مــــەســـرور بارزانی و داودئۆغڵو تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە دەکەن
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا کۆبوونەوە و باسییان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەرمان تۆپچوو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا ئامادەی بوو، "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان و دوایین دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا."
وەک لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە، سەرۆکی پارتی ئاییندە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
هاوکات، سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.