سامی شۆڕش وه‌ک شاعیرێک .. (1970 _ 1975)
January 27, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
له نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، که گیڤارا، ده‌چووه‌وه به گژ هه‌ژموونی دۆلارا، که هۆشی مین، ئه‌مریکای هێنابووه له‌رزین، که هاواری خوێندکارانی فه‌ره‌نسا، ده‌گه‌ییشته هه‌موو گۆشه‌یه‌کی دنیا، که فه‌له‌ستینییه‌کان له نسکۆی حوزه‌یران یاخی بووبوون، که چرای شۆڕشی ئه‌یلوول گه‌ش گه‌ش ده‌سووتا، که باڵه چه‌پڕۆیه‌که‌ی حیزبی شیوعی عێراق، له زۆنگاوه‌کانی باشووره‌وه، ئاڵای خه‌باتی چه‌کداریی بڵند کردبووه‌وه، سامی شۆڕش (1950 _ 2010) خه‌ریکی ئه‌وه ده‌بێت ڕاست و چه‌پی خۆی بناسێت. له‌و که‌شوهه‌وا به بروسکه بارگاوییه‌دا، له دنیا ڕاده‌مێنێت و له کۆتایی 1969 دا بۆ خوێندن له به‌شی کوردیی کۆلێژی ئه‌ده‌بیات، ده‌گاته به‌غدا، له‌وێ هه‌ر زوو به حوسێن عارف و جه‌لالی میرزا که‌ریم ئاشنا ده‌بێت و 1970 یه‌که‌مین پارچه‌شیعری له (هاوکاری)دا بڵاو ده‌کاته‌وه.
ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی سامی شۆڕش ده‌ست به نووسینی شیعر ده‌کات، سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی نه‌وه‌یه‌کی نوێ ده‌بێت، نه‌وه‌یه‌ک هه‌موو شتێک ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، پرسیاری ڕووکه‌ش نا، هی قووڵ و ڕیشه‌یی. ئه‌و سه‌رده‌مه شاعیرانی نوێخوازی کورد، عه‌وداڵی نووسینی ده‌قێک ده‌بن، جیاواز له شیعری داخراوی زاڵ، ده‌قێک که هه‌ڵگری شتی نوێ بێت. ئه‌و سه‌روه‌خته سامی شۆڕش له هه‌وڵی سه‌لماندنی خودی خۆیدا ده‌بێت، خۆ سه‌لماندن له ڕێی داهێنانه‌وه، نه‌ک له ڕێی کوشتنی ئه‌م یان ئه‌و باوکه‌شاعیری دێرینه‌وه.
له کۆتایی ئه‌پریلی 1970 دا به‌یاننامه‌ی ڕوانگه بڵاو ده‌کرێته‌وه، سامی شۆڕشی سه‌رسام به حوسێن عارف و جه‌لالی میرزا که‌ریم، ده‌بێته شاعیرێکی چالاکی ئه‌و شه‌پۆله ئه‌ده‌بییه. گۆڤاری ڕوانگه که سێ ژماره‌ی لێ ده‌رده‌چێت، له دووه‌م و سێیه‌میاندا، شیعری ئه‌و بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی سامی شۆڕش ڕێگه‌ی شیعر هه‌ڵده‌بژێرێت، شاعیرانی کورد یان به کامێرای وشه، وێنه‌ی شته ڕۆژانه‌یییه‌کانیان ده‌گرن و شیعریان ئاسۆیی ده‌ڕوانێت، یان خاوه‌نی دنیابینییه‌کی ستوونی ده‌بن و به ناخی شته‌کاندا ڕۆ ده‌چن. سامی شۆڕش له به‌ره‌ی دووه‌میانه‌وه نزیکتر ده‌بێت، ئه‌وه بۆیه له هه‌ندێک له شیعره‌کانیدا، له‌ودیو زمانه ئاسانه فریوده‌ره‌که‌یه‌وه، مانای قووڵ خۆی حه‌شار ده‌دات.
هه‌موو شیعرێک لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه، خوێنه‌ران خاوه‌نی هه‌مان پێشینه‌ی ڕۆشنبیری نین، یان سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه، له ڕووی ده‌روونییه‌وه هه‌مان ئاماده‌یییان نییه و به هه‌مان مه‌ودا له تێکسته‌که نزیک نابنه‌وه، ئاخر هه‌یانه به جۆرێک له نووسینه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌دا به‌شدار ده‌بێت، هه‌ر ته‌واو وه‌ک ئه‌وه‌ی گوێی له هه‌ناسه و لێدانی دڵی شاعیره‌که‌ی بێت. نزیکترین خوێنه‌ر له شاعیره‌وه، ئه‌و خوێنه‌ره‌یه، به جۆرێک خۆی له ده‌قه‌که‌دا ده‌بینێته‌وه، وا هه‌ست ده‌کات، ده‌ق ڕووی ده‌می له‌وه و به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و نووسراوه. که شیعری سامی شۆڕش ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ست ده‌که‌م به‌شدارییه‌کی کارام له نووسینیدا کردووه، یان هیچ نه‌بێت پێم وایه، سه‌روه‌ختی نووسین منی له‌به‌ر چاو بووه و چێژ و ئاستی ڕۆشنبیری و ڕه‌وشی ده‌روونیی منی ڕه‌چاو کردووه.
شۆڕه‌سوارێ
سه‌ری نایه ناو بێده‌نگیی زامه‌کانمان،
ماچی کردین،
شه‌و دره‌نگه له (ڕێ)کاندا
کلۆ کلۆ به‌فره‌بارێ،
ئه‌وی ئاشقی هه‌تاو بێ،
هه‌موو دنیاشی لێ بکه‌ن به نیوه‌شه‌و،
خه‌وی نایه.(1)
وێنه‌ی شیعری له‌و وشه و ده‌ربڕینانه پێک دێت که مانا یان بیرۆکه به‌رجه‌سته ده‌که‌ن، فۆرمێکه له ناخیدا هه‌ڵگری چه‌ندان مانا و بیرۆکه‌یه و جه‌سته به به‌ر شێوازی ده‌ربڕین و داڕشتنی شاعیردا ده‌کات. سامی شۆڕش ده‌ڵێت: (شاعیری تازه‌ی کورد، ئیستیعاره به شیاوترین شیوه ده‌زانێت، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی واقیعه پڕ ئه‌شکه‌نجه‌که‌ی بگرێته خۆی.)(2) وێنه‌ی شیعری ئه‌گه‌ر ده‌ربڕی حه‌قیقه‌تێکیش بێت، پشتی به خه‌یاڵ قایمه، ڕه‌نگه هه‌موو مێتافۆرێک وێنه‌یه‌کی شیعری بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو وێنه‌یه‌کی شیعری زاده‌ی میتافۆر بێت، ئاخر میتافۆر یه‌کێکه له شێوه‌کانی وێنه‌ی شیعری. ڕاسته میتافۆر وێنه‌ی شیعری ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام هه‌میشه بۆ له دایکبوونی وێنه‌ی شیعری پێویستمان به مێتافۆر نابێت و ده‌شێت هونه‌ری وێنه‌ی شیعری له‌وه‌دا چڕ ببێته‌وه که له ڕێی ئه‌بستراکته‌وه، بگه‌ینه دنیایه‌ک له کۆنکرێت. وێنه‌ی شیعری ده‌توانێت له ڕێی موزیک و خه‌یاڵ و خوازه‌وه، هه‌ست و بیر و ویژدانی شاعیر بهێنێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر.
وه‌ک فه‌رهادێ
قوڵنگم سواری ڕه‌شه‌بای زام کردووه و
بێستوونم داوه‌ته پشت و
شیرین له کوێی؟
کام غه‌ریبیی ڕێگای دڵت ده‌شواته‌وه؟
که‌ی سواری جوانه‌مایینی ئه‌ستێره‌ی به‌ربه‌یان ده‌بی؟
وێنه‌ی شیعری شاعیر له‌وه ده‌پارێزێت که بیرۆکه‌کانی ڕاسته‌وخۆ و به شێوه‌یه‌کی وشکوبرینگ پێشکه‌ش بکات. ئه‌وه وێنه‌ی شیعرییه، ئه‌م شاعیر له‌وی دیکه، شیعری نوێ له هی دێرین جیا ده‌کاته‌وه و له کۆتایییشدا ئه‌وه وێنه شیعرییه جوانه‌کانن، به نه‌مریی ده‌مێننه‌وه. هیچ رێگه‌یه‌ک هێنده‌ی وێنه‌ی شیعری، بۆ گه‌یاندنی ئه‌زموونی شاعیر له‌بار نییه، ئاخر هه‌ست و بیر و خه‌یاڵی شاعیر ئه‌گه‌ر له وێنه‌دا چڕ نه‌بنه‌وه، به‌هایه‌کی هونه‌ریی ئه‌وتۆیان نابێت، ئاخر ئه‌وه وێنه‌ی شیعرییه، ده‌ربڕینی هونه‌ری له ئاخاوتنی ئاسایی جیا ده‌کاته‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک شاعیر له ڕێی وێنه‌ی شیعرییه‌وه، ده‌ری ببڕێت، زێتر جێی متمانه‌ی خوێنه‌ر ده‌بێت. ڕه‌نگه وێنه‌ی شیعری کرۆکی نه‌گۆڕی شیعر بێت، شیعر به‌رده‌وام گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، وێنه‌ی شیعرییش ملکه‌چی یاسای گۆڕانه، ئه‌وه‌ی که جێگیره هه‌بوونی وێنه‌ی شیعریییه به درێژایی مێژووی شیعر. وێنه‌ی شیعری مانای جیاواز ده‌به‌خشێت و له‌وه به‌رفراوانتره که له بازنه‌ی یه‌ک لێکدانه‌وه‌دا گیر بخوات، ڕه‌نگه هه‌ر وێنه‌یه‌کی شیعریی جوان، هێنده‌ی ژماره‌ی خوێنه‌رانی لێکدانه‌وه هه‌ڵبگرێت.
من شیرینم،
شیرینیش وه‌ک چه‌پکێ هه‌تاو،
که ده‌یگرن نایه‌ته ده‌ست،
کاتێ به‌ره‌ڵاشی ده‌که‌ن
له له‌پی ده‌ست نابێته‌وه.
له ڕوانگه‌ی (د. عیززه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوول)ه‌وه، سامی شۆڕش له‌و وێنه شیعرییه‌یدا، (ژیان ده‌باته‌وه سه‌ر یه‌کیه‌تیی بوون.)(3) سه‌رنجی ئه‌و سیحره بده‌ن که له‌و وێنه شیعرییه‌دا هه‌یه! شیرین هه‌تاوه، نه به ده‌ست ده‌گیرێت، نه له ده‌ست ده‌بێته‌وه، ته‌واو وه‌ک خودا که بێ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌ستی لێ بده‌ین، هه‌ستی پێ ده‌که‌ین و ڕۆحی داگیر کردووین. سۆفییه‌کان خودا له‌و خوڵقاوه جوانانه‌دا که خودا خۆی ئه‌فراندوونی و یه‌کێکیان ژنه و یه‌کێکی دیکه‌یان هه‌تاو، ده‌بینن، سامی شۆڕشیش، شیرین که هه‌ر ژن نییه، نیشتمانیشه، وه‌ک هه‌تاو ده‌بینێت. نزیکه‌ی هه‌میشه تامه‌زرۆیی بۆ ژن، له کن سامی شۆڕش، تامه‌زرۆییی ڕۆحی شاعیره بۆ نیشتمانێکی بزربوو، ئاخر ئه‌و شیعرێکی نه‌نووسیوه ته‌نیا تایبه‌ت بووبێت به خودی خۆی، باشی کردووه یان خراپ ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه هیچ گومانێک هه‌ڵناگرێت، ئه‌وه خوێنی خۆیه‌تی به ده‌ماری شیعریدا ده‌گه‌ڕێت، ڕێی خۆی گرتووه‌ته به‌ر، شوێنپێی که‌سی هه‌ڵنه‌گرتووه و له قسه‌ی خۆیه‌وه ده‌ستی به گوتن کردووه.
کچه هاوڕێم!
ته‌نیا هه‌ر چوار یاساوڵ نین،
نایه‌ڵن چی له دڵمایه
پێتی بڵێم.
سامی شۆڕش ده‌ستی دایه نووسینی شیعر، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بۆ مۆچیارییه‌کانی نه‌وه‌کانی پێش خۆی ڕادێرێت، تاقه ڕێسایه‌ک ڕه‌چاوی ده‌کرد، ئه‌وه‌بوو که ده‌ڵێت: (شاعیری لاو! هه‌موو توانات به‌کار بێنه، دژی ڕێسای دێرینی باو.) سامی شۆڕش یه‌کێک بوو له‌و شاعیره جادووگه‌رانه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو، ڕاستگۆیانه گیانی هه‌ستی خۆی به‌به‌ر جه‌سته‌ی وشه‌دا بکات، قاوغی ڕه‌وانبێژیی دێرین بشکێنێت و وا بکات شیعره‌کانی که هه‌ندێک جار حیکایه‌تی میللی و ئه‌فسانه‌یشیان به‌سه‌ر ده‌کرده‌وه، وه‌کوو ئاوێکی ڕوون هه‌ڵبقوڵێن. ئه‌و به کۆمه‌کی فه‌نتازیای زه‌نگینی، شتگه‌لێکی ده‌بینی که ئێمه پێمان ناکرێت بیانبینین و ئه‌وی سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتا سامی شۆڕش بینیبێت، هه‌ستی کردووه، ڕووخسار و ڕه‌وتاری له سیما و کرداری شاعیر ده‌چێت، شاعیرێک که به ده‌ستی پرسیار له ده‌رگای مه‌عریفه ده‌دات و به ڕۆنانی گومان، خه‌ریکی خاپوورکردنی ته‌لاری یه‌قینه و (شاعیرێکه ژیاندۆست که به شیعر به گژ له‌شکری مه‌رگدا ده‌چێته‌وه.)(4)
بنوو ڕۆڵه!
دنیا یه‌ک پارچه سه‌هۆڵه،
بنوو ئه‌ی حه‌بیبی نه‌ججاڕ!
خودا یه‌که و ده‌رگه‌ی هه‌زار.(*)
ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی جه‌لالی میرزا که‌ریم پرسیاری (ئه‌ی بۆچی کورد، ئاڵای ڕزگاری هه‌ڵنه‌کرد؟)ی ده‌ورووژاند، شێرکۆ بێکه‌س، (تینوێتیی خۆی به گڕ ده‌شکاند،) سامی شۆڕش سه‌رقاڵی قه‌رزکردنی ئاگر بوو له پرۆمیتیۆس، تا به‌رچاوی چه‌وساوه‌کانی پێ ڕۆشن بکاته‌وه. ئه‌و له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی حه‌فتادا بڕوای وا ده‌بێت (خۆر له که‌لی تفه‌نگی سووره‌وه هه‌ڵدێت) و (چه‌وساوه‌کان ته‌نیا به زه‌بری چه‌ک، به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گه‌ن،)(5) ئیدی ئه‌وه چاوه‌ڕوانکراوه خۆی له ڕیزه‌کانی ڕێکخستنی (سه‌رکردایه‌تیی ناوه‌ندیی حیزبی شیوعیی عێراق)دا ببینێته‌وه و ئه‌و پێنج شه‌ش ساڵه‌ی (1970 _ 1975) شیعر ده‌نووسێت، ئه‌و پرسیاره له خۆی نه‌کات، ئایا ئه‌ده‌ب ده‌بێت لایه‌نگیر بێت یان نا؟ ئاخر له نووسینی یه‌که‌مین شیعرییه‌وه، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به به‌ڵێ دابووه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ر شیعرێکی نووسیبێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌ده‌بێکی لایه‌نگیر، به‌ڵکوو سه‌ر به ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یش بووه، ئه‌وه نییه به برژانگ خۆڵی سه‌نگه‌ر بۆ گوڵدانی پێشمه‌رگه ده‌گوێزێته‌وه؟
گه‌وره‌کانم!
بڕوای بیری نوێخوازی هۆنراوه‌کانم،
مشته‌خۆڵی سه‌نگه‌رێکیان
بۆ گوڵدانی پێشمه‌رگه‌کانتان هێناوه،
بانگی پێغه‌مبه‌رێکیان بۆ مزگه‌وته‌کانتان هێناوه،
ته‌قینه‌وه‌ی کانییه‌کیان
بۆ تینوێتیی تفه‌نگه‌کانتان هێناوه.(6)
سامی ده‌ڵێت: (شاعیر ده‌بێت شۆڕش به‌رپا بکات و خۆی ببێته لرفه‌ی گڕی شۆڕش و ئازار و دووره‌وڵاتی و مردنیش، به لایه‌وه درێژه‌پێدانی ئه‌و شۆڕشه بن.)(7) ئه‌وه وردبینییه‌کی زۆری ناوێت، بگه‌یه‌نه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، شیعر له کن سامی، کانیاوێکه ده‌ڕژێته نێو ڕووباری شۆڕشه‌وه و تفه‌نگێکی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه، ڕووی له داگیرکاران و چه‌وسێنه‌رانه، ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ (گیڤارا)دا ده‌ڵێت: (تفه‌نگێکم ده‌وێ، سه‌نگه‌رێکم ده‌وێ و هیچی تر نا.)(8) سامی شۆڕش ئه‌و شیعرانه‌ی کردووه به کوردی که ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌وه، هه‌ر له (گۆرانیی شۆڕش)ی ڤیرۆنیکا ساسۆت)ه‌وه که ده‌ڵێت: (هه‌موو شتێك بۆنی وه‌ڕسیی لێ دێت، به‌ڵام ژیان پێویسته جۆرێکی تر بێت،)(9) تا شیعری به‌رگریی ڤێتنامی(10) و شیعره‌کانی مه‌حموود ده‌رویش که فه‌له‌ستینییه‌کان بۆ به‌رگری هان ده‌ده‌ن.(11)
شیعر ملکه‌چی هیچ رێسایه‌ک نابێت، ئاخر شیعر زاده‌ی ڕێسا نییه، به‌ڵام شاعیرانی یاخی و ئه‌زموونگه‌ر و نوێخواز، ئه‌وانه‌ن که شاره‌زای که‌له‌پووری شیعرین. یاخیبوونی سامی شۆڕش له که‌له‌پووری شیعری کوردی له بۆشایییه‌وه سه‌ر هه‌ڵنادات، ئه‌و به هۆشیارییه‌وه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت، شیعری جیاواز له‌وه‌ی نه‌وه‌ی دوای (گۆران)ی بنووسێت و ڕێچکه‌یه‌کی تازه و تایبه‌ت به خۆی بدۆزێته‌وه. ڕه‌نگه سامی شۆڕش وشه‌یه‌کی تازه‌ی دانه‌هێنا بێت، وه‌لێ چونکه به شێوازی تایبه‌ت به خۆی وشه دێرینه‌کانی ده‌خسته ڕسته‌وه، مامه‌ڵه‌یه‌کی نوێی له‌گه‌ڵ ده‌کردن و پێوه‌ندیی تازه‌ی له نێوانیاندا ده‌بینییه‌وه، ده‌یتوانی وێنه‌ی شیعری نوێ و مێتافۆر و ده‌ربڕینی تازه، بهێنێته نێو شیعری کوردییه‌وه.
من نیازم نییه، بیۆگرافیای شاعیر بنووسمه‌وه، وه‌لێ پێم خۆشه ئه‌وه بڵێم، شاعیرێک ئه‌گه‌ر دراما له ژیانیدا نه‌بێت، ڕه‌نگه توانای ئه‌وه‌یشی نه‌بێت، شیعرێک بنووسێت درامای تێدا بێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی خێرای ژیاننامه‌ی سامی شۆڕش بده‌ین، ده‌بینین ته‌ژییه له هه‌ڵچوون و گۆڕانکاریی درامایی. ئیدی هه‌ر له پێوه‌ستبوون به ڕێکخستنێکی نهێنی و قه‌ده‌غه‌وه که ئاشکرابوونی ئه‌ندامه‌کانی کوشتنی به دوادا ده‌هات، تا پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌ڵاتن بۆ تاراوگه. سامی شۆڕش له یادی چلساڵه‌ی حیزبی شیوعیدا ده‌ڵێت:
تۆ چل ساڵه هه‌م ده‌ردیت و هه‌م ده‌رمانی،
تۆ چل ساڵه هه‌م خه‌نینی، هه‌م گریانی،
تۆ چل ساڵه له ده‌ریای بێ سه‌روشوێنما
هه‌م شه‌ویت و هه‌م به‌یانی.
*
چل ساڵه وه‌ک داوه‌خوێنێ،
به لالێوی عێراقه‌وه دێمه خوارێ و ناگه‌مه خاک،
چل ساڵه وه‌ک قومه‌ئاوێ،
جۆگه ده‌مداته ده‌ست جۆگه و
ناگه‌مه ڕووبارێکی پاک.
سه‌رنجی ئه‌م وێنه شیعرییه نوێ و نایابه بده‌ن: (وه‌ک داوه‌خوێنێ، به لالێوی عێراقه‌وه دێمه خوارێ،) هه‌ر ده‌ڵێیت، تابلۆیه‌کی سوریالییه و سیلڤادۆر دالی کێشاوێتی. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و شیعره‌دا، دوو ده‌نگ هه‌یه، ده‌نگی شاعیر و ده‌نگی حیزب، که به هۆی ئه‌و ته‌کنیکه‌وه هه‌ست ده‌که‌ین شیعرێکی درامایی ده‌خوێنینه‌وه. ئه‌وه‌یش هه‌ر وێنه‌یه‌کی ده‌گمه‌نی سوریالییه که ده‌ڵێت: (وه‌ک چۆڕه‌خوێنێکی گه‌ڕۆک، برینی خۆم ون کردووه.) یه‌کێکی دیکه له‌و ته‌کنیکه نوێیانه‌ی سامی شۆڕش لێی سوودمه‌ند بووه، پارادۆکسه که خۆی له زمانێکی ناکۆک و دژه‌باودا ده‌نوێنێت، وه‌ک: (تا که‌ی لێوی گه‌شمان له‌ناو لێوی سه‌هۆڵدا بسووتێ؟) سه‌رنجی ئه‌و ده‌ربڕینه تازه‌یه بده‌ن: (سووتان له‌ناو سه‌هۆڵدا!) یان: (با، نوستووه، ڕووبار، پێڵووی داخستووه.) ئه‌وه‌یش هه‌ر پارادۆکسه، با که سیمبۆلی جووڵه‌یه، بنوێت و ڕووباری هه‌میشه بێ‌دار و چاوکراوه‌یش، پێڵووه‌کانی دابخات.
له شیعری (سامی شۆڕش)دا کێش هه‌یه، وه‌لێ کێشه دێرینه‌که، نا، کێشێک هه‌یه تایبه‌ت به خۆی که له زه‌نگ و ڕیتمێکی نوێ‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. کێش له کن وی، پێوه‌ندیی به باری ده‌روونی خۆی و خێرایی یان خاویی لێدانی دڵییه‌وه هه‌یه، ڕیتم له کن ئه‌و شتێکه خۆڕسک هه‌ڵده‌قوڵێت، زاده‌ی ئه‌و کێشه ده‌ره‌کییه نییه که له چوارچێوه‌یه‌کی ئاسنین ده‌چێت. ئه‌وه بۆیه بۆ هه‌ستکردن به ڕیتمی شیعری ئه‌و، ته‌نیا گوێگرتن به هانامانه‌وه نایه‌ت، ده‌بێت ده‌رک به‌و هه‌ژانه ده‌روونییه بکه‌ین که شاعیر وه‌ختی نووسین تووشی هاتووه. ئه‌وه نییه ئونسی ئه‌لحاج ده‌ڵێت: (شیعر زمانه، زمانی شیعری، پێش هه‌موو شتێک پێوه‌ندیی به سووڕی خوێن و هه‌ناسه و لێدانی دڵی شاعیره‌وه هه‌یه.) ڕه‌نگه ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی کێشی دێرین ده‌که‌ن به پێوانه، هه‌ندێک دێڕه‌شیعری سامی شۆڕ‌شیان پێ له‌نگ بێت، به‌وه‌ی باشه، شیعر زاده‌ی کێش نییه، ئه‌گه‌ر نا، ده‌بوو شیعری وه‌رگێڕدراو هیچ بایه‌خێکی نه‌بووایه.
موزیک یه‌کێکه له نهێنییه‌کانی شیعر، شیعر ده‌شێت کێشێکی دیاریکراوی نه‌بێت، وه‌لێ ناشێت موزیکی نه‌بێت، ئاخر موزیک له شیعردا که‌ره‌سه‌یه‌ک نییه بتوانین بیگۆڕین به یه‌کێکی دیکه، یان پشتگوێی بخه‌ین، چونکه شیعر، ڕه‌نگه هیچ نه‌بێت، جگه له ده‌ربڕینێکی ته‌ژی له موزیک. کێش پێوه‌ندیی به وشه‌وه هه‌یه، ڕیتم له ڕسته‌دا خۆی نمایش ده‌کات و زاده‌ی پێکه‌وه گونجاندنی وشه‌کانه. ئه‌و ڕۆڵه‌ی له شیعری دێریندا کێش ده‌یبینی، له شیعری نوێ‌دا ڕیتم ده‌یبینێت. ڕیتم له هه‌ناسه‌دان، لێدانی دڵ و هاتوچۆی خوێندا هه‌یه، له خوڕه‌ی ئاو، له کۆچی هه‌ور و له به دوای یه‌کدا هاتنی وه‌رزه‌کاندا هه‌یه. کێش شتێکه له ده‌ره‌وه‌ی شیعردا هه‌یه، ڕیتم له‌گه‌ڵ له دایکبوونی شیعردا دێته کایه‌وه. ڕیتمی ناوه‌کی شتێکی خۆڕسکه و له چرکه‌ساتی شیعرنووسیندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، وه‌لێ ڕیتمی ده‌ره‌کی وابه‌سته‌بوونه به یه‌کێک له (کێش)ه دێرینه‌کانه‌وه.(12)
ئه‌گه‌ر شیعر دوو جۆر ڕیتمی هه‌بێت، ده‌ره‌کی که زاده‌ی کێش و سه‌روایه و ناوه‌کی یان ده‌روونی که پێوه‌ندیی به گرژیی یان خاویی باری ده‌روونی شاعیره‌وه هه‌یه له‌سه‌ر وه‌ختی نووسیندا، ئه‌وا ڕیتمی شیعری سامی شۆڕش زێتر ده‌روونییه و به‌شێکی باش له شیعره‌کانی بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌ده‌ن به بێده‌نگی بخوێنرێنه‌وه، نه‌ک به ده‌نگی بڵند بگوترێن. شیعری سامی شۆڕش نه ئازاده، به هه‌موو مانای وشه‌که، نه له‌و شیعرانه‌یشه که نه‌وه‌ی دوای گۆران ده‌یاننووسی، شیعرێکه، ئازاد له هه‌ندێک کۆت و پێوه‌ندی دێرین، که شه‌پۆلی (ڕوانگه) له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای. ئه‌و بۆ نووسینی شیعر ئیلهامی له‌و ڕێسایانه وه‌رنه‌ده‌گرت که پێشینیان دایانهێنابوون، که‌ڵکی له بیره‌وه‌رییه‌کانی ڕۆژانه‌ی خۆی ده‌بینی. ئه‌و یه‌کێک بوو له‌و شاعیرانه‌ی به پله‌ی یه‌که‌م په‌یامی تێکسته‌که به لایه‌وه گرنگ بوو، ئه‌وه له کن وی جێی بایه‌خ نه‌بوو، ئه‌وانه‌ی مێژووی شیعری کوردی ده‌نووسنه‌وه، ئه‌و له کوێدا داده‌نێن.
له شیعریدا، نه گوێمان له تۆنی بڵندی گوتاردان ده‌بێت، نه هه‌ست به نمایش‌کردنی هه‌ڵوێستی فیکری ده‌که‌ین، نه له نیشاندانی ئه‌و کاره‌ساتانه‌دا که به‌سه‌ر خه‌ڵکدا هاتوون، زێده‌ڕۆیی ده‌کات. شیعره‌کانی سامی شۆڕش ڕوونن نه‌ک ته‌مومژاوی، ساده‌ن نه‌ک ئاڵۆز، کورتن نه‌ک درێژ و بۆ به شیعرکردنی تێکسته‌کانی، پشت به ناکۆکییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه ده‌به‌ستێت و موچڕکێکی تازه به جه‌سته‌ی شیعری کوردی ده‌به‌خشێت. به شیعرکردنی سیاسه‌ت تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌خته، سامی شۆڕش به سه‌رکه‌وتوویی له هؤڵی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه هاته ده‌ره‌وه. (13)
تۆ ئه‌و ده‌سته‌ی
هه‌ر که که‌وتم
له خاک گیر ده‌بیت و به‌رزم ده‌که‌یته‌وه،
ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی
شه‌وان دڵی خه‌فه‌تبارم ده‌ده‌یته‌وه،
خۆشم ده‌وێیت و ده‌زانم
بۆ کام ئه‌نجام ده‌مهێنیت و ده‌مبه‌یته‌وه.(14)
شیعر لای سامی شۆڕش جێیه‌ک بوو، بۆ گه‌ییشتن به خوێنه‌ر، ئاخر ئه‌ویش وه‌ک خۆسیه باچیکۆ حه‌زی له سێرکی ئه‌ده‌بی نه‌بوو، پێی وابوو: (شیعر شێوه‌یه‌که له شێوه‌کانی ئه‌وین، یان نییه، یان ئه‌گه‌ر هه‌بوو، به بێده‌نگی له شوێنێکی نهێنیدا، له نێوان دوو که‌سدا (شاعیر و خوێنه‌ر) ڕوو ده‌دات، که به ده‌گمه‌ن ڕێ ده‌که‌وێت یه‌کتری بناسن.)(15)
منداڵه‌کان!
ئه‌ی برسییه ژینتاڵه‌کان،
له‌سه‌ر سنگه نه‌وتاوییه‌که‌ی بابه‌گوڕگوڕ،
نێزیک تاڤگه‌ی سه‌ره‌وژووری زێڕینی گڕ،
گڵکۆیه‌کی بچکۆله‌م دی،
لێی نووسرابوو:
ئا لێره‌دا
منداڵێکی چاوگه‌شی کورد،
له برسا مرد.(16)
تاڤگه‌ی ئاو زیوینه و به‌ره‌و خوار شۆڕ ده‌بێته‌وه، تاڤگه‌ی گڕ زێڕینه و به‌ره‌و ژوور هه‌ڵده‌کشێت، جگه له‌و وێنه شیعرییه که تابلۆیه‌که بۆ خۆی، (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) له‌و کۆپله‌شیعره‌یدا هه‌م بنده‌ستیی کورد به‌رجه‌سته ده‌کات و هه‌م کێشه‌ی چینایه‌تییش به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، وه‌لێ ئه‌و سه‌روه‌خته چونکه ڕه‌خنه زێتر له هه‌ڵوێستی سیاسیی خاوه‌نی ده‌ق ده‌گیرا نه‌ک له ده‌ق، هه‌ڵسه‌نگاندن زێتر بۆ فیکری ناو شیعر ده‌کرا، نه‌ک هونه‌ری شیعر، بۆیه سامی شۆڕشی کۆمۆنیست، له وه‌ڵامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شیعره‌ی په‌شێوی (ناسیۆنالیست)دا ده‌نووسێت:
منداڵه‌کان! شاعیرێ هات
ویستی له ده‌رگای عاتیفه‌ی ئێوه بدات،
ویستی ژه‌نگی شمشاڵه‌که‌ی
له ڕووباری چاوتان بشوات،
ویستی ڕه‌شماڵی دووکه‌ڵی گۆشه‌گیری
له ئاسمانی بیرتان ڕاخات.(17)
لێره‌یشدا وه‌ک نزیکه‌ی هه‌میشه، شیعری سامی شۆڕش جوان و سه‌رنجڕاکێش ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌و له 1972 دا، پێی وابووه، (ده‌نگی نه‌ته‌وه‌په‌رستان، وڕێنه‌ی ده‌م گرانه‌تایه و له بازاڕی کوردایه‌تیدا، قیژه‌قیژی عه‌تاره،)(18) که ئه‌وه‌یش زاده‌ی ناکۆکیی فیکریی نێوان ناسیۆنالیستان و ئینته‌رناسیۆنالیستان بووه و ئه‌و شیعره وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دیرۆکی، ئه‌و ململانێیه‌ی تۆمار کردووه.
سامی شۆڕش که باس له وشکبوونه‌وه‌ی کامه‌ران موکری ده‌کات، ده‌ڵێت: (پێوانه‌مان له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، ئه‌وه‌یه که ماوتسی تۆنگ ده‌ستنیشانی کردووه. ئه‌و نووسینه‌ی له ئایدۆلۆژیایه‌که‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابێت، وشک و بێسووده. کامه‌ران وه‌ک بۆرژوایه‌کی نه‌فه‌سکورت، ئیمانی به‌م خاک و خۆڵه نه‌ماوه و تووشی پچڕانی فیکری هاتووه.)(19) به مه‌رجێک کامه‌ران چه‌ندان جار، له پێناوی گه‌له‌که‌یدا، له زیندان توند کراوه! (له کۆتی پێ که‌له‌پچه‌ی ده‌ست بپرسن، من چیم و کێم، ئه‌وان چاکم ده‌ناسن.) ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه که هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه نییه، زاده‌ی ئه‌وه‌یه کامه‌ران شاعیرێکی نه‌ته‌وه‌یی بوو. ئه‌وه‌یش بۆ خۆی پارادۆکسێکه سامی شۆڕش که هه‌ر زوو ده‌ستبه‌رداری نووسینی شیعر ده‌بێت، باس له وشکبوونه‌وه‌ی کامه‌رانێک ده‌کات که ده‌یان ساڵ شیعری جوانی نووسیوه!
ئه‌نوه‌ر قادر مه‌حه‌ممه‌د و جه‌لالی میرزا که‌ریم که له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی حه‌فتادا، ڕۆڵی گرنگیان له تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی‌دا وازی کرد، که‌م و زۆر کاریگه‌ریه‌تییان له‌سه‌ر سامی شۆڕشیش جێ هێشت. که ئه‌نوه‌ر قادر مه‌حه‌ممه‌د له (وه‌رزی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌رهاد)دا ده‌ڵێت: (فه‌رهاد که‌ی دێی؟)(20) زایه‌ڵه‌ی ئه‌و شیعره لای سامی شۆڕش ده‌بێت به: (شیرین له کوێی؟) سامی شۆڕش هێنده به شێوازی شیعرنووسینی جه‌لالی میرزا که‌ریم سه‌رسام ده‌بێت، که سی و سێ ساڵ دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌یاننامه‌ی ڕوانگه، ده‌یه‌وێت پێناسه‌ی شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه بکات، هانا بۆ شیعرێکی ئه‌وسای ناوبراو ده‌بات و ده‌ڵێت: (شیعر ته‌قینه‌وه‌ی زامه، شیعر هه‌ڵسانی شه‌قامه.)(21) چونکه هیچ شاعیرێک له هێلانه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کی ڤالا و سپییه‌وه له شه‌ققه‌ی باڵ نادات، ئه‌وه شتێکی چاوه‌ڕێکراوه، هه‌ندێک جار له نائاگایییه‌وه، ڕسته‌ی شاعیرانی دیکه، له شیعریدا به‌ر چاو بکه‌ون.
له شیعری نوێی فارسی‌دا، شاعیرانی (گوفتار) ئه‌وانه بوون که له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا چۆن ده‌په‌یڤین، شیعریشیان وه‌ها ده‌نووسی، نه گوێیان به جوانیی گوته ده‌دا، نه به‌و کاریگه‌ریه‌تییه‌ی وشه له‌سه‌ر خوێنه‌ر جێی ده‌هێڵێت، ته‌نانه‌ت ڕێساکانی زمانیشیان فه‌رامۆش ده‌کرد. شاعیرانی سه‌ر به (ڕه‌وتی زمان)یش، زمانێکیان داهێنا که هیچ بایه‌خی به پێوه‌ندیی نێوان پێکهاته‌کانی ئاخاوتن نه‌ده‌دا و زمانێک بوو له چرکه‌ساتی له دایکبوونیدا مانای په‌یدا ده‌کرد.(22) ئه‌رکی شیعر، ده‌وڵه‌مه‌ندکرنی خه‌یاڵی خوێنه‌ره، بڵندکردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ست به جوانی کردنیه‌تی و کۆمه‌ککردنه پێی تا له بواری زماندا لێهاتووتر بێت له‌وه‌ی که هه‌یه. ئه‌مانه‌یش به ده‌ربڕینی باو و به قسه‌ی ڕۆژانه جێبه‌جێ ناکرێن، پێویستیان به تێپه‌ڕاندنه له چێژی زاڵ و به هه‌ژاندنی گۆلی تێڕوانینی زۆربه‌یه، به‌و مه‌به‌سته نا، هه‌ستی زۆربه بریندار بکرێت، به‌و ئومێده‌ی، د. سه‌لاح فه‌زڵ گوته‌نی: (بازنه‌ی تۆلێرانسیان به‌رینتر و به‌رچاویان ڕوونتر بکرێته‌وه.)
به تفه‌نگ و خه‌نجه‌ر بڵێن،
به که‌لاوه‌ی سه‌نگه‌ر بڵێن،
ڕۆژێ دادێ
ڕه‌شه‌با
به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی ده‌گرێته‌وه،
ڕۆژی دادێ
هه‌وری سووری شۆڕش ده‌جمێ و
پێشمه‌رگه هه‌ڵده‌سێته‌وه.
تی ئێس ئه‌لیه‌ت ده‌بێژێت: (جوانترین شیعر، ئه‌و شیعرانه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نمان ببێت به بیستوپێنج ساڵ ده‌یاننووسین.) له (هه‌ڵسانه‌وه)دا (ئابی 1975) که ناودارترین و ئاخرین شیعری سامی شۆڕشه و به بیستوپێنج ساڵی له تاراوگه (به‌رلینی خۆرئاوا) نووسیویه‌تی، شاعیر جاڕی له دایکبوونی ئینسانێکی نوێ ده‌دات، ئینسانێک که مل بۆ نسکۆ نادات و له ڕووی ڕۆحییه‌وه به سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت و دیسان ڕا ده‌بێته‌وه. سامی له‌و قۆناغه نووته‌ک و دژواره‌ی دوای نسکۆدا، به‌و شیعره هونه‌رییه ئاگرینه‌یه‌وه، له شتێک ده‌چوو وه‌ک کاریزما و له نێو کورددا مه‌حموود ده‌رویشێک بوو، ده‌یگوت: بنووسه من کوردم! ئه‌و شیعره‌ی هێنده ته‌ڕ و پاراو بوو، له‌و په‌لکه‌گیایه‌ی به‌ربه‌یان ده‌چوو که هێشتا ئاونگی پێوه‌یه. ئه‌و شیعره‌ی هه‌رچه‌نده کوردی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه هان ده‌دا، وه‌لێ هیچ ڕه‌خنه‌گرێکی ویژدانزیندوو، ناتوانێت له خانه‌ی دروشمبازی و ڕاسته‌وخۆییدا جێی بکاته‌وه. ساڵێک به‌سه‌ر نوقڵانه لێدانه‌که‌ی (سامی)دا تێناپه‌ڕیت، شۆڕش سه‌رله‌نوێ هه‌ڵده‌گێرسێته‌وه و شازده ساڵێک داوتریش له به‌هاری 1991 دا، ڕه‌شه‌با که مه‌به‌ستی ڕاپه‌ڕینه، به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی ده‌گرێته‌وه.
ڕه‌نگه هیچ شاعیرێکی کورد وه‌ک سامی شۆڕش، که هه‌ر شیعرێکی جوانی هێنده‌ی ڕووداویکی گرنگ ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، بێفیزانه باسی ئه‌زموونی شیعری خۆی نه‌کردبێت: (شیعر لای من هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه، به نیوه‌چڵی له دایک بوو، که له دایک بوو، حیزبایه‌تی ده‌ستی خستبووه بینه‌قاقای، بۆیه زۆر نه‌ژیا.) ڕاستگۆیییه‌کیش له شیعری سامی شۆڕشدا هه‌یه، هه‌ر زوو (خوێنه‌ری دووڕوو)(23) بێزار ده‌کات، ئاخر له (شاڕل بودلێر)ه‌وه فێر بووبوو، به گژ ئه‌وانه‌دا بچێته‌وه که له به‌خشینه‌وه‌ی ڕکوکینه‌دا هه‌ست به شادی و له سووکایه‌تی به‌م و به‌و کردندا، هه‌ست به شکۆمه‌ندی ده‌که‌ن. سامی شۆڕش مرد، وه‌لێ مه‌رگ کۆتاییی بوونی ئه‌و نییه، ئاخر ئه‌و وه‌ک هاوڕێیه‌ک ده‌یڕوانییه مه‌رگ و لێی نه‌ده‌ترسا، ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و جوان بژین، مه‌رگ قه‌ت ناپاکییان لێ ناکات. ئه‌و له ژیان ده‌ترسا، نه‌ک له مه‌رگ، ئه‌و وه‌ک جان کۆکتۆ زه‌نده‌قی له ژیانێکی پووچ و بێ مانا چووبوو.
مه‌حموود ده‌وریش که یه‌که‌مین نه‌شته‌رگه‌ریی دڵی به سه‌رکوتوویی بۆ ده‌کرێت، دواتر به شیعرێک که ناوی لێ ده‌نێت: (في حضرة الغیاب،) ئه‌و ئه‌زموونه‌ی خۆی که سه‌ردانێکه بۆ لای مه‌رگ، ده‌گێڕێته‌وه. سامی شۆرشیش که 24/ 11/ 1987 سه‌روه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی، له گوندی (سێروان)ی ناوچه‌ی مه‌رگه، به ده‌ستی به‌عس ژارخواردوو ده‌کرێت، له لێواری قه‌وره‌وه، به‌سه‌ر باڵی هه‌وره‌وه، بۆ ناو ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه و چالاکانه ده‌ست به نووسین ده‌کاته‌وه، جێی حه‌سره‌ته ئێستا ئیدی دڵی لێ نادات و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی چی تر ناحیلێنێت، هه‌رچه‌نده زۆر قسه‌ی پێ مابوو، قسه‌گه‌لی زێڕین، که شیاوی ئه‌وه بوون، ئێمه به ڕێزه‌وه، گوێیان بۆ ڕادێرین.
26/ 12/ 2010
(1) سامی شۆڕش، شۆڕه‌سوارێکی ئاشق، ژماره (136)ی هاوکاری، 30/ 9/ 1972 به‌غدا.
(2) سامی شۆڕش، سه‌رنجێک له ڕوواڵه‌تی شیعری تازه، ژماره (6)ی هاوکاری، مایسی 1972 به‌غدا.
(3) د. عیززه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوول، شیعره‌کانی ئه‌م ژماره‌یه و چه‌ند سه‌رنجێک، به‌یان، ل44 ژماره (8)ی سالی 1973 به‌غدا.
(4) حسن مخافي، تحولات القصیدة المغربیة في الثمانینات.
(5) ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لووله‌ی تفه‌نگه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، به عه‌ره‌بی ده‌بووه: (السلطة السیاسیة تنبع من فوهة البندقیة) که گوته‌ی (ما‌و) بوو.
(6) سامی شۆڕش، ده‌نگی خوێن، ڕوانگه، ژماره(3) ساڵی 1972
(7) ئه‌رسه‌لان بایز، شیعر له به‌شی کوردی‌دا، ژماره (144)ی هاوکاری 1/ 12/ 1972 به‌غدا.
(8) سروودێک بۆ فیدل، شیعری گیڤارا، وه‌رگێرانی سامی شۆڕش، ژماره (143) ی هاوکاری 24/ 11/ 1972 به‌غدا.
(9) گۆرانیی شۆڕش، ڤیرۆنیکا ساسۆت، و. سامی شۆڕش، ژماره (155) ی، هاوکاری 12/ 1/ 1973 به‌غدا.
(10) شیعری ڤێتنامی، و. سامی شۆڕش، ژماره (152)ی هاوکاری 2/ 2/ 1973 به‌غدا.
(11) گۆرانییه‌کی ساکار ده‌رباره‌ی خاچی سوور، شیعری مه‌حموود ده‌رویش، و. سامی شۆڕش، ژماره (133) ی هاوکاری 9/ 9/ 1971 به‌غدا.
(12) داحو أسیة، الإیقاع المعنوي في الصورة الشعریة محمود درویش نموذجا.
(13) معن الطائي، میلر یلامس هموم الناس، 1 نوفمبر 2010 الإتحاد الثقافي.
(14) سامی شۆڕش، ده‌ست، ڕۆشنبیری نوێ، 21/ 10/ 1974 ژماره (10)
(15) عبدالقادر الجنابي، خوسیه باتشیکو، نحو إعادة تعریف کلمة شعر، 5 یونیو 2010 إیلاف.
(16) عه‌بدوڵڵا په‌شێو، پشت له نه‌وا و ڕوو له کڕێوه، ل233 چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده 2006 هه‌ولێر.
(17) بریا له‌بری (ڕاخات،) (هه‌ڵدات)ی نووسیبا، ئاخر ڕایه‌خ ڕاده‌خرێت، ڕه‌شماڵ هه‌ڵده‌درێت.
(18) سامی شۆڕش، کۆشیعری هه‌ڵسانه‌وه، ل42 ده‌زگای ئاراس 2004 هه‌ولێر.
(19) سامی شۆڕش، زه‌بری هۆنراوه و کاره‌ساتی وشکبوونه‌وه، ژماره(44) ی هاوکاری 4/12/1971 به‌غدا.
(20) ئه‌نوه‌ر قادر مه‌حه‌ممه‌د، زریان، ل15 کۆڕی زانیاری کورد 1978 به‌غدا. (به‌یان، ژماره (8)ی سالی 1973 به‌غدا.)
(21) سامی شۆڕش، کۆشیعری هه‌ڵسانه‌وه، ل30 ده‌زگای ئاراس 2004 هه‌ولێر.
(22) حمزة کوتی و أحمد الحیدري، مقدمة للشعر الإیرانی المعاصر.
(23) ده‌ربڕینی بودلێره.
(*) له ڕوانگه‌ی (نه‌وزاد ره‌فعه‌ت)ه‌وه، ئه‌و شیعره (کاریگه‌ریه‌تییه‌کی زۆری، داڕشتنی هونه‌ری و ته‌کنیکی بڵند حه‌یده‌ریی له‌سه‌ره.) نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت، أغاني الحارس المتعب یا زامێکی بێ‌دار له سایه‌ی چه‌قۆدا، ژماره (155)ی هاوکاری 23/ 2/ 1973 به‌غدا.