سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری UN لە عێراق: پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری UN لە عێراق: پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 05-02-2025 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوکاريی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لەسەر گرنگيی پاراستنى سەقامگیريی سیاسی له‌ عێراق کراوەتەوە، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوەکە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پتەوکردنی هاريكاريى نێوان بەغدا و هەولێر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولايان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن به‌ پێويست زانى.

ده‌رباره‌ى گفتوگۆى لايه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هەردوولا بيروڕايان گۆڕيوەتەوە، "هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان."

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، خرانە به‌ر باس. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له‌و باره‌يه‌وه‌، داكۆكى لەسەر بەردەواميی پشتگیريی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامى نێوانيان کرايه‌وه‌."

Top