دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چی بكرێت باشە؟
كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتی دەكات، ئەو ئەركەی دەكەوێتە سەر شان كە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمانی كوردستاندا هاوكار و لەسەر هێڵ بێت، دیارە لەمەشدا ڕۆڵی هەموو حزبە نیشتمانپەروەرەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دیار و بەرچاو دەبێت، لە ڕووی دانانی پلانی هاوبەش بۆ بەرەوڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگ و ئاریشەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.
جا لەبەر ئەوەی كە قۆناغی داهاتوو، قۆناغی كاركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندووە، چاكتر وایە ئەو حزبانەی كە بەشداریی كابینەی تازەی حكومەت دەكەن، كەسایەتیی بەتوانا و لێهاتوو و كارامە و دڵسۆز بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان دەستنیشان بكەن، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پێیەی گەورە حزبی براوەیە، بەرپرسیارە لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو حزبەكان، هەر یەكەیان بە قەبارەی خۆی، هەتا ئەوانەی كە براوەش نەبوون، بۆ ئەوەی بە گیانی لێكگەیشتن و ڕێز و پێزانینەوە دانوستان و گفتوگۆ لەسەر خاڵە گرنگەكانی بەرژەوەندیی باڵای هەرێم بكەن.
هەڵمەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن كۆتایی هات، پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف و بێگەرد بەڕێوە چوو، ئەنجامەكان یەكلایی كرانەوە، پێویستە هەموو لایەك ئێستا ڕووبەڕووی قۆناغێكی تازە ببنەوە، ئەرك و بەرپرسیارییەتێكی زۆریان دەكەوێتە سەرشان، بە براوە و نەبراوەی كورسییەكانی پەرلەمانەوە.
ئەركی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن
حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەر لە هەموو شتێك پێویستە ئەنجامەكان قبووڵ بكەن و ددان بەوەدا بنێن كە ئەم هەڵبژاردنە بێگەرد و شەفاف بووە، سەرەڕای ئەوەی هەر لایەنێك پێی باشە سكاڵای یاسایی هەبێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو حزب و لایەنانەی دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن با خۆیان ئامادە بكەن، بە مەرجێك ماف و ئەركەكانیان بزانن، بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێریی ئەدای حكومەتی داهاتوو بكەن، پێشنیاز و بۆچوونەكانیان لە بەرژەوەندیی چاكسازیی دامەزراوەكاندا بن، بە دڵسۆزیی نیشتمانییەوە بەشداریی یاسا و بڕیارەكان بكەن، بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكەوە.
ئەركی حزبەكانی بەشدار لە حكومەت
ئەو حزبانەی بەشداریی كابینەی تازەی حكومەت دەكەن، پێش هەموو شتێك پێویستە لەسەر بەرنامەیەكی حكومی ڕێك بكەون، كە بریتی بێت لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی لەم چەند ساڵەی تەمەنی كابینەكەدا پێشكەش بە كۆمەڵگەی كوردستانی دەكرێن، واتا قۆناغێكی تازەی گەشەسەندن و بووژانەوە و سەقامگیریی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بگرێتە خۆ، دەبێت ئەو حزبانەی بەشدارن لە حكومەت هاریكاریی یەكدی بن، هەموو وەزیرەكان وەك یەك تیم كاربكەن لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستاندا.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕادەسپێردرێت، بەرپرسیارێتیی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ لە بەڕێوەبردنی كاروباری هەرێم، هەروەها لە جێبەجێكردنی داخوازی و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان، بەڵێنیش بدات كە ئەركی سەرشانی خۆی لە باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەو پەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە ڕایی دەكات، هەر لە چاككردنی سێكتەرەكانی پەروەردە و تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، هەر وەك جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەم لایەنە كردبوو، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ حزبە بەشداربووەكانی حكومەت بەرپرسیار دەبن لەهەمبەر بەرگریكردن لە قەوارەی هەرێم و پاراستنی دەستكەوتەكان.
پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت
خاڵی لەپێشینە ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پەلە بكات لە پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتلافی لەگەڵ ئەو حزبانەی ئارەزووی بەشداریكردنیان لەم كابینەیەدا هەیە، ئەویش بە ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەی حكومەت و ئەو دەسەڵاتانەی بە وەزارەتەكان دەدرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركی سەرشانیان.
دەبێ ئەولەویاتی كابینەی تازەی حكومەت ئامادەكردنی یاسای بودجە بێت، هەموو حزبەكانی بەشداریش پشتگیریی هەر هەنگاو و یاسایەك بكەن كە بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دێتە پێشكەشكردن.
كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتیی دەكات، ئەو ئەركەی دەكەوێتە سەر شان كە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمانی كوردستاندا هاوكار و لەسەر هێڵ بێت، دیارە لەمەشدا ڕۆڵی هەموو حزبە نیشتمانپەروەرەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دیار و بەرچاو دەبێت، لە ڕووی دانانی پلانی هاوبەش بۆ بەرەوڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگ و ئاریشەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.
جا لەبەر ئەوەی كە قۆناغی داهاتوو قۆناغی كاركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندووە، بۆیە چاكتر وایە ئەو حزبانەی كە بەشداریی كابینەی تازەی حكومەت دەكەن كەسایەتیی بەتوانا و لێهاتوو و كارامە و دڵسۆز بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان دەستنیشان بكەن. هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پێیەی گەورە حزبی براوەیە، بەرپرسیارە لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو حزبەكان هەر یەكەیان بە قەبارەی خۆی، هەتا ئەوانەی كە براوەش نەبوون، بۆ ئەوەی بە گیانی لێكگەیشتن و ڕێز و پێزانینەوە دانوستان و گفتوگۆ لەسەر خاڵە گرنگەكانی بەرژەوەندیی باڵای هەرێم بكەن. ئەركی پارتی و ئەو حزبانەی بەشداریی حكومەت دەكەن پاڵپشتی بكەن لە هێنانەكایەی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاست و دروست كە بەدڵسۆزییەوە چاودێریی ئەدای كابینەكە بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و وێنەیەكی گەش لە كاروانی دیموكراسیی هەرێم پیشانی دۆست و دوژمن دەدات.
ئەركێكی دیكەی سەرشانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و جێبەجێكردنی یاساكان و پاڵپشتیكردنی دامەرزاوە دیموكراسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەربەخۆیی و بێلایەنیی دادگا.
سوودوەرگرتن لە تواناو شارەزایی حزبەكان
وەك دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی، حكومەت سوود لە توانا و شارەزایی ئەو حزبانە وەربگرێت كە لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو نەبوون، بە جۆرێك بەپێی پێویست لە هەندێك پۆستدا دایانمەزرێنێت، بە تایبەتیش سوودوەرگرتن لە شارەزاییان لە بواری ئابووری و دارایی و یاسایی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەدا بێ جیاوازی، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەی كە پارتی كوردستان بە نیشتمانی هەموو هاووڵاتییەكی دڵسۆز دەزانێت.
بە دڵنیاییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت ڕادەسپێردرێت، پێویستە بەرنامەیەكی تۆكمە و سەرتاسەری دابنێت، بە بەشداریی حزبەكانی دیكەی نێو ئەم كابینەیە بۆ چەند ساڵی داهاتووی تەمەنی ئەم حكومەتە، ئەم بەرنامەیەش چاكسازیی سیاسی و كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێم لەخۆ بگرێت، شەفافییەت و دەستپاكی لە ئەدای ئەم دامەزراوانە ڕەنگ بداتەوە، هەموو هەوڵ و كۆششێكیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی بێت.
سێكتەری ئابوورییش زۆر گرنگە، بەتایبەتیش هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە پرۆژە ستراتیژییەكاندا، هاوكات پاڵپشتیی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و بیانی و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی وڵات.
ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوەدا لەپێناو پاراستنی ژینگە و گرتنەبەری سیاسەتێكی كارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و بەبیابانبوون و پاراستنی سامانی سوروشتی. لە هەمان كاتدا پێویستە كابینەی تازەی حكومەت لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكاندا بەردەوام بێت، وەك دروستكردنی پۆند و بەنداو و ڕێگەوبان و پرد و پرۆژەكانی ئاودێری.
ئەركێكی دیكە كە دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی تازە بریتییە لە گۆڕانكاری لە سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵاو ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ پێكەوەڕۆیی لەگەڵ پەرەسەندن و پێشكەوتنەكانی جیهاندا، هاوسەنگییش لە نێوان سیستمی وەرگرتن لە زانكۆكان لەگەڵ پێداویستیی بازاڕ، هەروەها گرنگیدان بە تەكنەلۆجیا و زانست و پێشخستن و پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی نێوان زانكۆكانی وڵات و زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان بكرێت.
پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر
خزمەتگوزاریی تەندروستی یەكێكە لە ئەركە لەپێشینەكانی كابینەی تازە، لەمەدا پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی خەڵك بكرێت لە ڕووی دروستكردنی نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی، بەتایبەتیش لە گوندەكان و شوێنە دوورە دەستەكان، هاوكات بە توندی چاودێریی هێنانی دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بكرێت.
یەكێك لە ئەركە نیشتمانییەكانی كابینەی تازە بریتییە لە چۆنێتیی بنیادنانی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەمەشدا پێویستە ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم بكرێت و بەپێی دەستوور و لێكگەیشتنی نێوانیان ئەم پەیوەندییانە ڕێك بخرێنەوە، هەموو ناكۆكی و كێشەكان بە دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بكرێن، بۆ دانوستان و شاندكردن پێویستە كەسانی شارەزا و ئەكادیمی و پسپۆڕ دەستنیشان بكرێن، هەموو پەیوەندییەكانی دیكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و وەرزشی و ئابووری پتەو بكرێن. لە كۆتاییشدا دەبێت كابینەی تازە هەروەك ڕابردوو هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و قومارخانەكانەوە، تۆكمەكردن و توندكردنی ڕێكارە یاسایی و ئەمنییەكان لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و چەسپاندنی بنەماكانی ئاسایش و سەقامگیری لە نێو كۆمەڵگەی كوردستانیدا.
شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ