ئالین بۆ گوڵان:هیوادارم کوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا

هونەرمەند ئالین لە رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێك دەبێت رووی لە وڵاتی غەریبی كردووە و لەوێوە بەردەوام بووە لە گۆرانی وتن، تا ئێستا چەندین بەرهەمی و دەیان كلیپی بڵاوكردۆتەوە.
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە گۆرانییەکی بە زمانی سریانی پێشکەش کرد.
سەبارەت بەم گۆرانییە و چەند پرسێکی دیکەی هونەری گفتوگۆیەکمان لەگەڵی سازدا
ئالین سەرەتا تیشکی خستە سەر گۆرانییە نوێیەکەی و وتی: کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە، هیچ کاتێک هەست بە جیاکاری نەکراوە، من لە ژینگەیەکدا گەورە بووم دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ کریستیانەکان هەبووە، هەر ئەوەش وایکرد کە بە سریانی گۆرانی بڵێم و شارەزایی لە زمانیان هەبێت.
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە گۆرانی (حۆنلێ حۆنلێ) بە شێوازێکی نوێ و جیاواز پێشکەش بە خوشک و برا کریستیانەکان دەکەم، هیوادارم بە دڵیان بێت و لێرەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێدەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ بۆ هەموو لایەکمان ساڵی تەبایی و خۆشگوزەرانی بێت و هاتنە دیی هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت لە هەموو پارچەکان.

سەبارەت بەو گۆرانیبێژە كوردانەی كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمریكی وئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن ئالین دەڵێ: من پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنیی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانەی بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كەلتووری وڵات و نەتەوەكانی دیكە.
ساڵانێكە لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات و پێیوایە کاری هونەری لە ئەوروپا ئاسان نییە و لەم بارەوە زیاتر دەڵێ: كاركردن بۆ هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا زۆر سەخت و دژوارە، بەهۆی ئەوەی ژەنیارەكان هەریەكەیان لە وڵاتێكن، كۆبوونەوەیان ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەشدا كاری هونەری لەوێ خەرجیی زۆرە. دواتر كۆبوونەوەی جەماوەریش لە چالاكییەكان زەحمەتە و خەڵك كەمتر كاتی بۆ چالاكیی هونەری هەیە، ئەمەش وایكردووە هونەرمەندانی ئەوروپا چالاكییان زۆر نەبێ، تەنیا لە بۆنەكانی وەكو نەورۆز و سەری ساڵ و چەند بۆنەیەكی دیكە چالاكی دەكەن، بەڵام لە كوردستان كاری هونەری زۆر ئاسانتر و خۆشترە و ژەنیاری زۆر هەن. خەڵك زیاتر ئامادەی چالاكییەكان دەبێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێتوایە هونەرمەندی کورد دەتوانێت لە ڕێگای هونەرەکەیەوە بژێوی ژیانی پەیدا بکات ئالێن دەڵت هونەرمەند نەك ناتوانێ بە هونەرەكەی بژیت، بەڵكو كارێكی سەخت دەكات بۆ ئەوەی پارە بۆ كاری هونەری پەیدا بكات و كارێكی نوێ تۆمار بكات، من هەموو ئەلبووم و كلیپەكانم هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەری تا ئێستا لەسەر ئەرکی خۆم ئەنجامداوە و تا ئێستا هیچ کەسێک نە هاوکاری کردووم و نە سپۆنسەری کارەکانیشم کراوە لەلایەن کەسێک یان کۆمپانیایەک.
لەبارەی هۆكاری گوتنی گۆرانی بە زمانی بیانی دەڵێن ئالین وتی: من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشوریش گۆرانیم وتووە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بە یەكەوە دەژین لە كوردستان و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بووە كە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و هیوادارم توانیبێتم لەو رووەو سەركەوتوو بم.
لەبارەی هاوکاری کردنی هونەرمەندان لەڵایەن دەوڵەتەوە لە ئەوروپا دەڵێ: ئەگەر باسی ئەڵمانیا بکەین
هونەرمەندانی لەلایەن حكومەتەكەیانەوە زۆر هاوكاری دەكرێن، زۆربەی كۆمپانیا گەورەكان سپۆنسەری كارەكانیان دەكەن. هونەرمەندانی ئەڵمانیا جگە لە كاری هونەریی خۆیان وەك ئێمە كاری دیكە ناكەن، هەموو خەیاڵیان لای كارە هونەرییەكانیانە.
سەبارەت بەم پرسە زیاتر وتی: هونەرمەندانی بیانی ئەگەر بە زمانی ئەڵمانی گۆرانی بڵێن هاوكاری زیاتر دەكرێن، من بە زۆر زمان گۆرانیم وتووە، بەڵام من لە خەمی كولتوور و فەرهەنگ و میوزیك و گۆرانی كوردیدام، دەمەوێت كار بۆ نەتەوەكەم بكەم، كوردێكی زۆری تاراوگەنشین هەن كە خەریكە فەرهەنگ و زمانی كوردی لەبیر دەكەن، ئێمە دەتوانین لەڕێگەی گۆرانی و میوزیكەوە زمانی كوردی لای ئەوان شیرین بكەین و زمانی نەتەوەكەیان لەبیر نەكەن، هەر لە منداڵییەوە خۆشەویستیم بۆ فەرهەنگ و كولتووری كوردی هەبووە.
سەبارەت بە گرنگیدان بە فۆلكلۆری كوردی و نوێگەری دەڵێ: من لەگەڵ هەردووكیانم پێویستە گرنگی بە هەردوو لایەن بدرێت، مرۆڤ نابێت كولتوور و فەرهەنگی خۆی لەبیر بكات، بەڵام ناشكرێت لە كاروانی نوێگەری داببڕێ، دەكرێ نوێگەریش بخرێتە خزمەت هونەری كوردی و میوزیك و گۆرانی پێ دەوڵەمەند بكرێت.
زۆر بەپێویستی دەزانم گۆرانی و میوزیكی فۆلكلۆر نۆژەن بكرێتەوە و كاری ئەكادیمی و هونەری جوانی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی هەم لە زاكیرەی تاكی كورددا بەزیندوویی بمێنێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ كاروانی نوێگەریدا بڕوات.
ئالین هەروەها دەڵێ شارەزایی لە ئامێرە میوزیكییەکان زۆر گرنگه بۆ هونهرمهند، چونكه ئهگهر هونهرمهند خۆی میوزیكێك بژهنێت ئهوا دهتوانێت بهشێوهیهكی زۆر باش و ئهكادیمی نۆتە و تۆنی دهنگی خۆی بگونجێنێت لهگهڵ میوزیكدا.
لە کۆتاییدا ئالین باسی لە رەوشی رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم.