ئەستێرەكانی جیهان لە ٧٢مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سیباستیان
حەفتا و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «سان سباستیان» بە سەرۆكایەتیی خۆزە لۆئیس ڕێبۆردینۆس و بە پیشاندانی فیلمی سینەمایی ئێمانۆئێل لە دەرهێنانی خاتوو ئۆدرێی دیوان فیملسازی لوبنانیی دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا و بە ڕۆڵبینینی نۆمیێ مێرلانت، ویل شاڕپ، جیمی كەمپبێل بۆوێر و چاچا هۆوانگ، بەرهەمی وڵاتی فەرەنسا لە هۆڵی كۆرسال لە شاری سان سباستیان لە وڵاتی ئیسپانیا دەستی پێكرد و، بە پیشاندانی فیلمی سینەمایی ئێمە لە كات و ساتدا دەژین، لە دەرهێنانی ژۆن كڕاولی و بە ڕۆڵبینینی ئاندریو گارفیلد و فلۆڕانس پیۆ و بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا كۆتایی پێهات.
خەڵاتی دۆنۆیستا تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی بۆ كێت بلانشێت
كێت بلانشێت ئەكتەری بەرچاوی ئۆستوڕالی و براوەی دوو خەڵاتی گرنگی ئۆسكار، دوو خەڵاتی ئەكتەری ڤێنیز، چوار خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، چوار خەڵاتی بافتا و هەروەها كۆمەڵێك شانازیی جیهانیی دیكە، خەڵاتی گرنگی دۆنۆیستا بۆ تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی لە دەستی «ئاڵفۆنسۆ كۆاڕۆن» دەرهێنەری ناوداری مەكزیكی لە حەفتا و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «سان سباستیان» وەرگرت و لە وتەیەكی كورتدا ڕایگەیاند: «من وەكو ئوستوڕالییەك كە لە دەرەوەی وڵات كار دەكەم، ئەم سەرپشكە گەورەیەم هەبووە كە لە سنوورگەلێكی زۆر تێپەڕم و بۆ جیهان سەفەر بكەم، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لە وڵاتی ئیسپانیا و ئەم فێستیڤاڵە سەرسوورهێنەرە كە پڕە لە جۆش و خرۆش و سنوورە كلتووری و سینەماییەكانیشی دەرباز كردووە، بۆ من جێگەی شانازییە.
خەڵاتی دۆنۆیستا تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی بۆ خاڤێر باردێم
خاڤێر باردێم ئەكتەری بەناوبانگی ئیسپانی و براوەی خەڵاتە گرنگەكانی ئۆسكار، گۆڵدن گڵۆب، بافتا و هەروەها كۆمەڵێك شانازیی جیهانیی دیكە، خەڵاتی گرنگی دۆنۆیستا بۆ تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی لە دەستی هاوسەرەكەی خاتوو «پێنێلۆپێ كڕۆز» لەم ڕووداوە پلە یەكەی سینەمای جیهان وەرگرت و لە وتەیەكی زۆر كورتدا گوتی: «من ئەم خەڵاتە بە تەواوی عەشق و هۆگریم بەم فێستیڤاڵە وەردەگرم، كە هەم لە لایەنی باری كەسێتی و هەمیش لە لایەنی پڕۆفشناڵییەوە بۆ من پڕ بایەخە.
خەڵاتی دۆنۆیستا تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی بۆ پیدڕۆ ئاڵمادۆڤار
پیدڕۆ ئاڵمادۆڤار دەرهێنەری ناوداری ئیسپانی و براوەی خەڵاتە گرنگەكانی ئۆسكار، شێری زێڕینی ڤێنیز، گۆڵدن گڵۆب، بافتا و هەروەها كۆمەڵێك شانازیی جیهانیی دیكە، خەڵاتی گرینگی دۆنۆیستا بۆ تەمەنێك دەستكەوتی هونەریی لە دەستی خاتوو «تیلدا سوینتۆن» ئەكتەری بەریتانی لە حەفتا و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «سان سباستیان» وەرگرت و لە وتەیەكدا جەختی كردەوە: «پیشەی من، بەهێزتر لە خۆم و هەموو شتەكانی دەورووبەرم بووە و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەم پیشەیە باشترین پیشەیە لە جیهاندا و ئەم بایخەی هەبووە كە بە گیان و بە دڵ خۆم ڕادەستی بكەم، زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە سینەما ژیانی منە و ژیانی من بە بێ سینەما مانایەكی نابێت، ژیان هەم لە چیرۆك و هەم لە ڕاستی پێچراوە و مەترسیی زۆریی بەدواوەیە، بەڵام ژیان بەبێ ئازادی بایەخی نییە».
بەشە جۆراوجۆرەكانی فێستیڤاڵی فیلمی سان سباستیان
حەفتا و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سباستیان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لەوانە؛ ٢٢ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، ٢ فیلمی سینەمایی لە بەشی پیشاندانی خەڵاتی دۆنۆیستا، ١٢ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی دەرهێنەرە نوێیەكان، ١٤ فیلمی سینەمایی لە بەشی ئاسۆكانی لاتین، ٢٤ فیلم لە بەشی پێشبڕكێ، ١٧ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێڕلاك (كۆمەڵێك لە باشترین فیلمە بڵیندەكانی ساڵ كە هێشتا لە ئیسپانیا پیشان نەدراون)، ١٣ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی هێلانە (بەرهەمەكانی خوێندكارانی سینەما)، ٥ فیلمی بڵند لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای چێشتلێنان، ٦ فیلم لە بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمەكان، ١٣ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی زۆر كورت، ٩ فیلمی سینەمایی لە بەشی زینێمیرا (ئەو فیلمانەی كە لە ویلایەتی باسكی ئیسپانیا بەرهەم هاتوون)، ٢١ فیلمی سینەمایی لە بەشی فیلمە بەرهەمهاتووەكان لە وڵاتی ئیسپانیا، ٢ فیلمی سینەمایی لە بەشی ڤۆلدڕۆووم، ٦ فیلمی سینەمایی لە بەشی سینەما بۆ منداڵان، ٦ فیلمی سینەمایی لە بەشی كلاسیك، ٢٢ فیلمی سینەمایی لە بەشی سەیریی ڕابردوو، ١٨ فیلم لە بەشی لە دوورگەی دیكە، بەشی خەڵاتی گەورەی فیپێڕشی (فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم)، بەشی فیلمی غافڵگیرانە، بەشی، ٣ فیلمی سینەمایی لە بەشی، وتووێژ لەگەڵ سینەماكاران، كۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین بەشی دیكە لە شاری سان سباستیان لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە چوو.