مەغدید عەریف ئەحمەد قایمقامی خەلیفان بۆ گوڵان: لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا جگە لە پڕۆژە بچووكەكان (73) پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی بۆ خەلیفان بە تێچووی زیاتر لە (100) ملیار دینار جێبەجێ كراون
قەزای خەلیفان لە سەنتەری قەزا و ناحیەی سرێشمە و (63) گوند پێك هاتووە كە ژمارەی دانیشتووانی سنوورەكەی بە گشتی زیاتر لە (42) هەزار كەسە و خەڵك و دانیشتووانەكەی بەكاری كشتوكاڵی و باخداری و ئاژەڵداری و فەرمانبەرییەوە سەرقاڵن و بەشدارییان لە هێزی پێشمەرگە و هێزەی ئەمنی كوردستان هەیە. بۆ ئەوەی بزانین لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی ئەو كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییانە چین بۆ ئەو قەزا و سنوورە كراون و كێشە و گرفتیان لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا چییە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەغدید عەریف ئەحمەد قایمقامی قەزای خەلیفان ئەنجام دا.
* قەزای خەلیفان و سنوورەكەی بە ناوچەیەكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان دادەنرێن، لە كابینەی نۆیەمدا بۆ گەشەكردنی ئەم كەرتە چ پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە؟
- سێكتەری گەشتوگوزار لە قەزای خەلیفان بە یەكێك لە سێكتەرە هەرە گرنگەكان دادەنرێت، بەپێی ئەوەی چەندین شوێنی دیار و گرنگ لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، بەتایبەتی ئەو ناوچەیە كە كەوتوونەتە سنووری خەلیفان، لە وانە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و دۆڵی ئالانە و دۆڵی مەلەكان و دۆڵی بیاو و چیای كۆڕەك و چەندین شوێنی دیكەش كە لە ئایندەدا دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت، بە شێوەیەكی گشتی كارنامە و پلانی كابینەی نۆیەم و تێڕوانینی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان، تێڕوانینێكی زۆر گرنگ بووە لەسەر گەشتیاری و لە ڕێگەی نووسینگەی جەنابیانەوە سەرپەرشتیی دیزاین و دانانی ماستەرپلانێكی نوێی بۆ پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی عەلی بەگ كراوە و، بڕیارە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بكەوێتە جێبەجێكردنەوە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەش خەلیفان لە ڕووی گەشتیارییەوە دەچێتە قۆناغێكی دیكەی زۆر جوان و پێشكەوتوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەكێك لەو ئامادەكارییانەی بۆ گەشەكردنی كەرتی گەشتیاری كراوە، باشتركردن و هاوچەرخیی ڕێگەوبانەكانە، لەو بارەشدا دروستكردن و تەواوبوونی جووتسایدی ڕێگەی سپیلك بۆ خەلیفانە كە كاریگەرییەكی زۆر باش و گەورەی لەسەر هاتووچۆ و گەشتیاری هەیە، درێژیی ڕێگەی جووتسایدی سپیلك بۆ خەلیفان 10 كیلۆمەترە و بڕی (80) ملیار دیناری بۆ تەرخان كرابوو، ئەو جووتسایدە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە (9/10/2024) لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانەوە كرایەوە و چووە خزمەتی هاووڵاتیان و كەرتی گەشتیاری، كە وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت ڕۆڵی خۆیانی تێدا دەبینن. لەم لایەنەوە حكومەت دەبێتە لایەنێكی هاوكار و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت دەكات، ئەمەش وای كردووە كە لە لایەن كەرتی تایبەتەوە لە دۆڵەكانی ئالانە و مەلەكان كەپر و پێداویستیی گەشتیاری بۆ حەوانە و خزمەتی گەشتیاران دروست كراوە و بووەتە هۆكاری ئەوەی گەشتیار زیاتر ڕوو لەو دۆڵانە بكەن و بمێننەوە، ئەو كار و پڕۆژانەش بوونەتە هۆكارێك بۆ هەلی كار بۆ خەڵكانی سنوورەكە. هەروەها بەرنامە و پڕۆژەیەكی دیكەمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری كە ئەویش دروستكردنی كۆڕنیشێكە بە درێژیی ڕێڕەوی قەزاكە كە و كەوتووەتە ناوەڕاستی قەزاكە، ئەو پڕۆژەی كۆڕنیشە لە قۆناغی دیزایندایە بە و پڕۆژەیە خەلیفان دەچێتە قۆناغێكی دیكەی جوان و پێشكەوتووتر لە ڕووی گەشتیاری و دەبێتە شوێنێكی زۆر باش بۆ حەسانەوەی هاووڵاتیانیش، بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا چەندین كار و پڕۆژە لە كابینەی نۆیەمدا جێبەجێ كراون و ئێستا(73) پڕۆژە لە ژێر جێبەجێكردندان و چەندین پڕۆژەی دیكەش بە شێوەیەكی گشتی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە (100) ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە.
* ئایا لە لایەنی ڕێگەوبانەوە بەگشتی و تۆڕی ڕێگەوبانی گوندەكان بەتایبەت، چیتان بۆ كراوە؟
- لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا لەگەڵ دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بوونی خەلیفان بە قەزا، ژمارەیەكی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزا و سنوورەكە جێبەجێ كراون. لە ڕووی ڕێگەوبانەوە لەلایەن حكومەتی هەرێم و ئیدارەی سۆران و قەزاكەش گرنگییەكی زۆر بە ڕێگەوبان دراوە، لەوانە كە ئاماژەمان پێدا تەواوبوونی جووتسایدی سپیلك بۆ خەلیفانە، پڕۆژەیەكی دیكەی زۆر گرنگ كە چاككردنی ڕێگەی حەوت گوندە كە گوندەكانی (ساوا و كونە سیخر و.. تاد) كە ئە و ڕێگەیەش تەواو بووە و لە خزمەتی گوندەكان و هاووڵاتیاندایە و درێژیی ئەو ڕێگەیەی حەوت كیلۆمەترە بە گوژمەی یەك ملیار دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ كراوە، لەگەڵ چاككردنی تۆڕی ڕێگەوبانی چەندین گوند وەكو گوندەكانی (دەربەندۆك و بۆڕەز و...هتد)، ئێستا كۆنكرێتكردن و چاككردن و قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی گوندی (ئاڵا و كەڵەكین) لە ژێر ئەنجامدانە و بەرنامە و پلان و ڕیزبەندی دانراوە بۆ چاككردن و قیرتاوكردنی سەرجەم شەقام و كۆڵانی ئەو گوندانەی لە سنوورەكەماندا ماوە كاریان بۆ بكرێت، لە سەنتەری قەزای خەلیفانیش بۆ چەندین پڕۆژە بڕی چوار ملیار دینار تەرخان كراوە، لەوانە پڕۆژەیەك بۆ چاككردن و قیرتاوكردن و كۆنكریتی كۆڵان و شەقامە ناوخۆییەكانی گەڕەكی خەلیفانی نوێ و گەڕەكی شەهیدان و پڕۆژەیەكی دیكەش ڕەزامەندیی لەسەری دراوە، كە ئێستا لە تەندەریندایە لە وەزارەتی شارەوانی، كە ئەو پڕۆژەیەش گەڕەكەكانی (زارگەلی و شۆڕش و ڕاپەڕین) پێكەوە دەبەستێتەوە، كە بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەو پڕۆژەیە یەك ملیار و53 ملیۆن دینارە، پڕۆژەكانی چاككردن و كۆنكرێت و قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامە ناوخۆییەكانی ناحیەی سرێشمەش لەو پڕۆژە بەرچاو و گرنگانەن كە لەلایەن حكومەتی هەرێم و ئیدارەی سۆرانەوە لەبەرچاو گیران، كە بڕی خەرجكردن لە پڕۆژەی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكانی سرێشمە زیاتر لە (800) ملیۆن دینارە.
* ئایا لە بواری ئاوی خواردنەوەدا كێشەتان هەیە، ئەی لەو سێكتەرەدا لەو كابینەیەدا چیتان بۆ كراوە؟
- لەم كابینەیەدا بە بڕی چوار ملیار دینار كار بۆ چارەسەری كەمی و كێشەی ئاوی خواردنەوە لە قەزای خەلیفان كراوە، لەو پڕۆژانە پڕۆژەیەكی ستراتیژی بۆ 10 گوندی دۆڵی بیاو لە سنوورەكە بە بڕی دوو ملیار دینار چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، هەروەها سوود لە ئاوی سەرزەوی وەرگیراوە و پارەكەش لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە تەرخان كراوە، لە گوندەكانی دیكەی سنوورەكەدا چەندین پڕۆژە جێبەجێ كراون، بەتایبەتی لە گوندەكانی (لێرەمیر و كەنك و دەربەندۆك و ئاڵانە و كەڵەكین و.. تاد)، چەندین پڕۆژەی دیكەش لە ئێستادا كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانە ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانی (سارتكە و لێرەمیر و شارشینە) و لە سەنتەری قەزای خەلیفانیشەوە ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە كانی ڕەش بۆ سەنتەری قەزاكە ئەنجام دراوە، لەگەڵ دروستكردنی سێ حەوزی قەبارە گەورە بۆ گلدانەوەی ئاوی خواردنەوە تا كێشەی كەمئاوی لە ناو سەنتەر قەزاكە بە یكجاری چارەسەر بكرێت، لە كاتێك و لە ساڵانی ڕابرددوو ئەگەر كێشەی كەمئاوی هەبووبێت، بە ڕێگەی تانكەرین چارەسەر كراوە، بەڵام بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەی ئاماژەمان پێدا بە یەكجاری كێشەی ئاوی خواردنەوە لە خەلیفان و سنوورەكەی نامێنێت.
* بارودۆخی كەرتی پەروەردە لە و قەزاو سنوورەدا لە چ ئاستێكە، بەتایبەتی لە ڕووی كەمی و خراپیی بینایەی قوتابخانەوە؟
- كەرتی پەروەردە بە پاڵپشتی و ڕۆئیای جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان گرنگیی زۆری پێ دراوە، لە سەنتەری خەلیفان و ناحیەی سرێشمە و لە هەموو گوندەكان بەشی زۆری قوتابخانەكان نۆژەن كراونەتەوە، چەند گوند بینایەی تایبەت بە خۆیان نییە وەكو قوتابخانە، بۆیە كەرەڤانەیان بۆ دانراوە و قوتابیان لەو كەرەڤانانەدا دەخوێنن، ئەو گوندانەش خراونەتە پلانی پڕۆژەكان بۆ ئەوەی بینایەی قوتابخانەی چوار پۆلی و شەش پۆلییان بۆ دروست بكرێت، هەروەها چەند بینایەی قوتابخانە لە بەرنامەدایە بۆ قەزای خەلیفان، لەوانە بینایەی قوتابخانەیەكی دوانزە پۆلی بۆ سەنتەری قەزاكە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە شێوەیەكی گشتی تەنیا لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكاندا بۆ قەزای خەلیفان و سنوورەكەی نزیكەی (350) ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە.
* لە كەرتی تەندروستیدا كێشە و گرفتەكان لە چ ئاستێكدایە و ئایا پێویستتان بە نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی نییە؟
- لەو كەرتەدا گرنگییەكی زۆر و تایبەتی بە نەخۆشخانەی گشتیی خەلیفان دراوە، چونكە ئەو نەخۆشخانەیە بەردەوام خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بە سەنتەری قەزا و گوندەكانی سنوورەكەی دەكات، لە ئێستادا كار دەكرێت بۆ ئەوەی بەشی ڕاوێژكاری لە ناو نەخۆشخانەی گشتیی خەلیفان دروست بكرێت،ـ كە لەو ڕۆژانەی داهاتوودا بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت، لەناو ناحیەی سرێشمە ئێستا بنكەیەكی تەندروستی لە ژێر جێبەجێكردندایە و پڕۆژەی كردنەوەی بەشی ڕاوێژكاری لە نەخۆشخانەی گشتیی خەلیفان و بنكەی تەندروستیی سرێشمە، یەك ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە.
* ئایا بۆ گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ چی كراوە، بەتایبەتی كە ناوچەكەتان لە ڕووی كشتوكاڵەوە بووژانەوەیەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە؟
- بێگومان سنووری قەزای خەلیفان لە ڕووی كشتوكاڵییەوە ناوچەیەكی بەراوە و خەڵكێكی زۆر بە چاندن و بەخێوكردنی دار ئەسپیندار (چنار)ـەوە خەریكن، كە پاش ئەوەی درەختەكە پێدەگات دەیبڕنەوە و دەیفرۆشن، ئەمەش بووەتە داهاتێكی باش بۆ ژیانیان و ناوچەكەش ئاوی ڕووباری بلێی پێدا دێتە خوارەوە، ئەوەش بووەتە سەرچاوەیەكی ئاودێریی باش، بەشێك لە جووتیارانیش گەنم دەچێنن و بەرهەمەكانیشیان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی خەلیفانەوە ڕادەستی حكومەتی هەرێم دەكەن و دەیفرۆشن.