به سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی كۆبووهوه و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کرا
![به سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی كۆبووهوه و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کرا](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250215184856_original_31.jpg )
ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش راگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی کۆمیتەکە بڵاو کرایەوە.
بەپێی راگەیاندراوەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکى ناوچەیى و جیهانى و بابەتى پەیوەست بە ڕێکخستنى ناوخۆیى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویست وەرگیرا.
دەقی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ شەممە ١٥ ى شوباتى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکى ناوچەیى و جیهانى و، بابەتى پەیوەست بە ڕێکخستنى ناوخۆیى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویست وەرگیرا.
تەوەری یەكەم/ کێشە و گۆڕانکارییەکانى ئاستى جیهان و ناوچەکە:
ڕووداوەکانى شەڕى غەزە و هەڵوێستى حکومەتەکانى ئەمریکا، ئەوروپى و عەرەبییەکان و، ئاکامەکانى شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەر و، کاریگەرى لەسەر کۆى پرسى فەڵەستین و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و ئایندەی کەرتى غەزە بە تایبەتى و فەلەستین بە گشتى خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
تهوهری دووهم/گۆڕانکارییەکانى سوریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتى و کوردستانى سوریا بە تایبەتى:
ئاکامەکانى کەوتنى ڕژێمى بەعس لە سورىا و هاتنە سەر دەسەڵاتى لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە سەرۆکایەتى (ئەحمەد شەرع) تیشکى خرایەسەر و، تەواوى لایەنەکانى ئەو گۆڕانکارییە شرۆڤەکران، هەروەها کاریگەرىى لایەنە دوور و نزیکە دەرەکییەکان لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى سوریاى نوێ و ئاراستەى سیاسى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانى وڵاتەکە لەلایەک و، لەلایەکى دیکەوە چۆنیەتى مامەڵەکردنى دەسەڵاتى نوێ لە هەمبەر چارەسەرى کێشەى کورد و کۆتاییهێنان بە پێشێلکاریەکانى مافەکانى کورد لە ڕابردوودا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەروەها کۆبوونەوەى جەنابى سەرۆک بارزانى لەگەڵ فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە، هاوکات تەواوى هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک بۆ نزیککردنەوە و پێکەوە کارکردنى لایەنە کوردیەکانى سوریا لە پێناو ئەوەى بە یەکەوە بەشێکى سەرەکى گفتوگۆکانى دامەزراندنەوەى سوریاى نوێ بن، بە گرنگ و ئامانجدار هەڵسەنگێنران. لایەنە ئەرێنى و نەرێنیەکانى گۆڕانکاریى سوریا لەسەر پەیوەندییەکانى وڵاتانى نەوچەکەش خوێندنەوەى پێویستى بۆ کرا.
تەوەرى سێیەم/ پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان:
ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.
تەوەرى چوارەم/ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى لوبنان:
دوابەدواى ڕووبەڕوبوونەوەکانى حزبوڵاى لوبنانى و دەوڵەتى ئیسرائیل و، ئاستى شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانى سەرتاسەرى لوبنان و کۆچى بە کۆمەڵى لوبنانیەکان بۆ دەرەوە، هەروەها مامەڵەى وڵاتان لەگەڵ ئەم ڕەوشە نالەبارە و کردەوە خوێناویانە، گۆڕانکارى لە دید و بۆچوونى لایەنە سیاسیە جیاجیاکانى لوبنان دروستکرد و، بۆ دواى ڕێککەوتن و ئاگربەست پەیوەندییە ناوخۆیى و دەرەکیەکانى لوبنان گۆڕانکارى ڕیشەییان بەسەرداهات، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستدا دامەزراوەکانى وڵاتەکە (سەرۆکى لوبنان و حکومەت) کە ماوەیەکى زۆربوو ئاستەنگیان بۆ دروستکرابوو، هەڵبژێردران و دەستبەکاربوون، ئەم زەمینەیە و کارابوونەوەى دامەزراوەکان کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و، ڕۆڵ و پەیوەندییەکانى حزبوڵا لە ناوچەکە دا.
تەوەرى پێنجەم/ پهیوهندییهکانى پارتیمان لەگەڵ لایەن سیاسییەکانى عێراق:
هەر لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى بەڕێز (محمد شیاع سودانى) لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و لایەنەکانى سونى، هەوڵەکانمان بە ئاراستەى پشتگیرى حکومەت بۆ بەڕێوەچوونى کار و خزمەتى خەڵک و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بووە، سەبارەت بە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێ نەکردنى بڕگەکانى ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕوانگەى دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردوە و، کۆبوونەوە تەئکیدى کردەوە کە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە سیاسى نەکرێن و ماددە دەستوورییەکان وەکو ئەوەى کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیى گیروگرفت و کێشەکان.
تەوەرى شەشەم/ بابەتى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانى دانوستاندن:
دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ٢٠ى ئۆکتۆبەى ٢٠٢٤، پارتیمان لیژنەیەکى باڵاى تایبەتى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لیژنەکەمان سەردانى تەواوى ئەو لایەنە سیاسییانەى کە بەشدارى هەڵبژاردن بوون کرد، بیروڕا گۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بوو و، لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێ.
تەوەرى حەوتەم/ بابەتەکانى ناوخۆى پارتیمان:
بابەتى پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە سنوورى هەرسێ مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى نەینەوا و کەرکوک گەرمیان و بەغدا، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتیمان و لە چوارچێوەى ڕێنماییەکان ئەو پڕۆسە گرنگە بە سەرکەوتووى ئەنجامدرا و کۆتایى هات.
- بابەتى پەیمانگاى پێگەیاندنى کادران، لە ڕوانگەى گرنگیدان بە پڕۆسەى ڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندن و شیاندنى کادران، بیستەمین خولى پەیمانگاى کادیران بە گوێرەى پلان و پرۆژەیەکى سەردەمى و نوێ دەکرێتەوە، کۆبوونەوە ئەو بریارەى بە هەنگاوێکى پێویست زانى.
- بابەتى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و چۆنیەتى ئامادەکاریەکان، کارى لەپێشینە و گرنگى ئۆرگانە جیاجیاکانى پارتیمان خۆئامادەکردن دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو ڕوویەکەوە، لەم ڕونگەوە کۆبوونەوە لیژنەیەکى بۆ دیراسەکردنى بابەتە یاسیاییەکان و ڕێکخستنى هەنگاوەکان پێکهێنا.
- دوابەدواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە ناوخۆى هەرێم و سنوورەکانى دەرەوەى هەرێم بە دوو قۆناغ، لیژنەیەکى هەڵسەنگاندن پێکهات بۆ دیراسەکردنى خاڵە بەهێز و لاوازەکانى پڕۆسەکە و پێشنیارەکان، بۆیە بەپێویست زانرا دەست بە جێبەجێ کردنى ناوەرۆکى هەڵسەنگاندنەکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە مەکتەبى سیاسى ڕاسپێردرا بۆ کار و هەنگاوى پێویست.
كومیتهی ناوهندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٥ى شوباتى ٢٠٢٥