ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستان

 

ئاڵا بریتییە لە پارچە قوماشێک یان مادەی هاوشێوەی کە بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگ، هێما یان نەخشی جیاوازی هەیە و وەک هێما، نیشانە، یان ئامێری ئاماژەدان بەکاردەهێنرێت. زۆرجار ئاڵاکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتان، دەوڵەتان، ڕێکخراوەکان، یان هۆکارەکان بەکاردەهێنرێن و لەسەر دارەکانی ئاڵا، بینا، ئۆتۆمبێل، یان لە کاتی بۆنە و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆردا نمایش دەکرێن. دەتوانن هەڵگری گرنگییەکی کولتووری، نەتەوەیی، یان سیاسی بن، وەک نوێنەرایەتییەکی بینراوی ناسنامە و شانازیکردن، به‌درێژایی مێژوو ئاڵا هه‌بووه‌ و وه‌ك شانازییه‌ك وێنا و به‌رجه‌سته‌ كراوه‌. كورد هه‌م له‌مێژووی سیاسیی، هه‌م له‌مێژووی كلتووری و ئه‌ده‌بی خۆیدا به‌شانازییه‌وه‌ له‌ئاڵای روانیوه‌ و به‌ به‌شێك له‌بوون و پیرۆزی خۆی زانیوە.

زاراوەی ئاڵا: 

ئاڵا وشەیەکی کوردییە و لەدووبرگە (ئا) +(ڵا) پێكدێت، عەرەب لەبەرامبەر ئەم وشەیەدا (علم، رایة، بیرق) و ئیگلیزەکانیش(Flag) بەکاردەهێنن. لەکۆندا کورد (بەیداغ، بەیداخ، ئاڵایی، بەندێر، بەیرەق، بیرەق، ئالە)ی پێگوتوە، بەڵام دواتر، بەتایبەتی لەگەڵ فراوانبوونی رۆشنبیریی کوردیدا هەر(ئاڵا)ی بەکارهێناوە. لەباکووری کوردستان تائێستاش (بەیداخ) و(پەرچەم) و(ئاڵا)  بەكاردێت، بەڵام بەگشتی کورد، بەتایبەتی لەبواری نوسین و رۆشنبیرییدا پتر ئاڵا بەكاردەهێنێت. مانای وردی ئاڵا په‌یوه‌سته‌ به‌چۆنییه‌تی  به‌كارهێنانی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا.

 

مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان:

مێژووی ئاڵای کوردستان ئاڵۆزە و پەیوەستە بە مێژووی فراوانتری گەلی کورد و خەباتی بۆ دانپێدانان و ئۆتۆنۆمی، پێش سەدەی بیستەم گەلی کورد خاوەنی ئاڵایەکی گشتگیری دانپێدانراوی نەبووە. ئه‌وه‌ی سەرنجە هیچ یەک لە میرنشینە کوردییەکان باس لە ئاڵایان ناکرێت، بۆ نموونە کە باس لە سەربەخۆیی و و لێدانی دراو و خوێندنەوەی خوتبەی هەینی بە ناوی میرەکانەوە دەکرێت، بەڵام باسی هەڵکردنی ئاڵاو بوونی ئاڵا ناکرێت، ئەولیا چەلەبی لەسەدەی حەڤدەهەم گەریدەی عوسمانی باس لە قایمکاری قەڵای بەدلیس دەکات ئاماژە بە بوونی ئاڵای ڕەنگاو ڕەنگ دەکات.

 

هەندێک لەسەرچاوەکان ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆی کوردستان بۆ ساڵی (١٨٢١) ڕۆژگاری میر بەدرخان میری بۆتان دەباتەوە، بەپیی هەندێک بەڵگەنامە شۆڕشی یەزدان شێر لە ساڵانی (١٨٥٣-١٨٥٦) ئاڵای هەبووەناوچە و سەرکردە جیاوازەکان هێما و ڕەنگی جۆراوجۆریان بەکارهێنا بۆ نوێنەرایەتیکردنی ناسنامەی خۆیان. خۆر و شاخ و ڕەنگی سەوز و سوور و سپی و زەرد بە شێوەیەکی باو پەیوەست بوون بە ناسنامەی کوردەوە.

 

له‌سه‌رده‌می مێژووی نوێی دا (ئاڵای ڕاپه‌ڕینی بتلس) له‌ ساڵی (1914) به‌ ڕاپه‌ڕینی ڕێكخراوی نهێنی ئیرشاد بووه‌، ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دامه‌زراندنی میرنشینێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ بووه‌ و ئاڵای هه‌بووه‌، له‌ قوماشێكی زبر دروست كرابوو، به‌ ئایه‌تی قورئان ڕازێنرا بووه‌وه‌.

 

دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی (1920) دا باس لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کرا و ئاڵایەکی کوردی بە ڕەنگی سوور و سپی و سەوزەوە ناسرا. بەڵام هەرگیز ئەم پەیماننامەیە بە تەواوی جێبەجێ نەکرا. ئاڵای نەتەوەیی یەکەم جار لەلایەن دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی "کۆمەڵگا بۆ بەرزکردنەوەی کوردستان" پێشکەشکرا بۆ نوێنەرایەتیکردنی کوردەکان لە خەباتیان بۆ سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. دواتر لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس پێشکەش بە ئەندامانی شاندی نێودەوڵەتی کرا کە پلانێکیان بۆ سەربەخۆیی کورد داهێنا وەک بەشێک لە پەیماننامەی سیرڤس لەگەڵ تورکیای عوسمانی لە ساڵی (۱۹۲۰).

 

شیاوی باسه‌ له‌ شۆڕشی (قۆچگیری)  له‌ ساڵی (1919-1921): له‌ ناوچه‌ی ده‌رسیم و خوزات به‌رپا بوو، بانگی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان درا، له‌ خوزات و عیمرانیدا ئاڵای كورد هه‌ڵكرا له‌ ڕووداوێكی دیكه‌شدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی ناوه‌ڕاستی ئومرانییه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌. له‌سه‌ر ده‌می شێخ محمود (1919-1927) ئاڵای دیكه‌ی كوردی هه‌ڵكراوه‌، هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ئه‌م ئاڵایه‌ له‌ ساڵی (1919) له‌سه‌ر بینای فه‌رمانگه‌ی ئه‌فسه‌رانی سیاسی به‌ریتانیا كه‌ پێشتر ئاڵای به‌ریتانیای به‌سه‌ره‌وه‌ بوو هه‌ڵكراوه‌، ئاڵأكه‌ش مانگێكی سور و زه‌مینه‌یه‌كی سه‌وز بوو.

 

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ئاڵای كوردیان له‌سه‌ر باره‌گای كۆمه‌ڵه‌كان هه‌لكرد بوو، به‌ڵام به‌فه‌رمی نه‌ناسێنرابوون، ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ ئاڵای كۆمه‌ڵه‌ی كوردستان (1917):  یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی كوردی بوو له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ دیاربه‌كر بوو ئاڵای كوردی هه‌لكرد بوو، ئاڵاكه‌ش  ‌سێ ڕه‌نگی له‌ خۆ گرتبوو سورو سپی سه‌وز خۆر. جه‌معییه‌تی ته‌عالی كوردستان و ئاڵای كۆمه‌ڵه‌ی ته‌شكیلاتی ئیجماعی كورد. کۆنترین سەرچاوە سەبارەت بە ئاڵای ئێستای کوردستان قەدری جمیل پاشا(١٨٩٢-١٩٧٣) لە بیرەوەرییەکانی ئاماژەی بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان کردووە: (کۆمەڵەی هاوبەندی کۆمەڵایەتی ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستانی داناوە، لەسەرەوە تەختەیەکی سور لە ناوەڕاستدا تەختەیەکی سپی، ڕۆژێکی پڕشنگداری تێدایە و تەختەی خوارەوەشی سەوزە، وەک ئاڵای نیشتیمانی کورد بڵاوکرایەوە. جەمال نەبەزیش لەسەر زاری کامەران بەدرخان گوتوویەتی ئەو ئاڵایە لەسەروبەندی هاتنەکایەوەی پەیمانی سیڤەر(١٩٢٠) لای ژەنەڕاڵ شەریف پاشا بووە.

 

ئاڵای سەردەمی راپەڕینی سمکۆ لەساڵانی (١٨٩٥- ١٩٣)، بریتی بوو لەدوو ئامێری شاخاوی کە بەشێوەی خاچ لەیەکیان داوە و لەسەری نوسرابوو (کوردستانی ئازاد)، لەساڵی (1922) هەڵكرا.

 

ئاڵای سەردەمی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ١٩٢٥ رەنگی سەوز بووە و رۆژێکی پڕشنگداری لەناوەڕاستدا بووە.

 

ئاڵا لەکوردستانی سوور لەیەکێتی سۆڤیەت لەبیستەکانی سەدەی بیستەم لەئەرمینیا هەڵکراوە، بەڵام باسی شێوەی ئاڵاکەی نەکراوە.

 

شیاوی وتنه‌ ئاڵای کوردستان لەرۆژگاری کۆمەڵەی خۆیبووندا لەساڵانی (١٩٢٧- ١٩٣٢) سێ رەنگی هەبووە، سوور و زەرد و سەوز، لەنێو رەنگە زەردەکەیدا وێنەی رۆژ هەبووە. لەژێر هەمان ئاڵادا، سەرکردە کوردەکانی خۆیبۆن (Xoybún "سەربەخۆیی") یەکەم "حکومەتی کوردییان ڕاگەیاند لە ساڵی (۱۹۲۷)، و شەڕێکی درێژخایەنیان کرد تا ساڵی (۱۹۳۲) بۆ زیندووکردنەوەی سەربەخۆیی نەتەوەیی کورد کە، تەماشاکردنی هەر لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەکانی تورکیا لە سەردەمی دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئەمڕۆ، وەک لێکردنەوەی قەتماغەی برینێکی جەستەی کورد وایە و ئازارێکی زۆری هەیە، بەڵام هەمان کات ئەو ڕۆژنامانە، بێ ویستی خۆیان، زۆر ڕاستی و بابەتی گرنگیان بۆ مێژوو تۆمار کردووە. بۆ نموونە، ڕۆژنامەی “ڤاکیت” له‌ (ڕۆژی ١٧ی ٨ی ١٩٣٠) دا هەواڵێکی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای تورکیا و ئێران دژ بە شۆڕشگێڕانی ئاگری بڵاو کردووەتەوە. ئەو ڕۆژنامەیە لەگەڵ هەواڵەکەدا وێنەی ئاڵایەکیشی داناوە و لەژێریدا نووسراوە (ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبون). لەسەر ئاڵاکەیش وشەی (خۆییبوون) دەبیندرێت. وەک دەبیندرێت، ئاڵاکە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەمڕۆ بە ئاڵای کوردستان ناسراوە. کەواتە مێژووی ئاڵای کوردستان بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ ساڵ بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و ئاڵای بزووتنەوەیەک بووە کە ٩٢ ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی گەورەی ئاگریی بەرپا کردووە و هەزاران قوربانی لە ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆییدا بەخشیوە.

 

ئاڵای کوردستان لەسەردەمی حزبی هیوا کە لەساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم دامەزراوە، بایەخێکی زۆری پێدراوە، تەنانەت ئەندامانی حزب دەبوا سوێندیان بەقورئان و خەنجەر و ئاڵای کوردستان ده‌خوارد.

 

ئاڵای کورستان لەسەردەمی حزبی ئازادی کوردستان کە لەساڵی ١٩٣٨ دامەزراوە، شێوەکەی  بریتی بووە  لەدوو خەنجەری راست و چەپ، سێ ئەستێرە لەسەر تەختێکی سەوز.

 

ئاڵای سەردەمی کۆماری کوردستان:کۆماری کوردستان لە (٢٢/ ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦) بە پێشەوایەتی قازی محمد دامەزرا، هەمان ئاڵای کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتیماعی وەک ئاڵای نەتەوەیی ناسیوە، لە (١٧/ ١٢/ ١٩٤٥) ئاڵای کوردستانی لە مهاباد هەڵکردووە، دواتریش ئەو ئاڵایە لەشارەکانی بۆکان، نەغەدە، شنۆ، میانداو هەڵکراوە. ئاڵاکەش هەمان ئاڵای کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتماعی کوردییە، بەهەندێ دەسکارییەوە، کە لەناوەندێکی دوو گوڵە گەنم کە قوماشیکی سور و باریکی لەدەور ئاڵاوە، لە ناوەندی گوڵە گەنمەکەدا تیشکی هەتاوەکە نوکی قەڵەمێکی لێ دەرکەوتووە، ڕەنگی ئاڵاکەش سورو سپی سەوز بووە لەناو سپی یەکەشدا دروشمی کۆماری تێدایە کە بریتی بوو لە دوو گوڵە گەنم و جۆ لە ناو خۆرەکەشدا وێنەی قەڵەمە  واتای ڕەنگەکانیش سور خوێن، سپی کفن، سەوزەکەش سروشتی کوردستان، گەنم و جۆ بەپیتی خاکی کوردستان خۆرەکەش نیشانەی خۆشەویستی دێرینی کوردستان قەڵەمەکەش خوێندن و زانستە ئەو هێمایە لە بۆنەکاندا لە گەڵ ئاڵای کوردستان دادەنرا، بەڵام پێدەچێت ئەم ئاڵایە پتر هێمای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی پێوەبێت و دواتر دەسکاری کرابێت، چونکە ئەو ئاڵایەی لە ١٦/١٢/١٩٤٦ پێشەوا قازی موحەممەد بەمەلا مستەفای بارزانی دا، ئەو ئاڵایەیە کە ئێستا لەکوردستان بەکاردێت.

 

لەدوا دیداری قازی محەمەد و مەلامستەفا بارزانی لە ئێوارەی ڕۆژی (١٦/ ١٢/ ١٩٤٦) ئاڵای کوردستان دەداتە دەست بارزانی پێی دەڵێت ڕەمزی کوردستانە، بەتۆی دەسپێرم وەک ئەمانەت لەئەستۆت.

 

ئاڵای کوردستان دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کۆمەڵەی جوگرافیای سیاسی بەریتانیا بەفەرمی دانی بەو ئاڵایەی کوردستاندا ناوە، وەک ئاڵای نیشتیمانی خاکی کوردستان. ئەم ئاڵایە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتیماعی).

 

لە پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (٢٦) لە (١١/١١ /١٩٩٩) یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (١٩٩١) سەرچاوەی گرتووە، تایبەت بە ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق دەرکردووە، تێدا شێوازی ئاڵاکە و پێوانەکان و شێوازی هەڵدانی دیاری کراوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە ژمارەی (٢) ساڵی (٢٠٠٤) تێیدا پێوانەو ئاڵاو شوێنی بۆ نەکانی هەڵکردنی دیاری کردووە، دواتریش سەرۆکایەتی هەرێم بەفەرمانی هەرێمی ژمارە (٦٠) لە (٦/ ٧/ ٢٠٠٦) شوێنی هەڵکردنی دیاری کردووە،

 

واتای ڕه‌نگه‌كانی ئاڵای كوردستان:

سەبارەت بەدانانی رەنگەکانی ئاڵای کوردستان ئاماژە بەوەدەکرێت زەینەلعابدین دروستکەری ئاڵای کوردستان، نیشانەی ئاڵاکەی وەک ئێرانییەکان و هیندییەکان و ئیتاڵییەکان زۆر وڵاتی تر ڕەنگ و نیشانەی ئاڵای مادەکان وەرگرتووە، نوێترین زانیاری لەم بارەیەوە وتارێکی دکتۆر جەمال نەبەزە لەسەر زاری شاکر مەجروم ئەو ئاڵایەی داوەتە پاڵ ئەحمەد موختار بەگی جاف دەڵێت ئاڵای کوردستان لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی لەلایەن ئەحمەد موختار بەگی جاف نەخشێنراوە. ئاڵای کوردستان چوار ڕەنگی سەرەکی هەیە: سوور، سپی، سەوز و زەرد. ڕەنگەکانی ئاڵاکە نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی ناسنامەی کورد و خەبات دەکەن. ئەمەش مانای هەر ڕەنگێکە:

 

سوور: هێمای خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی بەردەوامی ئازادی و کەرامەتە.

سپی: ئاشتی و یەکسانی.

سەوز: جوانی و دیمەنەکانی کوردستان، ژیان و ژیان دەربڕیوە.

زەرد: سەرچاوەی ژیان و ڕووناکی خەڵکە. دیسکی خۆری زەرد لە ناوەڕاستی ئاڵاکەیه‌ و گرنگییەکی ئاینی و کولتووریی هەیە. (21) تیشکی خۆر نیشانەی (۲۱ی ئاداره‌)، نەورۆز كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ نه‌ورۆز كه‌ جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردییه

Top