ڕۆژ كەریم بۆ گوڵان: پێم خۆش نییە بێ ئەوەی پرسم پێ بكەن گۆرانییەكانم بڵێنەوە
ڕۆژ كەریم هونەرمەندی ناسراوی كورد كە ماوەیەكی زۆرە لە سوید دەژیت، لە چاوپێكەوتنێكی بۆ گولان تیشك دەخاتە سەر كارە هونەرییەكانی و باسی ئەزموونی هونەریی خۆی دەكات، ئەو هەندێك تایبەتمەندیی هەیە كە لە گۆرانیبێژەكانی دیكەی جیا دەكاتەوە، پێی خۆش نییە هیچ گۆرانیبێژێك داوای گوتنەوەی گۆرانییەكانی لێ بكات.
*تا چەند رێ بەو هونەرمەندە تازانە دەدەیت گۆرانییەكانی تۆ بڵێنەوە؟
-پێم خۆش نییە بێ ئەوەی پرسم پێ بكەن گۆرانییەكانی من بڵێنەوە، پرسیش دەكەن، بەڵام ئەوە جوان نییە من كارێك دەكەم بە ماندووبوونێكی زۆرەوە و شتێك بەرهەم دەهێنم، بەڵام یەكێكی تر دێت دەنگی خۆی دەخاتە سەری، لە كاتێكدا ئەوە گۆرانی منە و موڵكی منە، بۆیە پێم خۆش نییە ئەو داوایەم لێ بكرێت، چونكە من رێ بەخۆم نادەم دڵی كەس لە خۆم بڕەنجێنم.
*تا چەند پێویستە گۆرانیبێژ شارەزاییەكی باشی هەبێت لە موزیك و ئاوازدانان؟
-پێم باشە زۆر گوێ بگرن و گوێ لە هونەری جیەانی بگرن، بچووكی نەكەنەوە لە فۆلكلۆر، بەرهەمێكی وا بكەن كۆن نەبێت، بە رای من گوێگرتن و زەوق كارێكی زۆر گرنگە لە هونەر.
*هۆكاری سەركەوتنی تۆ لەم بەرەەمانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-هەر كارێك بە ڕۆح بكرێت سەركەوتوو دەبێت، ئەو كارانەی منیش بە رۆح كراون.
*ژیان لە سوید فێری چیی كردیت؟
-فێری سەبر و ئارامیی كردم، فێری كردم تا شتێكم دەست بكەوێت، هەوڵ بدەیت و بەئاسانی دەستت ناكەوێت، فێری كردم ژیان زۆر قورسە، هەروەەا وایكرد كە پەرە بە هونەرەكەشم بدەم .
*دەڵێن هونەرمەند لە پاڵ سەركەوتنەكەی عەشقێكی گەورەی هەیە، ئەو عیشقەی رۆژ كەریم چییە؟
-گۆرانی بە عەشق دەگوترێت، ئەو گۆرانییانەی لە ڕۆحتەوە بۆ كەسێكی دیاریكراو دێتە دەرەوە، گۆرانییەكە هەرچەندی خراپیش بێت سەركەوتوو دەبێ.
*ئێمە دەبینین لە ئەدیبی گەورەمان هەیە كە لە ئاستی دنیا ناسراو بێت، لە سینەماش بەهەمان شێوە، بەڵام بۆچی هیچ گۆرانیبێژێكی كوردیمان نییە لە ئاستی دنیا ناسراو بێت؟
-لەبەرئەوەی بڵاوكراوەكانمان ناچنە دنیای دەرەوە، هەمووی لۆكاڵییە، ئەگەرنا گۆرانیی كوردی هیچ كەمتر نییە لە گۆرانییەكانی تری دنیا.
*ئێوەی هونەرمەند كە لە دەرەوەی وڵات دەژین، بۆ ئەنجامدانی بەرهەمێك دەگەڕێنەوە كوردستان، واتا كوردستان لە رووی هونەرەوە دەوڵەمەندە؟
-كە دەگەڕێینەوە كوردستان شتەكان هەمووی بەردەستن، بەئاسانی ئەوەی دەتەوێت دەتوانی بیدۆزیتەوە و كاری لەگەڵ بكەیت، بەڵام لە دەرەوە وانییە تا بەرهەمێك دەكەیت، دەبێت 20 وڵات بگەڕێیت تا بەرهەمەكە تەواو دەكەیت.
*بۆچی گۆرانیبێژەكانی كوردستان زۆرجار داوای ئاواز لە ئێوە دەكەن كە لە دەرەوەن، ئایا دەبێت كوردستان ئاوازدانەری باشی نەبێت؟
-ئێمە لە هاندەران تەنیاتریت، بۆیە ئاوازەكان تۆزێك چڕتر و مۆدێرنتر دەردەچن، هەروەها بەهۆی تەمەن و ئەزموونەوە، ئەگەرنا لە كوردستانیش ئاوازدانەری باشمان هەیە.
*بۆچی گۆرانیبێژی كوردی زیاتر لە دەوری عەشق و خۆشەویستی دەسووڕێتەوە و خۆیان لە خەم و كارەساتە كۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆییەكان نادەن، بۆ نموونە بابەتی هەژاری، بێكاری؟
-ئەگەر سەیری ئەرشیڤەكانم بكەیت، شتێك نەبووە گۆرانیم بۆ نەكردبێت، شەڕ بووە گۆرانیم بۆ گوتووە، هەروەها بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، لە سەردەمی كۆرۆنا، نەهامەتییەك نەبووە من گۆرانیم بۆ نەگوتبێت.
*لە كاروانی هونەریتدا چ درۆیەك لەگەڵ تۆ كراوە، یان كێن ئەوانەی درۆیان لەگەڵ تۆ كردووە؟
-هێندەم درۆ لەگەڵدا كراوە تەواو نابێت باسی بكەم.
*بەڕای تۆ ناوبانگ هەندێك جار سەری مرۆڤ دەخوات یان نا؟
-بەڵێ ئەو چەپڵەیە زۆر گرنگە پێی هەڵنەپەڕیت، نابێت بەو چەپڵانە هەڵخەڵەتێیت خۆت لێ بێت بە تەیارە، بۆیە دەبێت زۆر وریا بیت و نابێت دوو چەپڵەت بۆ لێ درا لە خۆبایی ببیت.