هونەرمەند مەحفـوز ئاکرەیی بۆ گوڵان:بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خەریکە دەبنە یانەی شەوانە

هونەرمەند مەحفـوز ئاکرەیی بۆ گوڵان:بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خەریکە دەبنە یانەی شەوانە

هونەرمەند مەحفوز ئاكرەیی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە ساڵانێكی دوورە لە ناوەوە و دەرەوە خزمەت بە گۆرانی و موزیكی كوردی دەكات، ئێستاش لە وڵاتی غەریب بەردەوامە لە خزمەتكردن، لەم دیمانەیەدا باس لە ڕەوشی ئێستا و ڕابردووی هونەری گۆرانی موزیكی كوردی دەكات.

*رەوشی هونەری كوردی بە گشتی چۆن دەبینی؟

-هونەری گۆرانیگوتن خۆی لە خۆیدا جیهانێكی تایبەتە، كە یاسا و پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە و نەوە دوای نەوە لە یەكتری وەردەگرن و پەرەی پێ دەدەن، پێویست گۆرانیبێژ خۆی بناسێت بەتایبەتی لە بواری خۆشیی دەنگ، لە ڕووبەری سۆز و دەنگی خۆی دڵنیا بێت، هەروەها ڕۆشنبیری لە بواری بنەڕەتیی موزیك و مەقامات، لە بواری گوتنی گۆرانیدا، پێویستە وشەكانی دیار و ئاشكرا بن و زۆر بە جوانی لە میانەی گۆرانییەكەدا دەركەون، بۆ ئەوەی بتوانێت بە جوانی بە بیسەر و وەرگری بگەیەنێت، ئەگەر ئێمە بەپێی ئەم پێوەرانە و ژمارە زۆرەیی گۆرانیبێژانمان بەراوردێك بكەین، دەبینین گۆرانیی كوردی لە ڕەوشێكی زۆر خراپدایە و زۆری نەماوە ناسنامەی خۆی لەدەست بدات، ئەمەش بۆ دووركەوتنەوەی گۆرانیبێژان لە فۆلكلۆر و ئاوازی كوردی و نزیكبوونەوەیان لە ئاوازی عەرەبی، توركی، فارسی و یۆنانی دەگەڕێتەوە.

هونەرمەند مەحفـوز ئاکرەیی بۆ گوڵان:بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خەریکە دەبنە یانەی شەوانە

*جاران ئازادی نەبوو، هونەری كوردی پێشكەوتوو بوو، ئێستا ئازادی زۆرە هونەر لە پاشەكشەدایە، هۆكاری ئەمە چییە؟

-جاران بەرپرسیاریەتی و كۆنتڕۆڵ لەسەر تێكست و ئاواز و دەنگی هونەرمەند هەبوو، لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت و سەندیكای هونەرمەندانەوە پێویست بوو هونەرمەند تاقیكردنەوەی ئەنجام بدایە لەلایەن لیژنەكە ئەگەر دەرنەچووبوایە، نەیدەتوانی گۆرانی بڵێت، ئەو كات تەنیا ڕادیۆ و شانۆ هەبوو، پێویست بوو هونەرمەند خۆی بسەلماندایە بەرامبەر بە خەڵكی ڕۆشنبیر و لەسەر تەختەی شانۆ، ئەمەش زۆر ئاسان نەبوو، چونكە تەلەفزیۆن لە سەرەتای حەفتاكانەوە پەیدا بوو.

*ئەگەر سەیری چەند ناوچەیەكی كوردستان بكەین وەك زاخۆ و ئاكرێ، ڕواندز ، هونەرمەندی زۆر پەیدا بوون زیاتر لە پارێزگاكان، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-كۆمەڵگەی ڕۆشنبیر پاڵپشتییەكی زۆرە بۆ هونەر و هونەرمەندان، دیارە خەڵكی ئەو ناوچانەی باست كرد، وەكو ئاكرێ، ئامێدی و زاخۆ زیاتر عاشقی هونەر و هونرمەندانن، بەتایبەتی هونەری گۆرانیگوتن، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر ئەو بابەتە.

هونەرمەند مەحفـوز ئاکرەیی بۆ گوڵان:بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خەریکە دەبنە یانەی شەوانە

*لەو ڕەوشەی ئێستا هونەری كوردی تێیكەوتووە، هونەرمەندان بەرپرسن یان جەماوەر وەكو خۆی نەماوە یان حكومەت گرنگیی كەمتر بە هونەر دەدات؟

-پێشكەوتن و دواكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك یان میللەتێك گرێدراوە بە سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵایەتییەوە، دابینكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی فاكتەرێكە بۆ پێشكەوتنی گەلان، چونكە دەبێتە هاندانێك بۆ خەبات و داهێنان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، میللەتی كورد لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەدیوە، ئەگەر ئەو سەقامگیرییە هەشبووبێت بۆ ماوەیەك وەك سەردەمی پێش ڕاپەرین، ئەوا دوژمنانی ناڕەحەت كردووە، بۆیە دوژمن هەوڵی داوە دەستتێوەردان بكات بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە نێو خودی میللەتی كورد لەگەڵ میللەت و لایەنانی دیكەدا، بۆ نموونە هێرشی تیرۆریستانی داعش، هەروەها ناردن و بڵاوكردنەوەی ئامرازەكانی دیكەی تێكدانی ناو كۆمەڵگە، بەداخەوە بە هۆی ناتەبایی و ناكۆكییەكانی نێوانمانەوە دوژمن توانیی تارادەیەك لە پلانەكەیدا سەركەوتوو بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش كۆمەڵگە بەرپرسی یەكەمە لە پێشكەوتنی هونەر، چونكە پێشكەوتنی هونەر لەسەر ئاستی ڕۆشنبیریی كۆمەڵگە وەستاوە.

*هونەری كوردی لە ئەوروپا و كوردستان چ جیاوازییەكیان هەیە و ئاستەنگەكانی بەردەم ئێوە لە ئەوروپا چین؟

-بێگومان هونەر لە كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و باشترە بەڕێوە دەبرێت، چونكە هەلومەرجەكانی هونەر باشترن و بە ئاسانی دەست دەكەون، هونەرمەندان لە یەكترییەوە نزیكن و دەرفەتی زیاتریان هەیە، لە ئەروپا هونەرمەندان و موزیكژەنان زۆر لە یەكترییەوە دوورن و ناتوانن زوو زوو بە ئاسانی یەكتری ببینن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاستەنگێكی گەورەیە لە بەردەم كارەكانماندا.

*بوونی ئافرەت لە نێو هونەری كوردیدا زۆرە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئایا ئەمە دیاردەیەكی ئەرێنی یان نەرێنییە لەسەر ڕەوشی هونەری كوردی بە گشتی؟

-جێگەی خۆشحاڵییە كە ئێستا ئافرەتی كورد بەو شێوەیە بێتە نێو مەیدانی هونەری، لە هەمان كاتدا ئەمە پێویستیشە، بەڵام پێویستە خاوەن توانا و بەهرە بن، هەڵبژاردنی ئێمە بۆ دەستنیشانكردنی ئافرەتی هونەرمەند هەڵەیە، ئێمە وەك ئاوازدانەر یان كۆمەڵگە ئەگەر تەنیا سەیری ڕووخساری ئافرەت بكەین نەك ناوەڕۆك و تواناكانی، ئەوا دەبێتە ئەگەری پێشكەشكردنی بابەتی لاواز و نەشیاو.

*پێگە سەرەكییەكانی هونەری گۆرانیگوتن چین؟

-هونەری گۆرانی لەسەر سێ ستوون بونیات دەنرێت كە پێكهاتوون لە تێكست، ئاواز و دەنگ. تێكست یان هۆزان ئەگەر بە جوانی بنوسرێتەوە و وشەی ناسك و پڕواتا لە خۆی بگرێت، خزمەتێك بە گۆرانییەكە دەگەیەنێت، ئاواز پێویستە گونجاو بێت لەگەڵ تێكست و واتاكەی بخاتەڕوو یان ببێتە ئاوێنە تێكستەكە، سەبارەت بە دەنگ پێویستە دەنگەكە خۆش و ناسك بێت و ڕووبەرێكی باشی هەبێت كە بگونجێت لەگەڵ ئاوازی هەڵبژێردراودا، بە گشتی ئەمانە پێوەری سەرەكین بۆ بونیادنان و پێشخستنی هونەری كوردی.

*كەناڵەكانی ڕاگەیاندن چ ڕۆڵێكیان هەیە لە پێشخستنی هونەری كوردیدا؟

-تەلەفزیۆن یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی پەیوەندیكردن بە جەماوەرەوە، هەروەها كاریگەرترین ئامێری میدیایە لەسەر وەرگر، ئەمە سەرەڕای زۆری شێواز و جۆری ئامازەكانی دیكەی ڕاگەیاندن، چونكە تەلەفزیۆن زیاتر نزیكە لە گشت چینەكان، بەتایبەتی گەنجان، كاریگەرترە لەسەر دەروون و حەز و ئومێد و خەونەكانیان، بەتایبەتی لەسەر سەلیقەی گەنجان لە هەمان كاتد بەربڵاوترین و دڵڕفێنترین و سەرنجڕاكێشترین ئامرازی پەیوەندیكردنە لە ڕێگەی وشە و وێنە ودەنگ و جووڵە، لەبەر ئەوە ڕۆڵێكێ زۆر گرنگی دەگێڕێت بو پێشخستنی هونەر بە شێوەیەكی گشتی و هونەری موزیك و ستران بە شێوەیەكی تایبەتی، چونكە ڕاگەیاندن هۆكاری سەرەكییە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند، ڵام ئەگەر پێچەوانە بوو لە جیاتی پەرەپێدانی هەست وسۆزی بەرز دبیتە ئەگەری هەڵئاوسانی غەریزەكان، گۆرانیی پڕ لە ژاوەژاو و ڕووتی، گەنجان لە واقیعی خۆیان جیا دەكەنەوە و دەیانخەنە دۆخێكی نزمەوە، هەندێك شاشە بوونەتە یانە شەوانەكان، لە بەردەمیاندا منداڵان و گەنجان بە بێ چاودێری و لێپرسینەوە سەیری گۆرانی قێزەوەن دەكەن.

*كەواتە بەشێك لە كەناڵەكان ڕۆڵێكی نەرێنی دەبینن لە پێشخستنی هونەری كوردیدا؟

-بەداخەوە بازرگانان لە پشت ئەو كەناڵانەوە دەوەستن و بۆ مەبەستی بازرگانی پارەیان بۆ دابین دەكەن و قوربانییەكان منداڵ و گەنجن، كە كوێرانە لاسایی دەكەنەوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی دەروونی و جەستەییان دەبێت و دەرەنجام كاریگەریی لەسەر هونەری كوردییش دەبێت.

*بەرهەمی داهاتووت چییە؟

-لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر بەرهەمم ئامادەیە كە نزیكەی بیست گۆرانی دەبێت، لەوانە بە نیازم پێنج گۆرانی كاریان لەسەر بكەم.

Top