گرنگیدان بە مۆمی بۆندار
لەوانەیە مۆم بە شێوەیەكی نا یەكسان بسوتێت یان خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا بۆنەكەی لەدەست بدات، لێرەدا كۆمەڵێك ئامۆژگاری بۆ چاودێریكردنی مۆمەكان دەخەینە ڕوو.
مۆم لە ئاراستەی هەوا دوور بخەرەوە: ڕەوت و ئاراستەی هەوا دەتوانن كاریگەری لەسەر چۆنیەتی سووتانی هەر مۆمێك دابنێت، ئەمەش توندیی بۆنەكە كەم دەكاتەوە، بۆیە پێویستە مۆم لە پانكە، پەنجەرەی كراوە، یان دەرچەی هەوا دوور بخرێتەوە.
كوژێنەرەوەی مۆم بەكار بهێنە: باشتر وایە ئامێری كوژاندنەوەی مۆم بەكار بهێنرێت، كە یارمەتیدەرە بۆ كوژاندنەوەی بڵێسەی ئاگرەكە بە نەرمی، بەبێ ئەوەی تێكچوون دروست بكات، هەروەها ڕێگری دەكات لە چەمانەوەی فتیلەكەی، یان داچۆڕانی مۆمەكە. هەروەها ئەم كارە یارمەتیدەرە بۆ ڕاگرتنی بۆنەكە بۆ سووتانی داهاتوو.
مۆمەكە پاك ڕابگرە: پیسی و پاشماوە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كوالێتی هەر مۆمێك و چۆنیەتی سووتانی هەبێت، بۆیە هەمیشە ئاگاداربە ڕووی مۆمەكە دوور بێت لە كبریت، پاشماوەی فتیلە یان تۆز، چونكە مۆمی پاك سووتانی پاكتر و بڵاوبوونەوەی بۆنێكی باشتر دابین دەكات.
ئامادەكردنی: شیلان عەلی