لێبوردەیی ژینگەیی

لێبوردەیی ژینگەیی

 

ڕێكخراوی یۆنسكۆ لە ناوەڕاستی نەوەدەكانەوە جەخت لەسەر چەمكی لێبوردەیی دەكاتەوە، بە مەبەستی پابەندكردنی حكومەتەكان بە كاركردن بۆ خۆشگوزەرانی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە هەموو شوێنێكدا و، هاندانیش بۆ خۆڕاهێنان لەسەر چەمكی لێبوردەیی و هاوكاری بۆ بەیەكگەیشتن و لەیەكگەیشتن لە نێوان كەلتوورە جیاوازەكاندا، وەك هەوڵێك بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی لێبوردەیی و چەسپاندنی ئەو بنەمایەی كە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكاتەوە، كە دەڵێت: بۆ گەیشتن بە هەر ئامانجێكی ڕەوا و پاك، پێویستە هۆكاری پاك و ڕەوا پەیڕەو بكرێت. بۆیە داوا كراوە، لە بواری ژینگەشدا كە دەبێت ڕەفتاری ژینگەدۆستان ئاشتیخوازانە بێت و، پەنا نەبەنە بەر ڕەفتاری توندوتیژ، چونكە بە توندوتیژی و گرتنی شەقام و داخستنی ڕێگەكان و ڕشتنی بۆیە بەسەر دیواری فەرمانگەكان و تابلۆ جیهانییەكاندا، تەنیا زیان بە ژینگە و ئاسەوار و دیمەنی جوان و خاوێنی شارەكان دەگەیەنن.

ئەمە جگە لەوەی كە ئەم ڕەفتارانە دەبنە هۆی ئاژاوەنانەوە و توندوتیژیی كۆمەڵگەیی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی و یاساشكێنی، لە كاتێكدا پێویستە بە لێكگەیشتن و تێگەیشتنی هاوبەش و بە هۆكاری ئاشتییانە و یاساییانە دوور لە توندوتیژی كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكرێن.

ئەمڕۆش ئەگەر لە ڕوانگەی ژینگەییەوە لە چەمكی لێبوردەیی بڕوانین، ئەوا دەتوانین بڵێین وەك ژینگەدۆستان پێویستە چەند هەنگاوێك بەرەو لێبوردەیی ژینگەیی بنێین، وەك:

یەكەم: چەسپاندنی چەمكی لێبوردەیی ژینگەیی و باشتر تێگەیشتن لە ڕەهەندە جیاجیاكانی، چونكە چەمكی لێبوردەیی ژینگەیی زۆر مانا لەخۆ دەگرێت، وەك ئەمانەی لای خوارەوە:

1- یارمەتیدانی زیندەوەران بۆ بەرگەگرتنی گشت ئەو گۆڕانكارییانەی لە ژینگەكەیاندا ڕوو دەدەن، بێ ئەوەی تووشی كاریگەریی زیانبەخش بن.

2- ڕەخساندنی كۆی ئەو بارودۆخە ژینگەییانەی كە ئاسانكاری دەكەن بۆ هەر زیندەوەرێك بۆ مانەوە و زیادبوون.

3- پێكەوە گرێدانی بەها مرۆییەكان و دۆزە ژینگەییەكان بە ئامانجی بەهێزكردنی هۆشیاری.

4- یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو هەسارەیەكی باشتر و، بەردەوامیدان بە سیستمی ژینگەیی و پاراستنی فرەجۆریی بایۆڵۆژیی.

5- تواناداركردنی زیندەوەران بۆ خۆگونجاندن و ڕاهاتن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی نێو ژینگەدا.

دووەم: بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە لە گوفتارەوە بەرەو ڕەفتاری ژینگەدۆستانە.

سێیەم: بەردەوام پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەكان و فرەچەشنیی بایۆڵۆژی.

چوارەم: بەهێزكردنی هەوڵ و كارەكان لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.

پێنجەم: ئاشتكردنەوەی مرۆڤ و ژینگە لەپێناو باشتر مامەڵەكردن و بنیادنانی پەیوەندییەكی مرۆڤدۆستانە و ژینگەدۆستانەی نێوانیاندا.

شەشەم: ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان خودی مرۆڤەكان بە جیاوازیی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و ڕەگەز و تایبەتمەندییەكانیان.

حەوتەم: دەستپێشخەریی كۆمەڵگە، كە بریتییە لە هەر هەوڵێكی تاكەكەسی، یان تۆڕێك لە كەسان و ڕێكخراوەكان بۆ كاركردن لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە گرفت و كێشەكان، لە ڕێگەی پڕۆژەی جیاجیاوە، كە بەشێكن لە كارێكی ڕێكخراو لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ئامانجێك كە دەشێت یەكێك بێت لەم ئامانجانەی لای خوارەوە:

1- بەیەك گەیاندنی تاكەكانی كۆمەڵگە و كۆكردنەوە و ڕێكخستنیان بۆ كارێكی سوودبەخش.

2- گەشەپێدان بە تواناكان و پەرەپێدان بە هەنگاوەكان لەپێناو گۆڕینی بارودۆخە نەخوازراوەكاندا.

ئەم ئامانجانەش پێویستییان بە چەند هۆكارێكە وەك:

یەكەم: سەركردایەتیكردن و دەستپێشخەرییەكان

دووەم: بیركردنەوە وەك یەك تیم و بوونی پلانێكی گونجاو.

سێیەم: بەشداریپێكردنی خاوەن بەرژەوەندییەكان.

چوارەم: ڕاگەیاندنی چەند دەستپێشخەرییەكی سەرەكی لەپێناو لێبوردەیی ژینگەییدا، وەك:

1- دەستپێشخەریی لێبوردەیی ژینگەیی لەگەڵ خاكدا، لەپێناو پاراستنی لە زیانەكانی بەبیابانبوون و وشكبوون و زیانەكانی ماددە كیمیاییەكان.

2- دەستپێشخەریی لێبوردەیی ژینگەیی بۆ پاراستنی هەوا لە پیسكارەكانی وەك هایدرۆكاربۆنەكان و كاربون مۆنۆكساید و ئۆكسیدەكانی گۆگرد و ئۆكسیدەكانی نایترۆجین و تەنۆلكە وردەكان و ئۆزۆنی زەمینی.

3- دەستپێشخەریی لێبوردەیی ژینگەیی بۆ پاراستنی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و باشتر كۆكردنەوە و بەڕێوەبردنی سامانی ئاو.

4- دەستپێشخەری بۆ مامەڵەكردنێكی ئاكاریی لەگەڵ ژینگە و پێكهێنەرەكانی، بە پشتبەستن بە زانست و زانیاری لەپێناو بەدیهێنانی سیستمێكی بەرهەمهێنان و بەكاربردنی هاوسەنگ و بەردەوام.

5- ڕوانین لە لێبوردەیی ژینگەیی وەك ڕەفتار و سیفەتێكی مرۆیی، كە لەسەر تەواوی ژینگەی دەوروبەری ڕەنگ بداتەوە و، ئەم ڕەفتارەش ببێتە دیاردەیەكی كۆمەڵگەیی بۆ مامەڵەی میانەڕەوانە لەگەڵ ژینگە و زیندەوەراندا.

Top