پڕۆفیسۆر ولیەم ولفۆرس بۆ گوڵان: ترەمپ بانگەشەی كارامەیی گەیشتن بە ڕێككەوتنەكان دەكات و ئێستاش دەرفەتێكی لەباری بۆ دروست بووە

ولیەم ولفۆرس، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە كۆلێژی دارتموس، تایبەتمەند و پسپۆڕی چەند بوارێكی دیاریكراوە وەك: تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، و سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە زیاتر پەیوەست بوون بەو هەلومەرجە ڕاگوزەرییەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، كە ڕەنگە بتوانین بڵێین لە زۆر ڕووەوە نادڵنیایی باڵی بەسەردا كێشاوە، بگرە زەحمەتە كە بتوانرێت بە وردی و دەقاودەق ئەوە دەستنیشان بكرێت، كە ئەم ناوچەیە بەرەو چ ئاقار و ئاراستەیەك دەڕوات. لە هەمان كاتدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بریتی بوو لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئەگەری دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جددی بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە و بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بەتایبەتی كە ترەمپ بەردەوام بانگەشەی ئەوەی كردووە، كە دەتوانێت ڕێككەوتن بەدی بهێنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت.
* هەروەك ئاشكرایە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغ و وەرچەرخانێكی گەورەدا تێدەپەڕێت، ئەوەتا گۆڕانكاری و پێشهاتی پێشبینی نەكراو و پەرەسەندنی چاوەڕوان نەكراو ڕوو دەدەن، لە هەمان كاتدا ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، پێشنیار و بیرۆكەی نوێ و نا تەقلیدی دەخاتەڕوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە كەرتی غەززەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ڕەنگە من نەتوانم بە دیاریكراوی ئەوە دەستنیشان بكەم كە ڕەوتی ڕووداوەكان بەرەو كوێ دەچن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، ئەوەیە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كەسانێك لەخۆ دەگرن، كە بە تەواوی پشتیوانی ئیسرائیلن، هەر بۆ نموونە، باڵیۆزی دەستنیشانكراوی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل. بەڵام من پێم وایە ئەگەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بیەوێت ئاشتی بەرپا بكات و ئاگربەستەكەی كەرتی غەززە بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە لە هەمان كاتدا گوشار لەسەر ئیسرائیلیش دروست بكات، ئەگەرچی لە ئێستادا ئەم مەیلە بەدی ناكرێت. كەواتە ڕوون نییە ئەو بیرۆكانەی هەیەتی، چۆن دەبنە هۆی ئەوەی دۆخێك دروست ببێت كە ببێتە مایەی گۆڕینی ڕەوت و ڕەوڕەوەی ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. واتە ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیخەمەڕوو، ئەوەیە كە كێ دەزانێت دۆناڵد ترەمپ بە چ ئاراستەیەكدا هەنگاو هەڵدەگرێت، چونكە ڕاستە زۆر باس لەوە دەكرێت كە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە كارامەیە لە بەدیهێنانی ڕێككەوتنەكان و ڕێچكەی بزنێس ئاسای مامەڵەكردنەكانیدا، كە من پێم وایە ترەمپ دەرفەتێكی باشی لە بەردەمدایە ئەگەر سوود لەو دۆخە وەربگرێت، كە لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەدی هاتووە، كە مایەی تاسان بوو، بۆ ئەوەی كار بە ئاراستەی بەدیهێنانی ڕێككەوتنێكی گەورە بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنیا نیم، ئایا تەواو توانا و تێڕوانینی ستراتیژیی خۆی بەم ئاراستەیەدا چڕ دەكاتەوە، یان نا.
* هەر لە پەیوەندی بە یەكێك لە پرسە گەورەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەمانەوێت پرسیار لە بارەی پەیوەندییەكان، یان بارگرژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران بكەین. ئایا پێتان وایە بارگرژییەكانی نێوانیان خاو دەبنەوە و ئەگەری ئەوە دروست دەبێت، كە بگەنە ڕێككەوتنێك، یان دۆخەكە بەرەو هەڵكشان و ڕووبەڕووبوونەوە دەچێت لە نێوانیاندا؟
- تا ئێستا ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت كار لەسەر ئەوە بكات كە ئێران دووبارە بخاتەوە ژێر سیاسەتی ئەو پەڕی گوشار، بەتایبەتی كە لە ئێستادا ئەو تێڕوانینە دروست بووە كە ئەمریكا لە پێگەیەكی بەهێزتردایە لە بەرانبەر ئێراندا، ئەویش دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی ئەدایەكی باش بنوێنێت لە شەڕەكانی لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارانەدا كە ئێران پشتیوانیی لێ دەكردن، ئەویش بە پێچەوانەی پێشبینیی زۆر كەس بوو لەم ڕووەوە. لەم ڕوانگەیەوە هەندێك كەس مەزەندەی ئەوە دەكەن كە بارودۆخەكە لەبارە بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستێكی سەختتر بگرێتەبەر لە ئاست ئێراندا.
* ئەگەر باس لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بكەین، ئەوا لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و ئێستاش دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە كۆشكی سپی، هەمیشە دۆناڵد ترەمپ ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەگەر لە سەرۆكایەتیدا بووایە ئەم شەڕە ڕووی نەدەدا و ئێستاش كار بۆ ڕاگرتنی دەكات، بەتایبەتی كە باس لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمیر پوتین دەكات، پێتان وایە ئاراستەی ئیشكردنی ترەمپ لەم ڕووەوە چۆن دەبێت؟
- ئەوە ڕاستە كە خودی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی هەمیشە ڕەخنە لە ئیدارەی پێشوو، بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن دەگرن لە مامەڵەكردنی لەگەڵ شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا. بەڵام هەر چۆنێك بێت تا ئێستا ئەو بڕیارەمان بەدی نەكردووە كە ئیدارەی نوێ بڕیاری ئیدارەی پێشوو بە ڕێگەدان بە ئۆكرانیا بە بەكارهێنانی مووشەكی دوورهاوێژی ئەمریكا و بە ئامانجگرتنی قووڵایی خاكی ڕووسیا هەڵبوەشێننەوە، ڕەنگە هۆكارەكەش ئەوە بێت كە خودی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لەم ڕووەوە ڕێككەوتنێك بەدی بهێنێت و، لەم ڕوانگەیەوە نایەوێت پێگە و دەستی ئۆكرانیا لاواز بكات لەو گفتوگۆیانەی كە ئەگەر لەبارەی شەڕەكەوە لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجام بدرێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی كە گوتران، ئەوا منیش مەزەندەی ئەوە ناكەم كە ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەست بۆ دەستبەجێ ڕاگرتنی هاوكاری و پشتیوانییەكانی بۆ ئۆكرانیا ببات، بەتایبەتی كە پشتیوانییەكی بەهێز هەیە لە نێو خودی ئەمریكا بۆ ئەوەی پشتیوانییەكان بۆ ئۆكرانیا بەردەوام بن. كەواتە ڕەنگە دروست بێت كە بڵێین بەم نزیكانە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست نابات بۆ دەستهەڵگرتن لە ئۆكرانیا و جێی ناهێڵێت بۆ ڕەحمەتی سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمیر پوتین).
* با زیاتر لەسەر ئەم پرسە بمێنینەوە و ئاماژە بەوە بكەین كە هەمیشە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەكرد (بەتایبەتی لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا) كە دەتوانێت زۆر بە خێرایی ئەم شەڕە ڕابگرێت، تەنانەت باسی لەوەش دەكرد، كە ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا پێش دەستبەكاربوونی شەڕەكە ڕادەگرێت، ئێستاش ئێوە پێتان وایە بەلای كەمەوە بەم نزیكانە دەستبەرداری پشتیوانییەكان بۆ ئۆكرانیا نابێت؟ ئایا دەكرێت بڵێین بەم نزیكانە ئەم شەڕە ڕادەوەستێت و ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت؟
- ئێمە دەبێت لە ڕوانگەی ئەو هەموو بانگەشە و گوتارانەی دۆناڵد ترەمپەوە لە بارەی ڕاگرتنی شەڕەكە لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا، لەو هەوڵانە بڕوانین كە ئیدارەكەی بەم ئاراستەیەدا دەیانگرێتەبەر، هەرچەندە دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكرێت كە ڕاستە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بانگەشەكانی بە گرتنەبەری هەنگاوی كرداری پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام نابێت ئەوەش نادیدە بگیرێت كە دەستپێكردنی پرۆسەی گفتوگۆ و گەیشتن بە دەرئەنجامی كۆتایی، یان گەیشتن بە ڕێككەوتن دوو شت و بابەتی لێك جیاوازن. دواتر دەبێت ئەوەش بڵێین كە هێزەكانی ڕووسیا لە بەرەكانی شەڕدا لە هەندێ ناوچە و ڕووەوە لە پێشڕەویدا بوون، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە سەرۆكی ئەو وڵاتە، ڤلادیمیر پوتین، خۆی بە ناچار نەزانێت بۆ ئەوەی سازشی گەورە و سەخت بكات لە بەرانبەر ئۆكرانیا، بەتایبەتی لەو بەرانەدا كە لە پاشەكشەدا بوو. كەواتە لە ڕوانگەی هەموو ئەوانەی ئاماژەیان پێ كرا، ئەوا من بە زەحمەتی دەزانم كە سەرۆكی ئەمریكا(دۆناڵد ترەمپ) بتوانێت ڕێككەوتنێكی باش بەدی بهێنێت لە بارەی ئەم شەڕەوە، بەتایبەتی ئەگەر خوازیاری ئەوە بێت كە لە ماوەیەكی كەم و نزیكدا ئەم چەشنە ڕێككەوتنە ئەنجام بدات. خۆ ئەگەر ئەمەش كارێكی كردەنی نەبێت، ئەوا ڕەنگە هەنگاوی ژیرانە ئەوە بێت كە كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئۆكرانیا بكات، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە هەوڵ و كۆششەكان بە ئاراستەی خستنەگەڕی پرۆسەیەكی جددیی گفتوگۆدا بخاتەگەڕ.