دوورگە و وڵاتی پشیلەكان

دوورگە و وڵاتی پشیلەكان

 لەكاتێكدا زۆرێك لە شارەكان لە ڕێگەی پیادەكردنی بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی ئاژەڵە ماڵییە وێڵەكانەوە، كار لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی پشیلە وێڵەكان دەكەن، تاكە شوێنێك هەیە كە تێیدا بە بەردەوامی ژمارەی پشیلەكان لەزیادبووندایە و دانیشتووانی ئەو شوێنەش هانی ئەو كارە دەدەن. تاشێرۆ ــ گیما، دوورگەیەكی بچووكە لە ویلایەتی میاگی لە ژاپۆن كە بە «دوورگەی پشیلەكان» ناسراوە، لەبەرئەوەی ژمارەی پشیلەكان تێیدا لە ژمارەی دانیشتووانی دوورگەكە زۆرترە، لەكاتێكدا دوورگەكە نزیكەی 70 كەس لەخۆدەگرێت، بەڵام ژمارەی پشیلەكان لەم دوورگەیە نزیكەی 140 پشیلە دەبن. لە سەدەی نۆزدەیەم ئەم دوورگەیە بەوە ناسرابوو كە ڕاوچییەكان بەر لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان شەوێك لەو دوورگەیە دەمانەوە و پشیلەكان تا هۆتێلەكان بەدوایان دەكەوتن و داوای ماسییان لێ دەكردن، بەدرێژایی كات ڕاوچییەكان هۆگری ئەم پشیلانە بوون و ئەو باوەڕەیان لا دروست بوو كە پیشلەكان پشێبینیی كەشوهەوا و شوێنی ماسییەكان دەكەن، بۆیە لایان وابوو كە پێدانی خۆراك بە پشیلە بەختی باش و سامان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەم دوورگەیە ماڵ و شوێن و باڵەخانەكان لەسەر شێوەی سەری پشیلە دروست كراوە، هەروەها دوورگەی تاشێرۆ ــ گیما، كێبڕكێی وێنە و نمایش و فێستیڤاڵی تایبەت بە پشیلە لەخۆدەگرێت.

Top