هیوام وایە هەر كچێك كە بتوانێ وەكو ئێمە بەشداری یاری كاراتێ بكات
ڕاز عەلی یاریزانی كاراتێ یانەی سەیدسادق
هیوام وایە هەر كچێك كە بتوانێ وەكو ئێمە بەشداری یاری كاراتێ بكات
یانەكانی دەڤەری شارەزوور گرنگی زۆر بە یارییە تاكییەكان دەدەن و ئەنجامی شایستەیان لەسەر ئاستی ووڵاتانی ئاسیا و عێراق و كوردستانیش بەدەستهێناوە، یانەی سەید سادق یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی ئافرەتان دەدات، تیپی كاراتێ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێز و بەتواناكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە ڕاز عەلی-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006 ی قەزای سەید سادق و ماوەی هەشت ساڵە لە تیپی كاراتێ یانەكە جگە لە یانەی سەید سادق یاری بۆ هیچ یانەیەكی دیكەی كوردستان نەكردوە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*وەكو كچێك چی وای لێ كردیت بچیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- وەرزش حەزێكی منداڵیم بوو كە سەرەتا دەستم بە وەرزش كرد.
* یاری كاراتێت وەكو حەز یان بۆ بەرگری كردن هەڵبژاردوە؟
- سەرەتا حەزێك بوو، بەڵام كە بەردەوام بووم توانای بەرگریشم بۆ زیاد بوو.
*هەست ناكەی یارییەكی زیاتر شەڕانگێزیت هەڵبژاردوە؟
- كاراتێ دوورە لە شەڕانگێزییەوە.
*یاری كاراتێ چ ئاستێكی تێپەڕاندوە لە كوردستان؟
- دەتوانم بڵێم لە چاو ساڵانی پێشوو بە شێوەیەكی بەرچاو پێشكەوتوو تر بووە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- پێویستە زیاتر پاڵەوانێتی بكرێتەوە بۆ یاریزانەكان تاوەكو یاریزان ئارەزووی بەرەوپێشچوونی زیاتری هەبێت ، لە ڕووی مەسروفەوە هاوكاری یاریزانان بكرێت.
*زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین دەڵێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ كچانیان پشتگوێ خستووە؟
- دەتوانم بڵێین وایە زیاتر كوڕان گرنگیان پێ دەدرێت لە یاری كاراتێ لە سەر ئاستی كوردستان.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەرنامەی من وایە بتوانم بەشداری پاڵەوانێتییە جیهانییەكان بكەم و ئەنجامی شایستە بە دەست بهێنم بۆ ئەوەی بتوانم سەری وڵاتەكەم بەرز بكەمەوە.
*سەركەوتن چ مانایەك دەبەخشێ لای تۆ؟
- بەبێ ماندوو بوون و بەردەوامی سەركەوتن مانای نییە.
*زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین لە بەشێك لە پاڵەوانێتیەكان یاریزانان لە سەر گیرفانی خۆتان بەشداری دەكەن ؟
- بەڵێ ڕاستە، بەڵام سوپاسی ڕاهێنەرەكانم دەكەم زۆر جار ئەو ئەركەیان بۆمان كەم كردۆتەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چیە لەم یارییە؟
- هیوام وایە هەر كچێك كە بتوانێ وەكو ئێمە بەشداری یاری كاراتێ بكات بۆ ئەوەی زیاتر یارییەكی بەرچاز بێت و پێشبكەوێت و بتوانین ئەنجامی جیهانیمان هەبێت و سەری خێزان و شار و وڵاتەكەمان بەرز بكەینەوە.
* تا چەند كچان هیوایان بە وەرزشە جۆراوجۆرەكان هەیە؟
- كچان هیوای زۆریان بە وەرزش هەیە لە بەر ئەوە لە هەوڵدان ناوەستن.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی بۆ یاری كردن؟
- نەخێر، بەڵام ئەگەر هەشبێت من پەسەندی ناكەم.
*كێ بەهاوكار و پاڵپشتی خۆت دەزانی؟
- خێزانەكەم و ڕاهێنەرەكانم.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمەتی بەردەوامی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.