سڵاڤۆ ژیژەك فەیلەسوفی چەپخوازی جیهانی: لیبڕاڵیزمی ڕاستەقینە لەگەڵ فاشیزم هیچ جیاوازییەكی نییە و دوو ڕووی یەك دراون
سلاڤۆ ژیرەك، فەیلەسوفی چەپخوازی جیهانی، دوای پێنج ڕۆژ لە سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، وتارێكی درێژی بەناونیشانی «دوای سەركەوتنەكەی ترەمپ لە بونیادنانەوەی ئەمریكایەكی مەزن بۆ بونیادنانەوەی ئەمریكایەكی مەزن»، لەم وتارەیدا ڕەخنەیەكی زۆر توند لە لیبڕاڵیزمی ڕاستەقینە (Pure Liberalism) دەگرێت و بە هاوتای «فاشیزم» بە دوو دیوی یەك دراو پێناسەیان دەكات، لەبەر گرنگیی ئەم وتارە، پوختەیەكی بە كوردی بڵاو دەكەینەوە.
لە ساڵی 1922 كاتێك حزبی بەلشەفی ناچار بوو سیاسەتێكی ئابووریی نوێ بگرێتە بەر، بەو جۆرەی زیاتر بوار بە ئابووریی بازاڕ و خاوەنداریەتیی تایبەت بدات، «فلادمیر لینین» تێكستێكی كورتی بە ناونیشانی «لە بارەی سەركەوتن بە چیادا» بڵاو كردەوە، لەو نووسینەدا ئاماژەی بەوە كردبوو «هەر شاخەوانێك بیەوێت لە لووتكەی چیایەكەوە بە لووتكەی چیایەكی دیكەدا هەڵبگەڕێت، ئەوا پێویستە ئەو شاخەوانە لەو لووتكەیە بێتە خوارە و جارێكی دیكە لەسەر زەوی و لە سفرە بەرەو لووتكەی چیا تازەكە هەڵبگەڕێت، بۆ ئەوەی بگاتە لووتكەی چیا تازەكە».
لینین، ئەم شاخەوانەی وەك میتافۆرێك بۆ ئەندامانی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەتی بەكار هێناوە، كە نائومێدییان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی داوا دەكەن، واز لە ئابووریی سۆشیالیستی بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ ئابووریی سەرمایەداری، بۆیە پێیان دەڵێت: «كۆمۆنیست نابێت هەرگیز نائومێد بێت، كاتێك هەست بە شكست دەكەن، جارێكی دیكە لە سفرەوە دەست پێ بكەنەوە، بەڵام بەسەر هەمان لووتكەی چیادا كە لەسەری بوون، هەڵبگەڕێنەوە، نەك بە شێوەیەكی ئینتیهازییانە خیانەت لە باوەڕی خۆتان بكەن».
بۆ ئێستای جیهان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەم لۆژیكەی لینین هەیە، بۆ ئەوەی وەك تەنیا ڕێگە ڕووبەڕووی ئەو ئالنگارییانە ببینەوە كە وەك «گۆڕینی كەشوهەوا، شەڕەكان، دەرهاویشتە نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد و...هتد» ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی بە دووبارە دەرچوونەوەی ترەمپ، ڕۆڵ و كاریگەریی چەپەكان زۆر لاواز بوو تاكو بتوانن هانی خەڵك بدەن، ئەوا مەترسیی لیبڕاڵیزمی ڕاستەقینە دەگاتە لووتكە.
لە ساڵی 2016 كاتێك دۆناڵد ترەمپ یەكەمین هەڵبژاردنی بردەوە، لە وتارێكدا نووسیم: ترەمپ «لیبڕاڵی ڕاستەقینەیەPure liberal-»، لەسەر ئەم قسەیەم ڕەخنەیەكی زۆر زۆرم لێ گیرا، لەبەر ئەوەی ئەوەم فەرامۆش كردبوو كە بنووسم «ترەمپ دیكتاتۆرێكی فاشیزمە»، ئەوانەی ئەو ڕەخنەیان لێ گرتم، خاڵێكی گرنگ و سەرەكییان فەرامۆش كردبوو، كە جوانترین وەسف بۆ ترەمپ ئەوەیە كە «لیبڕاڵی ڕاستەقینەیە»، ئەوەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە، ئەوەیە كە لیبڕاڵی ڕاستەقینە بە هاوشێوەی فاشیزم كار دەكات و دوو ڕووی یەك دراون و لە یەكتری جیا ناكرێنەوە. ترەمپ تەنیا سەركردەیەكی دەسەڵاتخوازی ئەسۆریتاریان نییە، بەڵكو خەونی ئەو ئەوەیە كە بە بێ ڕەچاوكردنی هیچ بەربەستێكی ئاكاریی بازاڕ، ئازادانە كاری خۆی بكات و قازانجێكی بێ سنوور لەسەر حیسابی بەها ئاكارییەكان كۆ بكاتەوە و هەموو كۆدێكی ئاكاری لەسەر میدیا ڕەت دەكاتەوە، كە پێشتر دەبوو میدیا خۆی بپارێزێت بە بانگەشەكردن بۆ «جیاكاری لەسەر بنەمای ڕاسیزم و جیاكاری لەسەر بنەمای ڕەگەز»، لە تێروانینی ترەمپدا ڕێگرتن لە جیاكاریی ڕەگەزی و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڕاسیزم، بە دیدوتێڕوانینی سۆشیالیزم لە قەڵەم دەدات و ڕەتیان دەكاتەوە.
كێشەی سەرەكیی تیمەكەی كامیلا هارس ئەوە بوو نەیتوانی وەك ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا سیاسەتێك پیادە بكات كە هەستی خەڵك بۆلای خۆی ڕابكێشێت، ترەمپ ئەمەی بە باشی پیادە كرد، لە كاتێكدا لە گوتاری هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا كامیلا جەختی لە «چاودێریی تەندروستی، لەباربردن، خوێندن و...هتد» دەكردەوە، ترەمپ و هەوادارانی جەختیان لەسەر گوتاری توندڕەوی دەكردەوە و زۆر لە بایدن خراپتر وێنای كامیلایان پیشان دەدا و، تەنیا بە لایەنگری سۆشیالیزم وەسف نەدەكرا، بەڵكو بە كۆمۆنیزم لە قەڵەمیان دەدا، ڕاشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە «میللەت ماندوو بووە بە دەست حوكمڕانیی چەپی توندڕەو»، پۆپۆلیستە نوێیەكان «لیبڕاڵە ڕاستەقینەكان» ئەو سیستمە لیبڕاڵییەی ئێستا باڵادەستە، بە «چەپی تۆندڕەو» پێناسەی دەكەن، پۆپۆلیستێكی وەك فیكتۆر ئۆربان بە چەپی توندڕەو پێناسەی «ئورسۆلا ڤۆندەر لاین» سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا دەكات، لە چاوی ئەودا ئەو شیوعیی ماركسییە، وەك بە ئاشكرا بانگەشەی دەكات و وەسفی دەكات.