ئــەو کلتوورەی کە مـــاوەی سەد ساڵە دڕندەیی بەرهەمهێناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ناوچەکەمان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی سەدساڵ زیاترە واتە مەبەستمان سەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوویە تاکو ئەمڕۆ کێشە دوای کێشە، قەیران دوای قەیران و بە شێوەیەکی بەردەوام کە لە ڕووی ئەمنی، سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و…هتد، ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و نائارامی بوتەوە و دەبێت؛
چونکە ئەو کولتورەی کە کاریگەری بە سەر رێژیمە سیاسییەکانەوە هەبووە و هەیە کولتورێکە بێجگە لە رەتکردنەوەی مافی ڕەوای بەرامبەرەکانیان لە دەرەوەی نەتەوە، ئاین، مەزهەبی خۆیان، ئەمەش بوتە هۆی دروستبووبی ناوچەیەکی نائارام و ناجێگیر و نقوم بووە لە خوێن رشتن و کوشتار و سڕینەوەی یەکتر.
بیری ناسیونالیستی دەوڵەتە سەر دەستەکان کە لە ڕۆژئاواوە پەیرەوکرا، لە سەردەمی نازیەکانی ئەلمانیا هیتلەری نازی و فاشیزمو تەشەنەی کردو بڵاو بوییەوە بەسەر زورێک لە ناوچەکانی جیهاندا، بە تایبەت لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کە لە چوارچێوەیدا دەیان رێژیمی سیاسی و دیکتاتور و ستەمکاری لێی بەرهەم هات و بویە هۆی کاوڵکاری و وێران بوونی زوربەی هەرە زوری وڵاتانی ناوچەکە لە هەموو ڕوویەکەوە.
بۆیە پێویستە کولتورێک بۆ ئایندەی ناوچەکەمان جێگیر ببێت تاوەکو ئەم پێکدادانە ئایدولۆژی و نەتەوەیی و ئاینیانە هێدی هێدی کۆتایی پێ بێت و، کولتورێکی دیموکراسی جێگیر بکرێت و، شوێنگرەوەی بیری توندرەوەیی و توندئاژویی بێت؛ چونکە گیانی دیموکراسی بە گشت بنەماکانیەوە دەتوانێت سەقامگیری سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بێنتە ئاراوە، و ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە و دەتوانم بڵێم شوڕشێکی کولتوریە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا.
ئەوەی کە ئەمڕۆش دەبینرێت ڕەنگدانەوەی بیری ناسیونالیستی دەوڵەتە سەردەستەکان و ڕێکخراوە سیاسییە توندئاژوکانە کە هەردوکیان لە توندرەویدا تەواوکەری یەکدین؛ هەر بۆیەش باشترین ئەڵتەرناتیڤ چەسپاندنی گیانی بنەماکانی دیموکراسیە بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئولی و نەتەوەیی بێتە ئاراوە، و یەکتر قەبوڵکردن و ڕێزگرتن لە مافەکانی یەکتر ڕەنگ بداتەوە لە عەقلیەتی نۆخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەگشتی.