رۆژان كەریم مامۆستای ڕاهێنەری پەروەردەیی / سلێمانی : لە خوێندنی ئەهلیدا كەلتوور و زمانی كوردی ڕووی لە لاوازی كردووە

ئەگەر پێناسەیەكی سیستەمی پەروەردەیی بكەین، ئەوا سیستەمی پەروەردەیی واتە گەشەی دروستبوونی كەسێتی، مەبەستمان گەشەی كۆمەڵایەتی و ئابوورییە، بەو واتایەی ئەو كەسە بتوانێت لە پەروەردەی خێزانەوە دەست پێبكات تاوەكو زانكۆ، ئاشكرایە كە سیستەمی پەروەردەیی لە كوردستان بەپێی سیستەمی پەروەردەیی جیهانی دەڕوات، ئەمەش پێویستە لە هەر سەدەیەك بۆ سەدەیەكی دیكە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، ئەویش لە پێناو دەستەبەركردنی داواكاری و پێویستیی نەوەكان. هەروەها ئێمە بەدیلی دووەممان هەیە، پلانی بەدیلمان هەیە كە بتوانین سۆشیال میدیا و تەكنەلۆژیا بەكار بهێنین، كە هەر مامۆستایەك بۆ خۆی گرووپی هەبێت و لەگەڵ فێرخوازەكانی خۆیدا بتوانێت ئەو كەلێنە پڕ بكاتەوە و فێربوونەكە بگەیەنێت، هەرچەندە ئەو كەلێنە نابێتە هۆی ئەوەی بڵێین فێربوونەكە فەراهەم نابێت.
سەبارەت بە كوالێتیی خوێندنی كەرتی تایبەت و كەرتی حكومەت، ئەوا لەخوێندنی كەرتی ئەهلیدا كۆمەڵێك شت ڕەچاو كراوە، بۆ نموونە، دەستەبەری داهاتێكی كردووە بۆ كۆمەڵێك دەرچووی زانكۆ، كە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە كە ئەمە هاوكارییە بەوەی ئەم كەرتە هێزێكی كار بەكار بهێنێت، لەهەمان كاتدا ژینگەیەكی باشی خوڵقاندووە بۆ خوێندكاران و فێری چەندین زمان دەبن لەناو خوێندنگە ئەهلییەكاندا، بەڵام خۆ ئەگەر بەراوردێك بكەین لەنێوان هەردوو پەروەردەی ئەهلی و پەروەردەی حكوومی خەریكە بەلاڕێداچوون ڕوو دەدات، وەك ئەوەی تەنیا بزنێسێك بێت بۆ بەدەستهێنانی كڕیار و بەدەستهێنانی داهاتێكی زۆر كە فێربوونەكە بەلاڕێدا بڕوات، بۆ نموونە، كەلتووری خۆمان، یان زمانی كوردی كە زمانی دایكە ڕوو لە لاوازی دەكات لە خوێندنگا ئەهلییەكاندا، كە بەداخەوە دەبووایە ئەمە ڕەچاو بكرێت كە نەهێڵن ئەمە ڕووبدات.