ڕۆژهات ئامەدی سیاسەتمەدار و توێژەری باكووری كوردستان بۆ گوڵان : سەرۆك بارزانی بۆ كوردی هەر چوار پارچە مەرجەع و ڕابەرە
وەكو دەزانین زۆر دەوڵەت لە ناوچەكەدا گرەویان لەسەر دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ دەكرد، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری ئەمریكا، بۆ ئەوەی بزانرێت بە هاتنی ترەمپ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند دەگۆڕێت و كورد لەو گۆڕانكارییەدا پێگەی چۆن دەبێت. ئایا ئەو گۆڕانكارییانەی لە بەرانبەر جۆلانی و شەرع دەبینرێت، چۆن دەخوێندرێتەوە؟ ئایا جەنابی سەرۆك بازرانی بۆ زیاتر هاتنەدی قەوارەی كوردستان چی بۆ ڕۆژئاوی كوردستان پێدەكرێت و ڕۆڵی چییە لە پڕۆسەی ئاشتیی توركیادا؟ گۆڤاری گوڵان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكە دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژهات ئامەدی سیاسەتمەدار و توێژەری باكووری كوردستان ئەنجام دا.
* زۆر دەوڵەت لە ناوچەكە گرەویان لەسەر دووبارە درەچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ دەكرد، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری ئەمریكا، ئێستا ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە، ئایا دووبارە دەرچوونەوەی ترەمپ تاچەند بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و كورد لەو گۆڕانكارییەدا پێگەی چۆن دەبێت؟
- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، دەبێت ئاماژە بەو پێشهات و گۆڕانكارییە نوێیە بكەم كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە پێشەوە. ترەمپی جاران لەگەڵ بارودۆخی جاران و ئەو كاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێستادا جیاوازە. پێشتر ئەو مەترسییەی كە ترەمپ دەبوو بیری لێ بكاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسیی كەمبوونەوەی نفووزی ئەمریكا بوو لە ناوچەكەدا، بەڵام ئێستا ئەو بارودۆخە تازەیەی كە هاتووەتەدی لە دوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل و شەڕی حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل و شەڕی ئیسرائیل و ئێرانە، بەمەش بارودۆخێكی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا بووە و سووریا بەرەو بارودۆخێكی نادیار دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەمریكا ئەمجارە لە پێشتر زیاتر ناچارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی خۆی بپارێزیت. دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ترەمپیش ترەمپی جاران نییە، چونكە ترەمپی جاران تەنیا كابرایەكی بازرگان بوو، بەڵام ترەمپی ئێستا ئەوە ماوەی چوار ساڵە بەرەو پەیداكردنی ناسنامەیەكی سیاسی بۆ خۆی كار دەكات، ئەمەش یارمەتی ئەوەی دەدات، نەوەكو تەنیا وەكو بازرگانێك بیر بكاتەوە، بەڵكو وەكو سیاسییەكیش بیر بكاتەوە، سیاسی بیركردنەوەش دەبێتە هۆی بەدواداچوونی پڕۆژەی بەرژەوەندیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیەش نابێت مرۆڤ بترسێت كە ترەمپ واز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت و بارودۆخی كوردیش تێكدەچێت، تەواوی ئەو بیركردنەوەیە دوورە لە ڕاستییەوە. وازهێنانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنیا مانەوەی ئیسرائیلە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش نابێت و ئەمریكا قبووڵی ناكات و، ناتوانێت ڕۆڵی كوردیش فەرامۆش بكات. لەبەر ئەوەی لە ئێستادا كورد نزیكترین هاوپەیمانی جیهانی ڕۆژئاوایە و كورد بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریكایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها شتێكی دیكەش هەیە، دەبێت بزانرێت كە ئەویش بە دەرچوونی ئەمریكا و نەمانی هاوپەیمانیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە كارەساتێك لەگەڵ خۆی دروست دەكات. بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆكە نزیكەی سێ ملیۆن عەرەب و دوو ملیۆن كورد دەژین و لە كاتێك بارودۆخی كورد تێكبچێت، تەنیا لە ڕۆژئاوای كوردستان دوو تا سێ ملیۆن پەنابەر دروست دەبێت، ئەو پەنابەرانە بۆ تورك و ئێران و عەرەب كێشە نابن، بەڵكو بۆ ئەوروپا و ئەمریكا دەبنە كێشە، هەر بۆیە دەبێت ئەمریكا پێش لەو كارەسات و بارودۆخە بگرێت، هەمان بۆچوون و بارودۆخیش بۆ باشووری كوردستان هەیە. من بۆچوونم وایە بە هیچ جۆرێك بە هاتنی ترەمپ بارودۆخی كورد تێك ناچێت و مومكین نییە بارودۆخی خراپ بۆ كورد دروست بێت.
* ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان، هەڵوێستی دەوڵەتانی جیهان بەرانبەر جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەو ئاراستەیەی دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵ بكەن، سزاكانی سەر سووریا كەم بكەنەوە، چۆن سەیری ئەم گۆڕانكارییە دەكەیت؟
- هەموو جیهان و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ جۆلانی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بارودۆخ لە سووریا خراپتر نەبێت، هیچ وڵاتێكی ئەوروپی لەو بڕوایەدا نییە بە جۆلانی، یان بە هەتەشە بارودۆخی سووریا چاك بێت، بەڵام بازاڕێكی سیاسی هاتووەتەدی و دەستی پێكردووە، كەچی بكرێت بۆ ئەوەی بارودۆخی سووریا لەمە خراپتر نەبێت. تازە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) وەكو هێزی هەتەشە ئەو هێزە نییە كە بتوانن بە یەكدەنگی بچنەپێش، چونكە لەناو جەماعەتی جۆلانی گرووپ و حزبی جۆربەجۆر هەن كە وەكو یەك بیر ناكەنەوە، بەڵكو بیروباوەڕی زۆر جیاوازیان تێدا هەیە. بۆ نموونە لەناو گرووپ و دەسەڵاتداری جۆلانی هێزێك هەیە كە پێی دەگوترێت «پارتی ئیسلامیی توركمانستان»، ئەم پارتە گەورەترین هێزن و زۆر مەترسیدار و ڕادیكاڵن و زۆر جیاوازن لە گرووپەكانی دیكە و بۆی هەیە، جۆلانی بڕیاری خۆی بدات و دەیەوێت ببێتە كابرایەكی لیبڕاڵ، بەڵام زۆر زەحمەتە لە بڕیارەكانیدا سەركەوتوو بێت. لەلایەكی دیكەوە ئەو دەسەڵاتداریەتییە (جۆلانی) هەوڵ دەدات، داواكاریی ئەوروپا جێبەجێ بكات و داواكاریی وڵاتانی عەرەبیش جێبەجێ بكات و لەلایەكی دیكەشەوە داواكاریی توركیاش هەیە و ئەو داواكارییانە زۆر زۆر لە یەكتر جیاوازن. بۆ نموونە داواكاریی توركیا ئەوەیە كە جۆلانی و دەسەڵاتداری تازە لە شام لەگەڵ كورد ڕێككەوتن نەكات و دژی كورد شەڕ بكات و سیاسەتێك بەڕێوەببات، كورد هەموو چەكی خۆی دابنێت و تەسلیمی جۆلانی و شام بێت، هەرچی ئەوروپاش هەیە هەم بە تورك دەڵێت و هەم بە دەسەڵاتداریەتیی تازەی سووریا دەڵێت، نابێت كورد چەك دابنێت و نابێت تەسلیم بە توركیا ببێت، بەڵكو دەبێت بەو جۆرەی هەیە كورد بمێنێت، لەبەر ئەوەی كورد لە سووریا ئەو هەرێمەی دروستیان كردووە، تا ئاستێك سەقامگیری هەیە و ئیدارەی خۆیان كردووە و لە هەرێمەكەدا لە نێوان پێكهاتەكاندا پێكەوەژیان هەیە.
* لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە دەبینین جووڵەیەك لەسەر پرسی كورد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە پێشوازی لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە سووریا كردەوە، بۆ ئەمەش نوێنەری تایبەتی خۆی نارد بۆ ڕۆژئاوا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی كۆبووەوە، پاشانیش مەزڵووم عەبدی سەردانی باشووری كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە. ئایا لەم بارودۆخەدا چۆن سەیری ئەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی دەكەیت كە ئامانجیەتی كورد یەك بن و یەك گوتاریان هەبێت؟
- ئەو هەوڵدانەی كە ئێستا جەنابی سەرۆك بارزانی دەیدات ئەوە دەبێت پێشتر بكرابایە، لەبەر ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا سەرۆكی باشووری كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵكو لە هەموو پارچەكانی كوردستان و لەلایەن هەموو كوردێكەوە وەكو سومبل و مەرجەعی كورد تەماشا دەكرێت، بەڵام بارودۆخی سیاسیی هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە توركیا و ئێران و سووریا ڕێگا نادەن كە ڕۆڵی خۆی ببینێت و توركیا بە باشووری كوردستانی دەگوت، نابێت ئێوە دەستتێوەردان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەن، لەبەر ئەوەی جەنابی سەرۆك نەیتوانی بە تەواوی هاوكار بێت بۆ ڕۆژئاوی كوردستان و ئەوەی كە پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و ڕزگاركردنی شتێكی جیاكاری بوو، ئەگەر تیرۆریستانی داعش نەبووایە، ئەم كارەش نەدەكرا، بەڵام ئێستا لە سووریا حاڵەتێكی نوێ دروست بووە و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێش گۆڕانكارییەكی گەورە دایە، هەر بۆیە توركیاش ناچارە لەو بارودۆخەدا بە ڕێگایەكی كەمترین زیان دەربچێت. بە باوەڕی من توركیا ئێستا گەیشتووەتە ئەو باوەڕە ئەگەر چارەسەرییەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كورد هەبێت، ئەوە سەرۆك بارزانی ئەدرێسی هەرە ڕاستە و لە كاتێكدا هێزی توندڕەویش لە ناو كورد هەبێت، ئەوا بۆ بێدەنگكردنی ئەو هێزانە بە ڕێگای ئاشتییانە بارزانی دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت و ئەوەی توركیا ئێستا دەیكات و باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەكات، بۆ ئەوە نییە كە پێی خۆش بێت كێشەی كورد چارەسەر بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیەتی لەو بارودۆخەی ئێستاكە بە شێوەیەكی هەرزانتر و بە بێ قەزا و بەڵا لێی بێتە دەرەوە، ئەوەش تەنیا بە لۆژیك و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی مومكین دەبێت و هیچ ڕێگایەكی دیكە نییە. من پێموایە توركیاش ڕازییە كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە سووریا ئەو ڕۆڵە ببینێت، كە ئەمەش ڕۆڵێكی دیار و گەورەیە، لەلایەكی دیكەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا دڵنیان كە بەرنامەی كورد تەنیا بە جەنابی بارزانی بەڕێوەدەچێت. هاوكات توركیاش دەزانێت كە ڕێز و تەقدیر و نرخێكی گەورە لەلایەن ئەوروپا و ئەمریكا بۆ سەرۆك بارزانی هەیە، هەروەها ڕێز و گەورەییەكی زۆر لەلایەن وڵاتانی كەنداو و عەرەب بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە، كە كەسایەتییەكی ئاشتیخواز و دوور لە شەڕ و كێشەیە و داكۆكیكارە بۆ قەزییەی كورد و كوردستان بە ڕێگای ئاشتی و لێبوردەیی و هاتنەدی سەقامگیری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* لە پێناوی ئەوەی كێشەی كورد لە سووریا بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، ئایا پەكەكە واز لە دەستتێوەردانەكانی لە ڕۆژئاوا دەهێنێت، بۆ ئەوەی دەروازەیەك بكرێتەوە و كوردیش بەشدار بێت لە نووسینەوەی دەستووری داهاتووی سووریادا؟
- ئەگەر بابەتێكی وەكو دەستوور لە سووریا بێتە گۆڕێ و بیانەوێت بینووسنەوە، ئەوە بەبێ كورد نابێت و ناكرێت. ئەگەرچی من پێموایە لە ماوەیەكی كورت و لە ئێستادا ناتوانرێت دەستوورێكی تازە بۆ سووریا بنووسرێت. پەكەكە كاری بە دەستوور و ئەو جۆرە بابەتانە نییە، بەڵكو پەكەكە ئێستا دەبێت خۆی لە كاروباری ڕۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە و ئەمە داواكاریی هەموو دنیایە، ئەگەر هاتوو نزیكبوونی باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان بەهێز بێت و هەموو پارت و هێزەكانی ڕۆژئاوی كوردستان یەك بگرن، ئەو كات پەكەكە لە ڕۆژئاوی كوردستان نامێنێت و ئەو كاتیش كە پەكەكە لە ڕۆژئاوی كوردستان نامێنێت، ئەوە نەمانی پەكەكەیە لە شنگالیش.
* پێدەچێت سەردانەكانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمیرالی ئاكامێكی هەبێت، بە جۆرێك بانگەشە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا زیاتر ببیستین. ئایا پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ڕاستەڕێی خۆی دەگرێت؟ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لەو پرۆسەیەدا چۆن دەبێت؟
- دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان تازە نییە، ئەوە نزیكەی پێنج - شەش مانگە دەرگا كراوەتەوە بۆ ئەو دیالۆگە كە لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدرێت، ئەو دیالۆگەش لەلایەن توركیاوە لەو كاتەوە هات كە دیتیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی زۆر زۆر گەورە دروست دەبێت، توركیا ئێستاكەش لەو هزرەدایە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سووریا و باشووری كوردستان دەوڵەتێكی كوردستان دروست دەكەن، هەر بۆیە توركیا هاتە ئەو باوەڕەی كە لەگەڵ كوردی خۆی هەوڵێك بدات بچێتە ناو ئەو بارودۆخەوە، ئەگەرچی وەكو دەزانین پێش سەد ساڵ توركیا ئەو یارییەی كرد و دەیەوێت هەمان كار و یاری لەگەڵ كوردی خۆی لە باكووری كوردستان دووبارە بكاتەوە، كە پێش سەد ساڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، توركیا هەوڵیدا كورد بكاتە لایانگری خۆی تاوەكو كورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دوور بكەونەوە و توركیا ڕایگەیاند كە توركیا هی نەتەوەی كورد و توركە، بەڵام پاش ئەوەی فەرەنسا و ئینگلیز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمان، توركیا زمانی كوردیشی قەدەغە كرد و لە بەڵێن و قسەكانی خۆی پەشیمان بووەوە، ئێستاش توركیا هەمان یاری دووبارە دەكاتەوە، بەڵام بارودۆخی ئێستا وەكو پێش سەد ساڵ نییە و كوردیش ئەوە دەزانێت و ئاگاداری یارییەكەشە، ئەگەرچی توركیا ئێستا دەڵێت با هەندێ مافی وەكو ڕۆشنبیری و كەلتووری بۆ كورد بێنمەدی، تاوەكو لەگەڵ من بمێنن و كورد نەبنە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا، هەر ئەمەشە وای كرد، ئەو دیالۆگە دەستی پێكرد لەگەڵ ئۆجەلان كە دەزانین لەو كاتەوە ئۆجەلان گیراوە لە ئیمیڕاڵی تا ئێستا دەڵێت و ڕادەگەیەنێت، من ئامادەم خزمەتی دەوڵەتی توركیا بكەم و ڕۆڵی ڕۆژئاوا و ئەمریكا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تێك بدەم.
بێگومان ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی و باشووری كوردستان لە بەرانبەر باكووری كوردستان زۆر گرنگە، بەردەوام سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە و دەڵێت ئێمە لەگەڵ ئەوەین و پاڵپشتی و هەماهەنگی دەكەین بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان كوردی باكوور و توركیا، جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەگەر لە دەستی ئێمەشدا بێت، ئەو كارە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەی ئاشتییە سەركەوتوو بێت. بەڵام داواكاریی توركیا لە ئۆجەلان ئەوەیە، نەك تەنیا پەكەكە چەك دابنێت، بەڵكو دەبێت پەكەكە هەر نەمێنێت، پەكەكەش ئەمە قبووڵ ناكات. داواكاریی توركیا زیاتر لە ئۆجەلان ئەوەیە كە نەهێڵێت ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر پێش بكەوێت، بەڵام ئێستا قەناعەتێك بۆ توركیا و بۆ ئۆجەلانیش دروست بووە، كە ئۆجەلان، ئۆجەلانی جاران نییە و پەكەكەش پەكەكەی جاران نییە و كوردیش كوردی جاران نییە و زۆر پێشكەوتووترە و، دەزانێت چی بكات بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆی. ئۆجەلان كە پێشتر قسەیەكی دەكرد، گوێی لێدەگیرا، ئەگەرچی ئێستا ئەوە نەماوە، هەر بۆیە ئەو یارییەی بە ناوی پڕۆسەی ئاشتی تورك بانگەشەی بۆ دەكات، سەر ناكەوێت. لەلایەكی دیكەوە جاران كوردانی باكوور گوێیان لە ئۆجەلان و پەكەكە دەگرت و گوێیان بە بارزانی نەدەدا، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە زۆر بە متمانەوە كوردی باكوور گوێ لە بارزانی و ڕاوبۆچونەكانی دەگرن .