گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێم فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەردەکات
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات.
دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/11/24، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە نووسراوی فەرمی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاگادارکردەوە.
سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوونیکردەوە کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، هەر ئەمڕۆ بە نووسراوێک ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکات، لە دوای 10 ڕۆژدا و تەواو لە 11 هەمین ڕۆژی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، پێویستە پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، پارتی لە سبەیەوە دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ بە نووسراوێک ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکات.
راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەبێت مەرسومێک دەر بکات بۆ یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان، ئەگەر ئەو مەرسومەی دەر نەکرد، دەبێت پەرلەمان لە رۆژی 11 یەم کاتژمێر12 نیوەڕۆ کۆببێتەوە بۆ یەکەم دانیشتن.