هەشتەمین فیستیڤاڵی شــانۆی شەقامی كەركووك
تاریق كارێزی
دەكرێ كەركووك وەك پایتەختی شانۆی كورد لە باشووری كوردستان پێناسە بكەین. بێ لە جموجووڵی بەردەوامی شانۆ لەو شارەدا، شانۆكارانی ئەم شارە توانیویانە نوێنەرایەتیی شانۆی كوردستان لە ئاستی ناوچەكە و جیهاندا بكەن و، لە زۆر فیستیڤاڵی دەرەوەی وڵاتەوە بە خەڵات گەڕاونەتەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا ساڵانە لە كەركووك دوو فیستیڤاڵی گەورەی شانۆ «فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك» لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان و «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی كەركووك» بەڕێوە دەچن. هەموو ئەمانە پەیوەست بە هونەری شانۆوە و، پێگەیەكی گرنگ و هەستیار بە شاری كەركووك لە نێو شارەكانی دیكەی باشووری كوردستاندا دەدەن. ڕۆژانی 2-4/تشرینی دووەم/2024 هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی كەركووك لە نێو شارەكەدا بەڕێوە چوو، (20) نمایشی شانۆیی لە (14) وڵاتی ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا، هەر لە ژاپۆنەوە بەرەو كوردستان تا دەگاتە فەرەنسا، بەشدارییان لەو فیستیڤاڵەدا كرد، بەرنامەی فیستیڤاڵەكە دەوڵەمەند و فرە ڕەنگ بوو. بە پێی دەرفەت، لێرەدا پێناسەیەكی كورتی چالاكییەكانی فیستیڤاڵ دەخەینە ڕوو.
وا باوە، ساڵانە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی كەركووك بە ڕێڕۆیشتنێك بە نێو شاردا دەست پێ دەكات. بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵ كارێكی باشیان كرد، لە خولی هەشتەمدا ڕێڕۆیشتنی دەسپێكی فیستیڤاڵیان لە ناوچەیەكی زۆرینە كوردنشینەوە بەرەو ناوچەیەكی دانیشتووانی تێكەڵی شارەكە گواستەوە، ئەمە مۆركێكی زیاتر كەركووكییانەی بە فیستیڤاڵەكە دا، فیستیڤاڵەكەی كردە موڵكی هەموو پێكهاتەكانی شارەكە. ڕێڕۆیشتنی بەشدارانی فیستیڤاڵ و كەژاوەی دەسپێك، كە بریتی بوو لە شانۆكارانی بەشدار و گرووپی ئەسپسوار و هەڵگرانی ئاڵا و ناوی وڵاتانی بەشدار و تیپی مۆسیقا و هەڵپەڕكێ و بووكەڵە، لە گۆڕەپانی بەردەم تەلاری پێشووی پارێزگای كەركووكەوە دەستی پێ كرد، لەوێوە بەرەو پردێ سێ كەوتنە ڕێ و لە مەودای نزیكەی دوو كیلۆمەتر، بەدەم دەنگی دەهۆڵ و زوڕناوە، ڕێڕۆیشتنی شانۆكاران كەشێكی پڕ لە هونەر و شادییان بە شوێنەكە بەخشی. ئەگەرچی بینەرانی ئەو نمایشە دەگمەنە وەك خولەكانی ساڵانی پێشوو زۆر نەبوون، چونكە لە لایەك شوێنەكە بازاڕ و بازرگانییە، لە لایەكی دیكەوە شوێنانی دانیشتووان تێكەڵ لە شاری كەركووك، وەك شوێنانی زۆرینە كوردنشین، ڕانەهاتوون هێندە گەرم و گوڕ و زوو ئاوێتە بە كەشی ئاهەنگسازیی هونەر ببن. وێڕای ئەوەش كەڕەنەڤاڵێكی زۆر گرنگ و سەرنجڕاكێش و دەگمەن بوو بۆ كەركووك، دەنگی هونەر و ئازادی و پێكەوە ژیان و برایەتی لەم شارە فرەنەتەوە و فرەكلتوورەی كوردستاندا، بەرەو كەشكەڵانی فەلەك بەرز دەبووەوە. ئەمە لاپەڕەكی گەشە لە دەروازەی هونەرەوە بەرەو ڕووی شاری كەركووكدا دەكرێتەوە.
فیستیڤاڵ بە بەخشینی خەڵاتی زێڕین بە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان و بیانی، كارێكی باشی كرد، هەموو ئەوانەی خەڵاتی زێڕینی فیستیڤاڵیان پێ درا، ڕۆڵی پێشەنگ و دیاریان لە هونەری شانۆی وڵات و نەتەوەی خۆیاندا گێڕاوە. بەرنامەی سێ ڕۆژی فیستیڤاڵەكەش بەم جۆرە بوو:
ڕۆژی یەكەم: كاژێر دووی پاش نیوەڕۆ، دەسپێكی فیستیڤاڵ لە باخچەی بەردەم تەلاری پێشووی پارێزگای كەركووكەوە ڕاگەیاندرا، گرووپی هەڵپەڕكێی ئەستێرە- سلێمانی، شانۆیی كێ باشترە، ئاهەنگی سەمای تیپی بووكەڵە- ڕۆژهەڵاتی كوردستان، شانۆیی چی، چەندین بڕگەی نمایش و گۆرانیی میللی، هەموو ئەو چالاكییانە لە شەقامی ڕێی بەغدا لە مەودای دوو كیلۆمەتری ڕێڕۆیشتنەكەی نێو شەقامدا پێشكەش كران. دواتر شانۆیی چارەنووس و مەراسیمی كردنەوەی فیستیڤاڵ لە هۆڵی شاهانەی كۆمەڵگەی بۆلیڤارد پێشكەش كران.
ڕۆژی دووەم: چالاكییەكانی دووەمین ڕۆژ لە كاتژمێر 9ی بەیانییەوە تا 6:25ی ئێوارە بەردەوام بوون، بریتی بوون لە توێژینەوەیەك لە بارەی شانۆی شەقامەوە، واژۆكردنی چوار كتێبی شانۆ، شانۆیی باوكە هەستە، ئێستا بەرەو كوێ، نی مە، لە هوتێلی ئاڵتوونسەرای و زانكۆی قەڵەم لە گوندی چیمەن پێشكەش كران. هەر ئەو ڕۆژە ئەم نمایشانەی شانۆ: مێشكی بووكەڵە، جیهانی ماسك و بووكەڵە، هاروهاج، مریشكی دراوسێ قاز نییە، دە لەسەر دە، بانگی میمدۆس، كێ لە دایكی منە، ڕۆژێك دەبم بە دار، لە مۆڵ ئۆف كەركووك پێشكەش كران.
ڕۆژی سێیەم: چالاكییەكانی دوایین ڕۆژی فیستیڤاڵ لە 10ی بەیانیی ڕۆژی 4/تشرینی دووەمدا دەستیان پێ كرد، بریتی بوون لە شانۆیی: بێ هێلان، خودی پەرتەوازە، هاواری تاساو، بڵقی خەون، هونەر پارچەیە، تائە- هان، لە زانكۆی كیتاب لە شاری پردێ پێشكەش كران، دواتر پانێڵی گفتوگۆیەكی كراوە لە هوتێلی ئاڵتوونسەرای لە شاری كەركووك بەڕێوە چوو. هەر لەو ڕۆژەدا كاژێر 8ی ئێوارە مەراسیمی كۆتاییهاتنی فیستیڤاڵ لە هۆڵی شاهانەی كۆمەڵگەی بۆلیڤارد بەڕێوە چوو.