ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕۆڵ گێراندایە دژ بە تیرۆریستان

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕۆڵ گێراندایە دژ بە تیرۆریستان

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە هەر وڵاتێکدا لە ڕیزبەندی یەکەمدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە بە بێ بوونی سەقامگیری ئەمنی، سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی بە گشتی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە و هەموو شتەکان لە ئاراستەی ئاسایی خۆیان دەچنە دەرەوە؛ بۆیە سەقامگیری سیاسی و ئەمنیەت و ئارامی هۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی وڵات و بەرەو پێشفەچون و گەشەسەندنی و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

کەواتە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان لە هەموو ڕوویێکەوە بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە لەسەر ئاستی وڵاتاندا و مرۆڤایەتی بەگشتی و، عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەمڕۆ لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بەدەر نیە و نەبووە لە هەڕەشە و مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆریستان.

بۆیە تێکۆشانی بەردەوام پێویستە بۆ نەهێشتنی تیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا زەرورتێکی حاشا هەڵنەگرە و تا بێت بەرەی دژی بیر و هزری توندڕەویی بەرفراونتر و بەهێزتر بکرێت بۆ بنبرکردنی ئەم هەڕەشە گەورەیە کە بەروکی مرۆڤایەتی گرتووە بەگشتی و ناوچەکەمان بەتایبەتی.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەسەر ئاستی عێراقدا بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەمیشە لە ڕۆل گێراندایە. بۆ بەدواداچونی تیرۆریستان بە تایبەت سنورەکانی عێراق و هەرێم و پاراستنیان بۆ دزەنەکردنی تیرۆر بۆ ناو عێراق لە سوریاوە بە تایبەتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیویەتی.

هەتاکو ئێستاش تیرۆر هەرەشەیەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە بەگشتی؛ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەنجامیداوە لەم ماوەیە کە بووتە هۆی لەناوچوونی سامناکترین و ترسناکترین تیرۆریست لە عێراقدا، لە ڕاستیدا کارێکی زۆر مەزن و گەورەیە، هەرچەندە دەوڵەتی عێراق ئاماژەی بە ڕۆلی ئەنجومەنی هەرێم نەداوە!،

بەڵام ئەمرۆ لە سەردەمی گلوباڵ دا ڕاستیەکان ناشاردرێنەوە، ئەوەتا بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا «دوناڵد تڕەمپ» لە ماڵپەری تایبەتی خۆی ستایشی ڕۆلی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەکات لەم ڕووەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سیمایەکی شارستانی جوانتری هەرێمی کوردستان، وەک هەرێمی ناسراو بە دژەتیرۆر و ترۆریستان، پێشانی جیهان و جیهانیان دەدات، ئەو ئەمنیەت و ئارامیەی کە ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە لە سایەی کارمەندە قارەمانەکان و تێکۆشەرەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە؛ بۆیە بە شانازییەوە دەڵێم هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە.

Top