دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەسەرمایەی زیاتر لە 23 ملیار دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 637 پڕۆژە دراوە

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەسەرمایەی زیاتر لە 23 ملیار دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 637 پڕۆژە دراوە

 

 

 

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە «لووتكەی جیهانی حكومەتەكان» ئاماژەی بە دوو بنەمای سەرەكی كرد، كە بوونەتە هۆی «ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هاندانی گەشە و پەرەپێدانی ئابووری» ئەویش ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستانە. بۆ وتووێژكردن لەسەر هەنگاوەكانی گەشەكردنی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و هاوكاریی و كارئاسانییەكانی كە پێشكەش بە وەبەرهێنەران و بزنێسكاران كراوە و بووەتە هۆی بەدەستهێنانی هەزاران هەلی كار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ساز دا.

 

 

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاواز لە كابینەكانی پێشووی خۆی، گرنگییەكی زۆری بە ئەنجامدانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان داوە، هەروەكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی جیهانی حكومەتەكان لە دوبەی جەختی لەسەر كردەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا تا چەند ئێوە وەكو دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان توانیوتانە ئەم كارنامە و دیدگایە جێبەجێ بكەن؟

- لە ساڵی 2019ـەوە لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕێژەی سەرمایەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تاكو ئەمڕۆ بە شێوەیەكی زۆر خێرا و پێوانەیی ڕووی لە هەڵكشان كردووە، بە ڕاددەیەك لەو ساڵەدا لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەكە لە سەرووی دوو ملیار و نیو دۆلار وەبەرهێنان بەگەڕ خراوە و لە ساڵی 2023 زیاتر لە 4،315،274،938 دۆلار بووە، واتە بۆ سەرووی 4 ملیار دۆلار ڕووی لە هەڵكشان كردووە و لە ساڵی 2024دا بە بڕی 3،500،330،658 دۆلار وەبەرهێنان ئەنجام دراوە، كە تەنیا لەم ساڵەدا مۆڵەت بە 183 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، كە دەگاتە ڕێژەی 12،70%ی كۆی وەبەرهێنانی دەستەكە لە دامەزراندنییەوە واتە لە ساڵی 2006ـەوە، بەمەش لە ساڵی 2024 بەراورد بە 19 ساڵی دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان هەر لەساڵی 2006ـەوە تاكو ئێستا، ساڵی 2024 باشترین ساڵ بووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، كە كۆی ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە 2006 تاكو 2024 دەگاتە 1431 پڕۆژە بە سەرمایەی 74،820،012،614 دۆلار.

ئەم ژمارە زۆرەی پڕۆژەی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە 2019ـەوە تاكو 2024 ژمارەی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان كە مۆڵەتیان پێدراوە، گەیشتووەتە 637 پڕۆژە بە سەرمایەی 23،194،812،305 دۆلار، بەمەش داتا و ژمارەكان ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە وێڕای هەموو ئەو ئاڵنگاری و بەربەست و ئاستەنگانەی لە بەردەم كارو چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانراوە، یان ڕوویداوە، هەر لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا و بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی گەمارۆ و جەنگی ئابووری كە لە ڕوخساردا هەموو ئەم سزایانە لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا دژی هەموو خەڵكی كوردستان و ئابووری و بژێوی خەڵك بووە بە هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینییەوە، هەموو ئەم پیلان و مەرامانە لە بەرانبەر خۆڕاگریی گەلی كورد و كوردستانییەكان و بوێریی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان شكستیان پێهێنرا، كە بە هەقیقەت سەرۆكێكە بڕوای پتەوی بە ڕۆحی كوردایەتی و گۆڕانكاری و وەرچەرخان هەیە. ئەمانە وایان كرد، ئیرادەی پۆڵایینی حكومەت سەركەوێت و بۆ جیهان بیسەلمێنین كە هەرێمی كوردستان خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرییە و بۆ هیچ كەس و وڵات و لایەنێك هەڕەشە نەبووە، بگرە فاكتەری ئاشتی و سەقامگیری بووە و گەشەی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەك تەنیا بۆ گەلی كورد خێرو خۆشییە، بەڵكو بۆ هەموو گەلانی ناوچەكەش هەر وایە. ڕێزدار مەسرور بارزانی لە وتاری 11ی ئەم مانگە لە كۆڕبەندی لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی، جەختی لەسەر ئەم بابەتە كردەوە كاتێك ڕایگەیاند: «ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هاندانی گەشە و پەرەپێدانی ئابووری بینیوە..». بۆیە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بەڕێوەبردنێكی وردی زانستییانە و واقیعبینانە توانیویەتی وەرچەرخانەكان لەناو قەیرانەكاندا دروست بكات، ئەوەتا لە زۆربەی سێكتەرەكاندا هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە چووە، هەرچەندە دەنگێكی نەیار و دژ بەكورد و كوردستانییان هەیە كە بەردەوام ویستی ئەوەیان هەبووە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لەناو قەیرانەكاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەتا لە وەبەرهێناندا وێڕای بوونی ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا، بەڵام توانیومانە ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەكان جێبەجێ بكەین و بە بەگەڕخستنی ئەو سەرمایە گەورەیەش هەزاران هەلی كار بەدەست بهێنین، زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان جوانترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو گەشە و بووژانەوە ئابوورییەن كە لەم كابینەیەدا بەدیهات.

* وەكو سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس و لە كردنەوەی ماڵی كوردستان لە داڤۆس بەشدار بوویت. ئایا تاچەند لەو كۆڕبەندەی داڤۆس توانرا كۆمپانیا گەورەكان و حكومەتەكانی بەشداربوو هان بدرێن ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن؟

- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە داڤۆس داوە و لەم چوارچێوەیەشدا ماڵی كوردستانی لەو كۆڕبەندە كردەوە، تاوەكو گرنگی بە ناساندن و هاندانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان بدات، بۆ ئەوەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لە ڕووی ئابووری و بەدەستهێنانی هەلی كارەوە كوردستان زیاتر ببووژێتەوە. بێگومان وێڕای گرنگیی دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ گەورە بازرگان و وەبەرهێنەران و سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان و بەرپرسانی باڵا و سەرۆكی گەورە كۆمپانیاكان و ڕێكخراوە جیهانییەكان، لەو كۆڕبەندەدا دەرفەتەكانی وەبەرهێنان بۆ دنیای دەرەوە ڕوون كرایەوە و دیمەنی جوانی كوردستان و ئاشتیخوازیی گەلەكەی بۆ دنیای پێشكەوتوو باس كرا، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت تاوەكو لەناو ڕۆژهەڵاتێكی پڕ لە كێشمەكێش و ئاڵۆزی و لەگەڵ هەڵكشانی بیروباوەڕی توندڕەوی و پۆپۆلیستی دەروازەیەك بۆ میانڕەوی و پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەی بینا بكات. بۆیە دوای ئەو زنجیرە دیدار و چاوپێكەوتنانەی ڕێزدار سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە دەیان گەورە كۆمپانیای بەناوبانگی جیهان بەڵێنیان داوە وەبەرهێنان بكەن لە هەرێمی كوردستان لە سێكتەرەكانی سیستەمی ئەلیكترۆنی و بانكی و بواری كشتوكاڵ و پشەسازی و تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، ئەمە جگە لەوەی نزیكەی 100 چاوپێكەوتنی گەورە لە نێوان وەبەرهێنەرەكانی كوردستان لەگەڵ وەبەرهێنەران و بازرگان و بزنێسكارانی بیانی ئەنجام دراون و چەند گرێبەستێكیشی لێكەوتەوە، هاوكات بوونی ئێمە لە داڤۆس وەكو دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەگەڵ پۆلێك لە بزنێسمان و ژمارەیەك لە وەبەرهێنە گەورەكانی كوردستان گرنگ بوو بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و هەڵكشانی وەبەرهێنانی كوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دووبارە بەهێزبوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و چاوەڕوانیی واڵابوونی كەرتی وزە لە بەردەم وەبەرهێنە گەورەكان.

* دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە. ئایا لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە چەندە و چەندی جێبەجێ كراون؟

- دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان پێداویستییەكی گرنگ بوو بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانی و فراوانكردنی وەبەرهێنان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمەكە، ئەم دەستەیە لە دامەزراندنییەوە تاكو ئێستا مۆڵەتی بە 1431 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە بە سەرمایەی 74،820،012،614 دۆلار، لەم ژمارەیە لە ساڵی 2024 زۆرترین مۆڵەت دراوە بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و ژمارەیان گەیشتووەتە 183 پڕۆژە بە سەرمایەی 3،500،330،658 دۆلار، واتە بە ڕێژەی لە 12،79%ی كۆی ڕێژەی ژمارەی پڕۆژەكانی هەموو تەمەنی دەستەكە، ئەمە لە كاتێكدا لە ساڵی دامەزراندنی دەستەكەوە لە ساڵی 2006 تەنیا دوو پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی دراوەتێ بە سەرمایەی 438،307،630 دۆلار. هەروەها هەر لەم كابینەیەدا لە ساڵی 2021 مۆڵەت دراوە بە 71 پڕۆژە، بەڵام بە سەرمایەیەكی زۆر گەورە كە 8،534،970،859 دۆلارە، ئەمەش سەرمایەیەكی گەورەیە كە تەنیا مەگەر لە ساڵی 2013 پێش بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان ئاستی وەبەرهێنانی كوردستان وا بەرز بووبێت و قەبارەی سەرمایەی بەم شێوەیەی بەخۆیەوە بینیبێت كە لە 109 پڕۆژە سەرمایەكەی گەیشتبووە 10،450،047،082 دۆلار. لەلایەكی دیكەوە بە پاڵپشتیی سەرۆك وەزیران توانیمان گەندەڵی و كەمتەرخەمی لە دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون ڕابگرین و سزای توندی هەموو ئەو وەبەرهێنەرانەمان دا كە كەمتەرخەم بوون و پڕۆژەكانیان لە وادەی خۆیدا تەواو نەكردووە، یان ئامادە نەبوون دەست بە پڕۆژەكانیان بكەنەوە.

* فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات یەكێك لەو وەرچەرخانە گەورەیانە بوو كە لەم كابینەیەدا بەدیهات و بووە هۆی دابینكردنی هەلی كار بۆ سەدان گەنج، تا چەند هەوڵەكانی گۆڕانی وەبەرهێنان لە تاكە وەبەرهێنی بیناسازییەوە بەرەو فرەچەشنكردنی وەبەرهێنان سەركەوتوو بوون؟

- دیدگای سەرۆك وەزیران بوو لە كارنامە وەزارییەكەیدا جێگیر كرا و دواتر لەژێر سەپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابیان توانرا بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بازرگانی و تەندروستی و پەروەردە و بانكەكان و نیشتەجێبوون و هونەری و وەرزشی و پیشەسازیی نەوتی و خزمەتگوزاریی و چەندین بوار و كەرتی دیكە بووژانەوە بە خۆیەوە ببینێت. ئەوەتا لە كەرتی پیشەسازیی كە پێشتر بە دەیان كارگە ڕاوەستا بوون، دەستیان بە بووژانەوە كردەوە و چەندین مۆڵەتی كاركردنی نوێ بە گەورە كۆمپانیاكانی كەرتی پیشەسازیی دران، بە ڕاددەیەك تەنیا لە بواری پڕۆژەی پیشەسازیی لە ساڵی 2024 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە 51 پڕۆژە، بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی سێكتەرەكان و ژمارەیان 183 پڕۆژە بووە تەنیا لە ساڵی 2024 بە سەرمایەی 3،500،330،658 دۆلار كە بەم شێوەیە بووە:

پیشەسازیی: 51 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار.

نیشتەجێبوون: 27 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 1،5 ملیار دۆلار.

بازرگانی: 41 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 387 ملیۆن دۆلار.

گەشتیاری: 28 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 322 ملیۆن دۆلار.

تەندروستی: 7 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 150 ملیۆن دۆلار.

فێركردن: 15 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 64 ملیۆن دۆلار.

كشتوكاڵی: 5 پڕۆژە بە نزیكەی 37،4 ملیۆن دۆلار .

وەرزشی: 6 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 9،5 ملیۆن دۆلار.

هونەری: 1 پڕۆژە بە سەرمایەی 7،8 ملیۆن دۆلار.

خزمەتگوزاری: 2 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 9،7 ملیۆن دۆلار.

لە هەموو ئەم پڕۆژانەش لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنماییمان دەركردووە كە ڕێژەی دەستی كاری خۆماڵی لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا نابێت لە 75% كەمتر بێت، بەدواداچوونی توندیشمان كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە زۆربوونی ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەناو بازاڕ و لەناو پیشەوەراندا بە سەدان هەلی كاریان ڕەخساندووە و جووڵەی بۆ بازاڕ گەڕاندووەتەوە، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ئەو بنەمایەوە هاتووە كە هاووڵاتیان و گەنجان و دەرچووانی زانكۆ مافی خۆیانە هەلی كاریان دەست بكەوێت. بە دابینكردنی ژینگەیەكی سیاسی و ئابووریی سەقامگیر توانرا بە سەدان هەلی كار دابین بكرێت. هەر بۆیە بەردەوام حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی پاراستنی ئەو سەقامگیریی و ئاسایشەدایە كە بنەما سەرەكییەكانی بووژانەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و بەدەستهێنانی هەلی كارە، بەپێچەوانە لە ژینگەیەكی نائارام و ناسەقامگیر لە توانادا نییە دەرفەتەكانی هەلی كار و خۆشگوزەرانی بەدەست بهێنرێت و كێشەكانی بێكاری و هەژاری چارەسەر بكرێت.

زۆر جار ئەم دەستكەوتانە بە دڵ و خواستی نەیارانی كورد نەبووە، بۆیە دەبینین ناوبەناو كێشە و گرفت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە كەرتەكانی پیشەسازیی و كشتوكاڵی دروست دەكەن، بەوەی بازگەی نافەرمی و نایاسایی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بەرهەمی برا جووتیارەكان و پیشەسازیكاران دانراون، یان كێشەی مۆڵەت وەرگرتن و گرفتی دیكەیان بۆ دروست كراوە، هەروەكو چۆن لە ڕێگەی ئاژاوە و پشێوی و بۆردومان زیانیان بە كەرتی پیشەسازیی و دامەزراوەكانی ئەم كەرتە داوە، یان لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە و پشێوییەوە زیانیان بە كەرتی گەشتوگوزار گەیاندووە، بەڵام مادام میللەت و گەلێك هەیە لە پشت سەرۆك و حكومەتەكەیانەوەن، ئەوا هەردەم ڕەوشی ئارامی و سەقامگیری بە چەند كەس و گرووپێكی كەم تێك ناچێت.

* تا چەند توانراوە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا بە هاوسەنگی و دادپەروەریی دابەش بكرێت؟

- ستراتیژیەتی حكومەت بەو ئاراستەیە بووە كارئاسانی و لێخۆشبوون و هاوكاریی زیاتری ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین كە لە ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگای هەڵەبجە وەبەرهێنان دەكەن. دیارە وەبەرهێنان بە دوای دەستكەوت و قازانجیشەوەیە و بەردەوام ڕوو لەو پارێزگا و ناوچانە دەكات كە ئارام و سەقامگیرن و دواتر كەڵكی ئابووریی پڕۆژەكەی زیاترە و ڕەواجی بۆ بەرهەم و پڕۆژەكەی لەناو بازاڕ و كاری ئابووریدا دەبێت. بۆیە وەبەرهێنان بەپێی شار و ئیدارە سەربەخۆكان لە ساڵی 2024 بەم شێوەیە بووە: هەولێر 71 پڕۆژە، سلێمانی 31 پڕۆژە، دهۆك 36 پڕۆژە، هەڵەبجە 1 پڕۆژە، ئیدارە سەربەخۆكانیش بەم شێوەیە بووە: گەرمیان 18 پڕۆژە، سۆران 3 پڕۆژە، ڕاپەرین 13 پڕۆژە، زاخۆ 10 پڕۆژە.

ئێمە ئەگەر قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و پشێوی و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڕینی بوددجە نەبووایە دەستكەوتی گەورەترمان بەدەست دەهێنا، لەگەڵ ئەمەشدا ئیرادەی سەرۆك وەزیران و خۆڕاگریی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەر زۆربەی ئەو تەحەددا و ئاستەنگانەدا زاڵ بوو، ئارامی و سەقامگیری بەدەست هات كە بەری ئەو خۆڕاگریییە بوو، لێرەوەش هەنگاوەكانی ڕاستكردنەوەی وەبەرهێنان و بونیادنانی پڕۆژە ستراتیژییەكانمان دامەزراند.

Top