د. یوسف عوسمان پسپۆڕی دەروونزانی :   بایەخدان بە تواناداركردنی مامۆستایان و مەشق و ڕاهێنانیان بە بەردەوامی و سەركەوتن لەم ئاراستەیەدا گەورەترین شۆڕشە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا

د. یوسف عوسمان  پسپۆڕی دەروونزانی :     بایەخدان بە تواناداركردنی مامۆستایان و مەشق و ڕاهێنانیان بە بەردەوامی و سەركەوتن لەم ئاراستەیەدا گەورەترین شۆڕشە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا

 

 

د. یوسف عوسمان حەمەد، یەكێكە لە مامۆستا بەئەزموونەكانی كوردستان و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بواری دەروونزانی و ئەندامی لێژنەی دانانی پڕۆگرامی خوێندنە لە هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا»، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

بۆ قسەكردن لەسەر سیستم و پڕۆگرامی خوێندنی هەر وڵاتێك، بێگومان وەك دەڵێن قسەی گشتی زۆرن كە لەسەر ئەم بابەتە دەكرێن و، ئەو قسانە ناكرێت هەڵسەنگاندنی لەسەر بكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا قسەی جددییش هەیە و كەموكورتییش هەیە، كە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و ڕاشكاوانە قسەی لەسەر بكرێت و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كەموكورتییەكان بدۆزرێنەوە.

گرنگترین خاڵ لە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێركردن كە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە ڕۆڵی مامۆستایە لە ناو پۆلدا، لەسەر ئەم بنەمایە بۆچوونێك هەیە كە كۆی سیستمی پەروەردە پۆلێن دەكات بە «پڕۆگرامی خوێندن، مامۆستا، قوتابی» ئەمانە سێ كۆڵەگە گرنگەكەی هەر سیستمێكی پەروەردەن، ئەوی دیكەی بریتی دەبێت لە بینا و پێداویستییەكانی دیكەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.

وەك ئەزموونی كاری خۆم كە چەند ساڵێكە لەسەر پڕۆگرامی خوێندن كار دەكەم، هەوڵمان داوە گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا بكەین، بەڵام دەبێت ئەو گۆڕانكارییانەی دەیكەین جۆرێك هاوسەنگیی تێدا بێت. كە پڕۆگرامی خوێندن بریتییە لە دەقە نووسراوەكانی ناو كتێب، بینایەی قوتابخانە و پێداویستییەكان، كەرەستەی فێربوون، ژینگەی پۆل، بەڕێوەبردنی پۆل و كات، هۆیەكانی فێركردن و زیرەكیی دەستكرد، چالاكیی ناو پۆل و فێربوونی چالاك، ئەمانە هەمووی دەچێتە ژێر پێناسەی پڕۆگرامەكان، ئەگەر بمانەوێت چاكسازی لە بواری پڕۆگرامدا بكەین دەبێت ئەم بوارانە لە بەرچاو بگرین كە چۆن لە پۆلی خوێندن چالاك دەكرێن، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین بە پێی پێوەری زانستی پەروەردە گۆڕانكاری كراوە لە پڕۆگرامەكان.

بۆ سەردەمی ئێستا كە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد و (چات جی پی تی)یە، هەوڵمان داوە پڕۆگرام وەك دەق كەم بێت، بەڵام چالاكیی زیاتر لە خۆ بگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە قوتابی زۆر بە ئاسانی بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە دەتوانێت هەموو جۆرە دەقێكی دەست بكەوێت، بەڵام ناتوانێت چالاكی وەك پێویست ئەنجام بدات، بۆیە زیاتر بایەخمان بە چالاكییەكان داوە و هەوڵمان داوە ئەو چالاكییانە لە ناو پڕۆگرامەكەدا جێیان بۆ بكرێتەوە، هەروەها هەوڵمان داوە كە قوتابی فێری «فێربوونی چالاك» بكەین، كە بۆ ئەمڕۆ ئەو جۆرە فێربوونە زۆر گرنگە، هەروەها هەوڵمان داوە كار لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری قوتابی بكەین لەبەر ئەوەی ئامانجە گشتییەكە لە كۆتاییدا ئەوەیە چۆن بتوانین تاكێكی لێهاتوو بۆ ئایندە ئامادە بكەین كە لە بازاڕی كاردا چالاك بێت.

لە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندندا گرنگە هاوسەنگی هەبێت، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت لە نێوان بابەتەكانی ناو پڕۆگرامەكەدا كە چەندین چالاكی لەخۆی دەگرێت، هاوسەنگی هەبێت، هەر بۆ نموونە لەوانەیە كتێبێكی زمانی كوردی قەبارەی 150 لاپەرە بێت، بەڵام كتێبێكی فیزیا 50 لاپەڕە بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كتێبەكەی فیزیا چالاكیی زۆرتر و تاقیگە لە خۆ دەگرێت، ئەوا لەوانەیە سەرەنجام لە 150 لاپەڕەكەی كتێبی زمانی كوردی زیاتر دەربچێت و بەشە وانەی زیاتری بوێت، لەم لایەنەوە دەبێت ڕەچاوی هاوسەنگیی نێوان دەق و چالاكییەكان بە وردی بكرێن.

كۆڵەگەیەكی دیكە گرنگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن مامۆستایە، بۆیە بایەخدان بە تواناداركردنی مامۆستایان و مەشق و ڕاهێنانیان بە بەردەوامی و سەركەوتن لەم ئاراستەیەدا گەورەترین شۆڕشە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا، ڕەنگە لە ئێسادا ئێمە كارمان بەوە نەبێت كە بینایەی ئەم قوتابخانەیە تازەیە یان كۆنە، یان تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەردەستە یان نا، ئەوەی ئەم پرۆسەیە هەڵدەسووڕێنێت و ئەو تەكنەلۆژیایە تازەیە بەكار دەهێنێت مامۆستایە، بێگومان مامۆستا بە مانای پیشەگەریی مامۆستا، نەك دامەزراندنی وەك فەرمانبەر، لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی مامۆستا بە مانای وشە وەك مامۆستایەكی باش لە پرۆسەكەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت، دەبێت بەردەوام مەشق و ڕاهێنان بكات و بەردەوام لەگەڵ زانیاریی تازەی سەردەمدا خۆی ئەپدەیت بكاتەوە، كە بەداخەوە لای ئێمە ڕاهێنان و ئەپدەیتكردنەوە وەك پێویست نییە. جگە لەوەی گوزەران و ژیانی مامۆستا لە پێشینەی ئەو پرۆسەیەدایە لەگەڵ پاراستنی شكۆ و سەروەریی مامۆستا.

هەتا ئێستاش ئێمە جیاوازی لە نێوان موحازەرە و وانەوتنەو و ڕاهێناندا ناكەین، داتامان لەبەردەستە كە بەشێكی زۆر كەمی مامۆستایان جەخت لەسەر ڕاهێنان دەكەنەوە و زیاتر جەخت لەسەر نووسین و مەلزەمەوەرگرتن دەكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا ڕاهێنان مانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بیركردنەوەی داهێنەرانەیە، بیركردنەوەی ڕەخنە گرانە ئەوەیە كاتێك مامۆستایەكی بیركاری پرسیاری لێ دەكات ئایا « 1+1 دەكاتە چەند؟» بێگومان دەكاتە دوو، كە ئەمە ڕاستییەكی ڕووتەڵەكراوی بیركارییە، بەڵام هەر لەم پرسیارەدا كاتێك لێی دەپرسێت «پرتەقاڵێك كۆ سێوێك دەكاتە چەند؟ بێگومان ناتوانێت بڵێت دوو سێو یان دوو پرتەقاڵ، بۆیە لێرەوە بیركردنەوەی ڕەخنە گرانە دروست دەبێت. ئەو كاتە دەبێتە ( س+ ص =؟) ئەمە دەبێتە خەیاڵكردن و فەنتازیای داهێنان، ئەمەش دەبێت لە پڕۆگرامدا هەبێت.

سەبارەت بە پڕۆگرامەكانی خوێندن، ستاندەرێك هەیە كە پێنج ساڵ جارێك پڕۆگرامەكە دەگۆڕێت و ساڵانەش بە ڕێژەی 20% و بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی لەو ساڵەدا ڕوویان داوە، پڕۆگرامەكە ئەپدەیت دەكرێتەوە و دەگۆڕێت، كە من هیوادارم ئەم گۆڕینە تەنیا گۆڕینی ڕەسمەكان نەبێت، بەڵكو گۆڕینی ناوەرۆك بێت، ئامانج لە پڕۆگرام ئەوەیە كە بەرنامەیەك بۆ شێوازی فێربوونی قوتابی دابنرێت، كە قوتابی تێیدا دۆزەرەوە و تەوەری فێربوونە. ئەگەر ئەم پڕۆگرامە وەك پێویست نەبێت ئەوا بەرنامەی قوتابییەكەش باش نابێت، لە عەرەبیدا بە پڕۆگرام دەڵێین»منهج» ئەگەر پێچەوانەی بكەینەوە دەبێتە «جەهەنەم»، لەوانەیە ئەمە نموونەیەكی زۆر دروست بێت، بەو مانایەی ئەگەر پڕۆگرام سەركەوتوو نەبوو، ئەوا دۆزەخ بۆ قوتابی دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە قوتابی لە خوێندن بێزار بێت و لە قوتابخانە دوور بكەوێتەوە، قوتابی یەكەم جار سەیری كتێب و ناوەرۆكی كتێبەكەی دەكات، پاشان سەیری پۆل و بینایەی قوتابخانەكەی دەكات.

خاڵێكی دیكەی گرنگ كە ئەویش دەبێتە بەشێك لە پرۆسەی ڕاهێنانی مامۆستایان، ئەویش بەڕێوەبردنی ژینگەی پۆل و شێوازی كارگیڕیی قوتابخانەكانە كە كارێكی زۆر بنەڕەتییە، لە زانستی دەرووناسیدا شتێك هەیە پێی دەڵێن «كێشەی بەڕێوەبردن، بەڕێوەبردنی كێشە» مامۆستا سەركەوتوو دەبێت كێشەی بەڕێوەبردن بگۆڕێت بۆ بەڕێوەبردنی كێشە و چارەسەركردنی كێشەكان و، هەروەها دابەشكردنی چالاكییەكان بەسەر قوتابییەكاندا، لەم چوار چێوەیەدا هەر مامۆستایەك كار لەسەر ئەم پرانسیپانە بكات، ئەوا ژمارەی قوتابی لە پۆلەكەدا هەر چەندێك بن دەتوانێت بە ئاسانی كۆنتڕۆڵیان بكات، ئێستا باش لەوە دەگەین ژمارەی قوتابیان لە پۆلێكدا لە 40 قوتابی زیاترە، بەڵام لە زۆربەی هۆڵ و مەدرەجەكانی خوێندنی كۆلێژەكاندا زیاتر لە 100-120 لە هۆڵیكدا وانە دەخوێێن و كۆنتڕۆڵیش دەكرێن، بۆیە خاڵی بنەڕەتیی شێوازی بەڕێوەبردنی پۆلەكانی خوێندنە نەك ژمارەی قوتابیانی ناو پۆلەكە.

زۆر گرنگە ڕاهێنانی مامۆستایان جەخت لەسەر بە « مامۆستاكردنی» مامۆستاكان بكاتەوە، نەك ڕاهێنان بێت لەسەر پڕۆگرامی خوێندن، بوون بە مامۆستا پرۆسەیەكە هەوڵ دەدات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ داهاتووی پەروەردەی ئەو منداڵە بكات و دەیەوێت لە دەرەوەی سۆزداری، تاكێكی باش بۆ كۆمەڵگە ئامادە بكات، ئەمە دروست پێچەوانەی دایك و باوكە، ئێمە هەموومان دەزانین كە هەموو دایك و باوكێك زۆر بە جدی خەمخۆری ئایندەی منداڵەكەیەتی، بەڵام ئەم خەمخۆرییەی دایك و باوك لە چوارچێوەی سۆزداریدایە بۆ منداڵەكەی نەك چاككردنی، ئەمەش بە ڕەهایی هەموو دایك و باوكێك وا نییە، زۆر جار هەوڵەكانمان دەكەونە ناو چوارچێوەی سۆزداری نەك چاككردن، چاككردن ئەوەیە كە مامۆستا بتوانێت زانیاری بگۆڕێت بۆ كارامەیی و بەهاكان و ئاراستەكان.

زمان زۆر گرنگە، ئێمە بایەخ بە زمانی كوردی دەدەین بۆیە بەشێكی باشمان لە ناو پڕۆگرام بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كاتێك دێنە دەرەوە سەیر دەكەین ئەوانەی بە زمانی كوردی ئاخاوتن دەكەن، ناتوانن بە زمانێكی هێمن و ئارام ئاخاوتن بكەن، دەبینن زمانێكی تووڕە و گرژە، گرنگیی فێربوونی زمان تەنیا دروستكردنی ڕستە و فێربوونی ڕێزمان نییە، بەڵكو فێربوونی زمان ئەوەیە كە چۆن بتوانیت بە ئاشتی و ئارامی مامەڵە بكەیت و ئاخافتنی دروست بەرهەم بهێنیت.

شێوازێكی دیكەی زمان بۆ ئەم سەردەمە زمانی بیركارییە، بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكاندا بكەین، دەبێ پەرە بە كارامەیی ئەقڵی بدەین لە ناو پڕۆگرامەكاندا كە ئەویش بریتییە لە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بیركردنەوەی داهێنەرانەی كارامەییەكانی ژیان. ئەمەش بەو مانایەی چۆن قوتابی فێر دەكەی، ئەوەشی فێری دەكەی چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا پراكتیزەی دەكات، هەر بۆ نموونە كاتێك قوتابییەك فێر دەكەیت كە ددان شووشتن چەند گرنگە بۆ تەندروستی، بەڵام دەبێت فێریش بكرێت چۆن بە فلچە ددانەكانیشی بە شیوازێكی تەندروست دەشوات، ئەمە مانای ئەوەیە چۆن پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ قوتابی بكەینە كارامەییەكی داهێنەرانە و، پاشان بگۆڕێت بۆ پێگەیاندن لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، ئەمە زۆر گرنگە لە ناو پڕۆگرامی خوێندندا گرنگیی پێ بدرێت و ڕەفتاری قوتابی بە ئاستێكی بەرز بگۆڕێت بەوەی چۆن ڕێزی لە خۆی گەورەتر و لە بەرامبەرەكەی دەگرێت و، ئەوی دیكە وەك خۆی قبووڵ بكات و ڕێزی بگرێت، ئەمەیە كە دەڵێت بوون بە مامۆستایەكی باش شۆڕشێكی گەورە لە كۆمەڵگەدا بەرپا دەكات.

لە دوماهیدا جارێكی دیكە دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی كە سێ كۆڵگەی بنەڕەتیی پڕۆگرامی خوێندن دەبێت بەردەوام جەختی لەسەر بكەینەوە، كە ئەوانیش «مامۆستا، پڕۆگرام، قوتابی»یە، كە ئەم سێ كۆڵگەیە دروست بوون، پرۆسەی پەروەردە و فێركردن سەركەوتوو دەبێت و دەتوانین مێژوویەك بۆ ئایندە بونیاد بنێن و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ گۆڕانكارییەكانیش بكەین، بەجۆرێك كە قوتابخانە جێگەی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگە دەبێتەوە بە بێ جیاوازی و خوێندن بۆ هەمووانە.

 

Top