ژنێکی ئەفریقی بۆ یەکەمجار بوو بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا
كۆمی بیدناک، سیاسەتمەدارێکی تەمەن ٤٤ ساڵە و بە ڕەچەڵەک ئەفریقییە، وەک سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا و لە کۆتا خولی دەنگداندا لە ڕابێرت جێنریکی بردەوە.
ئەمە یەکەم ژنی ڕەشپێستە لە مێژووی بەریتانیادا کە سەرکردایەتی پارتێکی سیاسی گەورە بکات.
كۆمی بیدناک وەک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا، دوای ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، کە لە هەڵبژاردنی خێرای ئەم دواییەدا پارتی پارێزگارانی شکستی هێنا.
بیدناک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنیدا پارتی پارێزگاران بگەڕێنێتەوە بۆ "بنەڕەتەکانی" و لە چەند مانگی داهاتوودا زنجیرەیەک پێداچوونەوە دەستپێبکات بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای نوێ.
لە وتارەکەیدا بۆ سەرکەوتنەکەی بە ئەندامانی پارتەکەی گوتووە "کاتی ئەوە هاتووە ڕاستییەکان بڵێین و دەست بە کارەکانی بکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکەم بەرپرسیارێتی" وەک سەرۆکی نوێ لێپرسینەوە لە حکومەتی ئێستای پارتی کرێکاران دەبێت.
بیدناک هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی دووەمی ئامادەکردنی پارتی پارێزگارانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەست بەسەر حکومەتی بەریتانیادا بگرێت.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، بیدناک لە هەڵبژاردنی ناو پارتەکەدا بە 53 هەزار و 806 دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەسەر ڕابێرت جێنریک کە 41 هەزار و 388 دەنگی بەدەستهێنا.
بەڵام تەنها یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران پشتگیریان لێکرد. بیدناک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پۆست پێشکەش بە هەر شەش ڕکابەرەکەی دەکات لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتیدا، لەنێویاندا جێنریک. ئێستا سەرنج ڕادەکێشرێت بۆ ئەوەی کێ هەڵدەبژێرێت بۆ کابینەی سێبەر، چونکە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئایندەی حزب یەکلاکەرەوەن.
گوڵان: سەردار خەلیل