هەڤاڵ زاخۆیی بۆ گوڵان: ژیانی هونەرمەندان زۆر سەخت و ئاڵۆزە

هەڤاڵ زاخۆیی بۆ گوڵان: ژیانی هونەرمەندان زۆر سەخت و ئاڵۆزە

گۆرانیبێژ هەڤاڵ زاخۆیی لەدایكبووی شاری زاخۆیە بەڵام لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، زۆربەی لایڤەكانیشی لە سلێمانی ئەنجام دەدات، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بۆ من شارەكان هیچ جیاوازییان نییە، گرنگ ئەوەیە بتوانم خزمەتێك بە هەموو شارەكانی كوردستان بكەم. سەبارەت بە كارە هونەرییەكانیشی هەڤاڵ زاخۆیی وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

*هۆكار چییە لە ئێستادا هونەرمەندان بەگشتی ڕوویان لە لایڤ موزیك كردووە؟

-لە ئێستادا بارودۆخی كوردستان لە ڕووی داراییەوە كەمێك خراپە بێ موچەیی و بێ كارییە، بۆیە منیش وەكو هونەرمەندانی دیكە لایڤ موزیك دەكەم، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت من حەزم لە لایڤ موزیك نییە، بەڵام لەبەر بژێوی زیانم ناچارم لایڤ موزیك بكەم.

*كاتێك دەتەوێت لایڤ موزیك بۆ شوێنێك بكەیت چۆن ئەو شوێنە هەڵدەسەنگێنیت كە گونجاوە بۆ لایڤ یان نا؟

-هەندێك شوێن هەیە دیارە شوێنێكی دیار و شایستەیە، بەڵام هەندێك شوێن ئەگەر بزانم خراپە، ئەوا بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم لایڤ موزیك بكەم.

هەڤاڵ زاخۆیی بۆ گوڵان: ژیانی هونەرمەندان زۆر سەخت و ئاڵۆزە

*ئەو گۆرانیبێژەی كە لەگەڵت بەشدارە لە لایڤەكەدا تاچەند گرنگە بەلاتەوە؟

-بێگومان زۆر گرینگی بەم بابەتە دەدەم، ئەو گۆرانیبێژەی لەگەڵم بەشدارە لە لایڤەكە ئەگەر بەناوبانگ و خاوەن جەماوەری خۆی نەبێت و لە ئاستی مندا نەبێت، ئەوا گۆرانیی لەگەڵدا ناڵێم.

*بۆچی لایڤ موزیكی تۆ زیاتر لە سلێمانییە؟

-جەماوەری من لە هەموو شارەكانی كوردستان هەیە، باوەڕناكەم كەس منی خۆش نەوێت، بەڵام بە حوكمی ئەوەی ماڵی باوكم لە سلێمانییە بۆیە لایڤ موزیكم لە سلێمانی زیاترە، بەڵام كەمتەرخەمییشم نەكردووە لە شارەكانی دیكە، ئامادەم بۆ هەموو شارێكی كوردستان لایڤ موزیك بكەم.

*بۆچی زۆربەی هونەرمەندان، تەنانەت ئێوەش نازناوی شارێك لە خۆتان دەنێن، بۆ نمونە هەڤاڵ زاخۆیی خۆتۆ بەس موڵكی زاخۆ نیت ؟

-بەحوكمی ئەوەی خۆم لە شاری زاخۆ لە دایك بووم، بۆیە نازناوی خۆمم كردووە بە زاخۆیی، چونكە دڵسۆزی شاری خۆمم، زاخۆم خۆش دەوێت هەموو شارەكان بۆ من وەك یەك خۆشەویستن و جوانیی خۆیان هەیە، بەڵام هەمیشە شوێنی منداڵی جوانتر و خۆشەویستترە، ئەگەرنا بۆ من هەموو شارەكانی كوردستان جوانی و خۆشەویستیی خۆیان هەیە.

*گۆرانیی «عیشقی یەك لایەنە» گۆرانییەكی جوان بوو، دەتوانین بزانین هەڤاڵ لە ڕاستیدا عاشقی یەك لایەنە بووە؟

-ڕاستە گۆرانییەكی جوان بوو، بەڵێ من عاشقی یەك كەسم و هەتا دەمرم هەر عاشقی ئەوم كە ئەویش هاوسەرەكەمە.

*كێ سپۆنسەری بەرهەمەكانت دەكات؟

-تاوەكو ئێستا خاوەنی 10 كلیپم، سپۆنسەری ئەو كلیپانەشم دەتوانم بڵێم هەمووی هاوڕێیەكی خۆشەویستمە كە بازرگانێكی دەوڵەمەندە، ئەو سپۆنسەری كلیپەكانی كردووم، وەكو سپۆنسەر بۆ بەرهەمەكانم لە حكومەت هیچ سوودمەند نەبووم.

*هیچ كات هەبووە لە شوێنێك حەزیان كردبێت ئاهەنگ یان لایڤ موزیكێكی تۆ تێك بدەن و نەهێڵن بكرێت؟

-نەخێر تاوەكو ئێستا تووشی ئەوە نەبووم لە ئەستەمبۆڵ و لە تارانیش لایڤم كردووە، كەس هەوڵی ئەوەی نەداوە كارێكی لەم شێوەیە بكات.

*وەكوو هونەرمەندێك لە ئێستادا ژیانی هونەرمەندان چۆن دەبینیت؟

-ژیانی هونەرمەند زۆر سەخت و ئاڵۆزە، بەتایبەتی ئەوانەی كە هاوسەر و منداڵیان هەیە، من كاتژمێر یەكی شەو لە لایڤ تەواو دەبم هەتا نان دەخۆم و دەگەڕێمەوە دەبێتە پێنجی بەیانی، بۆیە ژیانی هونەرمەندان بۆ خێزانی نابێت، نزیكی لایڤ موزیك بیت كێشەت بۆ دروست دەبێت، زۆربەی حاڵەتەكانی جیابوونەوەی هونەرمەندان لە هاوسەرەكانیان بۆ ئەو حاڵەتانە دەگەڕێتەوە كە پەیوەندیی بە ژیانی سەختی هونەرمەندانەوە هەیە، بەتایبەتی لە ئێستادا.

Top