هیواو و ئاواتم ئەوەیە هەمیشە یاریزانە كوردەكان ئاستی باش پێشكەش بكەن

هیواو و ئاواتم ئەوەیە هەمیشە یاریزانە كوردەكان ئاستی باش پێشكەش بكەن

شارا ئەكرەم ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆپی تێنسی سەرمێز

هیواو و ئاواتم ئەوەیە هەمیشە یاریزانە كوردەكان ئاستی باش پێشكەش بكەن
لە وەرزشی تۆپی سەرمێز پارێزگای سلێمانی هەموو كات بەوە ناوی دەركردوە كە لە یاری تۆپی تێنسی سەرمێز خاوەنی چەندین كچ و كوڕە یاریزانی بەتوانایە لە سەر ئاستی عێراق خاوەن پێگەیەكی بەهێزن و كیبڕكێ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە دەكەن، بەڵام لە بواری ناوبژیوانی یاری تێسی سەرمێز ئەم شارە پێشەنگە لە بوونی ئافرەتی بەتوانا بۆ بەرێوەبردنی یارییە نێودەوڵەتییەكان و دەیانەوێ لە رێگە ئەم یارییەوە هەنگاوی گەورە بهاوێن بۆ بەرەوو جیهانی بوون و بەرێوەبردنی پاڵەوانێتیە جیهانییەكان، یەكێك لە ئافرەتە بەتواناكانی شارەكە كە دەتوانین بڵین تاكە ئافرەتی وەرزشكاری بواری ناوبژیوانییە لە شارەكە ئەویش شارا ئەكرم عەبدوللا-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1978ی ، دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانكۆی سلێمانی، پێشووتر یاریزانی یانەكانی كەمال سەلیم و سلێمانی بووە ئێستا یەكێك لە ئافرەتە بەتواناكانی عێراق و ئاسیایە لە بواری ناوبژیوانی تێنسی سەرمێز ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بڕیارت دا بواری ناوبژیوانی هەڵبژێرێ؟
- حەزێكی زۆرم بۆ یارییەكە هەبوو ئەو كات قوتابی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بووم، بەشداری چەندین خولیشم كردبوو هەموو پلەكانی ناوبژیوانم بەدەست هێنا بوو تا ئێستا كە بوومەتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی.
*بە بۆچوونی تۆ ئافرەتان دەتوانن لە ناوبژیوانی تۆپی سەرمێز سەركەوتووبن ؟
-ئافرەت دەتوانی لە هەموو بوارەكانی وەرزش بە تایبەتی تۆپی سەر مێز سەركەوتوو بێت، وەكو دەبینین ڕۆلێكی بەرچاومان هەیە لە ناو كۆمەڵگە شان بە شانی پیاوان هەم وەكو یاریزان هەم وەكو ناوبژیوان ڕۆڵ دەبینین.
* هۆكاری چیە ئاستی ئەم یارییە بۆ كچان لە كوردستان وەكو پێویست نییە؟
- هۆكار زۆرە كە ئاستی كچان وەكو پێویست نییە، ناتوانین بگەرێنینەوە بۆ ئەوەی كە بڵێن یەكێتی تۆپی سەرمێز ڕاهێنەری باش نییە، نەخێر ڕاهێنەری زۆر باشمان هەیە و یەكێتی تۆپی سەرمێزیش زۆر هەوڵ دەدات، ئەمەش بە یەك لایەن ناكرێ پێویستە كچانیش زیاتر هەول بدەن و بێنە نێو ئەم یارییە و حەز و ئارەزوویان بۆی هەبێت.هەوڵ دراوە ئەم یارییە بەرەوپێش بچێت سەرۆكی یەكێتیە كە زۆر پاڵەوانێتی دەكاتەوە ، ئاستی ئەم یارییە تاڕادەیەك بەرەوپێش چووە.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری تێنسی سەرمێز بچێتە قۆناغێكی باشترەوە؟
- خوڵ و پاڵەوانێتـی بكرێتەوە و پاڵەوانێتی زۆریش هاتۆتە شاری سلێمانی ئەوەش گرنگی خۆی هەیە، كردنەوەی قوتابخانە بۆ ئەم یارییە زۆر گرنگە.
* وەكو تاكە ناوبژیوانی ئافرەت لە كوردستان هەوڵت نەداوە یاریزانی زیاتر بهێنیتە نێو ئەم یارییە؟
- بە دڵنیاییەوە پێم خۆشە، وەكو هەوڵ نەمداوە، بەڵام ئافرەتانم هانداوە و بۆ ئەوەی بێنە ئاستی ئێمە وەكو ئێمە ببنە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و لەم تاقانییە ڕزگارم بێت.
*تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە چ قۆناغێكە؟
-تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە قۆناغێكی زۆر باشە ئەویش لە دوای میوانداری كردنی ئەو پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیانەی شاری سلێمانی و كردنەوەی خولەكان ئاستی زۆر باشە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەچێتە قۆناغی باشتر.
* بەرنامەی داهاتووت چیە وەكو ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتی ؟
- بەرنامەی داهاتووم هەوڵدەدەم ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات ببمە ناوبژیوانێكی جیهانی كە وایت باجم هەیە هەوڵیشی بۆ دەدەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەم كە بلو باجم هەبێت.
* بریارت نەداوە تیپێكی تۆپی سەرمێزی كچان دروست بكەی خۆت ڕاهێنەر بێ، چونكە ڕاهێنەری ئافرەت كەمە لەم یارییە؟
- نەخێر هیچ بڕیارێكی لەم جۆرەم نەداوە ببم بە ڕاهێنەر، چونكە ئەوە لەتوانای من نییە و بەرپرسیاریەتیەكی گەورەیە و لە توانای من نییە، من ناتوانم هەم ڕاهێنەر بم و ناوبژیوانیش بم، ئەوە كاری من نییە و بیریشم لێ نەكردۆتەوە.
*كێشە وگرفتی ناوبژیوانی ئافرەت لە چی دەبینی؟
- من وەكو خۆم كە ناوبژیوانم و تاقانەشم لەم یارییە و لە هۆڵەكان بەردەوام دەبیندرێم، زۆر سوپاس بۆ ناوبژیوان و هاوكارە پیاوەكانم، هیش گرفتێكم نەبووە و زۆریش ڕێزم لێ دەگیڕێت چەندین یاری گەورەم بەرێوەبردوە و گرفتم بۆ دروست نەبووە، پەلەم نەكردوە لە بڕیارەكام بۆ ئەوەی تووچی ڕەخنە نەبم.
*داواكاری و پێش نیارت وەكو ناوبژیوانێك بۆ لایەنی پەیوەندیداری وەرزشی؟
- داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەكەم بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەوپێشەوە بڕوات كە لەئێستادا ئاستێكی بەرزی هەیە قۆناغێكی باشی بڕیوە لە ڕووی پاڵەوانێتی و ناردنی یاریزان بۆ دەرەوە و سەربازگەی باش و هێنانی ڕاهێنەری باش بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە باشتر بێت.
*خەونی وەرزشیت وەكو وەرزشكارێك ؟
-هیواو و ئاواتم ئەوەیە هەمیشە یاریزانە كوردەكان ئاستی باش پێشكەش بكەن و بەرەوپێش بچن و بگەن بە ئاواتەكانیان.
*چ هەستێكت هەیە كە وەكو كچە ناوبژیوانێكی كورد یارییە نێودەوڵەتیەكان بەرێوەدەبەی لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان؟
- بەڕاستی هەستێكی یەكجار خۆشە كە وەكو تاكە ئافرەتێكی كورد لە كوردستانەوە بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا لە قەتەر زۆر یاری بەهێزم بەرێوەبرد ئەوە هەستێكی خۆشە و جێگای شانازی كردنە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەی گوڵان بۆ بەردەوام خزمەت كردن و هیوادارم وەرزش بگاتە ئاستێكی جیهانی لە كوردستان.

 

Top