ئازەربایجان بارێکی نوێی هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت
![ئازەربایجان بارێکی نوێی هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250207232435_original_9.jpg )
ئازەربایجان بە فەرمانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بارێکی کەلوپەلی کارەبایی بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.
وەزارەتی وزەی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە بارێکی هاوکاری مرۆیی لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەو وڵاتە ئیلهام عەلیێڤ ڕەوانەی ئۆکرانیا کرا.
ئەم بارە ئامێری کارەبایی لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا کێبڵی کارەبا و محاویلە، کە بەهای یەک ملیۆن دۆلارە، لەلایەن کۆمپانیای پارکی تەکنەلۆجیای سومقاییتی ئازەربایجانەوە دابینکراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئەو ئامێرانە بۆ ڕێکخستن و بنیاتنانەوەی ژێرخانی کارەبایی لە ناوچە جەنگاوییەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.
ئازەربایجان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیاوە زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە و ئامانجی پشتیوانیکردنی گەلی ئۆکرانیایە.
گوڵان: سەردار خەلیل