دكتۆر لوقمان ڕەئووف مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی: لە جیهاندا لە كەرتی پەروەردە و خوێندن گۆڕانكاریی گەورە كراوە و ژیریی دەستكرد هاتووەتە پێشەوە، كەچی هێشتا ئێمە زۆر لە دواوەین

كەرتی پەروەردە و خوێندن لەهەرێمی كوردستاندا لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی ئەهلی جیاوازییان هەیە، هەرچی كەرتی خوێندنی ئەهلی هەیە، تا ڕاددەیەك توانیویەتی باش و جیاواز بێت لەڕووی مامۆستا و بینای قوتابخانەو ژمارەی قوتابی لەناو پۆلدا، بەڵام بەگشتی هەردوو شێوازی كەرتەكە و خوێندنەكە بەپێی قۆناغ و سەردەمەكە بەڕێوە ناچن و هەنگاو نانێن، كە لە ئێستادا لەجیهانی پێشكەوتوودا لە ڕێگەی تەكنەلۆژیا و سیستەمی نوێی هاوچەرخەوە پڕۆگرام و وانەكان دەوترێنەوە، هەرچی زانستە مرۆڤایەتییەكانیش هەیە تا بڵێی خراپە و لەگەڵ ئەو ڕەوتەی لەجیهاندا باوە هەنگاو نانێت و هەرگیز ناگونجێت، چونكە پەروەردە دەبێت مرۆڤ پێبگەیەنێت و دروستی بكات و زۆر پێویستە بزانرێت ئەو كارگەیەی كە ناوی پەروەردە و خوێندنە ئامێر و كەرەستەكانی چین و چۆنە و ئەوەی ئیشی تێدا دەكات، تا چەند ئامادەیە و بەرهەمەكەی لە ڕووی كوالێتی و ستانداردەوە تاچەند بەهێزە، لێرەدا دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین كە پەروەردەی ئێمە ئەوەی تێدا ڕەچاو نەكراوە، بەداخەوە لەناو پەروەردەی ئێمە، مامۆستا كە دەچێتە پۆلەوە، تەنیا مەبەستیەتی و دەیەوێت قوتابخانەكەی چۆڵ نەبێت، مامۆستاش بچێتە پۆلەوە ئیتر گرنگ نییە كە قوتابی فێر بكات یان نا، ئەوەی بەلای پەروەردە و مامۆستاكەوە گرنگە وانەكە بڵێتەوە، لە كاتێكدا وانەگوتنەوە جیاوازە لە فێركردن، بەم شێوازەی ئێستا فێرخواز پێناگات.
كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان خوێندنی ساڵی كردووەتە وەرزی (یەكەم و دووەم)، نابێت فەلسەفەكەی تەنیا زۆرترین وانە خوێندن بێت، لەكاتێكدا زۆرجار پێویست ناكات ئەو هەموو وانەیە بخوێندرێت، ئەم پێوەرە هەڵەیە و پێویستە وانە و پڕۆگرامەكان كەم بكرێنەوە و چالاكی بكرێت و قوتابی بیری خۆی بخاتەگەڕ و هەنگاو بەرەو بونیادنانی كەسێتی قوتابی و نەوەی داهاتوو بنێین. ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورە هاتووەتە پێشەوە ئەوەتا ژیریی دەستكرد هاتووەتە ناو پڕۆسەی ژیانەوە،كەچی هێشتا ئێمە زۆر لە دواوەین. خۆ ئێمە تەنیا لە تەكنەلۆژیادا لاواز نین، بەڵكو و سیستەمێكمان هەیە لە پەروەردە بەكار دەهێنرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا لە سنوورێكی دیاریكراوەوە سوودی لێوەردەگیرێت، ئەوەتا تا ئێستا مامۆستا لە سجلەوە تۆمارەكان دەنووسێتەوە، لە كاتێكدا ئێمە باسی حكومەتی ئەلكترۆنی دەكەین، كەچی لەسەر كاغەز كار دەكەین و نووسینەكانی لەسەر تۆمار دەكەین، جگە لەمەش دەیان كەموكووڕیی دیكە هەیە. هەرچی پەیوەندی بە خوێندنی قوتابخانەی ئەهلیشەوە هەیە، ڕاستە كۆمەڵێك فاكتەر و خاڵی باشی تێدایە، وەكو ئەوەی كە بینایەكی باش و گونجاویان بۆ خوێندن هەیە و، ژینگەیەكی باشیان تێدا ڕەخساندووە و كۆمەڵێك پڕۆگرامیان هەیە، بەدەر لەوەی حكومەت كە خۆیان چاپی دەكەن، بەڵام ئەمیش بێ كەموكووڕی نییە، هەرچەندە ئەگەر خوێندن و قوتابخانەی ئەهلی خراپ بێت، ئەوە دەبێت لەبیرمان بێت ئەم بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە سەرشانی وەزارەتی پەروەردە كە مۆڵەتی پێداون، دەبێت چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامیان بكات.