د. كەریم شەریف قەرەچەتانی پسپۆڕی دەروونزانی و پەروەردەیی:   لە سیستمی پەروەردە و فێركردنی ئێمەدا هێندەی بایەخ بە فێركردنی زانست و مەعریفە دەدرێت، بایەخ بە كەسێتیی نادرێت

د. كەریم شەریف قەرەچەتانی  پسپۆڕی دەروونزانی و پەروەردەیی:     لە سیستمی پەروەردە و فێركردنی ئێمەدا هێندەی بایەخ بە فێركردنی زانست و  مەعریفە دەدرێت، بایەخ  بە كەسێتیی نادرێت

 

 

د. كەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی دەروونزانی و پەروەردەییە لە هەرێمی كوردستان و یەكێكە لە مامۆستا دیارەكانی زانكۆكانی كوردستان، ماوەی زیاتر لە چوار دەیەیە لە بواری پەروەردەدا سەرقاڵی توێژینەوەی زانستی و دانانی پڕۆگرامی خوێندنە و، لە ڕێگەی كۆڕ و كۆڕبەند و هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە خەریكی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بووە و، هەوڵی داوە كە كۆمەڵگە بە بایەخی پەروەردە و خوێندن ئاشنا بكات و، هاوكارێك بێت بۆ ئەوەی دایك و باوكان چۆن ڕۆڵەكانیان لە قوتابخانەدا ئاراستە بكەن. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» پرێزەنتەیشنێكی زانستیی ئامادە كردبوو و، پێشكەشی كرد و بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

 

لە دەستپێكدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم كە ئەو تێبینییانەی لەسەر پڕۆگرامی پەروەردە و خوێندن دەیخەینە ڕوو، ڕەخنە و گازندە نین ئاراستەی لایەنێكی دیاریكراوی بكەین، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ئەوەی پێكەوە پڕۆگرامی پەروەردەیی خۆمان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین.

كێشەكانی سیستمی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان كەڵەكەبووی 33 ساڵی ڕابردوون و بەشێكیشیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس، لەم بوارەدا كە من وەك خۆم زیاتر لە 40 ساڵە كاری تێدا دەكەم و ماستەر و دكتۆراكەشم هەر لە بواری پەروەردە و دەروونزانیدایە، لە وردەكاریی ئەم پرۆسەیە ئاگادارم و هەموو كات هەوڵمان داوە، هەموو كات لەم پرۆسە گرنگەدا ڕۆڵێكمان هەبێت بۆ بەرەوپێشبردن و چاككردنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا.

بۆ ئەم گفتوگۆیە و لەبەر ئەوەی ناونیشانی تێزی دكتۆراكەم «پێوانە و هەڵسەنگاندنە بۆ پرۆسەی پەروەردەیی» پرێزەنتەیشنێكم ئامادە كردووە و دەمەوێت لەسەر ئەم لایەنە گرنگە قسە بكەم، كە ئەویش پۆلێنكردنی «بلوم»ـە كە زۆربەی وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتانی جیهان لەسەر ئەم پۆلێنكردنە كار دەكەن، كە پرۆسەكەی دابەش كردووە بۆ ئامانجەكان و تاقیكردنەوە و بەسەر شەش ئاستدا دابەشی كردوون، كە بریتین لە :

1- یادكردنەوە . تێگەیشتن. پراكتیزە كردن

لەم پۆلێنەدا، كاتێك مامۆستا وانە دەڵێتەوە و زانیاری دەداتە خوێندكارەكەی و كاتێك ئەزموونی دەكات، دەبێت ئەو زانیارییەی فێری كردووە، بۆی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەم زانیارییانە هیچ بەهایەكی نابێت، ئەگەر قوتابی لێی تێنەگەیشتبێت، بۆیە دەبێت ئەو خوێندكارە زۆر بە باشی لەو زانیارییە تێگەیشتبێت، بەڵام ئەم تێگەیشتنەشی گرێ داوەتەوە بەوەی چۆن ئەو قوتابییە دەتوانێت ئەو زانیارییەی تێیگەیشتووە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا پراكتیزەی بكات، بۆیە ئەگەر نەتوانێت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا دووبارە بەكاری بهێنێتەوە، ئەوا زانیارییەكە دیسان هیچ بەهایەكی ئەوتۆی نابێت، هەر بۆ نموونە پرانسیپێك لە فیزیا هەیە كە دەڵێت «هەموو كانزاكان بە گەرما دەكشێن» پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا خوێندكار چۆن لەوە تێدەگات بۆچی كانزاكان بە گەرما دەكشێن»، لەوانەیە ئەمەیان لە ڕووی تیۆرییەوە مامۆستا تێی بگەیەنێ كە ئەم كشانە پەیوەندیی بە گەردیلەكانی ناو كانزاكەوە هەیە كە بە گەرما لێك جیا دەبنەوە و سەرەنجام كانزاكە دەكشێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە قوتابیەكە دەتوانێت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا پراكتیزەی بكات، ئەوەی سەرنجم داوە و ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونەكان دەكەم، دەبینم ئاستی مامۆستایانی ئێمە لە قۆناغی یەكەمدایە، كە ئەویش بەو مانایەی زانیاریەكەی پێدەدات و لە كاتی ئەزموونەكان لێی وەردەگرێتەوە، بەڵام نە بە باشی لە زانیارییەكە تێگەیشتووە و نە دەشتوانێت پراكتیزەی بكات، بۆیە ئەگەر ئێمە بێن قوتابیەكە بەرین بۆ سەر هێڵێكی ئاسنینی شەمەندەفەڕ پیشانی بدەین بۆچی لە نێوان هێڵە ئاسنینەكەدا بۆشایی هەیە، ئەوا ئەوكات دەزانێت كاتێك شەمەندەفەڕەكە بەسەر ئەو هێڵە ئاسنە دەڕوات و بە هۆی كاریگەریی لێكخشاندنەوە هێڵەكە گەرم دەبێت، ئەگەر ئەو بۆشاییە نەبێت ئەوا هێڵە ئاسنیەكە لە كاتی كشاندا قەوس دەبێتەوە و بەكەڵك نامێنێت، بۆیە ئەم لایەنەی پراكتیزەكردنی زانیارییەكان زۆر گرنگە.

2- پەروەردەكردن ئینجا فێركردن

هەندێك جار گلەیی ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە كە تەنیا بە فێركردن كاری خۆی كردووە و وازی لە پەروەردەكردن هێناوە، نموونەیەكی سادە ئەوەیە «ئێمە منداڵان فێر دەكەین كە پاك و خاوێنی لە باوەڕەوەیە» كە تاقی دەكەینەوە ئەگەر گوتی «پاك و خاوێنی لە باوەڕەوەیە» ئەوا نمرەی تەواوی دەدەینێ و لەوانەكە دەردەچێت، بەڵام كە سەیری ڕووخساری خوێندكارەكەش دەكەیت، دەبینیت فێرنەبووە خۆی پاك و خاوێن ڕابگرێت، نازانێت كتێبەكانی بەرگیان تێبگرێت و بە ڕێكوپێكی كۆششی تێدا بكات.

یان منداڵان فێردەكەین و پێیان دەڵێین: «بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە»، بەڵام منداڵەكە لە ماڵەوە ڕێزی دایكی ناگرێت، لێی هەڵدەگەڕێتەوە، بەڵام كە تاقیكردنەوەی لەگەڵ دەكەین ئەگەر گوتی «بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە» نمرەی تەواوی دەدەینێ، ئەمە میتۆدێكی باش نییە، هیچ سوودێك لەو زانیارییانە وەرناگرێت، بۆیە دەبێت كاری ئێمە بە پلەی یەكەم ببێتە پەروەردە، ئەمەش بەو مانایەی منداڵ كاتێك پێی دەڵێیت «پاك و خاوێنی لە باوەڕەوەیە» فێری بكەیت چۆن دەموچاوی دەشوات، چۆن ددانەكانی دەشوات و فڵچەی ددانەكەی لە جانتاكەیدا بێت، جلوبەرگەكانی بە خاوێنی ڕابگرێت، كە دەچێتەوە ماڵەوە دەستی دایكی ماچ بكات و ڕێزی بگرێت، بەڕاستی ئێمە ئەمەمان نەكردووە و ئومێد دەخوازم لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی جددی بۆ هەڵبگرێت و پراكتیزە بكرێت. بۆیە ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغەكانی شیتەڵكردنەوە Anslyaia، پێكەوەنان Synthesis، هەڵسەنگاندن Evaluation، كە ئەمانە دەبنە قۆناغەكانی دواتر لە پرۆسەی پەروەردەدا.

3- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەنتەری «ناوەندی»ی نیشتمانی بۆ ئامانجەكان و هەڵسەنگاندن.

دامەزراندنی ئەم سەنتەرە نیشتمانییە هەر پڕۆژەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە كابینەی هەشتەمدا، بەشێك بوو لە پڕۆژەكەی «شێخە مۆزە بن ناسر»ی دایكی ئەمیری قەتەر، پڕۆژەیەك بوو بە ناوی «سەنتەری ناوەندی نیشتمانی بۆ ئامانجەكان و هەڵەسەنگاندن»، بەڵام ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ نەكرا، ئومێدەوارم لە كابینەی دەیەمدا كاری لەسەر بكرێت و دابمەزرێت، چونكە ئەوە گۆڕانكاریی زۆر دروست دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەی «سەنتەری نیشتمانی ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ دامودەزگاكانی پەروەردە -خوێندكار، مامۆستا، بەڕێوەبەر، قوتابخانە، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بەڕێوەبەرە گشتییەكان، پەروەردەی شارەكان و.. هتد دەكات، بۆ ئەوەی بزانرێت بەپێی ستاندارە نیشتمانییەكان لە چ ئاستێكدان و چەند چوونەتە پێشەوە، یان هاتوونەتە دواوە، یانیش هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم سەنتەرەمان هەبێت، بۆمان دەردەكەوێت كە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر باشترە، یان بە پێچەوانەوەیە.

ئێمە توێژینەوەیەكمان كرد لەسەر هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ هەرسێ پەروەردەی «هەولێر، سلێمانی،دهۆك» دواتر پێشكەشی وەزارەتی پەروەردەشمان كرد، لە توێژینەوەكەدا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە دەیان خاڵی لاواز و دەستتێوەردانی لابەلا لە پرۆسەی پەروەردەدا هەیە، بۆیە دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئەو خاڵە لاوازانە بكەین و چارەسەریان بۆ بدۆزێنەوە.

لێرەدا گرنگە دوو شت لێك جیابكەینەوە، ئەویش ئەوەیە كە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی جیاوازە لەگەڵ تاقیكردنەوەی وەزاری «گشتی»، هەڵسەنگاندنی نیشتمانی بۆ دیاریكردنی توانا و ئاستی قوتابخانەكانە، تا بزانرێت پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە، بەڵام تاقیكردنەوەی گشتی «وەزاری» بۆ دیاریكردنی توانای قوتابییەكان و پێدانی بڕوانامەیە، بەڵام دەكرێت هەندێك جار تاقیكردنەوەی نیشتمانی لە جیاتی تاقیكردنەوەی گشتی بەكار بهێنرێت.

4-كردنەوەی پەروەردەی تایبەت بۆ قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەت

جێگەی دەستخۆشییە كە یاسا تازەكەی وەزارەتی پەروەردە و لە ماددەی 35 هەردوو بڕگەی «ئەلف و با»دا، جێگە بۆ پەروەردەی تایبەت كراوەتەوە و ئاماژە بەوە كراوە كە پۆلی تایبەت بە سەرپەرشتیی مامۆستای پەروەردەی تایبەت، ئەو قوتابیانە لەناو قوتابخانەكان تێكەڵاو بكرێن كە خاوەنی پێداویستی تایبەتن، ئەم منداڵانە كە كێشە بۆ قوتابیانی دیكە لە پۆلدا دروست دەكەن، گرنگە لە پۆلی تایبەتدا بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە هیچ قوتابخانەیەكی كوردستان پۆلی تایبەت بۆ خوێندكاری خاوەن پێداویستی تایبەت نییە، كەچی لە وڵاتانی دەرەوە ئەو جۆرە خوێندكارانە كە خاوەنی پێداویستیی تایبەتن، پۆلی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە و فێر دەكرێن و كاریشیان بۆ دەدۆزرێتەوە، بۆیە ئێمەش دەبێ لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە یاسایەك دەربكەین و فەرزی بكەین لەسەر كۆمپانیا گەورەكان كە دەبێت بە ڕیژەی 5% كار بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بدۆزنەوە كە لە پۆلە تایبەتەكاندا ئامادە دەكرێن و توانای ئەوەیان دەبێت كۆمەڵێك كاری سادە بكەن، بۆیە زۆر گرنگە لە كابینەی دەیەمدا هەنگاو بۆ كردنەوەی پۆلی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت هەڵبگیرێت و دەكرێت وەك هەنگاوی یەكەم لە قوتابخانەكانی شاری سلێمانییەوە دەستی پێ بكرێت.

5- قوتابخانە و كۆلێژەكانی بەهرەداران بخرێنەوە سەر ڕێچكەی خۆی

لە هەر سێ پارێزگا «هەولێر، سلێمانی، دهۆك» قوتابخانەی بەهرەدارانمان هەیە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە تەنیا ناویان «بەهرەدارانە» و هیچ سیمایەكی قوتابخانەی بەهرەدارانی تێدا نییە، لە وڵاتانی جیهان دوو میتۆد بۆ قوتابخانەی بەهرەداران هەیە، یەكەمیان خێراكردنی پرۆسەی خوێندنە، ئەمەش بەو مانایەی ئەو قوتابییە بەهرەدارە دەتوانێت قۆناغەكانی خوێندن خێراتر تەواو بكات، هەر بۆ نموونە بەهرەدارێك دەتوانێت بگاتە قۆناغی كۆلێژ، بەڵام برادەرەكانی هێشتا لە قۆناغی ناوەندین، شێوازی دووەمیشیان كە هەندێك دەوڵەت پیادەی دەكەن، هەوڵ دەدەن قوتابییە بەهرەدارەكە بە زانیاری دەوڵەمەندتر بكەن، هەر بۆ نموونە ئەگەر قوتابییەك لە هەمان قۆناغی خوێندن هەشت بابەت بخوێنێت، بۆ بەهرەداران زیادی دەكەن بۆ 10و 12 بابەت، بەڵام لە قوتابخانەی بەهرەدارانی ئێمە تەنیا «تاقیكردنەوەیەكی زارەكی» دەكرێن، پرسیاری ئەم تاقیكردنەوەیەش پێوانەیی نین بۆ توانای قوتابیی بەهرەدار، بەڵكو مامۆستا كە تاقیكردنەوەكەی لەگەڵ دەكات، بە مەزاجی خۆی چ پرسیارێكی بە مێشكدا لێی دەكات و دیسان بە مەزاجی خۆی نمرەی بۆ دادەنێت، بۆیە ئەمە دەبێت پێداچوونەوەی جددی لەسەر بكرێت و ڕاست بكرێتەوە.

6- گرنگیدان بە كەسێتیی خوێندكار ئینجا زانست و مەعریفە

لە سیستمی پەروەردە و فێركردنی ئێمەدا هێندەی بایەخ بە فێركردنی زانست و مەعریفە دەدرێت، بایەخ بە كەسێتیی خوێندكار نادرێت، ئەمەش واتە وەك لەسەرەتاوە ئاماژەم پێكرد تەنیا بایەخ بە لایەنی یەكەم دەدەین كە «یادكردنەوە و تێگەیشتنە» كە ئەمە ئاستی هەرە لاوازی پەروەردە و فێركردنە، بایەخ بە لایەنەكانی دیكە نادەین، هەر بۆیە دەبینن كەسێك توانیویەتی كۆلێژی پزیشكی تەواو بكات و ببێتە پزیشك، بەڵام كەسێتیی لاوازە و بڕوای بەخۆی نییە، یان مامۆستای زانكۆمان هەیە ناتوانێت كێشەیەك چارەسەر بكات و ڕۆژانە و بەردەوام لەگەڵ خوێندكارەكانی لەزانكۆ كێشەی هەیە، بۆیە دەبێت هاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ «پەروەردە و فێركردن» فێركردن ئاشكرایە كە فێركردنی زانست و مەعریفەیە، بەڵام پەروەردە بونیادی كەسایەتیی خوێندكارە و دەبێت زۆر بەجدی كاری لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی ببێتە تاكێكی بەهێز لە كۆمەڵگەدا.

7-پەروەردەی مۆڕاڵی

پەروەردەی مۆراڵی بابەتێكە هەر لە ڕێزگرتنی دایك و باوك لە ماڵەوە دەستپێدەكات، هەتا دەگاتە ڕێزگرتنی كەسی بەرانبەر و یەكتری قبووڵكردن و خۆشەویستیی شار و نیشتمان، ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری پەروەردەی مۆراڵیی ئێستای لاوەكانمان بكەین، كە بەرهەمی ئەم سیستمی پەروەردە و فێركردنەیە كە پیادەمان كردووە، زۆر بە ئاشكرا هەست دەكەین ئاستی ئینتمای نیشتیمانی لای لاوانی ئێمە زۆر دابەزیوە، با لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین، بە ئاشكرا لە سۆشیال میدیا و هۆیەكانی ڕاگەیاندن جوێن بە خۆی و بە نەتەوەكەی دەدات، بێ شەرمانە دەڵێت: «حكومەتی خۆمم ناوێت و با عەرەب حوكمم بكات»، بەداخەوە ئێمە ماوەی 33 ساڵە خۆمان حوكمڕانیی خۆمان دەكەین و تا ڕاددەیەكی زۆریش نیمچە سەربەخۆ بووین، بەڵام نەمانتوانی نەوەیەك پەروەردە بكەین كە خاك و نەتەوەی خۆی خۆش بوێت، قوتابخانەكەی خۆی خۆش بوێت و كورسییەكەی نەشكێنێت و قوتابخانەكەی پاك و خاوێن ڕابگرێت.

8- كاری بەكۆمەڵ و هەرەوەزی

ئێستا لە ژاپۆن كاری تاكەكەسی نەماوە و كاری بەكۆمەڵ و تیم دەكەن، فەلسەفەی ژاپۆنی بڕوای بەوە هەیە، تاك لە ناو كۆمەڵدا بەختەوەر دەبێت و پێویستە هەركەس یارمەتیی ئەوی دیكە بدات بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكات. بێگومان ئەركە گیانی هەرەوەزی و كاری بە كۆمەڵ هەر لە منداڵییەوە دەبێت لە ناخی منداڵدا بچێندرێت. زانایەكی ئەنسرۆپۆلۆژی لە گوندێكی ئەفریقی توێژینەوەیەكی لەسەر كاری بەكۆمەڵ و هەرەوەزی كرد، لەگەڵ كۆمەڵێك منداڵدا پێشبڕكێی بۆ بردنەوەی دیارییەك تاقی كردەوە، بە منداڵەكانی گوت: عەلاگەیەك میوەم لای دارەكە داناوە، هەر كەس یەكەم جار گەیشتە لای دارەكە دەتوانێت عەلاگە میوەكە بەرێت بۆ خۆی، بە منداڵەكانی گوت كە فیكەم لێدا ڕابكەن، كاتێك زاناكە فیكەی لێدا منداڵەكان هەموو پێكەوە دەستی یەكیان گرت و هەموو پێكەوە گەیشتنە لای دارەكە و عەلاگە میوەكەیان هێناو پێكەوە خواردیان، زاناكە لێی پرسین: بۆچی یەكێكتان ڕای نەكرد تا بگاتە عەلاگەكە و بیبات بۆ خۆی، منداڵەكان وەڵامیان دایەوە و گوتیان «چۆن دەبێت یەكێكمان هەموو عەلاگە میوەكە بەرێت و ئەوانی دیكە دڵتەنگ و بێتاقەت بن، یان سەیری دەمی بكەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەبێت هەر لە منداڵییەوە و لە ناو پرۆسەی پەروەردەوە گیانی هەرەوەزی و كاری بەكۆمەڵ لە ناو منداڵاندا بچێندرێت.

9- بایەخدان بە بەهاكان

كۆمەڵێك بەهای مرۆڤایەتی هەن دەبێت لە پرۆسەی پەروەردەدا بایەخی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگەدا ئەو بەهایانە ڕەنگدانەوەیان هەبێت، كە بریتین لە:

• بەزەییهاتنەوە بە ئاژەڵدا

ئەوەی بە چاوی خۆم لە سلێمانی دەیبینم و لە ساڵی 2006 ـەوە لە هەولێر نەماوم، دەبینم منداڵانی ئێمە فێر نەكراون ئازاری ئاژەڵ نەدەن، بە پێچەوانە لە هەر كۆڵانێكی سلێمانی هەر سەگێك دەبینی قاچێكی شكاوە، یان لایەكی سەری بریندارە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێمە منداڵمان فێرنەكردووە كە بەزەییان بە ئاژەڵدا بێتەوە، بەڵام لە ژاپۆن بە خێویان دەكەن و خزمەتیان دەكەن و لە ناو باخچەكانیاندا هەن.

• لێبوردەیی :

ئێمە لە قوتابخانەكاندا خوێندكار فێری لێبوردەیی ناكەین، بەڵكو فێری تۆڵەسەندنەوەیان دەكەین، كاتێك خوێندكارێك لەگەڵ خوێندكارێكی دیكە بەشەڕ دێت، فێریان ناكەین داوای لێبوردن لە یەكتری بكەن، هەر بۆیە ئەمە كاتێك گەورە دەبن، وەك دەبینین لەسەر فوول لایتێك و سەرچۆپیەك یەكتری دەكوژن.

• ڕێزگرتن لە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت:

لە ساڵانی ڕابردوو سیمینارێكمان لەسەر ئاستی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ساز كرد، لەو سیمینارەدا سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی دەیگوت: «كاتێك دەچووم سەردانی قوتابخانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكەم، بەڕێوەبەرەكە پێی دەگوتم، هاتووی سەردانی شێتەكان بكەیت؟»، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك بە خاوەن پێداویستیی تایبەت بڵێت شێت، ئایا چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكرێت منداڵەكانی بەردەستی فێر بكات ڕێز لە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بگرن؟ بۆیە دەبێت ئەم لایەنەش زۆر جەختی لەسەر بكرێتەوە و ئەوانەش مرۆڤ و خاوەن پێداویستی تایبەتن، ناكرێت بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

 

Top