پـــەیــــامــــی خــــەڵـــــك گـــەیـــیـــشـــت

پـــەیــــامــــی خــــەڵـــــك گـــەیـــیـــشـــت

بایەخی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری 2024 بۆ پارتی ئەگەر لە بایەخی هەڵبژاردنی 1992ی هەرێمی كوردستان زیاتر نەبووبێت، كەمتر نەبووە. پارتی لەو هەڵبژاردنە بەقەدەر هەموو لایەنەكانی تر دەنگ و متمانەی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێنایەوە. ئەوە سەرباری بوونی دەیان پیلانی جۆراوجۆری ئەمنی و ئابووریی نێوخۆیی و عێراقی و دەرەكی بۆ لاوازكردن و نەهێشتنی پێگەی پارتی و شەڕی بەرفراوانی میدیایی و سایكۆلۆژی لەدژی پارتی و هەروەها گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی كۆتاكان. هەڵبژاردنی ئەمجارە لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەچوو و ئەمە كۆتایی بە هەموو ئەو بانگەواز و ئیدعایانە هێنا كە پارتی دەتوانێ لەڕێی كۆمیسیۆنەوە دەست لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دەنگدان وەر بدات.

بەدڵنیاییەوە ئەگەر سیستەمی یەك بازنەیی لەم هەڵبژاردنەدا پەیڕەو كرابا ژمارەی كورسیەكانی پارتی زۆر لەوەی ئێستا هەیە زیاتر دەبوو. بەڵام لەبیرمان نەچێت هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ لەلایەن پارتییەوە لە سیستەمی چواربازنەیدا بەڵگەیەكی بەهێز و حاشاهەڵنەگرە لە پێگەی پارتی لەناو خەڵكی كوردستان و متمانەی خەڵكی كوردستان بە كردار و دروشمەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا دووپات دەكاتەوە. خەڵك بۆیە متمانەی بە پارتی بەخشیەوە چونكە تەنیا پارتی بوو بەرنامەیەكی ڕوونی بۆ ئایندەی وڵات هەبوو.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەردا بۆ پارتیەكان وانەیەكی گرنگ و مێژوویی ڕەسەنایەتی و پێكەوەكاركردن و دڵسۆزی و شەونخونیی ئەندام و كادیر و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا بوو، ئەویش لەپێناو سەرخستنی حزبەكەیان لەو دۆخە ئاڵۆزە سیاسییە پڕ لە هەڕەشە و ئاستەنگەدا و لەوەشدا سەركەوتن.

هەڵبژاردنەكەی بیستی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێشوازییەكی باشی لێ كرا، هەڵبژاردنێكی نموونەیی بوو هەم لەڕووی ڕێژەی بەشداربوونی خەڵك لە پڕۆسەی دەنگدان و هەمیش دیوە تەكنیكی و ئامادەكارییەكان و باری ئەمنی و ئارامی. هەروەها تێكڕای حزبەكان ماوەیەكی زۆریان لەبەردەستبوو و ئامادەكاریی باشیان لەڕووی تەنزیمی و میدیایی بۆ جۆشدان و هاندانی لایەنگرانیان بۆ بەشداریكردن ساز كردبوو. پڕۆسەكە سەرباری بوونی گرژیی كەلامی بەڵام لە كەشێكی ئارام و ئاشتیانەدا بەڕێوەچوو، كە ئەمە خۆیلەخۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان كە بتوانرێ لەو بارودۆخ دژوار و ناسەقامگیرەی ناوچەكە و جیهان پێیدا گوزەر دەكات، پڕۆسەیەكی دیموكراسیانە و ئاشتیانە بەڕێوە بچێت.

بایەخێكی تری ئەم هەڵبژاردنە نوێبوونەوەی شەرعیەتی هەرێمی كوردستانە كە زۆر لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی هەوڵی نەهێشتنیان دەدا. چیتر كەس ناتوانێ ئومێد لەسەر ئەوە هەڵچنێ و هەڕەشەی وجوودی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكات. بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەمە سەلمێندرا كە گەلی كوردستان زیندوو و هۆشیار و ئامادەیە و بەباشی دەتوانێ ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. پێویستە هەموو لایەكمان لە بایەخی ئەم دەستكەوتە تێبگەین و ڕێز بۆ بڕیار و ئیرادەی خەڵكی كوردستان دابنێین. با كەس دڵی خۆی بە خوێندنەوەی ڕقاوی و نامەنتیقی و فەیسبوكچیانە خۆش نەكات، بڕیار و پەیامی خەڵكی كوردستان زۆر ڕوونە و دونیاش پەیامەكەی پێ گەییشت.

Top