به‌داخه‌وه نه‌كرا له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر قاوه‌یه‌ك بخۆینه‌وه
September 15, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ره‌زا خوجه‌سته ره‌حیمی
وه‌رگێڕ : سەنگەر شنۆیی
هاتنی ئه‌ندێشه‌كانی پۆپه‌ر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریمی سروشبهراستی عه‌بدولكه‌ریمی سروش شه‌رمه‌زاری كردم، كاتێك بۆی باس كردم بۆ ناردنی فاكسی ده‌قی دیمانه‌كه‌ی نێوانمان چه‌ندین كاتژمێر له شه‌قامه‌كانی واشنتۆندا سورِاوه و له‌و دوكان بۆ ئه‌و دوكان رۆیشتووه تاكو ئه‌و ده‌قه به فاكس بنێرێ، له ئاكامدا به وته‌ی خۆی به‌ناكامی گه‌رِاوه‌ته‌وه‌و نه‌یتوانیوه فاكسه‌كه بنێرێ. كه‌وایه رێگایه‌ك نه‌ما جگه له‌وه‌ی دیمانه‌كه به ته‌له‌فۆن ئه‌نجام بده‌ین و ئه‌و كاره‌شی زۆر له‌سه‌ره‌خۆیی ئه‌نجامدا. ده‌ڵێم " ببووره ئازارم دای" ئه‌و ده‌ڵێت " ئیدی كاری دونیا وایه" دیمانه‌كه‌مان له ساڵوه‌گه‌ری مه‌رگی پۆپه‌ردا به باسكردنی رێكه‌وتی ئاشنایه‌تی سروش له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌یلسووفه نه‌مساوییه ده‌ست پێكرد و زیاتری دیمانه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره بوو نه‌ك شیكردنه‌وه‌ی دیدگاكانی پۆپه‌ر. سروش بۆ یه‌كه‌مینجار به‌سه‌رهاتی كه‌وتنه ژێركاریگه‌ری پۆپه‌ر ده‌گێرێته‌وه.
· با له ئاشنایه‌تیتان به پۆپه‌ره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی ژنت هێنا و چوویه به‌ریتانیا و پاشان له زانكۆی له‌نده‌ن له كۆلیژی چێلسی، درێژه‌ت به خوێندنی كیمیا و فه‌لسه‌فه‌ی زانست دا، ئایا ده‌ستپێكی ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ پوپه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گه‌رِێته‌وه یان پێشووتریش ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه؟
- راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه هاتم بۆ به‌ریتانیا بۆ خوێندن له‌به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانست، به دوای كتێبێكی فه‌لسه‌فیدا ده‌گه‌رِام كه بۆ به‌هێزكردنی زمان بیخوێنمه‌وه هه‌ر له‌و كاته‌شدا له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاواش ئاشنابم. به رێكه‌وتێكی باش كتێبێكی زۆر باشی (جان پاسمۆر)م به‌ناوی (سه‌د ساڵ فه‌لسه‌فه) وه‌گیركه‌وت و خوێندمه‌وه. ئه‌و كتێبه تایبه‌ته به بیروهزری فه‌یله‌سووفان، كه له"فێرگه"وه ده‌ستپێده‌كات و پاشان ده‌گاته "رایل و مۆر و راسل و وایته‌هود" و دواتر به "ویتگنشتاین" كۆتایی دێت. له‌و كتێبه‌دا بوو كه له‌گه‌ڵ هزری پۆپه‌ر ئاشنابووم، له‌و كتێبه‌دا زۆر به كورتی باسی پۆپه‌ری كردبوو، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ من بۆ یه‌كه‌مین جار له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سوفه وه‌ك "پوچگه‌رایی" ئاشنابووم, كاتێكیش بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و باسه چوومه به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانستی كۆلیژی چێلسی، سه‌رۆكی به‌ش پرۆفیسۆر "په‌ست" لێی پرسیم كه ئایا شتێكت له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زانست بیستووه یان هیچی لێ ده‌زانی؟ من ئه‌وكات ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پۆپه‌رم ده‌زانی باسم كرد، هه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌ی "پوچگه‌رایی" كه ئه‌وكات ئه‌وه‌نده‌م لێنه‌دزانی باسم كرد، دواتر كه له‌و زانكۆیه درێژه‌م به خوێندندا و بوومه خوێندكار، یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه زۆرتر باسی لێوه ده‌كرا "كارێل پۆپه‌ر" بوو، ئه‌وه‌ی جێگای تێرِامان بوو، هێنده له‌مێژ نه‌بوو كه "پۆپه‌ر" له خوێندنگه‌یه‌ك كه چه‌ند شه‌قامێك له كۆلیژه‌كه‌ی ئێمه دوور بوو واته خوێندنگه‌ی " LSE" وانه‌ی ده‌گوته‌وه. به‌ڵام كاتێك من چوومه به‌ریتانیا "كارێل پۆپه‌ر" خانه‌نشین بوو و وازی له وانه گوتنه‌وه هێنابوو، له شارۆچكه‌یه‌كی نزیكی له‌نده‌ن ده‌ژیا.
· ئاماژه‌ت به كتێبێك كرد كه له‌و كتێبه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار به‌ناوی "پۆپه‌ر" ئاشنابوو، ده‌كرێ بڵێن ساڵی چه‌ند بوو؟
- ساڵی 1973 بوو، كتێبه‌كه‌م له كتێبفرۆشییه‌ك كرِی، به‌ڵام به‌بیرم نایه به هه‌ڵكه‌وت كرِیم، یان له‌سه‌ر پێشنیاری دۆستێك كرِیم. پاشان بیستم كه به‌رِێز "مه‌عسومی هه‌مه‌دانی" خه‌ریكی وه‌رگێرِانی ئه‌و كتێبه‌یه، هه‌رچه‌نده بیستوومه كه ئێستا وازی له وه‌رگێرِانه‌كه هێناوه.
· به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، روانگه‌یه‌كی نوێت به‌رامبه‌ر پۆپه‌ر به‌ده‌ست هێنا، به واته‌یه‌كی دیكه بڵێین ناوی پۆپه‌ر له‌لات به‌رجه‌سته بوو؟
- راسته، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ناوی پۆپه‌ر به وته‌ی به‌رِێزتان له‌و كاته‌وه له زه‌ینی مندا به‌رجه‌سته‌بوو.. ئیده‌ی "پوچگه‌رایی" له‌لای من جێگای تایبه‌تی كرده‌وه، هه‌ستم كرد كه بۆچوونێكی جیاوازه له‌وه‌ی كه تا ئێستا بیستوومه و جێگای تێرِامانه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له بۆچوونه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كانی پۆپه‌ر شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆم نه‌بوو، خوێندنه‌وه‌ی من له‌سه‌ر پۆپه‌ر، فه‌لسه‌فه زانستی و ئه‌زموونییه‌كه‌ی بوو، نه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی.
· له‌و سه‌روبه‌ندیدا كتێبی "هه‌ژاری مێژوویی" پوپه‌ر كه به فارسی وه‌رگێرِدرابوو نه‌تخوێندبۆوه؟
- نا، نه‌مخوێندبۆوه، دوای شۆرِشی ئیسلامی كه گه‌رِامه‌وه ئێران وه‌رگێرِانه‌كه‌م خوێنده‌وه، له راستیدا وه‌رگێرِانه‌كه زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، كه‌س تێی نه‌ده‌گه‌یشت، ده‌زانم به خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگێرِانی ئه‌و كتێبه به فارسی، هیچ كه‌سێك له فه‌لسه‌فه‌ی پۆپه‌ر نه‌گه‌یشت. جارێكیان به قوتابیانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو له ئێران‌دا پێشنیارم كرد ئه‌و كتێبه بخوێننه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان بوومه‌وه، ئیدی قه‌ت پێشنیارم نه‌كرده‌وه، چونكه پێموابوو خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگێرِانی ئه‌و كتێبه ته‌نیا كات به فیرِۆدانه.
· ئایا پێش ئه‌وه كتێبی "چاكسازی یان شۆرِش" كه كۆكراوه‌ی چه‌ندین دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر و ماركۆزه وه‌رگێرِانه‌كه‌ش له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی "خواره‌زمی" چاپی كراوه، نه‌تخوێندبۆوه؟
- نا ئه‌و كتێبه‌م نه‌دیت و نه‌خوێندمه‌وه، ئاشنایی من له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر به‌گشتی بۆ به‌ریتانیا ده‌گه‌رِێته‌وه، به‌رله‌ویش هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا له رێگای كتێبه‌كه‌ی "جان پاسمۆر"ه‌وه بوو.
· له به‌ریتانیادا زیاتر به دوای بیروهزر پۆپه‌ر و نزیكبوونه‌وه له پوپه‌ردا نه‌گه‌رِای؟
- نا، ته‌نانه‌ت نه‌متوانی له كۆرِێكی ئه‌ویشدا به‌شداری بكه‌م. چونكه ئه‌و كه‌متر ده‌هاته له‌نده‌ن، له مامۆستایه‌كم بیست كه پۆپه‌ر گله‌یی له هاوكارانی خۆی هه‌یه و لێیان ره‌نجاوه و ته‌نانه‌ت گوتویه‌تی "من قه‌ت ناگه‌رِێمه‌وه زانكۆكه‌ی پێشووم، چونكه له‌وێدا له پشته‌وه‌را خه‌نجه‌ریان لێدام" نازانم كه له‌وێدا له‌نێوان ئه‌و و مامۆستاكانی دیكه چ رووی‌دابوو و پۆپه‌ر له‌به‌رچی دڵی ره‌نجابوو، به‌ڵام له هه‌موو ئه‌و ماوانه‌ی كه له زانكۆی "چێلسی" بووم پۆپه‌ر هیچ كاتێك له "LSE" كه شوێنی سه‌ره‌كی بوو هه‌روه‌ها له كۆلیژی چێلسی، وتارێكی پێشكه‌ش نه‌كرد، من قه‌ت پۆپه‌رم نه‌دی. گه‌ر من ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر ئاشنام بۆ ئه‌وه‌ی نییه كه پۆپه‌رم زۆر دیوه، بگره له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له زانكۆكه‌ی ئێمه زۆر له‌باره‌ی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ره‌وه باس و موناقه‌شه ده‌كرا. هه‌موو ساڵێك دوو یا سێ كتێبی ره‌خنه‌گرانه یان له ته‌ئیدكردنی كردنی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر چاپ ده‌كرا. جگه له پۆپه‌ر، "لاكاتوش" كه قوتابییه‌كی پۆپه‌ر بوو و فه‌لسه‌فه زانستییه‌كه‌ی درێژه‌ده‌ری فه‌لسه‌فه‌ی پۆپه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر باسی لێوه‌ده‌كرا. به‌ڵام پۆپه‌ر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بوو. ئه‌و كاته هه‌ر كه‌سێك باسی له فه‌لسه‌فه‌ی زانست كردبا، یا ته‌ئیدی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ری ده‌كرد، یان ره‌خنه‌ی لێده‌گرت و هه‌ڵوێستی وه‌رده‌گرت. هه‌ركه‌سێك بۆچوونێكی له فه‌لسفه‌ی زانست هه‌با، به‌راوردی ده‌كرد به بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر. ئه‌وانه هه‌موویان تایبه‌ت بوون به فه‌لسه‌فه‌ی زانست، پاشان بۆخۆم به‌هۆی ئۆگری تایبه‌تیم و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه چوومه مه‌یدانی فه‌له‌سه‌فه‌ی مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی ئایینه‌وه، له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی دیكه‌ی پۆپه‌ریش ئاشنابووم.
· به هه‌ند وه‌رگرتنی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ته‌نیا تایبه‌ت بوو به كۆمه‌ڵگه‌ی فیكری به‌ریتانیا، یان له هه‌موو جیهاندا وابوو؟
- پۆپه‌ر زۆر به جیدی له به‌ریتانیا باسی لێوه‌ده‌كرا، له گۆڤاره زانستییه‌كاندا بۆچوونه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بڵاوده‌كرانه‌وه. من هێشتاش زۆر له‌و گۆڤارانه‌م ماون. مامۆستایه‌كم ده‌یگوت كه فه‌لسه‌فه‌ی زانست له به‌ریتانیا له ژێر كاریگه‌ری دوو كه‌سدایه، پیاو و ژنێك، "كارل پۆپه‌ر" و "ماری هێسه" (mary hesse)، به‌ڵام له ئه‌مه‌ریكادا وانه‌بوو، له‌وێ زۆر گرنگی به "تامس كوهه‌ن" ده‌درا. له ساڵی 1977 كه سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكام كرد، بۆم ده‌ركه‌وت كه له‌وێ به‌رهه‌مه‌كانی "تامیس كۆهه‌ن" زیاتر ده‌خوێندرێنه‌وه تا به‌رهه‌مه‌كانی پۆپه‌ر. به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی پۆپه‌ر بۆ سه‌ر زمانه‌كانی دیكه وه‌رگێرِدرابوون، ئاشنابوون به فه‌لسه‌فه‌ی پۆپه‌ر بۆ قوتابیانی فه‌لسه‌فه‌ی زانست زۆر گرنگ بوو. نه‌ده‌كرا فه‌لسه‌فه‌ی زانست بخوێنی و به‌رهه‌مه‌كانی پۆپه‌ر نه‌خوێنیه‌وه و له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه وتارێكی زانستی نه‌نووسی. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه‌ش نه‌بوو كه فه‌لسه‌فه‌ی پۆپه‌ر وه‌ك ته‌مومژێك به‌سه‌ر رۆژئاوادا كشابوو، وه‌ك یه‌كێك له نه‌یارانی پۆپه‌ر وای گوتووه.
· ئایا به گرنگ گرتنی پۆپه‌ر له‌وكاته‌دا له به‌ریتانیا هه‌ر بۆ بۆچوونه‌كانی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زانست ده‌گه‌رِێته‌وه یان بیرۆكه‌كانی له‌باری سیاسییه‌وه‌ش به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرا. یا باس له "پوچگه‌رایی" بوو به‌هۆی ناوبانگ ده‌ركردنی پۆپه‌ر، یان وتاره‌كانی له‌سه‌ر ماركسیسم و فاشیسم و دوژمنانی ئازادی؟
- هه‌ردووكیان پێكه‌وه. ئێمه دوو پۆپه‌رمان هه‌یه، پۆپه‌رێك له فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا و پۆپه‌رێك له فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. پله‌وپایه‌ی پۆپه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا دیاره و گرنگه و ئه‌و له‌و باره‌دا شوێنێكی به‌رزی هه‌یه و له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا ناوی ئه‌و هه‌ر به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و تێكه‌ڵاوێك بوو له له "هیوم و كانت" هه‌ڵبه‌ته به ئه‌زموون و زانستێكی زیاتره‌وه. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌ته‌كه‌شی بێگومان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه. كتێبی "كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه"ی ئه‌و كه پاش شه‌رِی جیهانی دووه‌م بڵاوكرایه‌وه، له‌لایه‌ن فه‌یله‌سووفه‌كانی وه‌ك "گیلبرت رایل و برتێراند راسل" به چاوی رێزه‌وه سه‌یرده‌كرا. "راسێل" له خۆرِا په‌سه‌ندی هیچ كه‌سێك ناكا، له‌باره‌ی ئه‌وكتێبه‌وه نووسیویه‌تی "هه‌ر دێرِێك له‌و كتێبه شتێكمان فێرده‌كات". كتێبه‌كه زۆر به زوویی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای به‌ریتانیاوه پێشوازی لێكرا، به خێرایی بۆ سه‌ر زمانه‌كانی دیكه وه‌رگێرِدرایه‌وه. ئه‌و كتێبه له‌به‌ر ئه‌وه به هه‌ند وه‌رگیرا كه باسی له ئازارێك ده‌كرد. پۆپه‌ر له‌و كتێبه‌دا باس له‌وه ده‌كات كه چۆن ئه‌و ئایدۆلۆژیانه‌ی كه به‌ڵێنی گه‌یشتن به به‌به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی به مرۆڤ ده‌ده‌ن، له جیهانی راستیدا دۆزه‌خێك له‌سه‌ر زه‌وی دروست ده‌كه‌ن. به‌به‌ڵگه‌ی مێژوویی و سیاسییه‌وه زانستییانه ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێ. لێره‌دایه كه ئه‌و ده‌ڵێت "له سیاسه‌ت و پزیشكیدا هه‌ركه‌سێك به‌ڵێنی زۆری دا، تۆرِی و سه‌رسه‌رییه". له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه به وته‌ی یه‌كێك له ره‌خنه‌گرانی كتێبی "كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه"، پۆپه‌ر خاڵه لاوازه‌كانی ماركسیزمی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه، بگره په‌لاماری خاڵه به‌هێزه‌كانی داوه. پۆپه‌ر له ماركس قاره‌مانێكی دروست نه‌كردووه پاشان به زه‌ویدا بدا، ماركسی له به‌هێزی دا دیوه و ره‌خنه‌ی لێگرتووه و هه‌ر له‌وكاته‌شدا خاڵه باشه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزمیشی په‌سه‌ند كردووه. له باره‌ی ململانێی پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ ماركسیزم له‌و كتێبه‌دا هه‌ر ئه‌و قسه‌یه ده‌ڵێن كه له‌باره‌ی "غه‌زالی" وتراوه. ده‌ڵێن فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی پاش ره‌خنه‌كانی غه‌زالی، ئیدی قه‌ت خۆی نه‌گرتۆته‌وه. له رۆژئاواشدا ده‌ڵێن كه ماركسیزم پاش ره‌خنه‌كانی پۆپه‌ر له "كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و نه‌یارانی" ئیدی له‌وكۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خۆی نه‌گرته‌وه.
· باشه پیشینه‌ی ماركسیزمی پۆپه‌ر خاڵێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌كانی به هه‌ند وه‌ربگیرێن؟
- ره‌نگه، به‌هه‌ر هۆكارێك بێ له‌و كاته‌دا كتێبی "كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه"ی پۆپه‌ر كه ره‌خنه‌گرتن بوو له ماركسیزم له‌و سه‌رده‌مه‌دا به جیدی خوێندرایه‌وه و كاریگه‌رییه‌كی زۆریشی دانا. هه‌ر به‌وجۆره كه كتێبی "تاریكی له نیوه‌رِۆ"دای "ئارتۆر كوستله‌ر" له فه‌ره‌نسه كاریگه‌ری دانا و زه‌ربه‌یه‌كی جیدی له حزبی كۆمۆنیستی فه‌ره‌نسه‌دا.
· ئێوه چونكه پێشتر زه‌مینه‌ی ره‌خنه‌گرتن له ماركسیزم و حزبی توده‌ی ئێرانتان تێدابوو و هه‌ر به‌و هزره‌وه‌ش چوویه به‌ریتانیا و له‌وێ له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر ئاشنابووی كه به شێوه‌یه‌كی جیدی ره‌خنه‌ی له ماركسیزم گرتبوو، هه‌ر ئه‌وه نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رنجێكی تایبه‌تی به پۆپه‌ر بده‌ی ؟
- به‌ڵێ، راست وایه. چونكه من له ئێران‌دا فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیم له‌لای هه‌ندێك مامۆستا خوێندبوو و له ره‌خنه‌گرتن له ماركسیزم زیاتر بۆچوونه‌كانی به‌رِێز ته‌باته‌بایی و موته‌هه‌ریم دیتبوو، هه‌ر له‌وكاته‌دا هزری دژه ئیستالینی و دژه ماركسی له‌مندا چه‌كه‌ره‌ی كرد.
· ئایا ئاشنایتان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر و هاورِابوونی له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له ماركسیزم سه‌ره‌رِای لایه‌نی ئیسلامی، لایه‌نی لیبرالیشی هه‌یه؟
- من هیچ ترسێكم له لیبرالیسم نییه، به‌ڵام ره‌خنه‌كه‌ی من قوڵتره و جیدیتره له ره‌خنه‌یه‌كی ته‌نیا لیبرالی. واته له‌و سه‌رده‌میدا له‌و بیره‌دا نه‌بووم كه لیبرالیزم له شوێنی ماركسیزم دابنێم. ئه‌و كات ته‌نیا گرنگیم به تێكشكاندنی فه‌لسه‌فه‌ی ماركس ده‌دا. ئه‌وه‌ی له‌لای خوالێخۆشبووان ته‌باته‌بایی و موتوهه‌ری فێربووم زیاتر رووی فه‌له‌سه‌فی-لێكۆڵینه‌وه‌یی بوو كه رووی ئامانجه‌كه ته‌نیا بۆچوونه‌كانی ماركس و لایه‌نگرانی ئه‌و نه‌بوو، بگره زیاتر ئامانجی سه‌ره‌كی بۆچوونه‌كانی "دكتۆر ئه‌رانی" بوو. من ئه‌و كات هه‌ر به‌و ئاشنایه‌تییه‌ی هه‌مبوو پێموابوو كه نهێنی تێكشكانی ماركسیزم ده‌زانم، به‌ڵام دواتر چوومه دنیایه‌كی زۆر هه‌راوتره‌وه و ماركسم زۆر سه‌رنجراكێشتر له‌وه‌ی كه بیرم لێده‌كرده‌وه ناسی و به‌رهه‌مه‌كانیم خوێنده‌وه. ره‌خنه‌كانی پۆپه‌ریشم له‌سه‌ر ماركس به گرنگ ده‌گرت، ئا به‌مجۆره چوومه جیهانێكی دیكه‌وه، جیهانێك كه ته‌نیا به دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی ماركسیزم دا نه‌بوو، بگره جیهانێكی هزری و رۆشنبیری نوێ بوو. ئیدی بۆ من لایه‌نی ئایینی گرنگ نه‌بوو بگره لایه‌نی فه‌لسه‌فیشم بۆ گرنگ بوو، پێموابوو كه من ته‌نیا بینه‌رێكم كه سه‌یری موناقه‌شه و ململانێی پیاوانی مه‌زنی هزری ده‌كه‌م و له‌و سه‌یركردنه‌ش سوودێكی زۆرم پێگه‌یشت.
· ئاشنایتان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر و ره‌خنه‌كانی له‌سه‌ر ماركسیزم ئایا كاریگه‌ری له دیدگاكانی ئێوه سه‌باره‌ت به گۆرِانكارییه نێوخۆییه‌كانی ئێران‌دا هه‌بووه؟ حه‌ز ده‌كه‌م روانگه و هه‌ستی به‌رِێزتان له‌و كاتدا بزانم؟ پێتوابوو كه پۆپه‌ر له هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌و كاتی ئێران‌دا گرنگ بوو؟
- له‌راستیدا وام بیرنه‌كرده‌وه. ره‌نگه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی محه‌مه‌د ره‌زاشا نزیك ده‌بوومه‌وه و شۆرِشی ئیسلامی نزیكتر ده‌بۆوه، سه‌رنجی من به كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران زیاتر بوو، له‌و كاتدا بۆ من، تێگه‌یشتن و ناسینی ئیسلام گرنگ بوو، پێموابوو كه به تێگه‌یشتن له خاڵه لاوازه‌كانی ماركسیزم ده‌توانم خزمه‌تی ئه‌ندێشه و هزری ئیسلامی بكه‌م.ئاشنایی من له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر و ره‌خنه‌كانی ئه‌و له‌سه‌ر ماركسیزم هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا بۆ من ئه‌زموونێكی هزری و رۆشنبیری بوو، له‌و موناقشه هزریانه‌دا ده‌نگی ئه‌و شمشێرانه‌م ده‌بیست كه رۆشنبیران له یه‌كتریان ده‌كێشا و یه‌كێك ده‌كه‌وت و یه‌كێك هه‌ڵده‌ستایه‌وه و له‌و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی رۆشنبیراندا چێژم وه‌رده‌گرت. به‌تایبه‌تی "مه‌عریفه‌ناسی" ماركسیزم كه من له‌وه‌دا زۆر شاره‌زابووم، منی زۆر به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردبوو. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌كانی پۆپه‌ر له‌سه‌ر ئه‌فلاتۆن و هیگل زۆر به‌هێز بوو. به‌تایبه‌تی بۆچوونه زانستییه‌كانی "هێگل" كه به‌راستی جێگای ده‌ستخۆشی بوو، پۆپه‌ر باش له "هێگل" گه‌یشتبوو، هه‌ربۆیه له‌باره‌ی بۆچوونه زانستییه‌كانی هێگل ده‌ڵێت: هێگل وه‌ك سیحربازێك وایه كه له نێو ده‌ستماڵێكدا كۆترێك دێنێته‌ده‌ر و هه‌ڵیده‌فرِێنێ. ئه‌وكات تێگه‌یشتم ده‌ربرِینی بۆچوونی زانستی چه‌نده سه‌خته و قسه‌ی هاته‌ران پاته‌ران چه‌نده ئاسان.
· كه‌وایه ئێوه له‌و سه‌رده‌مدا وه‌ك پۆپه‌ر نه‌بوون كه به‌و مه‌به‌سته ره‌خنه له ماركسیزم بگرن كه هزری لیبرالی و ئازادیخوازانه‌تان هه‌بێ، بگره لایه‌نه ئاینییه‌كت بۆ گرنگ بوو، ره‌خنه‌كانی پۆپه‌ریش بۆیه بۆت گرنگ بوون كه له به‌رامبه‌ر ماركسیزم‌دا وه‌ستابوو، پۆپه‌ر و بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر له سه‌ر ماركسیزم وه‌ك ئامرازێك بوو بۆ لاوازكردنی ماركسیزم؟
- نا من به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه ئامرازێك به‌ده‌ست بێنم یان شیرێك بسووم، بۆلای پۆپه‌ر نه‌چووم. به‌ڵام هه‌ستم كرد كه پۆپه‌ر باشترین ئامرازه له‌ده‌ستی مندا بۆ به‌هێزكردنی ئه‌و ئه‌ندێشانه‌ی كه خۆم برِوام پێی بوو، هه‌روه‌ها بۆ لابردنی ئه‌و مه‌ترسیه‌ی كه ده‌هاتنه سه‌ر رێگام. له‌و كاتدا لیبرالیزمم بۆ گرنگ نه‌بوو، ئه‌وه‌ی له‌لام گرنگ بوو چه‌مكی ئازادی له فه‌لسه‌فه و زانست‌دا بوو.
· به‌هه‌رحاڵ پۆپه‌ر له ره‌خنه‌كانی به دژی ماركسیزم، ره‌خنه‌ی له یه‌كێك له ئه‌ندێشه ئایدیۆلۆژییه به‌هێزه‌كان گرتووه، پۆپه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و رایه سوور بوو، كه ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی بدا، خه‌ڵكانی تر به‌ره‌و دۆزه‌خ ده‌بات. ئه‌و به‌رگری له سیاسه‌تێكی ئازاد و لیبرالی ده‌كرد، ئێوه له‌وكاتدا پێده‌چێ ئه‌وه‌نده گرنگیت به‌و به‌شه له بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر نه‌ده‌دا، له گۆشه‌نیگای زانستییه‌وه و ره‌خنه‌كانی له‌سه‌ر ماركسیزم ده‌ترِوانییه پۆپه‌ر و له ئه‌ندێشه ئیسلامییه‌كاندا سوودت لێده‌بینی.
- به‌ڵێ هه‌ر راست وابوو.
· كه‌وایه هێشتا له‌گه‌ڵ گیانی سیاسی و ئازادیخوازانه‌ی هزره‌كانی پۆپه‌ر ئه‌وه‌نده نزیك نه‌بووی؟
- وایه، من هه‌ستم ده‌كرد كه ركابه‌رێكی به‌هێزی وه‌ك ماركس به‌ده‌ست قاره‌مانێكی وه‌ك پۆپه‌ر شكستی خواردووه، چونكه ئه‌و ركابه‌ره واته ماركس ركابه‌ری ئیسلامیش بوو، بۆ من زۆر گرنگ بوو. له به‌رِێزان ته‌باته‌بایی و موته‌هه‌ریم فێرببووم كه ماركس دوژمنی ئیسلامه و، ئێستاش خۆشحاڵ بووم كه منیش چه‌كێكم به‌ده‌ستهێناوه بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌یاره. تێگه‌یشتن له مانای وردی لیبرالیزم، پاش چه‌ندین ساڵ بۆم روون بۆوه له گه‌یشتن به‌و مانا دروسته‌ش خۆم به قه‌رزداری "پۆپه‌ر، ماركس، كانت هایك، راولز"...هتد ده‌زانم. ئازادیخوازی شتێكه و لیبرالیزم شتێكی دیكه. لیبرالیزم واته مه‌كته‌بی مافپاراستن، نه به‌ره‌ڵڵایی هه‌روه‌ك هه‌ندێك وایان له خه‌ڵك گه‌یاندووه. راستییه‌كه‌ی خۆشم بۆچوونی خۆم له‌و باره‌وه هه‌بووه.
· له چ سه‌رده‌مێك فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ر و گیانی لیبرالی ئه‌وت بۆ گرنگ بوو؟
- چوونه ناو جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی سایسی پۆپه‌ر ئه‌و كاته بوو كه یه‌كێك له مامۆستاكانم له به‌شی فه‌له‌سه‌فه‌ی چێلسی داوای لێكردم وتارێك له باره‌ی پۆپه‌ره‌وه بنووسم و منیش بۆ نووسینی ئه‌و وتاره سه‌یری كتێبی "كۆمه‌ڵگای كراوه"ی پۆپه‌رم كرد و وتارێكم له‌باره‌ی "خۆویستی "ئیستانسیالیسم" نووسی. ئه‌و راستییه ده‌زانی كه پۆپه‌ر له‌و برِوایه دایه كه باسی خۆ و زات له هیچ جێگایه‌ك په‌سه‌ند نییه و به‌تایبه‌ت له به‌شی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ناكرێ بڵێین كه دیموكراسی یا حكومه‌ت و سیاسه‌تی زاتی هه‌یه. یه‌كێك له خاڵه گرنگ و به نرخه‌كانی پۆپه‌ره ئه‌وه‌یه كه له‌بری زات و گه‌وهه‌ری شتێك، ده‌بێ چاوه‌رِانییه‌كان وه‌لاوه بنێین، بۆ نموونه ئێمه چ چاوه‌رِانییه‌كمان له دیموكراسی هه‌یه؟ من له‌و ده‌رگایه‌وه بوو هاتمه جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ره‌وه و پاشانیش وتارێكم خوێنده‌وه كه یه‌كێك له راڤه‌كارانی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر له ژێرسه‌ردێری "سیاسه‌ت به‌بێ زات" كه ئه‌و بابه‌ته‌ی روونده‌كرده‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ر له‌و كاتدا بۆ من ئازادی له زات و گه‌وهه‌ره‌كان بوو له زانست و له فه‌لسه‌فه‌دا.
· پوپه‌ر له‌و برِوایه دابوو كه هه‌ر ئه‌و خۆگه‌راییه له سیاسه‌تدا، دیموكراسی ده‌كاته دیكتاتۆری.
- بڵێ وایه، به برِوای پۆپه‌ر خۆگه‌رایی و به‌دوای خۆكه‌وتن، دیموكراسی به دژی خۆی هه‌ڵده‌گه‌رِێنێته‌وه، هه‌ربۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێین دیموكراسی چییه و تا رۆژی حه‌شر هه‌ر پێناسه و راڤه‌ی بكه‌ین، ده‌بێ باسی ئه‌وه بكه‌ین چ چاورِوانییه‌كمان له‌دیموكراسی هه‌یه، گه‌ر به هیچ ئاكامێك نه‌گه‌یشتنین ده‌بێ به‌دوای گۆرِان له زات و پێناسه‌ی ئه‌و دابین، بگره ده‌بێ به جۆرێكی دیكه سه‌یری سیاسه‌ت بكه‌ین كه ئامانجه‌كانمان بێنێته دی. دیدگاكانی پۆپه‌ر له‌باره‌ی دیموكراسی و ئامانجه‌كانی دیموكراسی، له ئێران‌دا بۆ هه‌مووان روون و ئاشكرایه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له دیموكراسیدا گرنگ نییه یه‌كێك بێنیه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بگره به ئاسانی دابه‌زاندنی یه‌كێكه له ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌یان قسه‌ی پۆپه‌ره و پاشان ئه‌و رسته‌یه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌ربرِیوه. "دیموكراسی شێوازی دابه‌زاندن و بردنه‌سه‌ر و ره‌خنه گرتن له ده‌سه‌ڵاتدارانه".
· ئاشنایتان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ر كه به‌پێی قۆناغ چووه پێش، ته‌واوكه‌ری دیدوبۆچوونه‌كانی پێشووی خۆت نه‌بوو، هه‌ستت به‌وه نه‌كرد كه كاتێك پۆپه‌رت ناسی، بۆشاییه‌ك له ناخت‌دا پرِ بۆوه، یان هه‌ستی دژایه‌تی له‌تۆدا پێكهات و ئه‌و هه‌سته‌ت هه‌بوو كه هاتنی ئه‌و دیدوبۆچوونه نوێیانه، هه‌ندێك له دیدگاسیاسییه‌كانی پێشووتانی خستۆته قه‌یرانه‌وه؟
- من له‌سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌ڵكشان و داكشانه‌دا نووسیومه كه سورِی گه‌شه‌كردنی مه‌عریفه، وه‌ك سورِی گه‌شه‌كردنی گه‌ردیله‌یه‌كی كیمیایی ده‌چێت، واته به‌و مانایه‌ی كه توخمێكی نوێ به گه‌ردیله‌كه‌وه زیاد ده‌بێ، گۆرِانكاری بنه‌رِه‌تی تێدا پێكدێ. كاری سه‌ره‌كی پۆپه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا، لێكۆڵینه‌وه له چۆنییه‌تی گه‌شه‌كردنی مه‌عریفه‌یه. خۆم بێگومانم كه ئه‌و كاته‌ی پۆپه‌رم ناسی بارستایه‌كی زانستی به زانینه‌كانی منه‌وه زیاد بوو و وه‌ك توخمه زیادیه‌كه‌ی گه‌ردیله كیمیاییه‌كه و گۆرِارِنكاری تێدا پێكهێنا. هه‌ندێك له‌و گۆرِانكارییانه بۆمن زۆر شاره‌زایانه بوو، تێگه‌یشتم كه چۆن پێكهاته‌ی كۆنی دیواری مه‌عریفه‌ی من ده‌رِمێت و كه‌رپوچی نوێ بۆ دانانی دیواری نوێ جێی ده‌گرێته‌وه. هه‌ندێكیش له‌و گۆرِانكارییه بۆ خۆشم هه‌ستم پێنه‌ده‌كرد.
· ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ر چ شتێكی له دیدگاكانی تۆ وه‌لاوه‌نا، هیچ وێنه‌یه‌كت له‌و گۆرِانكارییه هه‌یه یان نا؟
- به‌ڵێ دوو خاڵ له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ردا بۆم گرنگ بوو و گرنگه، یه‌كیان "چۆنییه‌تی حكومه‌ت كردن گرنگه نه ئه‌وه‌ی كه چ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتدار بێ". كه ئه‌وه‌یان پرسیاری ئه‌فلاتۆنه. دووهه‌میان ئه‌وه‌ی كه "كاتێك باران ده‌بارێ ئێمه سه‌یوانه هه‌ڵده‌گرین" نه ئه‌وه‌ی كه به دوای تێكدانی سیسته‌می دروستبوونی هه‌وروباراندا بگه‌رِێین. له‌و دوو خاڵه‌دا دونیایه‌ك مانا و چه‌مك شاردراوه‌ته‌وه. به‌ڵام كاریگه‌ری گه‌وره‌ی پۆپه‌ر له‌سه‌ر من ئه‌وه‌بوو كه " فه‌لسه‌فه‌ی وه‌سه‌ریه‌ك خستن چه‌نده ئاسانه و بێ نرخه و وته‌ی به نرخ و نه‌سته‌ق چه‌ند سه‌خته" هه‌ر له‌و كاته‌وه بوو كه قسه‌ی ناروون و تێكه‌ڵپێكه‌ڵ له‌به‌رچاوم كه‌وتن. نموونه‌كه‌شی هه‌ر ئه‌و به"رۆژئاوایی بوون"ه كه تاریكی له تاریكیدایه.
· به‌ر له پرسیاره‌كه‌م بۆچوونێكی خۆم سه‌باره‌ت به به‌رِێزتان ده‌ڵێم، داواتان لێده‌كه‌م له‌وباره‌وه بڵێن كه كه پێت وانییه عه‌بدولكه‌ریم سروش له به‌ریتانیادا و له‌كاتی خوێندنی كیمیا و فه‌لسه‌فه‌ی زانست له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر ئاشنا ده‌بێ و ئاشنایه‌تییه‌كه‌شی زیاتر په‌یوه‌ندی هه‌یه به فه‌لسه‌فه‌ی زانسته‌وه. پێموایه به ناسینێكی ته‌واو له پۆپه‌ری فه‌یلسوفی زانست گه‌رِایه‌وه ئێران، به‌ڵام ئه‌و كاته ئه‌وه‌نده گرنگیت به پۆپه‌ری فه‌یله‌سوفی سیاسی نه‌ده‌ده‌دا و به هه‌ندت وه‌رنه‌ده‌گرت، چونكه له‌و كاتدا سیاسه‌ت و نه‌بوونی ئازادی و پێویستی ئازادیت بۆ گرنگ نه‌بوو. له ساڵه‌كانی دواتر و به‌پێی تێپه‌رِینی كات و به ئه‌زموونی كرداری كۆماری ئیسلامی بوو كه سروش پاڵی پێوه‌ده‌ندرێ كه گرنگی به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ریش بدا. پێش ئه‌و كاته ره‌خنه‌گرتنی له ماركسیزم به چاوی ئایدیۆلۆژییه‌كی ركه‌به‌ر سه‌یرت ده‌كرت تا سیسته‌مێكی دیكتاتۆری و تاكلایه‌نه، له‌لایه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی زانستییه‌وه زیاتر ده‌یده‌نه به‌ر ره‌خنه تاكو له‌لایه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی سیاییه‌وه. گه‌ر پۆپه‌ر ده‌یگوت كه هه‌ندێك به‌ڵێنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ده‌ن و خه‌ڵكانی دیكه ره‌وانه‌ی دۆزه‌خ ده‌كه‌ن، ئێوه ئه‌وكات ئه‌و قسه‌یه پۆپه‌رتان ته‌نیا له به‌رامبه‌ر ماركسیزیمم دا ده‌دیت و پێت وانه‌بوو ئه‌و وته‌یه په‌یامێكی گه‌وره‌تر و به‌رفره‌تری له دژی ماركسیزیزم، ئه‌وه هه‌ر په‌یوه‌ندی به ماركسیزمه‌وه نییه. پێموایه به‌پێی هاتنی زنجیره‌ی رووداوه‌كان بوو كه ئێوه تێگه‌یشتنتان له پۆپه‌ر گشتگیر تر بوو، به‌و مانایه ئه‌و ساڵانه‌ی دوای شۆرِش تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ت به‌سه‌ر دیدگاكانی پێشووت له‌باره‌ی پوپه‌ره‌وه كرد، ئه‌و بۆچوونه‌ی من راسته؟
- به‌ڵێ، كه‌م و زۆر وابوو، رێژه‌ی ئاشنایه‌تی من له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر و ئه‌و گرنگیدانه‌ی به پۆپه‌رم ده‌دا هیچ گۆرِانێكی به‌سه‌ردا نه‌هات و خاڵی زۆر گرنگم له ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌و دا ده‌دیتن چ ئه‌و كاته‌ی له به‌ریتانیا بووم و چ ئه‌و كاته‌ی كه گه‌رِامه‌وه بۆ ئێران. كاتێك كه له ئێران هه‌ندێك كه‌س له‌سه‌ر پۆپه‌ر كردیانه كێشه و هه‌را، بۆ من زۆر جێگای سه‌رسورِمان بوو و من سه‌یرم ده‌كردن و هیچم نه‌ده‌گوت. ئێستاش بۆ من جێگای سه‌رسورِمانه، ده‌زانم كه ره‌خنه‌كانیان له‌سه‌ر پۆپه‌ر له روانگه‌ی فاشیستیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ تا له روانگه‌ی ئایینی و زانستییه‌وه. پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفێك بوو كه هه‌م بۆ ره‌خنه‌گرتن له ماركسیزم و هه‌م بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له گرێیه‌كانی مه‌نتیقی و فه‌لسه‌فی سوودیم لێبینی و هه‌م وانه‌ی وردبینی فێركردین و هه‌م لاوازی "پوزیتیویسم"ی سه‌نگ و سۆ كرد. هه‌م له شیكردنه‌وه‌ی زانست‌دا به توانا بوو، هه‌میش رووی راسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه‌بازانی وه‌ده‌رخست و هه‌میش له‌گه‌ڵ "میتافیزیا"ش ده‌گونجا. ره‌نگه مه‌به‌ستی پرسیاره‌كه‌ی جه‌نابتان ئه‌وه بێ كه ئه‌و كاتانه‌ی كه له ئێران‌دا ده‌ژیام و ئه‌زموونی سیاسیم وه‌سه‌ریه‌ك نا، قوڵایی مه‌به‌سته گرنگه‌كانی پۆپه‌رم بۆ ده‌ركه‌وت و پۆپه‌ر له‌لای من گه‌وره‌تر بوو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه خوێندبوومه‌وه كه ئایدیۆلۆژییه‌كان له‌بری به‌هه‌شت، دۆزه‌خ دروست ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچ كات به ئه‌زموون هه‌ستم پێنه‌كرد، كه‌چی دوای تێپه‌رِینی 15 ساڵ به‌سه‌ر شۆرِشدا ئه‌و وته گرنگه‌م بۆ ده‌ركه‌وت. به‌ڵێ راسته ده‌توانین بڵێین كه به‌پێی قۆناغ بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر له‌لام گرنگتر بوون له‌گه‌ڵ وته‌كانی له‌باره‌ی ئایدیۆلۆژیا و ئه‌ندێشه‌كانی نه‌هێشتنی ئازادی زیاتر ئاشنابووم. پێشتر ته‌نیا بۆ من زانیارییه‌ك بوون به‌ڵام دواتر به به‌رجه‌سته‌یی و به زیندووی هه‌ستم پێكرد. سه‌یر له‌وه‌دایه كه پۆپه‌ریش له‌ناو ئه‌و ئه‌زموونانه‌دا ژیابوو، پۆپه‌ر ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرد له ژیانی راسته‌قینه‌ی خۆیدا تاقیكردبۆوه و به چاوی خۆی دیتبووی. له‌لایه‌كی دیكه‌وه تێگه‌یشتم كه مه‌یدانی فه‌لسه‌فه له ئێران‌دا تا كوێ كه‌وتۆته ده‌ست كه‌سانێك كه حه‌ز ده‌كه‌ن له تاریكی و نه‌زانیدا بمێننه‌وه. نه پێناسه‌یه‌كی راست و دروست ده‌كه‌ن، نه به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه و نه ئاشنایه‌تیكیان له ئه‌ندیشه‌ی زانستی هه‌یه. پۆپه‌ر گوتویه‌تی كه یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی نه‌زانین كونكردن و سمینی وشه‌كانه به‌و مه‌به‌سته‌ی كه راسته‌قینه بدۆزنه‌وه. من له ئێران‌دا به چاوی خۆم بینیم كه هه‌ندێك له مامۆستایانی فه‌لسه‌فه جگه له قسه هیچی تریان نییه، گه‌ر وشه‌یان لێبستێنییه‌وه ده‌كه‌ونه ناو تاریكییه‌وه. پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفێكی زانا بوو، وه‌ك كانت.
· به‌رِێز دكتۆر سروش، ئایا ئه‌مرِۆش هه‌روه‌ك رابردوو پۆپه‌رتان له‌لا گرنگه و وه‌ك مامۆستا و رێنوێنی هزری خۆتانی داده‌نێن یان ئه‌وه‌ی كه ره‌خنه‌شتان له‌سه‌ری هه‌یه.
- پۆپه‌ر هیچ كاتێك بۆ من مامۆستا و شێخ نه‌بووه تاكو ئه‌مرِۆ هه‌بێ، له فه‌لسه‌فه‌دا شوێنی شێخ و مرید نییه، گه‌ر یه‌كێك وه‌ك وه‌ك مامۆستا و شێخی خۆم دابنێم، بێگومان مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی مامۆستامه. هیچ كه‌سێك به‌قه‌د ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی من دانه‌ناوه. راسته من گه‌لێك خاڵی باش و به‌سوود له پۆپه‌ره‌وه فێر بووم و هه‌ر له سه‌رتاوه له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌و ده‌گیران ئاشنابووم و خوێندبوومنه‌وه، كام فه‌یله‌سووف هه‌یه ره‌خنه‌ی لێنه‌گیرابێ و ره‌خنه‌ی لێنه‌گیرێ؟ به‌ڵام خاڵی باش و گرنگ له پۆپه‌ردا گه‌لێكن كه پێشتر ئاماژه‌م پێدان، بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و قسه‌یه كه له سیاسه‌تدا نابێ له پرسیاری ئه‌وه بكه‌ی " كه كێ ده‌سه‌ڵاتداره " بگره ده‌بێ له چۆنییه‌تی حكومه‌ت كردنه‌كه‌ی بپرسرێته‌وه. ئه‌وه‌یان وته‌یه‌كی زۆر گرنگ و به‌نرخه. هه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی كه هاورِێی خۆشه‌ویستم به‌رِێز مسته‌فای مه‌لكیان وه‌ك دروشمێكی رۆشنبیری باسی لێده‌كات و ده‌ڵێت و رۆشنبیری بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كان و ده‌رخستنی راستییه‌كان، ئه‌وه‌یان هی پۆپه‌ره. پۆپه‌ر له په‌راوێزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر كتێبی "كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه"دا ده‌نووسێ كه ئێمه ناتوانین چێژ و سوود ببه‌ینه سه‌رێ، كه‌وایه با ئازاره‌كان كه‌م كه‌ینه‌وه، ئه‌وه به‌مانای كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار دێت، ده‌رخستنی راستییه‌كانیش سه‌ره‌كیترین ئامۆژكارییه‌كانی پۆپه‌ره ئه‌و ده‌ڵێت كه ده‌بێ بۆ تێگه‌یشتن له راستی هه‌میشه هه‌وڵبده‌ین، هه‌رچه‌نده گه‌یشتن به راستیش به‌ته‌واوی نایه‌ته دی. ئه‌ندێشه‌كانی پۆپه‌ر ئه‌مرِۆكه له‌لایه‌ن توێژێكی زۆر له كۆمه‌ڵگای ئێمه جێگای په‌سه‌نده و سه‌رنجی پێده‌درێ.
· ئایا له‌و ساڵانه‌دا بیرت له‌وه‌كردۆته‌وه ره‌خنه له بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر بگری؟
- من هه‌م بۆچوونه‌كانی پۆپه‌رم به ده‌رس گوتۆته‌وه، هه‌م ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه‌له‌سه‌ر ئه‌و گیراون، ئه‌و پرسیاره له‌وانه بپرسه كه ته‌مه‌نێك خۆیان به هایدگه‌ره‌وه هه‌ڵده‌كێشا و هه‌رگیز ره‌خنه‌یه‌كیان لێنه‌ده‌گرت، ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ خاڵێك بكه‌م كه دڵنیایت پێببه‌خشێ، به‌راستی مه‌كته‌بی پۆپه‌ر، مه‌كته‌بێكی ره‌خنه‌گرانه‌یه و پۆپه‌ر به‌رگری له ره‌خنه‌ی دروست و ژیرانه ده‌كات، پۆپه‌ر ده‌ڵێت كه ئێمه له ره‌خنه‌وه ده‌رس فێرده‌بین. هه‌ربۆیه پۆپه‌ریش له‌سه‌رووی ره‌خنه‌وه نییه. پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه پێیان وایه نابێ ره‌خنه له "هایدگه‌ر" بگیرێ و وه‌ك پێغه‌مبه‌رێك سه‌یری ده‌كه‌ن. ئه‌و راستییه‌ش بڵێم كه كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نه‌یارانی پۆپه‌ر، ره‌خنه‌یان له پۆپه‌ر نه‌گرتووه، هه‌ر به‌راست به‌رهه‌مه‌كانیشیان نه‌خوێندوونه‌ته‌وه، بگره ته‌نیا قسه‌ی ناشیرین وسووكایه‌تیان له‌سه‌ر پۆپه‌ر گوتووه، ئه‌وه‌ش چه‌ند كردارێكی قێزه‌ونه كه بێی قسه‌ی سووك به فه‌یله‌سووفێك بڵێی، وه‌رن ره‌خنه له پۆپه‌ر بگرن. فه‌لسه‌فه‌كه‌ی تاوتوێ بكه‌ن. گه‌ر واتان كرد ماندوو نه‌بوونیتان پێ ده‌ڵێم. فه‌لسه‌فه له‌و ره‌خنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. باشه بۆ جوێن ده‌ده‌ن، بۆ ده‌ڵێن پۆپه‌ر نه‌زانی به‌سه‌ر فه‌له‌سه‌فه‌دا زاڵ كرد، خۆ ئه‌وه ره‌خنه‌گرتن نییه.
· له كۆتاییدا وه‌ك خاڵی كۆتایی ئاماژه به شتێك ده‌كه‌م كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له یه‌كێك له رۆژنامه‌كاندا هاتووه و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌رِێزتان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر دانیشتوون و قاوه‌تان خواردۆته‌وه، به‌ڵام به‌رِێزتان ده‌ڵێی كه پۆپه‌رتان قه‌ت نه‌دیوه، به‌راست قه‌ت به‌دوای پۆپه‌ر نه‌كه‌وتی یان نه‌چوویه‌ته‌سه‌ر گۆرِه‌كه‌ی؟
- یه‌كێك له ئۆگرییه‌كانی من له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌وه‌یه‌كه ده‌چم سه‌ری گۆرِی كه‌سایه‌تییه مێژووییه مه‌زنه‌كان. كه له هۆله‌ندا بووم زۆر گه‌رِام تا گۆرِی "ئیسپۆنزا"م دۆزیه‌وه. به‌دوای گۆرِی "ئاسموس"یش دا گه‌رِام، به‌ڵام تێگه‌یشتم كه له هۆله‌ندا نییه. له پاریس‌دا چوومه سه‌ر گۆرِی "دیكارت" له به‌رلینیش سه‌ردانی گۆرِی "فیتشه و هیگل"م كرد، به‌ڵام نه‌متوانی گۆرِی "كانت" بدۆزمه‌وه، دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه گۆرِه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لمانیایه. له له‌نده‌نیش چوومه سه‌ر گۆرِی ماركس. به‌ڵام نه‌متوانی گۆرِی "مارتین لۆته‌ر" بدۆزمه‌وه. له‌وباره‌وه شتێكتان بۆ بگێرِمه‌وه كه له ئه‌لمانیا بووم بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كم كرد، ناوی نه‌خۆشخانه‌كه "مارتین لۆته‌ر" بوو. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌م مارتین لۆته‌ر ناسی. ئه‌وه‌شم بۆیه باس كرد تاكو ئه‌وانه‌ی له دڵه‌وه هه‌ست به ناره‌حه‌تی ده‌كه‌ن كاتێك ناوی من له په‌نای ناوی لۆته‌ر ده‌بینن، بزانن كه په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ مارتین لۆته‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌نده بووه و به‌س!! باوه‌رِ بكه نازانم پۆپه‌ر له كوێ نێژراوه و نه گۆرِه‌كه‌یم دیوه و نه قاوه‌یه‌كیشم له‌گه‌ڵ خواردۆته‌وه، له وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سه‌ی كه وای بڵاوكردۆته‌وه كه گوایه من له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر قاوه‌م خواردۆته‌وه ده‌بێ بڵێم، ئه‌و كه‌سه نه ته‌نیاقسه‌ی راست نازانی، بگره نازانی درۆش بكات، به‌سه‌رهاتی ئه‌و كه‌سه وه‌ك ئه‌و گه‌مژه‌یه‌یه كه ده‌یویست پاره‌ی ته‌زویر چاپ بكات، به‌ڵام پاره‌یه‌كی حه‌فتا تمه‌نی چاپ كرد، نه‌یده‌زانی كه پاره‌ی حه‌فتا تمه‌نی هه‌ر قه‌ت چاپ نه‌كراوه و بوونی نییه. ره‌نگه رۆژێك دابێ گۆرِی پۆپه‌ر بدۆزمه‌وه و بچمه سه‌ر گۆرِه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌داخه‌وه مه‌جالی قاوه خواردن له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر ئیدی له‌ده‌ست چوو.
· هه‌ندێك له‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان له تۆ گرتووه ده‌ڵێن، بۆچی سروش ئه‌و كاته‌ی كه له ستادی شۆرِشی رۆشنبیری دابوو، بۆچوونه‌كانی فه‌یله‌سووفێكی دژه شۆرِشی وه‌ك پۆپه‌ر بڵاوده‌كرده‌وه، من كارم به‌وه نییه تا چه‌ند قسه‌كانیان راسته. به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێ به‌رِێزتان به قاڵبووه‌وه له‌ناو ئه‌ندێشه‌كانی پۆپه‌ردا هاتیه ناو ریزی شۆرِشه‌وه، هه‌رچه‌نده له‌و شۆرِشه سه‌راپا ئایدیۆلۆژییه‌دا بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر جێگای نه‌ده‌بۆوه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنانه‌ی له تۆ ده‌گیرێن راست بن، ده‌بێ بیری لێ بكرێته‌وه. به هه‌رحاڵ هه‌ندێك كه‌س ره‌نگه نیگه‌ران بن كه ئه‌ندێشه‌كانی پۆپه‌ر له‌ناو شۆرِش دا بڵاو بكرێنه‌وه، ئه‌وه مافی خۆیانه. ئه‌وه‌ی پۆپه‌ر له كۆمه‌ڵگای كراوه‌دا باسی ده‌كا، هه‌ر ره‌خنه گرتن نییه له ماركسیزم، سیسته‌می ماركسیزمی ته‌نیا ئامانجێكه و هه‌ربۆیه چاوپێداخشاندنه‌وه به دیدگاكانی پۆپه‌ر بۆ هه‌ندێك له دیدگاكانی كۆمه‌ڵگای ئێرانی، ده‌بێته مایه‌ی ده‌رده‌سه‌ری و وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێك له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه شۆرِشگێرِه‌كان سه‌یر ده‌كرا.
- ئاماژه‌تان به چه‌ندین خاڵ كرد، ئیزن بده با منیش باسی چه‌ند خاڵێكتان بۆ بكه‌م تاكو زیاتر روون بێته‌وه. سه‌رنج بده له‌و كاتدا ته‌نیا پۆپه‌ر نه‌بوو كه له‌گه‌ڵ شۆرِش نه ده‌گونجا، "كانت و هیگل"یش هه‌ر وابوو و هه‌روا زۆر فه‌یله‌سووفی دیكه‌ش.. به‌ڵام ناكرێ ده‌سته‌واژه‌ی دژه شۆرِش به مانا گشتگیرییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان دابندرێ. ئه‌وان شیكردنه‌وه‌یه‌كیان له كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ و نیزام و ئیداره هه‌یه كه به‌پێی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌وان زیانه‌كانی شۆرِش زیاترن له سووده‌كانی. پۆپه‌ر بۆیه دژی شۆرِش بوو كه شۆرِشه‌كان هه‌م نه‌ریت شكێنن و هه‌م هه‌ڵه‌كانیشیان پێ راست ناكرێته‌وه. پۆپه‌ر له كتێبی "گومان و پوچیه‌كان" وتارێكی زۆر به نرخی هه‌یه و روونی ده‌كاته‌وه‌كه گه‌ر ئێمه بمانهه‌وێ به شۆرِشكردن ته‌واوی نه‌ریته‌كان له‌ناو به‌رین، ئه‌وه شتێكی مه‌حاڵه. ئه‌وه تێگه‌یشتنی پۆپه‌ره له شۆرِش و شۆرِشی لینینی و ستالینی هه‌ر راست ئه‌و واتایه‌ی ده‌به‌خشی. واته هه‌ر ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه هه‌ور و باران ده‌ریا له‌ناوببردرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه باران نه‌بارێت. به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نییه كه پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ گشت شۆرِش و راپه‌رِینێك دژایه‌تی هه‌بێ و ئه‌وه‌ی له ئێرانیشدا روویدا راپه‌رِێنیكی جه‌ماوه‌ری و ئیسلامی بوو نه شۆرِشێك به‌مانای گشتییه‌وه. هه‌رگیز نه‌یده‌ویست گشت نه‌ریته‌كان تێك بشكێنێ، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی پۆپه‌ر ئاشنابووم هه‌ندێك له بۆچوونه‌كانیم لا په‌سه‌ند بوو. پۆپه‌ر قه‌ت دژی شۆرِش نه‌بووه‌و له فه‌له‌سه‌فه سیاسیه‌كه‌شیدا شتێكی وا هه‌ست پێناكرێ. ئه‌وانه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌یان ده‌دایه پاڵ پۆپه‌ر یان فه‌له‌سه‌فی سیاسی پۆپه‌ریان نه‌خوێندبۆوه یان رق و بێزارییه‌كانی له پۆپه‌ر هه‌بوو یان پێیان وابوو نازیسم و فاشیسم له‌گه‌ڵ شۆرِشگێرِی وه‌ك یه‌كن. پۆپه‌ر له وتاره‌كانی خۆیدا ده‌نووسێ كه زۆر و توندوتیژیش له هه‌ندێك حاڵه‌تدا پێویسته، ئه‌و پێیوانییه كه نابێ توندتیژی دژی زۆرداران به‌كار بهێنرێت. به‌ڵام به‌دژی ئه‌وه‌بوو كه یه‌كێك بڵێت به شه‌وێك هه‌موو نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رِوخێنین. چونكه‌هه‌ندێك له‌و نه‌ریتانه، كۆڵه‌گه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن و ده‌بێ بمێننه‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بكا ده‌بێ چاكسازیان تێدا ئه‌نجام بدرێ نه‌ك له‌ناو ببردرێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تۆ ده‌ڵێی هه‌ندێك له نه‌یارانی پۆپه‌ر بیریان له داهاتوو ده‌كرده‌وه و نیگه‌رانی داهاتوو بوون، ئه‌وانه ئه‌وه‌نده زۆر نه‌بوون، 2 كه‌س بوون، مامۆستایه‌كی مردوو و شاگردێكی زیندوو، له نووسراوه‌كانیشاندا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ چه‌شنه ئاشنایه‌تییه‌كیان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر نه‌بووه ، دژایه‌تی كردن له گه‌ڵ پۆپه‌ر ده‌بێ له روانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌یه كه لێره‌دا ناكرێ باسی بكه‌م سه‌یر بكرێ. به‌خۆشییه‌وه له‌و دواییانه‌دا له دانپێدانانێكی یه‌كێكیان به‌ته‌واوی ئه‌وه ده‌ركه‌وت كه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی هه‌ندێك كه‌س كه له ململانێی نێوان هایدگه‌ر و پۆپه‌ر قسه‌یان ده‌كرد، ده‌ركه‌وت كه ئه‌و ململانێیانه ته‌نیا كێشه‌یه‌كی سیاسی بووه. ته‌نیا بۆ گه‌یشتن بۆ ئامانجێكی تایبه‌ته و بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان له لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه بووه. هیچ كه‌س كاری به هایدگه‌ر نه‌بوو، ئه‌وان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ریش تێگه‌یشتووانه به‌ره‌و روو نه‌ده‌بوون، جارێكی دیكه‌ش دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه له نێوان من و پۆپه‌ر وشۆرِشی ئیسلامی‌دا ناته‌باییه‌ك نابینیم و بگره هه‌روه‌كو ئێوه ئاماژه‌تان پێدا، پاشان ره‌وتی رووداوه‌كان به جۆرێك چووه پێش كه گرنگی ئه‌ندێشه‌كانی پوپه‌ری ده‌رخست. من له ستادی شۆرِشی فه‌رهه‌نگی به‌دوای په‌ره‌پێدانی "ئازادی ئه‌كادیمی" بووم، ئه‌و ئازادییه ئه‌كادیمیه‌ش به‌شێك بوو له بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر. پۆپه‌ر له‌و برِوایه دابووكه نیشانه‌كانی ئازادی له كۆمه‌ڵگادا، له ئازادی زانسته‌وه ده‌رده‌كه‌وێ. من ئه‌گه‌ر له "ئازدی ئه‌كادیمی" به‌رگریم ده‌كرد، نه‌م ده‌ویست كه به دژی شۆرِش هه‌نگاو هه‌ڵێنمه‌وه. هه‌ر موسڵمان و ناموسڵمانێك ده‌یتوانی به‌رگری له ئازادی ئه‌كادیمی بكات و داهاتوو و چاره‌نووسی زانكۆكانمان بگۆرِێ.
· كه‌وایه هۆكاری دژایه‌تی كردنیان له‌گه‌ڵ پۆپه‌ر له‌و كاتدا بۆچی ده‌گه‌رِایه‌وه؟ هه‌ست به چ مه‌ترسییه‌ك ده‌كرا كه پۆپه‌ریان له‌گه‌ڵ "گوستاو لوبون" به‌راورد كردبا نه به جۆرێكی دیكه پۆپه‌ریان ناساندبا، هێنانه‌گۆرِی ناوی پۆپه‌ر، چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه؟
- ئه‌وانه‌ی كه دژایه‌تی پۆپه‌ریان ده‌كرد زۆر نه‌بوون، به‌و جۆره‌ش ن?