دەرەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی شکستە

دەرەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی شکستە

دیمەنەکانی ئەمڕۆی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سنوری سەرگەڕان و ئازاردانی جووتیارانی کورد لەسەر ماف و حەق و زەوی خۆیان کارەساتبار بوون، لە کاتێکدا بەپێی یاسا ماف بۆ خاوەن ماف گەڕاوەتەوە کەچی عەرەبی «هاوردە» و هەموو ئەوانەی لە دەرەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی و دیکتاتۆر ئاسا هاتوونەتە سەر زەوی کوردانی ئەو ناوچانە، بەهیچ شێوەیەک مافیان بەم شوێنانەوە نییە بەڵام ئەوەی سەیرە لایەنداری و سیاسەتی (عەسکەرتارییەت) و شکستخواردووی سوپای عێراقە کە زۆر ناڕەوایانە دەستوەردان دەکات و بووەتە بەشێکی سەرەکیی لە زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی سنورەکە.

لە هەمووی جێ سەرنجتر بێ هەڵوێستی و بێدەنگی حکوومەتی عێراقە کە ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر سوپا و حەشد و هەموو ئەو کەسانە هەبێت کە بەردەوام بە هێزی سەربازی دەیانەوێت ویستی ناڕەوای خۆیان بەسەر کورد بسەپێنن، لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتە گەر جیاوازی لەنێوان نەتەوەکانی نێویدا ناکات، بۆچی لەسەر ماف و ویستی جووتیارانی کورد نایەتە دەنگ؟
ئایا ئەمە دوو ڕوویی و نیفاقییەت و سیاسەتی شۆڤێنیانە نییە؟
بێگومان ئەم هەڵسوکەوتانە هێندەی دیکە یاسا و سوپا و دەسەڵات لە عێراقدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن هاوسەنگی ڕاگرن بەڵکو بوونەتە بەشێکی سەرەکیی لە کێشەکان.

بەداخەوە! پارێزگای ئێستای کەرکووک، لەسەر بنەمایەکی ناهاوسەنگ و پێچەوانەی بنەماکانی شەراکەت و تەوافوقی یەکسان لە کەرکووک هاتۆتە بەرهەم، هەر بۆیە بەو پەڕی بێ دەسەڵاتییەوە ئیدارەی ئێستای شارەکە ناتوانێت بەشێک بێت لە بەرگری لە مافی جووتیارانی کورد بەڵکو لەبری ئەوە هەرچی پۆستی ستراتیژی گرنگی پەیوەست بە خەڵک هەیە تەسلیمی ئەو لایانەنەی کردووە کە دژی مافی کوردانی کەرکووک و جووتیارانی کوردن.

مێژووی شاری کەرکووک، پێمان دەڵێت: (تەعریب، داگیرکاری، ڕاگواستن) و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و زەوی کوردانی ڕەسەنی ناوچەکە، دەرەنجامی نییە بەڵکو شکست وەکو هەمیشە چاوەڕێی ئەم عەقڵیەتە لە سیاسەت و داگیرکاری دەکات.

دەرەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی شکستە
Top