پاككردنەوەی ژینگە لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی هاوكارییدا
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی (20)ی كانوونی یەكەم (دیسەمبەر)ی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی نێودەوڵەتیی هاوكاری ناساندووە.
ئەو ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ نواندن و ناساندنی یەكبوونی مرۆڤایەتی، وێڕای گشت فرەیی و جیاوازییەكان.
ڕۆژێكە بۆ بیرخستنەوەی حكومەتەكان بۆ پابەندبوون و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە ئاشتی و هاوكاریی و مافەكانی مرۆڤ. ڕۆژێكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی لەبارەی گرنگیی هاوكارییەوە. هەروەها ڕۆژێكە بۆ هاندانی زیاتری كۆمەڵگە بۆ هاوكاریكردنی یەكدی.
لەم ڕووانگەیەوە و بە مەبەستی گرێدانی ئەم بۆنەیە بە پاككردنەوەی ژینگەوە، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەخولی (78)دا و بە بڕیاری ژمارە (78/122) لە (8)ی دێسەمبەری ساڵی (2023)، بە كۆی دەنگ بڕیاری دا، بە ناساندنی ڕۆژی (20)ی ئەیلوولی هەموو ساڵێك، وەك «ڕۆژی جیهانیی پاككردنەوەی ژینگە».
بڕیارەكە داوا لە تەواوی دەوڵەتانی ئەندام و دامەزراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و تەواوی ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی وەك كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی تایبەت و ناوەندە ئەكادیمییەكان دەكات، بۆ پاككردنەوەی ژینگە بە شێوەیەكی شایان لە ڕێگەی ڕێكخستنی ئەو چالاكییانەی كە هۆكارن بۆ هۆشیاری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و كاركردن بە هەموو ئاسانكارییەك بۆ پاككردنەوەی ژینگە و خستنەڕووی دەستكەوتەكانی چەند ساڵەی زۆرێك لە حكومەتەكان و كۆمەڵگە نیشتمانییەكان، هەرێمایەتی و ناوخۆییەكان لە بارەی هەوڵەكانیان لە بواری پاككردنەوەی ژینگە و هەروەها لە بواری كاركردن بۆ زیاتر هەوڵدان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی بەكۆمەڵ و دابەشكردنی ئەركەكان بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگەیەكی خاوێن و تەندروست و باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ دەرامەت و سەرچاوە بەردەوامەكان و باشتر بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی پاشماوە و خاشاك، چونكە پەیوەندییەكی توند هەیە لە نێوان خراپ مامەڵەكردن و خراپ بەڕێوەبردنی پاشماوەكان لەگەڵ سێ قەیرانە گەورەكەی هەسارەكەمان، ئەو سێ قەیرانە گەورەیەش بریتین لە: «پیسكردن و لەناوبردنی فرەجۆری زیندەوەرەكان و گۆڕانی كەشوهەوا»، كە ئەم سێ قەیرانە گەورەیەش ڕۆڵیان هەیە لە خێراكردنی پڕۆسەی كەڵەكەبوونی زیاتری پاشماوەكان و پیسكردن و هەڕەشەی گەورەشە لەسەر كۆی هاوسەنگیی و تەندروستیی سیستەمە ژینگەییەكە.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بدەین بە پێویستیی هێشتنەوەی شار و كۆمەڵگە نێوخۆییەكان وەك شوێنێكی خاوێن و تەندروست و ئارام و خۆڕاگر و بەردەوام، چونكە شارەكان ئایندەی جیهانن، وەك شوێن بۆ ژیان كاتێك نزیكەی 50%ی دانیشتووانی جیهان لە نێو شارەكاندان، پێشبینییش دەكرێت، ئەو ڕێژەیە لە شارنشین بگاتە 70% لە ساڵی 2050دا، بۆیە هێشتا شارەكان لە فراوانبووندان و هەوای شارەكانیش ڕووەو پیسبوونی زیاترن و ڕووبەری كراوە و سەوزاییش ڕوو لەكەمبوونن. لە كاتێكدا بۆ ئەوەی گەشەپێدانی بەردەوام بێتە دی، پێویستە شێوازی بیناسازیی و بەڕێوەبردنی ڕووبەرەكان گۆڕانكاری ڕیشەییان تێدا بكرێت، چونكە لە كاتێكدا شارەكان نزیكەی 3%ی ڕووبەری گۆی زەوی پێكدەهێنن، كەچی نزیكەی 80%ی وزەی جیهان بەكاردەهێنن و، 75%ی دەرهاویشتەكانی كاربۆنیش هەر شارەكان لێی بەرپرسن.
ئەگەر هەنگاوی زانستییانەی نوێ نەنرێت لە بواری دیزاینی شارەكاندا، ئەوا كێشەی زۆریی شارنشین زۆر كێشەی دیكەی لێدەبێتەوە، وەك پێكدادان و نائارامیی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و كەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان و دەرهاویشتەكانی كارەساتە سرووشتی و دەستكردەكان و گرفتی هاتوچۆ و تێكچوونی هاوسەنگیی ئاسایشی جیهانیی خۆراك، بە هۆی فەرامۆشكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و پەنابردنی وڵاتانی هەژار بۆ قەرزكردن و بەمەش بایەخدان بە ژینگە و گەشەپێدان دەكەوێتە دواوە.
پیسبوونی هەوا و دابەزینی كواڵێتیی هەوا بە هۆی دووكەڵی كارگە و هۆكارەكانی گواستنەوە و ژمارەی زۆری دانیشتووانەوە، بەتایبەت بە هۆی چۆڵكردنی گوندەكان و كۆچكردن بۆ نێو شارەكان و چڕبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووان لەسەر ڕووبەرێكی كەم و، پیسبوونی ئاویش بە هۆی چالاكییەكانی مرۆڤ و زۆربوونی بڕی ئاوی ئاوەڕۆكان بە هۆی ماڵان و پڕۆژە جیاوازەكانەوە و ڕۆكردنی ئاوی ئاوەڕۆ، بە بێ هەبوونی یەكەی چارەسەر و بە بێ ڕیسایكلینی ئاوەڕۆكانەوە، بە هۆی دانیشتووان و زۆربوونی ژمارەیان و پاشماوەكانیانەوە، ئاو و سەرچاوەكانی ئاو پیس دەبن.