و ڕوونییه له ده‌ربڕیندا، ده‌شێت ڕامان و ئه‌ندێشه‌ی شاعیر له هی فه‌یله‌سووف بچن، وه‌لێ شاعیر بۆ گه‌یاندنی له دنیا وردبوونه‌وه‌کانی خۆی، هانا بۆ زمانێکی ئاڵۆز نابات، به زمانێک ده‌نووسێت، ڕوون وه‌ک ئاوی کانی، قووڵ وه‌ک زه‌ریا. (که مردن دێت، له ورچێکی برسی ده‌چێت.) ئه‌و وێنه شیعرییه هی ژنه‌شاعیری ئه‌مریکایی، (ماری ئۆلیڤه‌ر)ه، وه‌ک چۆن ڕوونه، هه‌ر وایش قووڵه. شیعر نه پێویستی به هات و هاواره، نه هیچ حه‌وجه‌ی به ته‌مومژه، په‌پووله‌یه‌که به ئاشکرا، به‌ڵام بێده‌نگ ده‌سووتێت، گه‌ڵایه‌که به به‌ر چاوی هه‌موومانه‌وه، به ئه‌سپایی ده‌وه‌رێت، مۆمێکه ده‌گڕێت و هێدی هێدی خامۆش ده‌بێت، ژنێکی ته‌نیایه، شه‌وان بێده‌نگ ده‌گری. ته‌نیایی گۆرانییه‌کی خه‌مگینه له‌سه‌ر زاری زۆربه‌ی شیعره‌کانی په‌ری شێخ ساڵحه:
هاوڕێکه‌م خه‌ریکه بڕوات،
ده‌ترسم ته‌نیایی بمخوات.
ماڵی ته‌نیاییم ڕووباری به‌فر
دڵی عاشقم شه‌پۆلی ئاگر.
من حه‌ز ده‌که‌م
به یه‌ک هه‌نگاو تێکه‌ڵت بم.
دوو ده‌ست په‌یکه‌ری ته‌نیایییان شکاند.
ئه‌و شاعیرانه جێگه‌ی سه‌رنج ده‌بن که له‌گه‌ڵ نوێکردنه‌وه‌ی فۆرمی شیعردا، زمانێکی تازه‌ی گونجاویش ده‌هێننه ئاراوه. ئه‌و شاعیرانه که به مه‌به‌ستی داهێنانی فۆرمی نوێ، فۆرمی کۆن تێکده‌شکینن، سووک سه‌رنجی فۆرمه کۆنه‌که ناده‌ن، له جێی میژوویی خۆیدا دایده‌نێن، ته‌واو وه‌ک چۆن له په‌یژه‌دا، پله‌ی دووه‌م، پله‌ی یه‌که‌م ڕه‌ت ناکاته‌وه.(4) په‌ری شێخ ساڵح توانیویه‌تی له چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م، به زمانێکی نوێ، به کۆمه‌کی خه‌یاڵێکی داگیرساو، وێنه‌یه‌ک بکێشێت که هه‌م کۆتری سه‌رنجمان له قه‌فه‌زی خۆیدا به‌ند ده‌کات و هه‌م بۆ به‌رزفڕین هانمان ده‌دات:
ده‌مه‌وێ له تاڵی پرچم
تۆڕێ بچنم،
شه‌وانه له گۆلی وان‌دا
ده‌یان ئه‌ستێره‌ی پێ بگرم.
خوێنه‌ری وریا ئه‌و شاعیرانه په‌سه‌ند ده‌کات که ئازایانه ده‌ست بۆ زمان ده‌به‌ن و سڵ له سه‌رکێشی ناکه‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ی خه‌ونی یاخیبوونیان هه‌یه، بوێریی ڕۆحی کردوون به هێلانه، ئه‌وانه نه له شمشێری گونا‌ه ده‌ترسن، نه له ئاگری حه‌رام، که وا ده‌ڵێم، بیر له (ڤینۆس فایه‌ق)یش ده‌که‌مه‌وه که بوێرانه زمان وه‌گه‌ڕ ده‌خات، وه‌ک نموونه، ئه‌وه‌تا ده‌ڵیت: (ده‌ستت بئاڵێنه له گه‌ردنم! با وه‌بیرم بێته‌وه که ژنم.) (5)
شه‌یدای شیعری ئه‌و ژنه شاعیرانه‌م که کۆیله‌ی ده‌ستی دۆگما نین، ئه‌وانه‌ی به به‌رده‌م چاوی زه‌قی شته به ناو جێگیره‌کانه‌وه، (ئاخر هیچ شتێک جێگیر نییه، هه‌موو شتێک وه‌ک شیعر له گۆراندایه،) خه‌تی سوور ده‌به‌زێنن، ئاخر خه‌تی سوور و شتی جێگیر زاده‌ی عه‌قڵی پیاوی سته‌مکارن. ئه‌و ژنه‌شاعیره‌ی مل بۆ هێڵی سوور و شتی جێگیر که‌چ بکات، نه ئازاد ده‌بێت و نه چاوه‌ڕوانیی سه‌رکێشی لێ ده‌کرێت. شه‌و که سیمبۆله بۆ دنیایه‌کی تاریک، ڕه‌ش که ڕه‌مزه بۆ شه‌وانی نووته‌ک، پانتاییه‌کی به‌رینیان له وڵاتی شیعری په‌ری شێخ ساڵح داگیر کردووه و مانای تازه‌ی پێ به‌خشیون و وێنه‌ی نوێی لێ به‌رهه‌م هێناون:
بۆ شه‌و مه‌گه‌ڕێن
کردوومه به پرچی خۆم،
شه‌و وه‌کوو به‌فرێکی ڕه‌ش
به‌سه‌ر گه‌ردووندا ده‌بارێ.
ئێواران په‌نجه‌ره‌که‌م
ته‌نووره و بلووزێکی ڕه‌ش له‌به‌ر ده‌کات.
شه‌و وه‌ک ئاوێکی لێڵ و خوڕ
ده‌ڕژێته نێو ژیانه‌وه.
وه‌ک چۆن ئه‌گه‌ر ناوی که‌سیشی پێوه نه‌بێت که ده‌قی شاعیرێکی داهێنه‌ر ده‌خوێنینه‌وه، شاعیره‌که ده‌ناسینه‌وه، من وای بۆ ده‌چم ته‌واو وه‌ها، هه‌قه هه‌ر که تێکستی ژنێکی شاعیرمان خوێنده‌وه، بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی شاعیره‌که‌ی ژنه نه‌ک پیاو. که‌ڵه‌شاعیر ده‌رهاویشته‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نێرسالاره، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژنان به زمانێکی ژنانه بنووسن نه‌ک به زمانی باوی نێرانه. که شیعر له کۆت و پێوه‌ند ئازاد بوو، ئینجا شاعیری ژن سه‌ری هه‌ڵدا، ئاخر (ئه‌و شیعره‌ی که به موو له کێش و سه‌روا لا نادات، هه‌ر له ڕۆییشتنی سه‌رباز ده‌چێت له کاتی مه‌شقدا)(6) و فۆرمێک نییه ژن هانای بۆ ببات. تا شیعر ئازاد نه‌بوو، نه فارس، ژنه‌شاعیری داهێنه‌ری له چه‌شنی فه‌رووغ فه‌رووخزادیان هه‌بوو، نه عه‌ره‌ب خاوه‌نی غاده ئه‌لسه‌ممان بوون، نه کوردیش (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه، نیگار نادر، که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر و ڕۆژ هه‌له‌بجه‌یی)ی شک ده‌برد. سوپاس بۆ په‌خشانه‌شیعر که وای کرد، دنیای پرشنگداری ناوه‌وه‌ی ژنان ببینین، ئاخر شیعری ستوونی که زاده‌ی کولتووری بابسالاری بوو، که له قامووسێکه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، پیاو دایهێنابوو، جێی خه‌م و خولیاکانی ژنانی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه.
فرمێسکم وه‌ک گه‌ڵای یادگار ده‌وه‌رێ،
پرچم له‌به‌ر چۆڕاوگه‌ی حه‌زتا ته‌ڕ بووه.
پرچی من و ده‌ستی تۆ گفتوگۆ ده‌که‌ن،
له‌ژێر ساباتی باراندا
ده‌ست و په‌نجه‌ی تێکئاڵاومان
چه‌نده جوان بوون!
په‌ری شێخ ساڵح وه‌ک ئه‌ویندارێکی بوێر و ئازاد ده‌په‌یڤێت و بێ سڵکردنه‌وه، خولیاکانی خۆی له وێنه‌ی شیعر‌یدا به‌رجه‌سته ده‌کات: (فرمێسکم وه‌ک گه‌ڵای یادگار ده‌وه‌رێ،) ئه‌گه‌ر گوتبای وه‌ک گه‌ڵای دار، پێم وایه ئه‌و ڕسته‌یه، به‌های هونه‌ریی خۆی له ده‌ست ده‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی مه‌زن بنووسین، پێویسته عاشقێکی گه‌وره‌یش بین، ئاخۆ گۆته ئه‌گه‌ر عاشقێکی مه‌زن نه‌بووایه، (ئازاره‌کانی ڤارته‌ر)ی پێ ده‌نووسرا؟ ئه‌و شاکاره‌ی، ئه‌ده‌بی له قۆناغی کلاسیکه‌وه بۆ ڕۆمانتیک گوێزایه‌وه. ژان ژینێ ده‌یگوت: (تا له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه، گوناهبارتربم، له ناخی خۆمدا وا هه‌ست ده‌که‌م ئازادترم.) ئه‌و بۆیه وه‌ک داهێنه‌ر ناوی چووه نێو مێژووی ئه‌ده‌به‌وه، چونکه لاسایی که‌سی نه‌کرده‌وه، له هه‌موو شتێکدا جیاوازبوو له‌وانی دیکه.(7)
ئێواره‌یه
پێکێکی سه‌ر به‌رماڵی تۆم.
ده‌ڕۆم له نێو ئاوێنه‌دا
ده‌گه‌ڕێم بۆ منداڵیی خۆم.
له ده‌قی (په‌ری شێخ ساڵح)دا، ڕسته‌ی شیعری، جێگه‌ی دێڕه‌شیعری (به‌یت) گرتووه‌ته‌وه، له ڕسته شیعرییه‌کانیدا، وابه‌سته‌ی مانا ده‌بێت نه‌ک کێش، به چاوپۆشین له کورتی یان درێژیی ڕسته شیعرییه‌کان، گه‌له‌ک جار خودی خۆی تێکه‌ڵ به ڕووداو نابێت و هه‌ر ده‌ڵێیت له چاوی کامێراوه سه‌یری واقیع ده‌کات. زۆر له ده‌قه‌کانی ڕه‌گه‌زنامه‌ی دوو وڵاتیان هه‌یه، وڵاتی شیعر و وڵاتی په‌خشان، جارێک له چیرۆک ده‌چن و جارێکی دیکه له ڕووداوه‌وه نزیکترن و یان بابه‌تێک به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه که لاقیکی له دنیای ئه‌ده‌بدایه و لاقه‌که‌ی دیکه‌ی سه‌ر به دنیای فیکره. په‌ری شیعر به زمانێکی هێمن و کپ ده‌نووسێت، زمانێک که‌ڵکی ئه‌وه‌ی پێوه نییه، له بڵندگۆیه‌که‌وه ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ر بکرێت، بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌دات، به بێده‌نگی بخوێنرێته‌وه و گوێی دڵی بۆ ڕادێرین. شیعره‌کانی هه‌ڵگری په‌یامێکی ڕووکه‌شی سۆزداری نین، زێتر موناجاتی ده‌روونن، وه‌ک له‌وه‌ی کڕووزانه‌وه‌ی جه‌سته بن. چونکه کێشه‌کان له ناخی شاعیردا ڕوو ده‌ده‌ن، زمان نه‌رم و نیانه نه‌ک زبر، زمان له‌بری ورووژاندنی ئاره‌زوو، خه‌ریکی دواندنی خوده.
ژنێ خۆی له ته‌مومژی یادگار هه‌ڵکێشاوه،
ژنێ تاڵه قژه‌کانی له‌سه‌ر شانت جێ ماوه.
ژنان بۆچی شیعر ده‌نووسن؟ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بوونی خۆیان وه‌ک ئینسانێک بسه‌لمێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیاندا ئاشت ببنه‌وه و ته‌با بن، بۆ ئه‌وه‌ی خودی خۆیان به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه و سه‌رله‌نوێ دایبڕێژنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به گژ ترس‌دا بچنه‌وه و هاوسه‌نگییان ڕابگرن، بۆ ئه‌وه‌ی کۆرپه‌ی خۆزگه به‌دینه‌هاتووه‌کانیان بلاوێنینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بوار نه‌ده‌ن، سووک سه‌رنجی ژنیه‌تییان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن: ژن‌بوون، سه‌رچاوه‌ی به‌هێزییه نه‌ک لاوازی، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان پێناسه‌ی خۆیان بکه‌ن، نه‌ک نێر پێناسه‌یان بکات، بۆ ئه‌وه‌یشی وه‌ک دوریس لیسینگ بڵێن: (ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ڕه‌وشی ژنی تێدا باش نه‌بێت، کۆمه‌لگه‌یه‌کی دروست نییه.)
مه‌لێکم ئاسمان جێی خۆشه‌ویستیمه.
به‌شێکم به‌فره و به‌شێکم ئاگر
ده‌توێمه‌وه ده‌بم به فرمێسک و شیعر.
جیهان هه‌ر هه‌مووی نوستووه،
ته‌نیا چاوانی من و تۆ
جۆلانێیان هه‌ڵخستووه.
ئانا ئه‌خماتۆڤا ده‌بێژیت: (ئه‌وه من بووم، ژنانم فێری په‌یڤین کرد.) ده‌قی ژنانه کامه‌یه؟ ئه‌و ده‌قه‌یه، بایه‌خ به خه‌می مێیینه ده‌دات، ئه‌و خه‌مه‌ی جێی بایه‌خی نێر نییه، تێکستی ژنانه تێکستێکه، جێ به کولتووری نێرسالاری له‌ق ده‌کات، ده‌قێکه خوێنه‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بابسالاری هان ده‌دات و چارشێو له‌سه‌ر ڕووخساری گه‌مه دزێوه‌کانی نێر هه‌ڵده‌داته‌وه و ڕاستگۆیانه و ئازادانه هه‌ست و ناخی مێ ده‌رده‌بڕێت و خه‌م و خولیاکانی ژن ده‌خاته ڕوو.(8) پێم وایه، برینی ناخی مێ، ته‌نیا له ده‌قی ژنان خۆیاندا وه‌ک خۆی، وێنه ده‌کێشرێت و بڕوام به‌وه هه‌یه نووسینی تێکستگه‌لێک که زاده‌ی خه‌می ڕاسته‌قینه‌ی مێ بن، پێوه‌ندی به ڕابوونی ژنانه‌وه هه‌یه. چونکه به درێژایی مێژوو، ژن په‌راوێزخراو بووه، بۆیه ته‌نیا ژنان خۆیان ده‌توانن، خه‌مه‌کانیان بهێننه گۆ. جێگه‌ی بڕوا نییه، پیاوان ته‌واو وه‌ک ڤیرجینیا ۆلف له خه‌می ژن‌دا بن. ئاخۆ به شاعیرێکی پیاو ده‌کرێت، ته‌واو وه‌ک گابریلا میستراڵ، هه‌ستی تامه‌زرۆیی بۆ دایکایه‌تی له شیعردا جێ بکاته‌وه؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر سیمۆن دی بۆڤوار نه‌با، پیاوێک په‌یدا ده‌بوو، کتێبێکی وه‌ک (ڕه‌گه‌زه‌که‌ی دیکه) بنووسێت؟
شه‌وی پێشوو
خۆمم له‌ناو ئاوێنه‌که‌دا له بیر چوو.
له ڕوانگه‌ی (کانت)ه‌وه، (ئه‌ده‌ب زاده‌ی به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵه و ئه‌رکی ئه‌وه‌یه، چێژ و خۆشی به خوێنه‌ر ببه‌خشێت.) که‌واته نه‌ک هه‌ر پێوه‌ندیی به نێر یان مێوه نییه، ته‌نانه‌ت پێوه‌ندیی به‌م یان به‌و نه‌ته‌وه‌یشه‌وه نییه و ڕووی ده‌می له خه‌ڵکی هه‌موو دنیایه و زمانێکه هه‌موو که‌سێکی سه‌ر گۆی زه‌وی لێی تێده‌گات. بۆچوونێکی وه‌ها هه‌یه که ڤیرجینیا ۆڵف چونکه باوکێکی دڵڕه‌قی هه‌بووه، له لایه‌ن زڕبرایه‌کییه‌وه په‌لامار دراوه و له خوێندنی باڵایش بێبه‌ش کراوه، بۆیه جاڕی شه‌ڕی دژ به نێری داوه و ئه‌ده‌بی بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ته‌رخان کردووه.
دڵم ته‌رمی ده‌یان عاشقی تێدایه،
یاده‌کانم له تابووتی مێیه‌تیمدا ڕاده‌خه‌م.
ئه‌ی خۆر
که‌ی تیشکی خۆت و قژی من،
ده‌هۆنیته‌وه؟
ژنان هه‌ن، وای بۆ ده‌چن، نێوزه‌دکردنی به‌رهه‌میان به ئه‌ده‌بی ژنانه، سووک سه‌رنجدانی ئه‌ده‌به‌که‌یانه و پێیان وایه، یه‌ک جۆر ئه‌ده‌ب هه‌یه، که ئه‌ده‌بی ئینسانییه، وه‌لێ ژنانه‌بوونی ئه‌ده‌ب، هیچ له ئینسانیبوونی که‌م ناکاته‌وه، وه‌ک چۆن ئه‌ده‌بی ڕه‌شپێستان هه‌یه و ئه‌ده‌بێکی ئینسانیی باڵایشه.
سه‌لما لاگه‌رلوێف، پێرل باک، گابریلا میستراڵ، نادین گارده‌میر، فیسوافا شیمبوروسکا، تۆنی مۆریسۆن، ئێلفریده ژێلینیک و دۆریس لێسینگ که نۆبڵیان له ئه‌ده‌بدا وه‌رگرتووه، به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ده‌به ژنانه‌یه‌ی نووسیویانه، ئه‌ده‌بێکی باڵای ئینسانیش بووه.
ئه‌ده‌بی ژنان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که ئینسان چ نێر بێت، چ مێ، هه‌مان به‌ها و هه‌مان مافی هه‌یه و ئه‌و تێزه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که گوایه ژن زێتر سۆز به‌گه‌ڕ ده‌خات و پیاویش عه‌قڵ. ئه‌ده‌بی ژنان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و تێزه‌ی جۆن ستیوارت میڵ ده‌کاته‌وه که ده‌یگوت: سووک سه‌رنجدانی ژن، به‌فیڕۆدانی توانای نیوه‌ی کۆمه‌ڵه و شتێکه وه‌ک ڕاسیزم. ئه‌ده‌بی ژنان قسه‌ی دڵی ژنان ده‌کات و کۆتایی به‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌هێنێت که گوایه ژن، پێویسته هه‌ر گوێ بگرێت.
04. 01. 2011
(1) په‌ری شێخ ساڵح، که ته‌مه‌نم ئه‌بێ به با، چاپخانه‌ی یاد 2007 سلێمانی.
(2) د. عارف حیتۆ، خواندنه‌ک بۆ هه‌ڵبه‌ستا ئاسمان دووره، مه‌تین ژماره 178 ل118 ئاداری 2009 دهۆک.
(3) حسن السلمان، قصیدة النثر والشاعر الأخیر، الصباح الجدید 28/ 12/ 2010 ص8 بغداد.
(4) محمد الحمامصي، التجریب یجعل الروایة أکثر مرونة و حریة 1 ینایر 2011 إیلاف.
(5) لقمان محمود، ڤینوس فائق في طلاء الأظافر 27/ 09/ 2010 الحوار المتمدن.
(6) د. هاشم عبود الموسوي، عن الشعر النسوي العراقي.
(7) خۆت به‌تریفه داپۆشه! ده‌ربڕینی (ژان ژینێ)یه، با هیچ شاعیرێکی کورد به هی خۆی له قه‌ڵه‌م نه‌دات.
(8) إیناس البدران 8/ 2/ 2009 الحوار المتمدن.
(9) په‌ری شێخ ساڵح، شه‌وی یه‌کشه‌ممه، بانه‌ڕۆژ، ژماره 35 ل63 نیسانی 2008 که‌رکووک.
(10) په‌ری شێخ ساڵح، چه‌مێک هاژه‌ی دێ، بانه‌ڕۆژ، ژماره 35 ل63 نیسانی 2008 که‌رکووک.
(11) په‌ری شێخ ساڵح، دوو ملوانکه له وشه، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ 17/ 04/ 2008 سلێمانی.