ئاڵوگۆڕی سەدان دیلی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا

لە درێژەی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەرپرسانی هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی 300 دیلیان ڕاگەیاند.
دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ و کیێڤ ڕایانگەیاند: کە ڕۆژی چوارشەممە 5ی کانوونی دووەم بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لانیکەم ٣٠٠ دیلی جەنگیان ئازاد کردووە.
کەناڵی فەڕەنسا ٢٤ بڵاویکردەوە، لە دوایین ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان هەردوولادا، ١٥٠ کەس لە هەر وڵاتێکەوە ئازادکراون.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیا ئازادکردنی ١٥٠ سەربازی ئۆکراینی لە دیلێتی ڕووسیا پشتڕاستکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانە زیاتر لە دوو ساڵە لە دیلێتی ڕووسیادا بوون.
هاوکات کرێملین هەروەها ئازادکردنی ١٥٠ کەس لە کارمەندانی سەربازی خۆی ڕاگەیاند.
ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە ئازادکردنی ئەم دیلانەی شەڕدا.
مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە ئەو زیندانییە ئازادکراوانە لە بیلاڕوسن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری پزیشکی و دەروونی و دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە دەگوازرێنەوە بۆ ڕووسیا.
گوڵان: سەردار خەلیل