چلەی ماتەمینی نووسەر و هونەرمەندی دیاری کوردستان (زایەر عەبدوڵا) بەڕێوەچوو
بە دروشمی (دڵێکی سپی لە رۆژگارێکی رەشدا)چلەی ماتەمینی نووسەر و هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان "زاهیر عەبدوڵڵا" بەڕێوەچوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 9/1/2025 بە ئامادەبوونى هەر یەك لە بەڕێزان (ئومێد خۆشناو) پارێزگارى هەولێر و (بڵند ئیسماعیل) بەرپرسی لقی2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و (ئاری نانەکەلی) بەرپرسی لقی16ی پارتی دیمەكراتی كوردستان و (نیاز نوری)نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و (هیوا سوعاد) سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و کەسوکار و خانەوادەکەى، لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر مەراسیمی چلەی ماتەمینی نووسەر و هونەرمەندی دیاری كورد (زایەر عەبدوڵا) بەڕێوەچوو,مەراسیمەكە لەلایەن لقى هەولێرى سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهەماهەنگی پارێزگای هەولێر و ناوەندی هـونەری زەنێ ڕێکخرابوو.
لە مەراسیمەکەدا پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندى کۆچکردووی لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراماى کوردی بەرز نرخاند, هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى پێشکەشى کرد بە شانازیی بۆ گەلەکەمان و شارى هەولێر لە قەڵەمدا, کۆچى دوایى ئەم كەسایەتییەی وەك هونەرمەندێکی قەدرگران و ناوداری شاری هەولێر و کوردستان بەگشتی بەخەسارەتێکى گەورە لە نێوەندى هونەر و ڕۆشنبیرى کوردى وەسفکرد.
هونەرمەند (زایەر عەبدوڵا خدر)لە ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووە,قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی هەر لە هەولێر خوێندووەو دواتر چووەتە بەشی كارەبا لە ئامادەیی پیشەسازی هەولێر.
دەستپێكی كاری هونەری ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972 كاتێك بەشداری دەكات لە شانۆگەرییەك بە ناونیشانی (ئەنجامی پووڵپەرستی),هەروەها دواتر بەردەوامی بە كاری هونەری خۆی دەدات و لە دەیان شانۆگەری و فیلم و زنجیرە درامای كوردی بەشداری دەكات,شانۆگەری (هەبوو نەبوو) بەرهەمی ساڵی 1980 و شانۆگەری(قەڵای دم دم)بەرهەمی ساڵی 1984 هەروەها (كەونە دەركە) وچەندین كاری دیكەی هونەری لە بەرهەمە دیارەكانی ئەم هونەرمەندەیە,هەرەوەها زایەر عەبدوڵا یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی نێو زنجیرە درامای مێژوویی (ئادیابین) بوو كە ئەم زنجیرەیە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە شاشەی كوردستان تیڤی ساڵی 2024 نمایش كرا.
هەروەها زایەر عەبدوڵا دەستێكی باڵای هەبووە لە بواری نووسین و چیرۆكنووسیدا و خاوەنی ڕۆمانێكی چاپكراوە بە ناونیشانی (ڕەحەتە لوقم) كە نووسین و بڵاوكردنەوەی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 دوای خانەنشینبوونی لە ئەركەكەی,هەروەها هەروەها زایەر عەبدوڵا خاوەنی كتێبێكی مێژووییە بە ناونیشانی (تەیراوە هەر بە پیاسە)كە ئەم كتێبە تایبەت دەربارەی گەڕەكی تەیراوەی نووسیوەو كتێبەكە تایبەتە بە مێژوو و كەسایەتییەكانی گەڕەكی تەیراوە كە باس لە ساڵانی هەشتاكان دەكات.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 23/11/2024 نووسەر و ئەكتەری دیاری شانۆ هونەرمەند (زایەر عەبدوڵا) بە نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی 66 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە گۆڕستانی كەسنەزان لە شاری هەولێر بەخاكسپێردرا.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی