ئاڵوگۆڕی 50 دیلی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا
دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی ٥٠ دیلی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتیان بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕاگەیاند.
بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕایانگەیاند: کە ڕۆژی چوارشەممە، 15 ی کانوونی دووەم بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ٥٠ دیلی جەنگیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
ڕۆژنامەی تایمزی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، ئەمە یەکەم ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگە لە نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی نوێدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەئەنجامی دانوستانەکاندا هەریەکەیان 25 دیلی جەنگیان ئازادکردووە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردووە کە 25 دیلی جەنگی ئەم وڵاتە لە ئۆکرانیا ئازادكران و ئێستا لە بیلاڕووس نیشتەجێن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پشکنینی پزیشکی دەگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا.
لە لایەکی دیکەوە ڤلادیمێر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیا گەڕانەوەی 25 دیلی جەنگی ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە شاری ماریوپۆل لە باشووری وڵاتەکەی دژی سوپای ڕووسیا شەڕیان دەکرد کاتێک دەستگیرکران.
هەروەها ئەو دوو وڵاتە پێشتر بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ژمارەیەک دیلیان ئاڵوگۆڕ کردبوو.
گوڵان: سەردار خەلیل