ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كرایەوە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ كرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13/11/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە.
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هەروەها جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ.
لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق کرا.
سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی كوردستان لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیش، جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق، لەمبارەیەوە، هاوڕا بوون لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە.