نارین فەقێ بەرهەمێكی نوێ پێشكەش بە كوردانی ڕۆژئاڤا دەكات

نارین فەقێ بەرهەمێكی نوێ  پێشكەش بە كوردانی ڕۆژئاڤا دەكات

نارین فەقێ خانمە هونەرمەندی كورد گۆرانییەكی نوێی بە ناوی (ڕۆژئاڤا) بڵاو كردەوە، كە خۆی مێلۆدییەكەی ئامادە كردووە و شاعیری دیاری كورد «ئەدیب چەلكی» تێكستەكەی نووسیوە و موزیسیان «عەلی شاكر» لەگەڵ ئامادەكردنی موزیكی بەرهەمەكەدا كاری دابەشكردنی كردووە، هەروەها هەژار دهۆكی كاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ كلیپی بەرهەمەكە ئەنجام داوە.

لەبارەی جیاوازیی ئەم كارەی لەگەڵ بەرهەمەكانیتری «نارین فەقێ» لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «من هەموو گۆرانییەكانم وەك منداڵەكانم خۆشم دەوێن بەبێ جیاوازی، جیاوازییش ناكەم، بەڵام ئەوەی ئەم گۆرانییە جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە جێپەنجەی من لەسەر هەموو بەشەكانی ئەم گۆرانییە دیارە، جا چ بیرۆكە بێت، شیعر بێت، ئاوازەكە بێت، یان ڕۆحی گۆرانییەكە ».

هەروەها گوتیشی: «دوای گۆرانیی پەنابەر ئەمە یەكەم جارە من ئاواز بۆ كارە هونەرییەكانی خۆم دادەنێم، لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشی بەرەو گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراو هەنگاو دەنێت، بڕیارم دا كە ئەم گۆرانییە وەك دیارییەك پێشكەش بە هاووڵاتیانی خۆم و ڕۆژئاڤای كوردستان بكەم، بەو ستایلەی كە من پێی بەناوبانگم، داوام لە مامۆستا ئەدیب چەلكی كرد كە شیعرێكم بۆ بنووسێت دەربارەی ڕۆژئاڤای كوردستان، بە مەرجێك لەگەڵ بیرۆكەی ئەم گۆرانییەدا بگونجێت كە ساڵێك لەمەوبەر لای من لەدایك بووبوو».

Top