عەقڵیەتى فاشیزمى عێراق و چێژ وەرگرتن ئازاردانى گەلى کوردستان

عەقڵیەتى فاشیزمى عێراق و چێژ وەرگرتن ئازاردانى گەلى کوردستان

مێژووى رابردوو و ئێستاش پڕە لە تراژیدیا و زۆردارى و تاوانى نامرۆڤایەتى و قێزەوەن کە حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق هەر لە پاشایەتییەوە بگرە بە ئێستا تایفى و مەزهەبى فاشیزیمەوە وەک میراتێکى قێزەوەن و ڕەش بە ناوچاوانى بەغداوە درێژەى هەیە ، زێهنیەتى خۆپەرستى و خۆسەپێنى و کوشتن و برسیکردن و ئازاردن بووەتە کەلتوورێک لە نێو دەسەڵاتدارانى عێراق بەشێوەیەک کە جگە تێرکردنى حەزەکانیان و چێژ وەرگرتن لە ستەمکارى و چەوساندنەوەى بەرامبەرەکەیان هیچى تر نابینرێت .

نموونەی هەرە بەرچاویشک ئەو دەسەڵاتەى خۆسەپێنە مەزهەبییەى ئێستا کە پێش 22 ساڵ خۆى بە ستەملێکراوى دەسەتى دیکتاتۆرى بەعس دەبینى ، ئەوەتا ئێستا دۆخێکى وەهاى خولقاندووە ، دەسەڵاتێکى میلیشیایی بە هەموو پلە و ئیمتیازات و سەروەت و سامانى عێراق شتێکى بەناوى ئازادى و یەکترقبووڵ کردن و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و دەستوور و مافى گەل و پێکهاتەکانى تر نەهێشتۆتەوە ، تەنانەت خۆى وەک حکوومەتێکى سێبەرى باڵادەست بەسەر بریارەکانى حکوومەتەکەى مەحمەد شیاع سوودانی زاڵ کردووە کە تێیدا تەیف سامییەک بۆتە فەرمانڕەوا و دەستڕۆیشتووى سەرەکىی ئەو دەوڵەتە سێبەرەى کە فەرمانەکان لە دەرەوەى سنوورەکان وەردەگرێت.
دووبارەکردنەوەى مێژووى ئەو کودەتایەى کە ڕژێمەکەى سەدام بە سەر ئەحمەد حەسەن بکر کردى ، ئێستاش بەهەمان شێوە دەسەڵاتێکى فاشیزمى مەزهەبى لە ژێر فەرمانى مەرجەعییەتى دەرەوەى سنوورەکانى عێراق ، چەندین ساڵە کارى لە سەر ئەو حکوومەتە سێبەرە خۆسەپێن و دیکتاتۆر و تاکڕەوە کردووە و کە هەموو پرسەکان بە زۆرینە و زۆردارى و ستەمکارى یەکلا دەکاتەوە .

لێرەدا گرنگە بزانین کە ، هەرێمى کوردستان پابەندى هەموو بنەماکانى دەستوور و هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى بووە ، جگە لەوەى لە ماوەى رابردوو پابەندى هەموو ئەو ڕێککەوتننامە بووە کە واژۆى کردووە بەتایبەتى لە بوارى نەوت و گڕێبەستەکان، هەروەها پابەندبوون بریارەکانى دادگەى فیدراڵى ، بەڵام پێچەوانەکەى درێژە پێدان بوو بە عەقڵییەتى فاشیزمى دەوڵەتە سێبەرەکەى تەیف سامى و گروپ ومیلیشاکانى تر و دژایەتیکردن و ئازاردانى خەڵکى کوردستانە .
بەهەڵوەستەکردن لە سەر هەنگاوەکانى 12 ساڵى رابردوو واتا هەر لە دواى ساڵى 2013 وە و بڕینى بەشە مووچە وبودجە هەرێمى کوردستان وەک مافێکى دەستوورى و یاسایی ، هەڵبەت بە چاوساغى و ڕێنیشاندەرى هەندێک لایەنى بە ناو کوردى بەکرێگیراو و لاواز و ئەو نەخشە و پیلانانەى کە هەنگاو بە هەنگاو مەرامیان شکاندنى شکۆ و ئیرادە خەڵکى کوردستان بوو لە پێناو خۆ رادەستکردن بۆ مووچەیەکى شەرشۆرى تا بە ئەمڕۆ درێژەى هەیە ، ئەوەتا ئەو دەسەڵات و حکوومەتە فاشیزمە سێبەرى کە تەیف سامى حکوومرانى دەکات و هەندێک گروپ و تاقمى میلیشایی پشتیوانى ئەو دەوڵەتە سێبەرە دەکەن و بەردەوام کاریان لە سەر دیکتاتۆرییەتێک کردووە کە پەڵامارى هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکى تر لە دەوروبەریان و ناوچەکە دەدەن و دیارترینییان هێرشکردنە سەر دەوڵەتە عەرەبییەکان و هەرێمى کوردستان و ئێستا رۆژانە پەڵاماردانى ئیسرائیل بە پاساوى پشتیوانیکردن لە غەزە و لوبنان ، بەڵام لە راستییدا ئەوەى کە خۆیان ناویان ناوە بەرەى موقاوەمە و ئێستا لە عێراق کارى بۆ دەکەن ، جگە لە وێرانکارى و تاڵانکارى و تاکڕەوى و فاشیزمى مەزهەبى و خۆسەپاندن هیچى دیکەى لێ نابینرێت .
بەدڵنییاییەوەى ئەو هەست پێدەکرێت و لە مێژە خەونى پێوە دەبینن هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانە و هەموو کات چاوەروانى دەرفەتێک دەکەن کە بەرێگەى ئەو عەقڵییەتە فاشیزمە مەزهەبییە زۆرینەى پەرلەمانى و تاکڕەوە دا کارى بۆ دەکرێت . چونکە لە عێراق باوەرى بە هاوبەشى و سازان نییە جگە لە دەسەڵاتێکى ناوەندنى سەر بە ویلایەتى فەقیی و کۆتایی هێنان بە حکوومەتە دیموکراسیی و یاسایی و دەستوورییەى کە لە ساڵى 2003 هەمووان لە سەر ڕێککەوتنبوون و ئەمەریکاش پشتیوانى لێکرد .
بەڵام پێدەچێت ، عەقڵییەتى ئازاردان و جینۆسایدن کردنى گەلى کوردستان لەلایەن فاشیزمەکانى عێراقەوە بێ کۆتایی بێت و دەبێ بۆ هەموو ئەگەرە چاوەروانکراوەکان بەرامبەر ى دیکتاتۆرى و پیلانەکانیان ئامادە بین و ڕووبەڕوویان ببینەوە .

Top