بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆریای باشوور شەش کەس گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی بوسان لە کۆریای باشوور ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە شاری بەندەری بوسان، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی بوسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، كە ئاگرەکە لە شوێنێکی بیناسازی هۆتێلێک کەوتووەتەوە کە کار لەسەر سێ باڵەخانە لە نهۆمی ١٢ بەردەوام بووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی بوسان لە تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە، نزیکەی 25 کەس تووشی برینێکی سووک بوون، لەنێویاندا هەندێکیان بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، كە پێدەچێت ئاگرەکە لە کەرەستەی جیاکەرەوە لە نزیک مەلەوانگەی داخراو لە نهۆمی یەکەمی یەکێک لەو سێ باڵەخانەیە کەوتبێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکی کۆریای باشوور بە وەکالەت لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چۆی سانگ مۆک سەرۆکی کۆریای باشوور بە وەکالەت فەرمانی داوە هەموو ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەکاربهێنرێن.
گوڵان: سەردار خەلیل