پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: خوێندن لەناو پۆل دەبێت لەگەڵ بازاڕی كار هەماهەنگ بێت

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆبە و مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» بەمجۆرە دیدو تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.
سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێك دەبێت هەڵقوڵاوی كەلتوور و مێژوو و فەرهەنگ و ئایین و ناسنامەی ئەو میللەتە بێت، لەگەڵ زانستەكان كە پێویستن تاك لەو قۆناغ و تەمەنەیدا بیخوێنێت. ئەوەش لە یاد نەكەین كە ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكان هێندە خێران وداهێنانەكان ئەوەندە فراوانن، بەشی زۆری ژیانی سرووشتیی مرۆڤ ڕووبەرووی ئاڵنگاری بوەوتەوە.
یەكێك لەو سێكتەرانەی وەك ‹یوڤاڵ نوح هەراری› فەیلەسووفی سەردەم دەڵێت، پەروەردەیە كە نازانرێت چی فێری نەوەكانمان بكەین، چی بخوێنن، چ پسپۆڕییەك بەدەست بهێنن، ئایا لە ئایندە كاریان دەست دەكەوێت؟ چونكە نازانرێت بازاڕی كاری داهاتوو چی دەوێت، گۆڕانكارییەكان هێندە خێران. بۆیە هەمیشە تازەكردنەوە و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ سەردەم و توانای قوتابیان پێویستە. لەهەمان كات مامۆستای گونجاو و پڕچەك كراو بە زانستی نوێ و شارەزا بە گۆڕانكارییە سەردەمییەكان گرنگە.
زۆر جار دەبینین و خەریكە ڕوونیش ئەمە دیارە لەناو پۆل مامۆستا لەگەڵ قوتابییەكان ڕووبەڕووی هەندێك گرفت دەبێتەوە لەوەی كە لە زمانی قوتابییەكەی نازانێت. لەلایەكی دیكەوە دەبێت ڕەچاوی قوتابیان بكرێت كە ئێستا بە هۆی تەكنەلۆژیاوە دەستی دەگات بە هەموو شتێك و وەك جاران توانای وەرگرتنی پڕۆگرامی زۆر و قورس و وەرگرتنی بە میتۆدی كۆن و تیۆری نییە و سەردەم سەردەمی پراكتیكی و تەوزیحی نییە و سەردەمی ‹كلیكە› واتە تەنیا بە كلیكێك دەگاتە زۆر شت لە مۆبایلەكەی بەردەستی. بۆیە دەكرێت وەزارەتی پەروەدە بۆ خەڵكانی شارەزا و بەئەزموون ساڵانە كۆنفڕانس ببەستێت، تاكوو گفتوگۆی ئەوە بكەن چ پڕۆگرامێك گونجاوە بوترێت لەم سەردەمە،چی بوترێت،چۆن بوترێت و كێ بیڵێتەوە؟ قوتابیانیش گرنگە بەشدار بن لە وەرگرتنی ڕاوسەرنجیان. بزانرێت لە چی بێزارن، دەكرێت ڕاپرسیەك كە لەگەڵ تەمەنیان بگونجێت، بنێردرێت بۆ نموونەیەكیان، دەكرێت كۆنفڕانسێك ژمارەیەكی لە نوێنەری هەموو شارەكان كۆبكرێنەوە و بە زمانی خۆیان بدوێنرێن و بزانن لە چی نائارام و ناڕازین. ئەوانیش بەشێكی گرنگی پرۆسەكەن، وا نییە بڵێین منداڵن، ئەوانیش شت دەزانن و دەتوانن ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕن.
بابەتی پسپۆڕی لای ئێمە لە زانكۆ جیا دەبێتەوە، لە وڵاتان لە قۆناغی ئامادەیی،لە ئامادەیی قوتابی توانای چی هەبوو، با ئەوە بخوێنێت، نەك پۆلی ١٢ بووەتە پردی مان و نەمان بۆ گەیشتن بە ئاواتی قوتابی و ئایندەی. بەشی زۆری ئەو پڕۆگرامەی قوتابی دەیخوێنێت لە ئامادەیی و لە زانكۆ، كە دەچێتە پسپۆڕییەك بەجێی دەهێڵێت و پێویستی پێی نییە، بەڵام ئازار و سەختییەكی بە دەستیەوە بینیوە لە پۆلی ١٢ و ئامادەیی زۆر كات دەیڕووخێنێت و لە هەموو ئایندەی خوێندنی دەبێت. ئەمانە گرنگن بە هەند وەربگیرێن. لە هەمان كات پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەشێك لە كۆلیج و پڕۆگرامەكانی زانكۆش پێویستیان بە نوێكردنەوە و گۆڕانكاری هەیە. ناكرێت مامۆستا لە زانكۆ لە پەیمانگا شتێك بخوێنێت، لە قوتابخانە كاتی وانەوتنەوە شتێكی دیكەی لێ داوا بكرێت. بۆیە بە ڕای من پێویست بە پێداچوونەوە و گفتوگۆكردن و سازدانی كۆنفڕانس و ڕاپرسی وەرگرتن هەیە، هەروەها هاوبەشی پێكردنی قوتابی و گونجاندنی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەگەڵ زیهنییەتی تاكی ئەمڕۆ و سەردەمەكە زۆر گرنگە. ئاساییە و ڕەنگە دەستكەوتیش بێت وەزارەتی پەروەردە بۆ یەكم جار كۆنفڕانس، یان ڕاپرسی، یان كۆبوونەوەیەك بە قوتابیانی ئاستی ئامادەیی بكات، با ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕن، سەبارەت بە قوتابخانە و پڕۆگرام و مامۆستا و گرفتەكانیان. لە هەمان كات من هەمیشە ئەوەم وتووە لە وڵاتدا دەبێت كۆی سیستمەكان هاوكار بن بۆ پێگەیاندنی تاكێكی دروست، ناكرێت قوتابخانە شتێك بڵێ، ڕاگەیاندن شتێ باس بكات، خێزان شتێك، مزگەوت و كەنیسە و شوێنە ئایینییەكان شتێك بە تاك بڵێن. بۆیە دەبێت كاتێك پەروەردە شتێكی دەوێت بیكات بۆ پەروەردەی تاكەكان ئەو سیستمانەی دیكەش هاوكاری بن. چونكە هەموویان پێكەوە بەشدارن لە دروستكردنی ناسنامە بۆ تاك.
لە كۆتاییدا من دەمەوێت سوپاسی وەزیری ئێستای پەروەردە بكەم كە بە ستایلێكی جیاواز و خاكی و مەیدانی و هاوكار بووە بۆ گوێگرتن لەهەر كەسێك كە پێشنیارێكی بۆ پێشخستنی پەروەردە كردبێت، ئەركەكەی خۆی جێبەجێ كردووە و جێ دەستی زۆر دیارە لە پێشخستنی ئەم سێكتەرە.