یاسا، بریكارنامە بۆ پارێزەر
كاتێك بریكارنامە (وكالە) بۆ پارێزەر دەكرێتەوە، مەبەست تیایدا ئەوەیە كە لە جیاتی ئەو كەسە پارێزەر هەڵسێت بە ئەنجامدانی كارێكی دیاری كراو، هەرچەندە لەوانەیە جۆری بریكارنامەكە وابێت كە پارێزەر دەسەڵاتی زیاتری پێ درابێت لەچاو ئەو كارەی كە پێی دراوە، دەشكرێت دەسەڵاتەكانی ڕەها بێت وەك ئەوەی لە (بریكارنامەی گشتیی ڕەها)دا هەیە، بەڵام لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا دەبێت پارێزەر ئەوەندە دەسەڵاتەكەی بەكار بهێنێت كە دەچنە چوارچێوەی ڕاییكردنی ئەو كارەی كە ئیشی لەسەر دەكات و، بە گوێرەی گرێبەستی نێوان خۆی و بریكاردەركەی (موكل) كار بكات، بەگوێرەی مادە (٩٢٧)یش لە یاسای شارستانیی عێراق- هەمواركراو، خودی وەكالەش بە بریكارنامە دانراوە و پێویستی كردووە كارەكە زانراو بێت، پێچەوانەی ئەمە تێگەیشتنێك هەیە لەلای بەشێكی زۆر لە خەڵكی و پێیانوایە كاتێك پارێزەر لەلایەن بریكاردەروە بریكارنامەی بۆ كرایەوە، ئەوا هەرچی مەبەستی بێت دەتوانێت بیكات و هەموو دەسەڵاتێكی ناو بریكارنامەكە بەكار بهێنێت بۆ هەموو كارێكی بریكاردەرەكەی لە جیاتی ئەو، تەنانەت هەندێك پێیانوایە بە بوونی بریكارنامە پارێزەر دەتوانێت تەداخولی تەواوی ژیانی تایبەتی و خێزانیی بریكاردەرەكەی بكات، ئەمەش ڕاست نییە، بە تایبەت ئەگەر زیان بە بریكاردەرەكە بگات. بە گوێرەی مادە (٦٢) بڕگە (یەكەم)ی یاسای پارێزەرایەتی هەرێمی كوردستان پارێزەر لە ڕووی پیشەییەوە بەرپرسیار دەبێت، هەرچەندە بریكارنامە بە دروست دابنرێت، چونكە بۆ هەر كارێكی بریكاردەرەكەی كە پارێزەر بیەوێت كاری لەسەر بكات، پێویستە لەلایەن بریكاردەرەكەیەوە ڕێگەی پێ بدرێت (تفویچ) و كارەكە دیاریكراو بێت بەگوێرەی گرێبەست.