سەعید یاسین مووسا چالاكی مەدەنی و سكرتێری گشتیی دەزگای خەڵك بۆ ڕۆشنبیری و دیموكراتی بۆ گوڵان: ناوی پێشمەرگە لای كوردی فەیلی پیرۆزە و پاڵپشتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردیشیان كردووە
جینۆسایدی دژ بە كوردانی فەیلی بە یەكێك لەو زنجیرە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدانە دادەنرێت، كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا دژی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كورد ئەنجامیان داوە، كە بە قێزەوەنترین شێوە و وەحشییانەترین كردەوە گەنجەكانی كوردی فەیلییان ڕاپێچی زیندانەكان كرد و دواتر بێسەروشوێنی كردن و ماڵ و سامانی كوردی فەیلییان داگیر كرد و، ژمارەیەكی زۆریشیان بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئەو دیو سنوورەكانی كران، بێدەنگبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەگەڕانەوەی مافەكانیانیش هێندەی جینۆسایدەكە بەئازار بووە. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە دیدارێكی لەگەڵ سەعید یاسین مووسا، چالاكی مەدەنی و سكرتێری گشتیی دەزگای خەڵك بۆ ڕۆشنبیری و دیموكراتی ساز دا.
* ڕژێمی بەعس بە چ پاساوێكدا تاوانی جینۆسایدی كوردانی فەیلی ئەنجام دا؟ ئایا كوردبوون و پاڵپشتیان بۆ شۆڕشی ئەیلوول و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو كە وای كرد ئەو تاوانە قێزەوەنەیان دەرهەق بكرێت؟
- فەیلی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردن و مێژوویەكی دوور و درێژیان لە عێراق و بونیادنانی شارستانیەتی ئەم وڵاتەدا هەیە. ئەوان خاوەنی مەزهەب و كەلتوور و جوگرافیای خۆیانن و بە مەدەنییەت و ڕۆشنبیری و پیشەگەری و بازرگانی بەناوبانگن و، دژی هەموو زوڵم و چەوسانەوە و نادادگەرییەكیش بوون، كە بە درێژایی نیزامی حوكمڕانیی عێراق ئەم چەوسانەوە و پێشێلكردنی ماف و ئازاردانی پێكهاتە ڕەسەنەكانی عێراق بەردەوام بووە، هەر بۆیە كوردانی فەیلی بەردەوام پاڵپشتی جووڵانەوەی چەپ و كوردایەتی و هەموو ناڕەزایەتییەك بوون كە هەڵگری بەدەستهێنانی ماف و ئازادی بووە.
كوردانی فەیلی لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوون، پارتی لە ماڵی دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم دروست بوو، زۆربەی بەرپرس و سەركردەكانی مەكتەبی سیاسی و ڕێكخراوەكانی پارتی كوردی فەیلی بوون، هەر لە حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی و یەدوڵڵا فەیلی، تا بەرپرسەكانی پێشمەرگە، تەنانەت لە ناو یەكێتی و حزبی شیوعییش زۆربەی دامەزرێنەرەكانی ئەو دوو حزبەش كوردانی فەیلی بوون. كوردی فەیلی خاوەن كەسایەتییەكی مەدەنین و لە ژیانی سیاسیدا بەشدار بوون. كوردانی فەیلی پاڵپشتێكی گەورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردی بوون و خۆشەویستی و ئینتیمایان بۆ ئازادی و خاك و نیشتمان بەرز بووە. پێشمەرگە ناوێكی پیرۆز بووە لای كوردانی فەیلی و پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان كردووە و بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی بارزانی و شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە، بە پارەش هاوكاریی مەرجەعییەتی نەجەفیشیان كردووە. هەموو ئەمانە وای كرد، ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1980 شاڵاوی ڕەشبگیری و كوشتن و ڕاپێچكردنی كوردی فەیلی ئەنجام بدات و 22 هەزار كورد بێسەروشوێن كران و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا، لە ناوچەی جەمیلەی پیشەسازی هەرچی كارگەی كوردی فەیلی هەبوون، دەستیان بەسەردا گیرا و ڕگەزنامەكانیشیان بۆ بیانی گواستەوە.
* تاوانەكانی ڕژێمی بەعس دەرهەق بە كوردانی فەیلی زۆر بوو، بەڵام گواستنەوە و كۆچپێكردنی بە زۆرەملێ لە دیارترینی ئەو تاوانانە بوو، كە مۆركێكی شۆڤێنی پێوەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند ئەم تاوانە مۆركێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە؟
- بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان سەرەتا پێویستە كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ ئەو سەردەمەی كوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە قورساییەكی گەورەیان هەبوو، زۆربەی كاسبكار و پیشەوەر و بازرگان و فەرمانبەران كوردی فەیلی بوون. ژمارەیەكی یەكجار زۆری گوند و شار و شارۆچكەیان هەبوو. ناوچەكانی خانەقین و دیالە دەوڵەمەند بوون بە كێڵگەی نەوت و باخ و خاكی بەپیتی كشتوكاڵی، خۆ هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە قەسر شیرین و ئیلام و تا ناوچەكانی ئەهواز لە سنووری عێراق بوون، لەدوای داگیركردنی ئینگلیز و ڕێككەوتنەكانی نێوان دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی سنوورەكەیان دابەش كرد و كوردانی فەیلی كەوتنە هەر دوو سنووری عێراق و ئێرانەوە، لە كاتێكدا كوردانی فەیلی خەڵكی ڕەسەنی بەغدا و سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلەن، بەڵام كوردانی فەیلی بە پاساوی (التبعیة الایرانیة) گوایە بە ڕەچەڵەك ئێرانین، بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان كردن و ماڵ و حاڵیان دەستی بە سەردا گیرا و، بە بڕیاری 666ی مەجلس قیادەی سەورە مافی هاووڵاتیبوونیان لێ سەندنەوە.
* لەگەڵ ئەم ڕابردووە پڕ شۆڕشگێڕییە و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بۆچی حكومەتی عێراق هەنگاوی جددی نەناوە بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی و گەڕانەوەی پێگەی ڕاستەقینەیان لەناو پرۆسەی سیاسیدا؟
- لە بواری سیاسییەوە كوردانی فەیلی لاوازن، ئەوەتا لەگەڵ ئەوەی لە دوای 2003 ی ڕووخانی ڕژێمی بەعس دادگای تاوانەكانی عێراق بڕیاری بۆ بەرژەوەندی كوردانی فەیلی دەركرد و تاوانی ڕژێمی بەعسی دەرهەق بە كوردانی فەیلی بە جینۆساید دانا، حكومەتی عێراق و پەرلەمانیش ئەم بڕیارەیان پەسەند كردووە، باشە چی ڕوویدا؟ كوردەكان لە هەرێمی كوردستان گیرۆدەی ململانێی حزبی بوون و كێشە و قەیرانی دارایی خۆیان هەیە و ناوچەكانی كوردانی فەیلییش لە دەرەوەی سنوورەكانی هەرێمن، تەنانەت لە ئێستادا كورد لە بەغداش یەكڕیز و یەكگرتوو نین، شیعەكانیش سەرقاڵی كاری خۆیانن و ئایدیۆلۆژیەتی شیعەگەرایان هەیە و ڕێڕەوی هاتوچۆی وشكانییان بۆ بەیروت و دیمەشق، بە بەدرە و جەسان و زرباتییە و مەندەلی و خانەقین واتە لە سنووری كوردانی فەیلی تێپەڕ دەبێت. حزب و گرووپە چەكدارەكانی شیعە سەرقاڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیانن لەم ناوچانە و ماددەی 140 ی دەستووریش لە ڕووی كردارەوە كاری پێ ناكرێت. هەر خۆی لە خۆیدا كوردانی فەیلی پەرشوبڵاو بوونەوە و زۆریان ڕوویان لە هەندەران كرد و ژمارەیەكیشیان لە ئۆردوگاكانی ئێران نەگەڕانەوە، ئەوانەشی ویستیان ڕەگەزنامە دەربكەن، لەبەر ئەوەی داتا و بەیانات نییە، گەڕانەوەی ئەم ڕەگەزنامەیە زۆر زەحمەت بووە. داگیركردنی ماڵ و سامانیان كە چەندین جار كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە، ئەویش بووەتە پرۆسەیەكی زۆر قورس و تەنانەت قەرەبووەكەش بەپێی ئەو ماڵ و خاكە نییە كە لە كاتی ئێستادا لەناو جەرگەی بەغدا و سەنتەری شار و شارۆچكەكان بەهاكەی زۆر بەرز بووەتەوە. گەڕانەوەی مافی كوردانی فەیلی پێویستە لە ناو جەرگەی بەغدا بێت و شوێنی ڕەسەنی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی دەسەڵاتدا بێت، ئەم بابەتە بە كۆنفڕانس و كۆنگرە و ڕێكخراو چارەسەر نابێت. لەلایەكی دیكەوە لەبەر ئەوەی كوردانی فەیلی لە كرماشان و زۆر ناوچەی دیكەی ئێران بوونیان هەیە، بۆیە چارەسەر و یەكلاكردنەوەی دۆزە ڕەواكەیان بە هاوشێوەی كوردەكان لە بەرژەوەندیی زۆر حكومەت و وڵاتی ناوچەكە نییە. لە گەرمیان هەندێك گوند و شارەدێ هەبوون لە ئێستادا بوونەتە شاری گەورە و قەرەباڵغ، كەچی شار و شارۆچكەكانی كوردانی فەیلی نەك هەر گەورە و فراوان نەبوون، بەڵكو گوندەكانیشیان چۆڵ كراون.
* پێشنیاری ئێوەی كوردانی فەیلی بۆ بەجینۆساید ناساندی كوردانی فەیلی و گەڕانەوەی ناسنامە و مافەكانتان چییە؟
- هەڵگرتنی زوڵم و قەرەبووكردنەوەی مافەكانیان پێویست بەوە دەكات ماددە و بڕگە دەستوورییەكان وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، هەر لە یەكسانی و هاووڵاتیبوونەوە تاوەكو هەڵگرتنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستانەی دێتە بەردەم گەڕانەوەی ڕەگەزنامەكانی كوردانی فەیلی، بۆ ئەمەش دەبێت یاسای نوێ لەپەرلەمان بۆ گەڕانەوەی ڕەگەزنامە دەربچێت. دواتر لەناو پەرلەمان و دەزگا تەشریعی و جێبەجێكارەكەی حكومەت و كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و كورسی و دەسەڵاتی كوردانی فەیلی دیار و ڕوون بێت، هاوكات پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:
1- كاركردن بەوەی فەیلی پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكین لە عێراقدا.
2- سیستەمی كۆتا بۆ پێكهاتەی فەیلی دابنرێت.
3- لەگەڵ نزیكبوونەوەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق، پێویستە ژمارەی ڕاستەقینەی كوردانی فەیلی دەربكەوێت، كە هەندێك سەرچاوە بە دوو ملیۆن كەسی دادەنێن.
4- نوێنەرایەتیی كوردانی فەیلی لە كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن دابنرێت.
5- ڕاوێژكارێك لە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان دابنرێت.
6- دانانی لێژنەیەكی یاسایی پەیوەندیدار بە شیكردنەوە و بەدواداچوونی بڕیارەكانی دادگا و تاوانەكانی عێراق.
7- دامەزرانی ئەنجومەنی هۆزە فەیلییەكان.
8- گوتاری كوردانی فەیلی یەكگرتوو بێت.
9- دامەزراندنی ئەنجومەنێك لە حاكم و قازی و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ گەڕانەوەی ماف و هاووڵاتیبوونی كوردانی فەیلی.
10- كاركردن بۆ گەڕانەوەی ئەو كوردە فەیلییانەی لەناو ئۆردوگاكان ژیان بەسەر دەبەن.