ڕووسیا دەستی بەسەرناوچەیەکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا گرت

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەست بەسەرداگرتنی شاری شێڤچێنکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، کە سوپای ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی نزیک شاری گرنگی پۆکرۆڤیسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا گرتووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی یەكشەممە 12 ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند: کە سوپای ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر ژمارەیەک ناوچە لە نزیک شاری گرنگی پۆکرۆڤیسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕووسیا دەڵێت، شێڤچێنکۆ یەکێکە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی لە نزیک ناوەندی لۆجستیکی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری پۆکرۆفیسک، کە لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی هێزەکانی ئەو وڵاتە پێشڕەویکردنە لە ڕێگەی ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
هەرچەندە سوپای ئۆکرانیا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە چالاکییەکانی هێڵی پێشەوە باسی ئەم گوندەی نەکردووە؛ بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕووسیا زیاتر لە ٥٠ هێرشی دژی پێگەی هێزەکانی لەنزیک پۆکرۆڤسک ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سوپای ڕووسیا"کردەوەی یەکلاکەرەوە"ی هێزەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە لوتکە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی شێڤچێنکۆ کە دەکەوێتە 3 کیلۆمەتری لە ڕۆژئاوای پۆکرۆفسکەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ڕووسیا بە فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و ژێرخانی وزە کە خزمەتی سوپای ئەو وڵاتە دەكەن، بەڵام وردەکاری زیاتر سەبارەت بەم هێرشانە نەخراوەتەڕوو.
ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکرانیا دەڵێت: هێزەکانیان لە کۆی ٥٦ هێرشی ڕووسیا لە نزیکەی ١٢ شاری ناوچەی پۆکرۆڤسک ٤٦٦ هێرشیان بەرپەرچ داوەتەوە. هێشتا پێکدادانەکانی دیکە بەردەوامن.
ڤادیم فیلاشکین؛ پارێزگاری ئەو بەشەی ناوچەی دۆنێتسک کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە، گوتی: لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی سەر گوندێکی باکووری شاری پۆکرۆڤسک، دانیشتوویەکی ناوچەکە گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی رووسیا چەند مانگێکە بە بەردەوامی بەرەو ڕۆژئاوا لە ناوچەی دۆنێتسک پێشڕەوی دەکەن و خێراترین پێشکەوتنیان تۆمار کردووە لەوەتەی مۆسکۆ هێرشی تەواوی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دا دەستپێکردووە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی RIA ی ڕووسیا یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لە یەکێک لە پەیامنێرەکانی لە کوراخۆڤ بڵاوکردەوە کە ناوەندێکی دیکەی لۆجیستیکی باشووری پۆکرۆڤسک بوو.
گوڵان: سەردار خەلیل