زیادبوونی کۆچبەران لە جیهاندا؛ لە هەر ٣٠ کەس یەکێکیان کۆچبەرە
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیادبوونی ڕێژەی کۆچبەرانی لە جیهاندا ڕاگەیاند و ڕایدەگەیەنێت لە هەر 30 کەس لە جیهاندا کەسێک کۆچ دەکات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، كە خەڵک بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆچ دەکەن، لەوانەش بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و ئاسایش و یەکگرتنەوەی خێزان.
ئەم ڕێکخراوە جەختی لەوە کردووەتەوە: "گرنگ نییە خەڵکی کوێن، گرنگ نییە بۆ کوێ دەچن، تەنیا شتێک کە گرنگە ئەوەیە کە دەبێت مافی کۆچبەران بپارێزرێت".
هاوکات ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند: کە تا کۆتایی ساڵی 2022، 281 ملیۆن کۆچبەر لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراون.
لە کاتێکدا ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ئاماری کۆچبەرانی تێدایە، بەڵام دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لەو وڵاتە سەدان هەزار کەس ناچاربوون کۆچ بکەن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
هاوکات مەولوی عەبدولکەبیر؛ وەزیری کاروباری تاڵیبان بە وەکالەت بۆ کۆچبەران و گەڕاوەکان لەم دواییانەدا لە دیدارێکدا لەگەڵ یان ئێگلیند؛ سکرتێری گشتی ئەنجومەنی کۆچبەرانی نەرویج ڕایگەیاند، ئەم گروپە هەوڵ دەدات هۆکارەکانی کۆچی گەنجان بنبڕ بکات.
گوڵان: سەردار خەلیل