سـیــســتـــمـــی پــــوچـــگـــەرایـــی و ئـــاڵـــۆزبـــوونــــی پـــێــــنـــاســــەی مـــــرۆڤ

سـیــســتـــمـــی پــــوچـــگـــەرایـــی و ئـــاڵـــۆزبـــوونــــی پـــێــــنـــاســــەی مـــــرۆڤ

(پرۆفیسۆر د.ئالان دونۆ) لە کتێبەکەیدا بە ناوی سیستمی پۆچگەرایی دەڵێت: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، پوچگەرایی و بێ بەهایی باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاندا کێشاوە، ئەگەر وا هەست بکەین گەورە سەرمایەداران، خاوەن بزنس، براندە جیهانییەکان، بەڕێوەبەران، ئەوانەی سیستمی فێرکاری، زانستی و داراییەکانییان لەژێر دەستدایە و باڵادەستن لە بڕیارە چارەنووس سازەکانی گۆڕانکاری جیهان، کە پێمان وابێت ئەو عەقڵانە باشترین و هەرە ژیرەکانن، بە هەڵەدا چووین.

‌‌بۆیە دەپرسێت چێژ لە چ شتێکی ژیان ماوە؟ چێژ لە "خۆراک، بڕوانامە، زانکۆ، خوێندن، سێکس، هاوژینی، سیاسەت، فەلسەفە، کتێب، ئیدارە و …تاد"
بێگومان رێژەیەکی زۆر کەم نەبێت، چێژ لە هیچ کام لەوانە و لە زۆر شتانی دیکە لە ژیاندا نابینن، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو خۆشییانە لە چوارچێوەی سیستمی پوچگەرایی پەیدابوون، بۆیە مانای خۆیان لە دەستداوە، بە جۆرێک کە هەموو جومگە و چەمکێکی ژیانی ئێستا بێ بەها و بێ چێژ کراوە و چێژ و خۆشییەکانی ژیان هەموو ڕاکێشراوەتە ناو سیستمی سەرمایەدارییەوە.
‌‌
بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئەو دروستکراوە شکۆمەندە ڕێز لێگیراوەیە کە خودا بە توانای خۆی بە جوانترین شێوە ئافراندوویەتی و کردوویەتی بە جێنشین و چەقی گەردوون، بە کۆمەڵێک جیاوازی و تایبەتمەندیی لە دروستکراوەکانی دیکە جیا کراوەتەوە. ئامانج و مەبەستی سەرەکیش لە درووستکردنی مرۆڤدا دانپێدانان بە تاک و تەنهایی و ناسین و پەرەستنێکی جوان و شایان بە زاتی پەروەردگار و چێژبردنە لە هەموو چەمک و کایەکانی ژیان.

لە نێو دنیای سەرمایەداریی و لە سایەی سیستمی پووچگەرایی، گواستنەوە و کاری زۆر لەسەر ئەقڵی مرۆڤ کراوە، تاکو مرۆڤایەتی لە ڕەسەنایەتییەوە، بگوازنەوە بۆ نێو ئەو ژیانەی لە سایەی مۆدێرنە بۆتە شتێکی بێ ئەرزش؛ ئەوەی هاوکاریی گشتگیرکردنی ئەم سیستمە پووچگەراییە دەدات، بیرۆکەی جیهانگیرییە کە هەموو نەتەوە و کولتوورەکان دەخاتە خزمەت سیستمیی سەرمایەداری و بەرژەوەندیخوازیی کە خراپترین قۆناغی مرۆڤایەتی و مرۆڤبووونە، چونکە مرۆڤ لە سەردەمی سیستمی پوچگەراییدا، هیچ شتێک وەکو خۆی و لە جێی خۆی، تام و چێژ و بۆنی خۆیی و مانای خۆی نابەخشێت، تەواوی شتەکان سەراوژێر و پێچەوانە بوونەتەوە، دەستێکی میهرەبان پێویستە تاکو جیهان بەرەو قۆناغی مرۆڤ و مرۆڤبوون رابکێشرێت، مرۆڤبوونیش لای خوای گەورە بەهادارترینە.

 

Top